کارنامەی ساڵێک،
که وا خەریکە ماڵئاوایی دەکات لێمان.

جەمال نەبەز
ئەوا ساڵێکی دیکەش لە تەمەنی گەردوون بەرەو تێپەڕبوون ملدەنێ و، لەم
ساڵەدا،گەلێک رووداو تۆمارکران؛ کە تەزووی هێندێکیان کارکردی بۆ سەر
هەموو جیهان و، تەزووی هێندێکی دیکەشیان،کارکردی بۆ سەر کوردستان و
رۆژهەڵاتی ناڤین هەیە، لەوانە:
*-
قەیرانی دارایی لە ئەمریکا و ئەوروپا و، ئەو وڵاتانەی کە بە "سەرمایەداری"
ناسراون. ئەمەش؛ ترس و مەراقێکی یەکجار سەختی بۆ کاربەدەستان و
فەرمانڕەوایانی ئەم وڵاتانە دروستکردووە. ژمارەیەکی زۆر لە بانکەکان و
کارگەکان نابووت بوون و، ژمارەیەکی دیکەش، بەرەو نابووتی دەچن. چەند
فابریقەیەکی گەورەی وەک کۆنسێرنی کرایسلەر و فۆرد و جەنەراڵ مۆتۆر (کە
ترومبێلی ئۆپڵی ئەڵمانی بەرهەمدەهێنێ) چاوەڕوانی ئەوەن، کە سەرۆک بوش،
بەشێک لەو 700 ملیاردەی پێشنیازیکردووە؛ بۆ بیرازکردنی پەتای ئابووری
TARP، بدا پێیان و، کانسلەری ئەڵمانیاش، خانمی مێرکل، بڕێک لەو 200
ملیاردەی، کە پەرلەمانی ئەوروپا بڕیاری لەسەرداوە، بۆ تیمارکردنی "نەخۆشیی
دارایی"، بۆ پشتگریی ئۆپڵ تەرخان بکات. سەرۆک و کانسلەر، ئەم
داخوازییەیان جێبەجێکرد. ئەمەش ناڕەزاییەکی زۆری لەنێو خەڵکی ئەم
وڵاتانەدا، بەتایبەتی چینی هەژار و دەستکورتی ئەڵمانیا، هوروژاندووە.
ئەمان دەبێژن "باشە، بۆچی حکومەت لە ئەنجامدانی هەموو خزمەتێکی
کۆمەڵایەتی، بە بیانووی کەموکورتیی بودجەوە، پاشەکەوت دەکات، کەچی بە
پارەی باجی ئێمە، ئەم سەرمایەدارە خاوەن کۆنسێرنانە دەپارێزێ؟". ئەوجا،
کەڵکی ئەم دەرزیی ڤیتامینی پارەیەش، بۆ تەندروستکردنی تەنی ئابووری چ
دەبێ، ئەوا، لە ئێستەوە دیار نییە، بەڵام ئەوە دەزانین، کە بەرەی
سەرمایەداری، لە بیستەکانی سەتەی رابردوودا، تووشی قەیرانێکی ئابووریی
گەورە هات، لەگەڵ ئەوەشدا، توانی بەسەریدا زاڵ بێ. ئاشکرایە، بارودۆخی
ئەو سەردەمە، وەک بارودۆخی ئەوڕۆ نییە و، لە گەلێک رووەوە جیاوازن
لەیەک. ئەوەشمان لە بیر نەچێ، کاتێک کە سیستەمی فەرمانڕەوایی سۆڤێت و
ئەوروپای رۆژهەڵات، کە بە سیستەمی "بەرەی سۆسیالیستی" نێونرابوو، داڕما،
بەرەی سەرمایەداران کەوتنە چەپڵەلێدان و دڵی خۆخۆشکردن بەوەی کە "سۆسیالیزمی
نەحلەتی رووخاوە". ئەوەیان نەدەهێنایە بەرچاو، کە ئەو رژێمەی لە
ئەوروپای رۆژهەڵات و سۆڤێت هەبوو، سیستەمی سۆسیالیستی نەبوو، بەڵکو
رژێمێکی سەرمایەداریی تیرۆریستی تۆتالیتێر بوو، نەک سیستەمی سۆسیالیستی،
کە سیستەمی ئازادی و یەکسانیی مرۆڤە. بەڵام ئەوە هەبوو کە سەرمایەکە،
بەدەست کاربەدەستانی دەوڵەت و فەرمانبەرانی "حیزبی تاقانە"ی
دەسەڵاتدارەوە بوو. لە کاتێکدا، سەرمایە، لە وڵاتانی بەرەی
سەرمایەداریدا، بەدەست دەوڵەتەوە نییە،بەڵکو بە دەست تاکەکەسان، یان
کۆنسێرنەکان، یان کارتێلەکانەوەیە و، دەوڵەت بازرگانی ناکات، بەڵکو
باجوەرگرە لە سەرمایە و، بەو باجە دەژی، کە دیارە ئەو سەرمایەدارانە و
ئەو کۆنسێرنانە و ئەو کارتێل و ترێستانە، تا هەندازەیەک، کەم یان زۆر،
دەستیان بەسەر دەوڵەت و رێبازی رامیاریدا دەڕوا. بەمەدا دەردەکەوێ، کە
سەرمایە هەر سەرمایەیە و، هەموو سیستەمێک پێویستی بە سەرمایە هەیە و،
بوونی سەرمایە قسەی لەسەر نییە، بەڵکو قسەکە لەسەر ئەوەیە، سەرمایە
بەدەست کێوەیە و، چۆن دابەشدەکرێ و، بە سەرپەرشتیی چ لایەنێک
دەبرێبەڕێوە. لەبەر ئەوە، دڵخۆشبوونی ئەوانەی پێیانوایە سیستەمی
سەرمایەداری، سەری لە گوێی گۆڕ دەلەرزێ، شادییەکی بێ بناخە و، خەونێکی
ئەرخەوانییە.
لێرەدا دەبێ ئەوە بخرێتە بەرچاو، کە قەیرانی دارایی لە جیهاندا، نرخی
نەوتی بە جارێک هێنایە خوارەوە و، هیوای ئەو فەرمانڕەوا و دیکتاتۆرە
خاوەن نەوتانەی کزکرد، کە پێیانوابوو، بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ
ئاستێکی خەیاڵی- بەرمیلی بە 150 دۆڵار- ، دەتوانن کۆمەڵانی رەشوڕووت و
برسی و چەوساوەی وڵاتەکانیان، بە فڕێدانی بەرماوەی دەمی خۆیان بۆیان،
بێدەنگ بکەن و ئاژاوە و ناڕەزایی جەماوەر، لە سنوورێکدا رابگرن و، چەکی
قورس و قڕکەریش، بۆ پاراستنی خۆیان و سەرشۆڕکردنی گەلەکانیان، لە
دەوڵەتە پیشەسازە، پارەپەرست و، چاوچنۆکەکان بکڕن. بە دابەزینی نرخی
نەوت بۆ 34 دۆڵار، بودجەی عێراقی، لە گەندەڵ گەندەڵتریش، هاتە خوارەوە
و، پێ بە پێی ئەوەش، بودجەی هەرێمی سێستانیش کەم دەبێتەوە. ئەمەش وەک
شەپازللەیەکی قایم بوو، بەر بناگوێی کاربەدەستانی هەرێمی سێستان کەوت،
کە بەهۆی کورتبینیی رامیاری و گەندەڵی و سەر دەرنەچوونیان لە
دەوڵەتداری و مشەخۆری و حیزب حیزبێنە و بنەماڵە پەرستییەوە، پاش 13ساڵ
ژیان بەسەربەخۆیی، لەباتی ئەوەی ئەو هەلە مەزنەی کە گاڵتەی رۆژگار دەست
کوردی خستبوو، بە هەرەسهێنانی دەوڵەتی عێراق، بەخۆیی و داو و دەزگە و
لەشکرییەوە، بەلایەنی کەمەوە بۆ گێڕانەوەی بەشە داگیرکراوەکەی باشووری
کوردستان بەکاربهێنن و، پێ لەسەر راستکردنەوەی سنووری کوردستان و
دابەشکردنی عێراق دابگرن،کەچی چوون سێستانەکەشیان بە عێراقەوە
نووساندەوە، بەرامبەر چەند پلەو پایەیەکی بێدەسەڵاتی بێ نرخ و، بودجەی
17%ی دارایی عێراق، کە خۆیان لەمەوپێش 13%ی ئەو بودجەیەیان بێ منەت
وەردەگرت، ئەوجا کەوتنە هەراجکردنی نەوتی سێستانەکە، بە بەستنی گرێبەند
لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی بیانی، کە حکومەتی عێراق دان بەو گرێبەندانە
دا نانێ، خۆ ئەگەر گریمان دانیشی پێدابنێ، ئەوە پارەی نەوتەکە دەچێتە
سندووقی نێوەندیی عێراقەوە و بەشێکیشی دەدرێ بە چەک و، رۆژێک دێ کە لە
دژی کورد بە کار بهێنرێ. بەرژەوەندیی کوردیش لەوەدا بوو کە ئەو نەوتە
جارێ دەست نەدەرێ لێی، تا چارەنووسی باشووری کوردستان بەلایەکدا دەکەوێ.
لە ئەنجامی ئەم سیاسەتە نانیشتیمانییەوە، لەشکری عێراق کە دوو حیزبە
دەسەڵاتدارەکە دایانمەزراندەوە، هەتا دێ بەهێزتر دەبێ و، کوردیش هەنگاو
بە هەنگاو، بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە. نوری مالیکی، کە هیچ رابردوویەکی
خەباتی وڵاتپارێزیی نەبووە و، "چەپکەگوڵ"ی پارتی و یەکێتی یە، دەیەوێ،
وەک سەدام و، بە یارمەتیی ئەمەریکا، ببێتە "سەرۆکی تاقانە و، "هێزی
ئیسناد" دروست بکات، کە شتێکە کتومت، وەک ئەو "بەسیج"ەیە، کە خومەینی
دروستیکرد و بەریدایەگیانی خەڵک. شانبەشانی ئەمە، چۆڵکردنی جەلەولا و
قەرەتەپە و دەوروبەری خانەقین بۆ لەشکری عێراق، نیشانەیەکی سەرەتایی
پاشەکشەی کوردە. کاربەدەستانی دوو حیزبە کوردزمانەکە، تازە خەریکن
تێبگەن، کە ئەو هەلەی دەست کورد کەوتبوو، لەدەستیان داوە و، ئەمەریکا
ئەوانی بەکارهیناوە بۆ بردنەسەری ئامانجەکانی خۆی، کە ئەز بە بەڵگەوە،
پێش پەلاماردانی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق و، رۆژی پەلاماردانی بۆ سەر
کەرکووک و مووسڵ، بە هاوکاریی چەکدارەکانی پارتی و یەکێتی، بە هەردوو
سەرکردەکەیانم راگەیاند کە ئەمە هەلێکی مێژووییە و دەست ناکەوێتەوە و،
نابێ لەدەست بدرێ و، گوتم: "ئەمەریکا دوای بەرژەوەندیی خۆی کەوتووە و
دەکەوێ و، براو و باوکی کەس نییە، کاتیش کاتی حیزب حیزبێنە نییە".
ئەوەتا ئەوڕۆ ئەمەریکا دەیەوێ، بایی شەش ملیارد دۆلار چەک بە عێراق
بفرۆشێ، بێ گوێدانە پاڕانەوەی دوو حیزبەکە بۆ گەرەنتیی بەکارنەهێنانی
دژی کورد. رژێمەکانی ترک و فارسیش، رۆژانە لە رۆژهەڵات و لە باکوورەوە،
سنوورەکانی هەرێمی سێستان بۆمباباران دەکەن، ئەمریکای "هەڤاڵبەند"یش،
کە سەرۆکەکەی لەلایەن رۆژنامەڤانێکی عێراقییەوە، بە بەرچاوی مالیکییەوە،
درایە بەر پێلاو و، بەوە "سوپاسنامە"ی عێراقی وەرگرت، یەک وشە لە دەمی
دەرناچێ لە دژی ئەو تۆپبارانە، ئەگەرچی کاربەدەستانی هەردوو حیزبە
فەرمانڕەواکەی سێستان، لە هەموو لایەک تێژتر بوون بۆ کۆکردنەوەی دەنگ
بۆ پشتگیریی رێککەوتننامەی ئەمەریکا و عێراق، کە بە تاکە وشەیەکیش باسی
کوردی تێدا نییە و، گەلێک رستەشی تێدایە کە مەترسییەکی گەورەن بۆ
چارەنووسی کورد و، تەنانەت وێنەیەکیشی بە کوردی لە پاڵ عەرەبی و
ئینگلیزیدا پشتڕاست نەکراوە، ئەمەش نموونەیەکە بۆ بێڕێزکردنی کورد،
کەچی کە خەڵکانێک دێنە سەر شەقامەکان، بۆ خۆپێشاندان لە دژی
بۆمبابارانکردنی نێوچە سنوورییەکانی باشوور و کاولکردنی گوندەکان و
دەربەدەرکردنی خەڵکەکەی، کاربەدەستانی هەرێم و حکومەتی عێراق و
ئەمەریکای "هەڤاڵبەند"، نەک هەر یەک وشەیان لە دەم دەرناچێ بۆ
هاودەنگیی بێزاریدەربڕان، بەڵکو هێندێکیشیان لێدەگرن و دەیانخەنە
زیندانەوە.
بەهۆی ئەم چارەنووسە تاریکەوە کە هەڕەشە لە کورد دەکات، راستە خەڵکە
داماوە، سەرلێشێواوەکە، زۆر بەداخەوە، لەباتی ژیرانە بیرکردنەوە و
مشوورخواردن بۆ دواڕۆژ و، خۆکۆکردنەوە و چالاکیی رۆشنبیرانە؛
چاوەڕوانیی "رزگارکەر"ێک دەکەن کە لەم قوڕ و چڵپاوە دەریان بهێنێ.
شایەنی باسە بیرۆکەی "رزگارکەر" لەلای کورد و، هێندێک گەلانی دیکە،
مێژوویەکی یەکجار کۆنی هەیە. ئاڤێستا، باس لە "سائۆ شیانت" دەکات کە لە
بەرەبابی زەردەشتە و، رۆژەک دێ دەردەکەوێ، هەموو خڕەی زەوین لە پیسی و
خراپە و بێدادی پاکژ دەکاتەوە. چیرۆکی "خواجای خزر/ خدری زیندوو" و "ئیمامی
زەمان" و "عیسای فریاکەوت و دژە جەجال"، لەمەوە هاتووە. لەم چەند ساڵەی
دواییشدا، لەنێو باشووری کوردستاندا، رێبازێک خۆی پێشانداوە، کە بە
رێبازی "چاکسازی" (ریفۆرم) ناسراوە. بەڕێز نەوشیروان مستەفا
سەرکردایەتی دەکات و زۆر کەسیش هەن لە هەژاریی رۆشنبیرییەوە پێیانوایە
کە کاک نەوشیروان دەتوانێ بەتەنێ، چاکسازی لە سیستەمی فەرمانڕەوایی
باشووردا بکات. لێرەدا دەبێ پەنجە بخەمە سەر ئەو راستییەی کە تاکەکەس،
هەرچەندە کارزان و ئیش لەدەستهاتووش بێ، پێیناکرێ هیچ گۆڕانێک پێکبهێنێ
ئەگەر جەماوەر خۆی ئامادە نەبێ بۆ ئەو گۆڕانە. جەماوەریش لە رێی
ئۆپۆزیسیۆنێکی رێکخراوی چالاکەوە دەکارێ بکەوێتە سەرپێ. دە ئەو
ئۆپۆزیسیۆنە لە کوردستاندا نییە و ناشتوانێ ببێ، تا حیزب بە مانای
تەواوەتیی خۆی نەبێ. حیزب و ئۆپۆزیسیۆن هەردووکیان، بەرهەمی سیستەمی
دێمۆکراتین و حیزبیش بەو مانایە لە کوردستاندا بوونی نییە، چۆنکە هەر
حیزبێک چەکداری هەبوو؛ حیزب نییە، بەڵکو تیپێکی لەشکرە. بێجگە لەمەش
هەر حیزبێک بودجەی وڵاتەکەی بەدەستەوە بوو و بە ئارەزووی خۆی بەکاری
هێناو بودجەی بۆ حیزبەکانی دیکە بڕییەوە، ئەوە حیزب نییە، بەڵکو مووچە
دەرەو، ئەوانی دی مووچە وەرگرن. بودجەی وڵات لە سیستەمێکی دێمۆکراتیدا
دەبێ تەنێ بەدەست حکومەتەوە بێ، حکومەتیش بێلایەن بێ و، حکومەت پارە بۆ
حیزبەکان ببڕێتەوە، بەپێی قانوون و بەپێی ژمارەی ئەندامەکانیان.
ئەگەرنا، حکومەتێک دەست لە حیزبێک بگرێتەوە پارەی بداتێ ،ئەوە حکومەت
نییە، ئەو پارەیەش کە حکومەتێکی دێمۆکراتی دەیدات بە حیزبەکان، بۆ
ئەندامان و سەرکردەکانی حیزبەکە نییە، بەڵکو بۆ کاری گشتی و رێکخراوەیی
حیزبەکەیە، حیزب دەبێ بە مانگانەی ئەندامەکانی و فرۆشتنی بەرهەمە
چاپکراوەکانی بژی. کورت و کرمانجی؛ لە سیستەمێکی دێمۆکراتی دا، دەبێ
هێزی دادوەری و هێزی قانووندانان و هێزی جێبەجێکرن، لەیەک جیابن و
سەربەخۆبن، دەسەڵاتی هیچ حیزبێکیان بەسەرەوە نەبێ، با ئەندامەکانیشی
سەر بەم حیزب، یان ئەو حیزبە بن. خۆ ئەگەر حیزبێک، یان چەند حیزبێک
پێکەوە حکومەتیان بەدەستەوە بوو، مافی ئەوەیان نییە، حیزبە
بەرهەڵستکارەکان و رەخنەگرەکان لەنێو ببەن، یان بەمەبەست لاوازیان بکەن،
یان دژایەتی ناڕەوایان بکەن. خۆ ئەگەر لە هەڵبژرادنێکی ئازاددا کەوتنە
ژێرەوە، دەبێ دەستبەجێ لەکاربکشێنەوە و حکومەت بدەنە دەست ئەو حیزبە،
یان ئەو حیزبانەی لە دەنگوەرگرتندا سەرکەوتوون. لەمانەش بترازێ، دەبێ
لە سیستەمێکی دێمۆکراتیدا، دەزگەیەکی راگەیاندنی گشتیی سەربەخۆ هەبێ،
کە پێویستی بە یارمەتیی دارایی هیچ لایەنێکی دەسەڵاتدار نەبێ.
جا کە ئەم سیستەمەی کوردستان، بەم جۆرەی سەرەوە نییە، دیارە ریفۆرمیش
لە کوردستاندا سەرناگرێ. چۆنکە ریفۆرم کاتێک سەردەگرێ کە سیستەمێکی
دێمۆکراتی لەکاردا بێ و ئەو سیستەمە بەرنامەیەکی کارکردنی بۆخۆی
دەستنیشان کردبێ، لێ، ناتەواوی و کەموکورتی تێدا هەبێ. بەڵام سیستەمێکی
لە بنەڕەتەوە گەندەڵ و ناڕۆناک، وەک پاڵتۆکەی ئەکاکی ئەکاکیفیچ وایە،
کە لە چیرۆکی "پاڵتۆ"ی نووسەری رووس گۆگۆڵ دا بەرچاو دەکەوێ (سەرنج: لە
ساڵی 1957 دا کردوومەتە کوردی و چاپیشکراوە). ئەکاکی کڵۆڵ، هێندە
پاڵتۆکەی بردبوو بۆ پینەکردن؛ دواجار کە بردیەوە بۆ لای بەرگدروو،
بەرگدروو نەیتوانی ئەمجارە پینەی بکات. ئەکاکی سەریسووڕما لەوە و گوتی:
"وەستا، بۆچی پینە ناکرێ؟" بەرگدرووش گوتی" چۆنکە جێی دەرزیلێدانی
نەماوە، کوێی بدروومەوە بۆت؟". لەبەر ئەوە ئەم سیستەمەی باشوور، شێوای
ریفۆرم نییە و، بە "خدری زیندوو"ش چارەسەرناکرێ. بۆیە دەبێ سیستەمەکە
لە بنەڕەتەوە بگۆڕدرێ، وەک لە وتاری "کوردستان، پێویستی بە گۆڕینێکی
بنچینەیی پێکهاتە و رەوتی دەسەڵاتەدا باسمکردووە'' ''رۆژنامە''، (ژمارە
304، 14/9/2008).
گۆڕینی دەستەیەک لە کاربەدەستان، بە کاربەدەستانی دیکە، بێ ئەوەی
سیستەمەکە لە بنەڕەتەوە بگۆڕدرێ، رەنجێکە و بە فیڕۆ دەڕوات. دیارە ئەم
جۆرە گۆڕینە بنچینەییەش کارێکی هەروا ئاسان نییە، چۆنکە ئەوە پێویستی
بە پێشکارێکی چڕوپڕی رۆشنکاریی شێلگیر هەیە لەنێو گەڵدا، کە ببێتە هۆی
شۆرشێکی رۆشنبیری و ماکی (ماددی)ی گشتگری وا، کە بەریپێنەگیرێ و تەمی
نەڕوێتەوە، شۆرشێک بە قورسایی شۆرشی ئۆکتۆبەر و شۆرشی فەرەنسا. ئەگەرنا،
لە کۆمهڵگەیەکی گەندەڵیتێداو و، داوەشاودا، هەزاران قەڵەمفرۆش و
فرەڕوو و ماستاوکەر و بێشەرم و گاگوو هەن، خۆیایە، دەنگی چەند کەسێکی
رەخنەگر و بەویژدان زۆر بڕناکات و هەر زوو کپدەکرێ.
*-
جەنگی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، کە بە سەرکەوتنی باراک
حسەین ئۆبامای سەر بە حیزبی دێمۆکرات و دۆڕاندنی پاڵێوراوی
کۆمارخوازەکان، مەکین و، لەگەڵ ئەویش، سەردەمی "پارێزکارە نوێیەکان/
نیۆکۆنزەرڤاتیڤ" کۆتایی هات، رووداوێکی یەکجار گرنگ بوو. سیاسەتی
ئۆباما و حیزبەکەی بە گشتی؛ چۆن دەبێ و چی بەسەر دێ، ناتوانرێ هەر لە
ئێستەوە پێشبینی بکرێ، بەڵام ئەوە دەزانرێ کە ئۆباما رووبەڕووی
کێشەیەکی دارایی و سەربازیی یەکجار گەورە بووەتەوەو، خەڵکی ئەمەریکا
چاوەڕوانی گۆڕانکاری و خزمەتن لێی. لەبەر ئەوە، ئۆباما، بەشێکی باشی
هەوڵی خۆی بۆ چاکسازیی نێوخۆیی تەرخان دەکات. لەوانەشە، لەمەدا دژی
بازرگانیی نێودەوڵەتیی ئازاد بوەستێ. بەڵگەشم بۆ ئەمە ئەوەیە، لەکاتی
کەمپینی هەڵبژاردندا، ئۆباما دژی بازرگانیی ئازاد قسەی کرد و تەنانەت
رەخنەی لە گرێبەندی بازرگانی نێوان کەنەداو مەکزیک گرت، کە بە NAFTA
بەنێوبانگە. لەبەر ئەوە دوور نییە بۆ چارەسەرکردنی بێکاری کە بەهۆی
قەیرانی داراییەوە لە جاران زێتر بووە، رێنەدا سەرمایەدارانی ئەمریکا
سەرمایەکانیان ببەنە دەرەوە بۆ بەرهەمهێنان، بەتایبەتی بۆ ئەو وڵاتانەی
کە نرخی دەستی کار زۆر کەمترە، وەک لە ئەمریکا. دیارە ئەمەش،
کاربەدەستانی هەرێمی سێستان، هیوابڕاو دەکات، کە زۆر هەوڵی هێنانی
سەرمایەدارانی ئەمریکا بۆ کوردستان دەدەن، ئەوەش بۆ بازرگانیکردن، نەک
بۆ دامەزراندنی ژێرخانی ئابووری بۆ کوردستان. شایەنی باسە، حیزبی
دێمۆکراتی ئەمریکا، پشتی بە سەندیکاکانی کرێکاران بەستووە و
سەندیکاکانیش دژی بازرگانیی ئازادن، چۆنکە ئەو دەمە، ناتوانن بکەونە
کێبهڕکێ لەگەڵ کرێکارانی وڵاتانی هەژار، کە بە کرێیەکی کەم، ئامادەی
کارکردنن. ئەمەش مانای پتربوونی ژمارەی بێکارانە لەنێو کرێکارانی
ئەمەریکادا. هەرچی سیاسەتی دەرەوەشە، ئەوا ئۆباما، هەوڵدەدا، بە هەموو
جۆرێک پارێزگاریی لە ئیسرائیل بکات. ئەمەش مانای وایە، تا پێی بکرێ،
رێنادا رژێمی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و، ئامادەیە بۆ ئەوە
راستەوخۆ لەگەڵ رژێمی ئێران بکەوێتە وتووێژو و، دەمی بە هێندێک سەرەتی
(امتیاز) چەور بکات. بەڵام، ئایا رژێمی ئێران، ئامادەیە واز بهێنێ لە
دروستکردنی بۆمبای ئەتۆمی، کە ساڵانی ساڵە خەریکێتی و، بە تاکە هیوای
خۆپێپاراستنی دەزانێ، بەرامبەر هێندەک بەرتیلی رۆژاوا، وەک دەستهەڵگرتن
لە رووخاندنی رژێمەکەی و، یارمەتیی ئابووری و تەکنیکی و، کردنی ئێران
بە ئەندامی بازاڕی جیهانی و هتد... کە بەڵێنی رۆژاواییش زۆر جێی باوەڕ
نین، یان ئەوەیە ئێران بەو پشیپشییە رازی نابێ و، لە ئەنجامدا گەمارۆی
ئابووری و بازرگانیی دەدرێ، یان بەر گورزی سەربازیی ئەمریکا و ئەوروپا
دەکەوێ، یان ئەمەریکا ناچار دەبێ چاو لە ئێرانێکی ئەتۆمی بپۆشێ؟.
لێرەدا دەبێ ئەمەش بخەینە بەرچاو کە عەرەبستانی سعودی و هێندەک لە
دەوڵەتە عەرەبەکان، بە تایبەتی شێخەکانی کەنداو، رازی نابن کە ئێران
رۆڵێکی هەرێمی "اقلیمی" بگێڕێ. بۆ وێنە حوسنی موبارەک، سەرۆک کۆماری
میسر (بەپێی رۆژنامەی کوێتی "الجریدە" 8/12) گوتی"فارسەکان دەیانەوێ
دەوڵەتە عەرەبییەکان قووت بدەن"، ئەمە بێجگە لەوەی کە رژێمی ترکیش،
سەرەڕای هاوکاریی تەواوی لەگەڵ ئێران بۆ کوشتنی کورد، زۆر ترسی لە
ئێران هەیە و ئێران بە دوژمنی خۆی دەزانێ. موراد مەرجان، راوێژکاری
ئەردۆگان و ئەندامی لیژنەی رامیاریی دەرەوەی رژێم لە پەرلەمانی ترک دا،
لە سەردانێکی دا بۆ ئیسرائیل بە رۆژنامەی "هائارێتس" ی گوتبوو "بەرنامەی
ئەتۆمیی ئێران هەر بەتەنێ هەڕەشە نییە بۆ ئیسرائیل، بەڵکو هەڕەشەیەکی
جدییە و بگرە پتریشە بۆ سەر ئێمەش (ترک)". ئەمە لە کاتێکدا کە ئیسرائیل
بە پێی وتارێک کە کریستۆف شۆلتی ئەڵمانی، لە رادیۆی (دۆیچەڤێلە -
شەپۆلی ئەڵمانی) دا بڵاوی کردەوە، د. محەممەد بەرادعی؛ بە سیخوڕی ئێران
لە دەزگەی نەتەوە یەکگرتووەکان دانا . ئەم شتانە هەموویان هەن و
سەرکردەکانی حیزبە کورد زمانەکانیش، وان لە پرخەی خەودا و هەموو
خەمێکیان 17%کەیە.
هەرچی جۆرێک بێ، ئەگەر رژێمی ئێران خۆی راگرت و ما، ئەوا کورد لەم بارە
ناهەموارەدا کە ئەوڕۆ تێیدایەتی دەمێنێتەوە و، بگرە خراپتریش دەبێ. خۆ
ئەگەر رژێمەکە کەوت، کە ئەوەش شتێکی هێندە هاسان نییە و، هەروا بە
هەرزان تەواو نابێ، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەبێژم، ئەم حیزب حیزبێنەی
ئەوڕۆ، کە لەنێو رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە و، هەریەکەیان، پێ بە
سێبەری سەری ئەوانی دیکەدا دەنێ و، باس هەر باسی فیدرالییە، لە جیاتی
ئەو ئۆتۆنۆمییەی کە 50ساڵ بانگهشەیان کردبۆی و هیچی لێدەرنەچوو،
داخوازیی فیدرالیش هەر سڕکردنی هەستی کوردە و هیچ دادێک نادات، ئەوا،
فارسە شۆڤینستەکان کە بە هەزارانیان لە ئەمەریکاو ئەوروپا خۆیان
پێگەیاندووە و پێوەندییان بە سیاسەتکارانی ئەو وڵاتانەوە بەستووە، لە
کەمیندان بۆ هەلقۆستنەوە، تا بتوانن رژێمی "شەهانشاهی" دیکتاتۆریی،
جارێکی دی بەرێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا و ئەوروپا و دەوڵەتە پیشەسازەکان
دابمەزرێننەوە. ئێدی رێنادەن کە کورد هیچی دەستبکەوێ. هەر بۆ نموونە:
ئەمە ساڵێکە تەلەڤزیۆنی BBCبە عەرەبی هەیە، بێجگە لە رادیۆ. وەزارەتی
دەرەوەی بەریتانیاش لەم رۆژانەدا ؛ 15 ملوێن پاوەندی ئینگلیزی
تەرخانکرووە بۆ بەهێزکردنی بەشی فارسی BBC . ئەمە لە کاتێکدا کە
هاوبیری هێژا جەوادی مەلا چەند ساڵێکە هەوڵی کردنەوەی بەشێکی کوردی
دەدا لە رادیۆی BBC و داخوازیەکەشی بە هەزاران واژۆوە هەناردووە بۆیان،
بەڵام تا ئێستاکە "کە ئێستەیە" هیچ وەرامێکی ئەرێنی وەرنەگرتووەتەوە.
خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، کارێکی باش دەکەن، ئەگەر نەبنە چاولێکەری
حیزبە چەکدارە کوردزمانەکانی باشوور و حیزبە دژ بەیەکەکانی لای خۆیان.
بەڵکو، هەر لە ئێستاوە، خۆیان بە گیانێکی ئازادیخوازانە، ئامادە بکەن
و، رێنەدەن کەس بۆ بەرژەوەندیی بنەماڵەیی خۆی، رۆژێک بەنێوی "دیکتاتۆرێتیی
پرۆلیتاریا"، و رۆژێک بەنێوی "پێشڕەوێتیی گەل" و رۆژێک بەنێوی "حزبی
کۆمۆنیستی ئێرانی" و رۆژێک بەنێوی "بیری ماوتسیتۆنگ" و رۆژێک بەنێوی "سۆسیال
دێمۆکراتیی درۆزنە" و ئەوجا بەنێوی "کوردایەتی"یەوە ، چیدی یاری بە
چارەنووسیان بکەن. ئەمەش بە خۆ کۆکردنەوە دەبێ لەژێر سەیوانێکی
نەتەوەییدا.
*- کێشەی ژنانی
کوردستان بە تایبەتی لە باشووری وڵاتدا، کە بووە بە سەربڕخانەی ژنان،
لەمساڵەدا یەکجار سەخت بووە، بەجۆرێک رۆژێک تێناپەڕێ چەند ژنێک
نەکوژرێن یان نەسووتێندرێن، بەڵام لەلایەن کاربەدەستانی باشوورەوە تا
ئێستا هیچ هەنگاوێک نەنراوە بۆ بەربەرەکانێی ئەم ژنقڕانە، ئەوەبوو
تەنانەت پەرلەمانی سێستان، بە دەنگی هێندەک لە ژنەکانیش خۆیان، بڕیاری
بۆ فرەژنی دا. سەیر ئەوەیە، ئەو کەسانەی دژی فرەژنین، لەباتی رۆشنکاری
لەنێو جەماوەردا و، هێنانەکایەی پەروەردەیەکی نوێی یەکسانیخواز، بە
بەشداری ژنانیی رۆشنبیر، چوون پەنایان بردە بەر بەڕێز مەسعود بارزانی
کە دژی قانوونی فرەژنی بوەستێ و، واژۆی نەکات. ئەویش لە وەرامدا گوتی،
ئەو خۆی لەگەڵ فرەژنی نییە، بەڵام ئێستە ناتوانێ دژی فرەژنی بوەستێ و،
داوای لێبوردنی کرد. ئەمەش خاڵانەی ئەوەیە، کە بەڕێز کاک مەسعود،
زۆرجار باسی ئەوە دەکات کە کورد مافی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێ،
بەڵام جارێ کاتی نەهاتووە. وادیارە بەڕێز کاک مەسعودیش، وەک زۆربەی
زۆری ئەم خەڵکە، چاوەڕەوانی "رزگارکەر"ە. دە خدری زیندوو بەپەلە وەرە.
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ژنان، پێویستە ژنان خۆیان لەسەر بنچینەی ئازادی
و یەکسانیی مرۆڤ، رێکبخەن و، خۆیان دووربخەنەوە لە هەموو ئەو ژنانەی کە
لەڕێی حیزبحیزبێنە، یان خۆشاردنەوە لەژێر باڵی فێمینیستی درۆزنەدا،
یاری بە چارەنووسی ژنان دەکەن بۆ دەستکەوتی خۆیان. ئەو جۆرە ژنانە
گەلێک لە پیاوە کۆنەپەرستە دەستدرێژکەرەکان خراپترن و، زیان بە کێشەی
ژنان دەگەیێنن. ژنان، زۆر بە هەڵە دەچن، ئەگەر خۆیان بە "نیوەی کۆمەڵگە"
لە قەڵەم بدەن و، داوای "ماف" لە پیاوان بکەن. چۆنکە هیچ کاتێک
نابیستین کە پیاوان خۆیان بە "نیوەی دووەمی کۆمەڵگە" دابنێن، بەڵکو
قانوون و نەرێت بۆ هەموو کۆمەڵگە دادەڕێژن، ئەوەش لە باری بەرژەوەندیی
پیاوان خۆیانەوە. ژنانیش پێویستە وابکەن، بەرنامەیەکی گشتگیر بۆ تەواوی
کۆمەڵگە، لە باری سەرنجی ژنانەوەو، لەسەر بنچینەی ئازادی و یەکسانی،
بخەنە بەردەم کۆمەڵگە، کە ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە ملهۆڕی پیاوان و
راستکردنەوەی لاسەنگیی کۆمەڵگەی سەقەت و نەخۆشی کورد و، رێگرتن لە
هەلپەرستیی ژنانی خۆبژێن و ماستاوکەر بۆ پیاوان.
شایانی باسە؛ سەرەڕای ئەم هەموو تاوانانەی کە بەرامبەر ژنانی کورد
دەکرێن، جێی دڵخۆشییە کە سەرەتای بەربەرەکانییەکی پیرۆز لەلایەن ژنانی
ئازادبیر و سەربەرزەوە دەستیپێکردووە و لە پەرەسەندندایە، چ
بەهەڵگەڕانەوە لەرووی دەستدرێژیداو، چ بە بەجێهێشتنی ئەو بەندیخانانەی
کە پیاوانی ملهۆڕ لە چوار دیواری ماڵدا بەسەریاندا سەپاندوون، یان بە
گلیکردن (شکات) لەلای پۆلیس و لە دادگە، دژی هۆڤێتیی پیاوان، یان بە
شکاندنی دیواری شەرمی بەسەر داسەپێندراویان ، یان بە باسکردنی کەنەفتیی
خۆیان بە ئاشکرا، بە تایبەتی لە ماڵپەڕە بوێرەکانی ئینتەرنێت دا، کە
هێندێکیان بە ستافێکی گچکەوە، هەزاران میوانیان هەیە، یان بە بەستنی
کۆنفرانسی یەک لەدوای یەک، بۆ خستنە بەرچاوی زۆرداریی دژ بە ژنان و
بەشخوراوییان، وەک ئەو کۆنفرانس و کۆبوونەوانەی کە شیلان شۆرش، لە
نەروێج دەیانبەستێ و، ژمارەیەک لە چالاکوانانی کێشەی ژنان، ژنان و
پیاوان بانگ دەکات، بۆ وتاردان و وتووێژو، لە رۆژنامەکانی نەروێجدا،
لێقەوماویی ژنانی کورد و پەنابەران، دەخاتە بەرچاوی رای گشتی. ئەوەش بە
رەنجێکی گران دێتە بەرهەم بۆی.سەرەڕای ئەو هەموو دوژمنایەتی و
هەڕەشەیەی کە لەلایەن پیاوانی کۆنەپەرست و ژندوژمنەوە بەرامبەری دەکرێت،
هەر کۆڵنادا و، ئافەرینی لێ بێ و نموونەی زۆربن.
*- هەر
لە پاڵ ئەم رەشەکوژیەشدا لە ژنان، رۆژنامەوانانیش – بەتایبەتی
رۆژنامەوانانی کوردی کەرکووکی- بوونەتە نیشانەی دەستدرێژی و لەنێوبردن.
گەلاوێژ حسەین، دوایین قوربانی ئەم ریزە بوو. کاری رۆژنامەنووسی، وەک
کاروپیشەی بژیشکی وایە. بژیشک کە نەخۆشێک هاتەلای، دۆستی بێ، یان
دوژمنی بێ، هاووڵاتی خۆی بێ، یان بیانی بێ، دەبێ بێ جیاوازی، دەرمانی
راستی بداتێ و بۆ چاکبوونەوەی تێبکۆشێ. رۆژنامەنووسیش لەسەری پێویستە،
دەنگوباس بەڕاستی و بێ خاترو خوتر و بێڕک و کینە تۆمار بکا و رووداوەکە
چۆنە، وەک خۆی، بە خوێنەرانی رابگەیەنێ. لەم رووەوە، هەزاران سڵاو لە
گیانی ئەو رۆژنامەنووسانەی کوردستان و هەموو جیهان، کە ئامادەن سەر
بدۆڕێنن، بەڵام راستی و دروستی نەدۆڕێنن. رووی قەڵەمفرۆشانیش سپێ نەبێ.
*-
نێزیکبوونەوەی کاتی هەڵبژاردن لە ستانەکاندا و، ئەو بارودۆخە
ناهەموارەی کە لە کەرکووک و مووسڵ و دیالە هەیە، هەروەها ناهومێدیی
خەڵکی باشوور و ملوێنێک کوردی بەغدا، لە رەوتی رامیاری و ئابووری و
کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە، وای لە جەماوەرێکی
فرە کردووە کە لە هیوابڕاوییەوە، نەیانەوێ بچن بۆ دەنگدان. هێندێکیش
هەن، دەیانەوێ بە لیستی سەربەخۆ بچنە هەڵبژرادنەوە، کە پارتی و یەکێتی
لە دژی ئەوەن و، بە "تێکدانی یەکڕیزی" دەدەنە قەڵەم. بە کورتی، لیستی
دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە ئەو دەنگەی پێشوو ناهێنن و خۆشیان دان
بەوەدادەنێن. دیارە، ئەمەش دەنگی عەرەبەکان و هەموو کورد دوژمنەکان
زێدە دەکات، بەڵام خەڵکە دەنگنەدەرەکە ئەم پرسیارانە دەکەن: باشە ئەم
دوو حیزبە، بەو دەنگە زۆرەی بۆیان دراو، بەو پشتگیرییەی لە کوردستان و
دەرەوەی کوردستاندا کران، چییان بۆ هینانەدی ئاوات و ئامانجەکانی کورد
کرد؟ چ گۆڕانێک تائێستا بەرەو باشی روویداوە لەلایەن ئەم دوو حیزبەوە،
تا جارێکی دی پەنجە رەنگبکرێتەوە بۆیان؟ راستییەکەی، ئەم دوو حیزبە و
ئەو حیزبۆلکانەی کە لە خۆڵگەی ئەم دووانەدا دەسووڕێنەوە، بەرامبەر ئەم
پرسیارە رەوایانە هیچ وەرامێکی ژیربێژانەیان نییە. دەبا هەر کەسە بەپێی
ویژدانی خۆی هەڵسوکەوت بکات.
*- رووداوێکی
گرنگی دیکەی ئەمساڵ، پەلاماردانی لەشکری رووسیا بوو بۆ سەر کۆماری
گورجستان و، ناسینی ئەبخازستان و ئۆسێتستانی باشوور، بە دوو یەکەی
سەربەخۆ. شایەنی باسە، نێوی ئەم نەتەوەیە، لە بنەڕەتدا "ئالان"بووە کە
ئەوەش لە "ئاریان" ەوە هاتووە. زمانی ئالانی (ئۆسێتی) دەستەخوشکی زمانی
کوردییە. ئەم کردەوەیەی رووسیا، بووە هۆی ئەوەی جارێکی دی، پیرۆزیی
سنووری دەوڵەتانی ئەندام لە کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، پتر لە
جاران بخرێتە ژێر پرسیارەوە. کاتێک کە ئەوروپا و ئەمەریکا ئەم هەنگاوەی
رووسیایان بە "دەستدرێژیی" بۆ سەر "تەواوێتیی خاک و سەروەری"ی
دەوڵەتێکی ئەندامی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان دایە قەڵەم، رووسیاش
زۆر بە سادەیی، پارچە پارچەکردنی یۆگسلاڤیا و سەربەخۆکردنی کۆسۆڤۆی،
لەلایەن ئەوروپا و ئەمەریکاوە، دایەوە بە چاویاندا. راستییەکەشی ئەوەیە؛
هەردوو کردەوەکە وەک یەکن. لێ ئەوە هەیە، زلهێزەکان هەرچی دەستدرێژییەک
کە خۆیان بیکەن، بۆخۆیان "رەوایە". خۆ ئەگەر لایەنێکی دیکە بیکات "ناڕەوایە
و تێرۆر"ە. هەردوو رووداوەکە، "کۆسۆڤۆ"ش و "ئەبخازستان و ئۆسێتستانی
باشوور"یش، سەرمەشقێکی باش بوون بۆ چارەنووسی کوردستان، بە
هەڵوەشاندنەوەی قانوونی "نەتەکین" (مێونیە)ی سنوورەکانی دەوڵەت، بەڵام
بەداخەوە ، کورد نەیتوانی سووت لە هیچ کامێکیان وەربگرێ، چۆنکە، هەر
قسەیەک بکرێ، سەرکردەکانی حیزبەکان دەفەرموون "رۆژی ئەوە نییە"، "دەوڵەتی
کوردستان خەون و خەیاڵی شۆڤێنیستەکان و هۆزانانە"، کەچی ئەو خێرە ناکەن،
واز لە وشەی کوردستان بهێنن و سەری ئەم خەڵکە سووک کەن. بەڕاستی ئەگەر
حیزبەکان نەخشەیەکی ژیرانەیان هەبوایە، دەتوانرا لە رەوش و هەڵوێستی
رامیاریی نوێی رووسیا، گەڵێک سووت وەربگیرایە. رووسیا ناکۆکیی
توندوتێژیی هەیە لەگەڵ ئەوروپا و ئەمەریکا. رووسیا زۆر پەژیوانە لە
هەرەسهێنانی سۆڤێت و، تەنانەت پووتین لەیەکترازانی سۆڤێتی بە "گەورەترین
کارەساتی سەتەی بیستەم'' دایە قەڵەم. لەبەر ئەوە دوور نییە جەنگی سارد،
جارەکی دی، دەست پێبکاتەوە. بەڵام مخابن سەرکردەکانی حیزبە
دەسەڵاتدارەکان، هیچ پرۆژەیەکیان بۆ دواڕۆژ نییە. کوردیش باشیان گوتووە:
(پوریش ئەگەر گونی هەبووایە دەبوو بە مام)، بەڵام چ دەکەی؟ نییەتی و
نییەتی!!
*-
هەر لەم ساڵەشدا و، پەنجا ساڵ دوای ئەوەی باسی پرۆژەی زمانی
یەکگرتوو و، هێنانە کایەی زمانی کوردیی ستانداردم کرد و، گوێنە گیرا
لێی، کەسانێک کەوتنە سەر کەڵکەڵەی ئەوەی، کە بە هەڵە پێیدەڵێن"سۆرانی"
وەک زمانی دیوانیی کوردی بناسرێ. ئەمەش، نەک لە رێی ئەوەوە، کە ئەم
بەڕێزانە، ساڵانی ساڵ، خەریکی ئەم کارە بووبن و، رێوشوێنیان بۆ ئەوە
دانابێ، بەڵکو ویستیان لە رێی بڕیاری بەڕێز مەسعود بارزانییەوە ئەم
کارە جێبەجێبکەن، کە دیارە ئەوەش سەری نەگرت بۆیان و، لە ئەنجامی ئەو
هەڵپە هەڵپەوە، کەسانێک پەیدابوون، کەوتنە باسی "فاشیزمی سۆرانی" و
کەسانێکی دیکەش کەوتنە گاڵتەکردن و سووکایەتیکردن بە قسەکەرانی ئەوەی
بە هەڵە بە "بادینانی" نێویڕۆیوە. ئەم بەڕێزانە کە لەنێویاندا مرۆڤی
زۆر پاکژ و دڵسۆژیش هەن، سەرنجی ئەوەیان نەدا، کە ئەمە 17ساڵە
فەرمانڕەواییەکی کوردی، لە سێ ستانی باشووری کوردستاندا هەیە و،
تەنانەت لە پاش نیسانی 2003ەوە ،لەگەلێک نێوچە داگیرکراوەکانی باشووردا،
لە بارەی پەروەردەی قوتابخانە و خوێندەوارییەوە، دەستی دەڕوا،ئەمانە
نەهاتن، پرسیارێک لە خۆیان و ئەو فەرمانڕەوایانە بکەن، بزانن لەم ماوە
دوورو درێژەدا، چییان بۆ خزمەتی زمانی کوردی کردووە، تاکو وا بە پەلە
باسی زمانی ستاندارد نەکەن و، لە کاربەدەستانی داوا نەکەن.
ئاشکرایە، زمانی کوردی؛ بەپێی دەستووری بنچینەیی عێراق، وەک عەرەبی،
زمانێکی دیوانییە، لە هەموو عێراقدا، بەڵام تائێستا چەند کورد لە
پەرلەمانی عێراقدا بە کوردی قسەی کردووە؟ چەند بەڵگەنامەی عێراقی بە
کوردی، لە پاڵ عەرەبیدا نووسراون؟ کە رێککەوتننامەی ئەمریکا و عێراق
نموونەیەکە بۆ ئەوە. ئەوەتا حکومەتی عێراق زمانی کوردی لە زانستگەکانی
هەموو عێراقدا -بێجگەلە سێ ستانەکە- رێبەند کردووە. نوێنەرانی کوردیش
لە بەغدا نقە ناکەن. پاشان ئەم بەڕێزانە، چ چاوەڕوانییەکیان هەیە لە
سیاسەتکارانی کورد بۆ خزمەتی زمانی کوردی، لە کاتێکدا کە ئەم
سیاسەتکارانە دێنە سەر تەلەفیزیۆن، 90%ی وشەکانیان کوردی نییە؟
بێگومان، کورد پێویستی بە زمانێکی ستاندارد هەیە، بەڵام زمانی ستاندارد،
پێویستی بە کاری گەورە هەیە، بەتایبەتی بۆ کورد، کە وڵاتێکی سەربەخۆی
نییە و، ماڵی چووەتە سەر بەشی ماڵان و، حیزبحیزبێنەش، خۆی کردووە بە
مێردەزمەی کورد. زمانی ستاندارد، بە هەوڵ و تەقەللای زمانەوانان و
نووسەران و شانۆکاران و مامۆستایانی قوتابخانەکان و، بە بەشداریی
دەزگەکانی راگەیاندنی گشتی؛ دەکەوێتە سەرپێ. ئەوەش بەپێی بەرنامەیەکی
پتەو، یەکەمین هەنگاویش بۆ ئەمە، چێکردنی ئەلفوبێیەکی ستانداردە، لەسەر
بنچینەی تیپی لاتینی بیرازکراو و، کارکردن بۆ هێنانە بەرهەمی رێزمانێکی
یەکگرتوو. ئەمەش زانایی و کات و خەباتی گەرەکە. ئەگەرنا، زمانی
ستاندارد، بە داخوازینامەیەک و فەرمانی سەرکردەیەک دروست نابێ، بەڵام
کە ئامادەکاری کرا بۆی و، گەیشتە ئەوەی بگا، ئەوا بە فەرمانی حکومەتێک
پشتگیری دەکرێ و، ئەوجا سەردەکەوێ.
زمانی کوردی، هەرچەندە زمانی چل ملوێن کەس پترە، بەڵام هێشتا لەژێر
هەڕەشەی لەنێوچووندایە. چۆنکە نەبووە بە زمانی تەکنیک و زانست، لە
پلەیەکی بەرزدا، یان زمانی مەڵبەندێکی بازرگانی و پیشەسازیی گەورە، کە
خەڵک ناچار ببن بە فێربوونی. دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانیش، بێوچان
هەوڵی لەنێوبردنی زمانی کوردی دەدەن. لەبەرئەوە هەوڵدان بۆ هێنانە کایە
و جێگیرکردنی زمانێکی ستاندارد، فەرمانێکی نیشتیمانی و زانستی و وێژەیی
و رۆشنبیرییە. بەڵام بە کردەوەیەکی زانایانە و نەتەوەییانە،نەک بە شەڕە
گەڕەک.
بەپێی هەواڵێک کە رۆژنامەی ئەڵمانی (بەرلینەر مۆرگن پۆست) لە رۆژی
27/9/2008دا بڵاوی کردبووەوە، هەر ساڵە پەنجا زمان، لەو 6500 زمانەی کە
تائێستا لە جیهاندا ماون، بەرەو لەنێوچوون دەچن و، لە سەتەی بیستەمدا،
ئەو لەنێوچوونە خێراتر روویداوە، وەک لەمەوبەر. ئەز وەک ئەندامی (کۆمەڵەی
ئەڵمانی بۆ زانستی زمان) ئاگادارم لە چالاکییەکانی (کۆمەڵەی زمانی
رووبە هەڕەشە) و دەزانم لە ئەوروپا 200 زمان هەن و، ئەوەی کە وایکردووە
بمێنن، ئەوەیە ئەو زمانانە بەشێوەیەکی دیوانی (رسمی) بەکار دەبرێن و
شێوەزارە نێوچەییەکانیش، بێ بەکارهێنانی هیچ زۆر و ستەمێک، بەرەو
توانەوە دەچن لەنێو زمانە دیوانییەکاندا.
*- رژێمی ترک، بە
لەشکر و فەرمانڕەوا ئیسلامیستەکانییەوە، پاش ئەوەی بۆی دەرکەوت کە
چارەسەرکردنی کێشەی بیست ملوێن کوردی باکووری کوردستان و وڵاتی ئەنەتۆڵ،
بە دەستوەشاندن و خوێنڕێژی و نکوڵکردن لە بوونی کورد، خەونێکە و هیچی
دی، ئەوجا دەیانەوێ، لەلایەکەوە بە خستنەکاری تەلەفیزیۆنێک بە کوردی (وەک
ئەوەی دۆزی کورد نەبوونی تەلەفیزیۆنی کوردی بێ) و، لەلایەکی دیکەوە بە
خۆ نێزیککردنەوە لە سەرکردەکانی هەرێمی سێستان، چۆنکە دەزانن ئەمان خوا
خوای ئەوەیانە، سڵاوێک بکەن لێیان، دەیانەوێ دیسانەوە کورد بە کورد بە
کوشتن بدەن، بێ ئەوەی دان بە بوونی وشەی کوردستان دا بنێن. رژێمی ترک
دەبێ ئەوە بزانێ، کە ساڵی 2009، وەک ساڵانی نەوەتەکان نییە و ئەو شارە
زەردەواڵەیەی دەیانەوێ "خۆڵباران"ی بکەن و "تەرە"ی بکەن، کە هوروژا،
هەر بەسەر و گوێلاکی خۆیانەوە دەدا. دەبێ ئەوەش بزانن کە "ترکیا"
لەلایەن کۆلۆنیالیستەکانی ئەوروپاوە، لە 1923دا لەسەر خاکی نا ترک
دامەزرا، لە یەکێتیی سۆڤێت پتەوتر نییە کە هەرەسی هێنا و لە ئەمەریکاش
بەهێزتر نییە کە لە قوڕی عێراقدا چەقی. هیچ کێشەیەک بە جەنگ و ملهوڕی،
چارەسەر ناکرێ و، لە بەرژەوەندیی ترک و کوردە، کێشەکە بە ئاشتی و لە
یەکگەیشتن چارەسەربکرێ. پێ کێ کێش پێویستە، جارەکی دی بگەڕێتەوە سەر
درۆشمی سەربەخۆیی کوردستان و، مافی چارەنووس و، بە شێوەیەکی
شارستانیانە تێبکۆشێ بۆی. ئەگەرنا؛ تراویلکەی "بەدێمۆکراتیکردنی رژێمی
ترک"، بەڕاستی ئەم هەموو قوربانییە هەڵناگرێ. رژێمی ترکیش، تەنێ بە
هەوڵدانی کورد؛ نابێتە دێمۆکراتی.
*-
کێشەی پەنابەرانی کورد لە ئەوروپا، لەم ساڵەدا سەختتر بووە.
هێندەک لە دەوڵەتەکانی ئەوروپا، بە تایبەتی بەریتانیا و سوێد و
دانیمارک و هۆڵەندا و سوێسرە، بەزۆر پەنابەر دەنێرنەوە بۆ هەرێم، بە
بیانووی ئەوەی کە لە هەرێم ژیان لە مەترسیدا نییە. وەک دەڵێن ئەمەش بە
ریککەوتنە لەگەڵ حکومەتی هەرێم و، حکومەتی هەرێمیش نکۆڵ و ماندەل دەکا
لێی. دەنگوباسی ئەوەش هەیە کە حکومەتی ئەڵمانیا چەند هەزار پەنابەرێکی
کوردی سووریا، کە زۆریان جنسیەی سووریاشیان نییە؛ رادەستی رژێمی
دیکتاتۆری سووریا بکاتەوە. بێگومان هۆی پەنابەرێتی هەر یەک جۆر نییە؛
بەڵکو فرەئالییە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆیە. هەر دەمە نا
دەمێکیش دەبیستین کە ژمارەیەک کوردی پەنابەر، لە ئاوی ئیجەی
یۆنانستاندا خنکاون کە ئەمەش کوێرەوەرییەکی گەورەیە. لیستی هاوپەیمانیی
کوردستان کە وەزارەتی دەرەوەی عێراقی بەدەستەوەیە، پێویستە لەسەری، زۆر
بەگەرمی لەگەڵ ئەوروپا وتووێژ بکات، بۆ ئەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە
بۆ کێشەی ئەو پەنابەرانە بدۆزرێتەوە.
بەرلین
2008/12/22
|