٦\٣\٢٠١٠
کارت؟!

ستار محەمەد قادر
ئەمە گوزارشت لە کارتی خوێنکارێکی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی ناکات کە دووای
پشووی تاقیکردنەوەی نیوەی ساڵ بۆ یەکەم جار لە رێی خوێندنگاوە بە
دیداری شاد دەبێت، یان ئەو کارتە دانسقەیەی جارانیش نییە کە لە پێناو
بەشداریکردن لە ئاهەنگی هاوسەرگیریدا، لە لایەن ماڵی زاواوە بە سەر خزم
و دراوسێدا دابەش دەکرا! بە دڵنیاییەوە ئەم کارتە، کارتی کۆمپانیای
ئاسیا سێل و کۆڕەک تیلیکۆم و ئاریافۆن و فانۆس تیلیکۆم ... هتد نییە،
کە تا چەند لە بەرنامەتدا بێت خۆت لە شەڕی دابەزینی باڵانسیان بپارێزیت،
لە تواناتدا نییەو ناتوانیت، چونکە وەکو دەڵێن پووڵی زیاد، ئەگەر تۆ
سەری نەخۆیت، ئەو سەرت دەخوات؟! بۆ دڵنیاییتان ئەو کارتەش نییە کە
کوڕێکی زەنگین یان کچێکی دەوڵەمەند، تەنها بۆ کات بە سەر بردن، لە رێی
مەسیجەوە بە باڵانس یەکتری خەنی دەکەن!
ئەمڕۆ ئەگەر بمانەوێت قسە لە سەر شتێک بکەین کە بە کارت لە لای ئێمەو
مانان دێتە ناساندن، ئەوە دەبێت پشوومان درێژ بکەین، چونکە ئەگەر لێم
زویر نەبن، هەر هەموومان لە ژێر هەژموونی کارتداین، بەڵام بێ ئەوەی
درکی پێ بکەین، زۆرێک پێیان وایە، بە بێ ئەوەی لە خانوی کرێدا
نیشتەجێبین، هەر هەموومان لە سایەی سەری کارتەوە کرێچین!
کارت هەیە بە ماوەیەکی کەم بە شێوەیەک خاوەنەکەی بارگاوی دەکاو لە
خشتەی دەبات، باوکی خۆی نەناسێتەوە، هیی واش هەیە وا لە مرۆڤ دەکات
تەنانەت حەقیقەتی خۆیشی لێ بگۆڕدرێت، کارتیش هەیە دەبێت بە درێژایی
ژیانت باجی بدەیت و هەمیشە بە دەستییەوە بناڵێنیت! هیی واش هەیە پشتە،
مشتە، هەشە بایی ئەوەندە نییە قسەی لە سەر بکەین، چونکە پەیوەندیی بە
روومەتەوە هەیە، باشتر وایە بۆ ئەوەی زۆر لە نێوەڕۆکی بابەتەکەمان دوور
نەکەوینەوە، لێی دەربچین!
کارت هەیە لە مار خەرابترەو لە ماوەی چرکەیەکدا دەبێت بە هۆکاری
چێکردنی دۆزەخێک بۆ کەسێک و ژیانی دەخاتە مەترسییەوە، هیی واش هەیە ئەو
کەسەی کارتەکەی لە بن هەنگڵدایە، لە پاڵیدا حەساوەیە! بۆ ئەوەی لە
مەترسییەکانی پەتای کارت خۆمان بپارێزین، دەبێت ئەوە لە بەر چاو بگرین،
ئەمە هیچ جۆرە پەیوەندییەکی بە وەزارەتی تەندروستییەوە نییە تا
چاوەنواڕی ئەوە بکەین رێنماییمان بکات، بەڵکو دەبێت خۆمان زۆر بە
هەستیارییەوە لە گەڵ ئەم ئەنفۆلەوزای پەتایەی کارتەدا مامەڵە بکەین، بۆ
خۆ پاراستن لە تووشبوونیی ئەم پەتایە، دەتوانیت تەنها پشت بەو مەقۆلەیە
ببەستین، کە دەڵێت " الوقایە خیر من العلاج" بۆ ئەوەی پێویستیمان بە
چارەسەری نەبێت، دەبێت رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەین.
یەکەم: لە چاک و چۆنی و ئەحواڵ پرسین
زیاتر بە کارتی مۆبایل، بۆت نییە یەک سانتیمیتر پێ درێژی بکەیت و
پرسیاری دەورو دراوسێ بکەیت.
دووەم: بۆت نییە وەڵامی هێندێک پرسیار
بدەیتەوە کە عەرەب وتەنی " لیس من شانک" چونکە دەبێت وریا بیت نەک
یەکێک بێت لەو کارتانەی کە دەبێت بە هۆکاری ئەوەی بۆ هەتا هەتایە بە
دەستییەوە بناڵێنیت و لە چرکەیەکدا کە تۆ باڵانسی میزاجت تەواو نییە بە
هەلی بزانێ و لە شوێنی هێڵەکەت، خودی خۆت بسووتێنێت؟!
سێیهم: ئەم پەتایە بە پێچەوانەی
ئەنفەلۆزای باڵندەو بەراز، چەند لە کەسیی تووش بوو بە پەتاکە نێزیک
ببیتەوە، بە مەرجێک تۆزێک چاوەکانت بکەیتەوە، مەترسە، پەتاکە بۆ تۆ بەو
رێگایە ناگوێزرێتەوە! بەڵام لە دوورییەکی بێ سنوورەوە، لە رێی تەنها
دەنگەوە، چونکە نابێت ئەوە لە بیر بکەیت کە دەڵێت " انما الاعمال
بالنیات" ئەگەر وریا نەبیت ئەوە دەبێت بۆ ماوەیەکی چاک بە بێ ئەوەی
سەرت بێشێت، بە دەستی ژانە سەرەوە بتلێیتەوە؟!
چوارەم: لە کاتی تووشبوونت، یان ئەوەتا
دەبێت بە سەدو هەشتا پلە با بدەیتەوە، یانیش دەبێت وەکو بیلالی حەبەشی
باوەڕی تەوات بە بیرو باوەڕەکەت هەبێ و ئامادە بیت بە رۆژی رووناک لە
ژێر باری هەر رەوشێکی سەخت و نا لەباردا "احد احد" بە دەنگێکی بەرز
بڵێیتەوە!
پێنجەم: نابێت ئەوە لە بیر بکەین، کە
جاران پارەمان دەخستە نێو داخیلە یان سەرینەوە، ئەمڕۆ لە ژێر کاریگەری
" ناکل ما لا نزرع، ونلبس ما لا نصنع" دا لە زارمان دەیگرینەوە،
دەیخەینە نێو مۆبیلەوە، ئەی کەواتە نابێت هێندە نەزان بین بە پوولی
تەنکەی باخەڵمان، قوڕێکی سەخت بۆ تەوقی سەری سەرمان بگرینەوە؟!
شەشەم: لەم رۆژگارە پڕ لە ململانێی سەیر
و سەمەرەدا، هەرگیز خەم لەوە مەخۆ کە هێڵەکەت باڵانسی دابەزیوە، ئەگەر
راشیبگرن یان دوور نەڕۆین لە بەختی تۆدا بیشی سووتێنن، گەلێک لەوە
چاکترە کە لەم چرکە ساتە هەستییارەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، بە
پەیوەندییەکی نەخوازراو لە ناکاودا باڵانسی خۆت دابگرن؟!
بە داخێکی زۆرەوە یەکێک لەو ئاواتانەی من کە لە قووڵایی دڵمەوە خوازیار
بووم، بۆ ریکلام و پڕو پاگەندەی هەڵبژاردن، پەنا وەبەر هێندێک کارت
نەبرایە، چونکە بە ئاقارێکی زۆر مەترسیداردا پرۆسەکە دەبات و دەبێت بە
هۆکاری ئەوەی کۆی پرۆسەکە ناشیرین بکات، بەڵام بینیمان پەنا وەبەر
کارتێکی زۆر ترسناک بردرا، کە جارێ نازانین لە دەرەنجامدا دەبێت بە
هۆکاری ئەوەی ئیفلاس بە باڵانسی کام هێڵ بهێنێت و کام هێڵیش لە سووتان،
راوێستان قووتار دەکات؟ بەڵام کۆی ئەو کارتانەی کە بەو شێوەیە تۆقێنەرن،
ئەگەر ئەمڕۆ لایەکیش لێی سوودمەند بێت، بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئەو فۆرمە
لە کارت تێکەڵ بە دونیای هەڵبژاردنمان بێت، دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی
داهاتوودا، پێشبینی کارتی زۆر لەمانە ترسناکتر بکەین؟!
star_qadr@yahoo.com
|