په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٥\٢٠١٠

کاروان عوسمان داریوشى ئێمە.


نیهاد جامى  


قسەکردن لەئاستى هونەرى گۆرانى بێژێکى وەک کاروان عوسمان، لەڕاستیدا پێویستى بەوەیە تایبەتمەندانى بوارى میوزیکى کوردى لەبارەیەوە بدوێن نەوەک ئێمە، بۆیە ئێمە ئەو لایەنە فەرامۆش دەکەین و باوەڕمان وایە دەبێ پسپۆڕانى ئەو بوارە قسەى لەبارەوە بکەن، ئەوەى ئێمە هەڵوەستەى لەسەر دەکەین، دیدى ژیاندۆستى ناو گۆرانیەکانى کاروان و بەستنەوەیەتى بە بونیادەکانى ناو دنیاى کوردى، بەتایبەت کە ئەو لەدۆخێکى تەمومژاویى بەعسیەکان کۆتاییان بەژیانى هێنا.


ئەگەر ئەو حیکایەتە تەواوى بونیادەکانى ڕاست بێت کە کاروان و هاوڕێکەى هاوڕێیەکى تریان دەکوژن و پارەکەى بۆ دووکچە خوێندکارى ئەوساى پەیمانگاى هونەرە جوانەکانى سلێمانى بەدوو ئامێرى پیانۆ دەدەن و سەرەنجام کاتێ کاروان بە پانکەى بنمیچى ژوورە تاریکەکانى بەعس هەڵواسراوەو سوورە لەسەر ئەوەى کە ئەوان ئەو پیاوەیان نەکووشتووە، دواتر کاتێ ئارێزى هاوڕێى چۆک دەدات لەبەردەم ئەشکەنجەو کاروان بەو دیمەنە دەبینێت، پێیان دەڵێت "پێویست بەو هەموو ئەشکەنجەیە ناکات گیتارێک بێنن من ئیعترافى پێ دەکەم" لێرەوە ئارێز لەژێر قاچەکانى کاروان گیتار دەژەنێت و کاروان هاوار دەکات "دامگرن تەواو ئێمە کووشتمان" دواتر کاتێ دادوەر پێى دەڵێ "بۆ کووشتتان؟ کاروان دەڵێت: ئەو بوونى زیاد بوو لەژیان".


ئێمە گریمانى ئەوە دەکەین تەواوى ئەو حیکایەتە ڕاستەو هیچ هەڵەیەکى تیا نیە، بەڵام ئایا ئەوەندە بەسە بە تۆمەتێکى بەعس ئێمە هونەرمەندێک بکەین بە پیاوکوژ؟ ئەى ئایا ئەمڕۆ بەوە ڕازى بین کە نووسەرانێک هونەرى کاروان کوورت بکەنەوە لەناو شۆڕشگێڕیەتى و پێمان بڵێن ئەو کۆمۆنیست بوو؟ هەموو بەڵگەکانیشیان کوورت بکەنەوە لەناو تاکە گۆرانیەک کە لە زیندان ووتوویەتى؟ ئەو پرسیارانە دەبەستینەوە بەو حیکایەتەى ڕەوایەتى بە شەهید کردنى کاروان دەدات.


ئاخۆ پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر ئەو حیکایەتە ڕاست بێت ئاخۆ کاروان لەپێناو عەشقدا ئەو کارەى کردووە بەو بیانووەى کە دواتر ئامێرى پیانۆى بەو پارەیە بۆ کچێک کڕیووە، ئەگەر وا بێت کاروان جوانترین پیاو کوژى ئێمەیە، دواتر ئەو دێرەى گوایە دەڵێت "بۆیە کوشتمان چونکە بوونى زیاد بوو لە ژیان" ئەو دێرە چەندە دڕندانە بێت هێندەش لەناو فانتازیاى عەشق نوقمە کە ئەوانەى عاشق نین بوونیان زیادە لە ژیان، بەڵام هەموو ئەو حیکایەتانە بە گۆرانیەکى کاروان وەڵام ئەدرێتەوە، چونکە کاروان کە عاشقێک بێت و پێمان بڵێت "ئەو مرۆڤە وەک تۆ ژیانى پێخۆشە" بۆیە هەموو ئەو حیکایەتە هەڵبەستراوەى بەعس تەنیا درۆیەکە بە بەڵگەى ئەوەى کاروان کە وا گۆرانى بڵێت قەت هى ئەوە نیە کە پیاو کوژ بێت، تەنانەت کە دەبینین پیاوکوژە ڕاستەقینەکە تا ئەمڕۆش بەهەمان ڕەزمى ڕابردووى کەسێکى چەکدارە.


کاروان وەک گۆرانى بێژ دەنگێکە گوزارشت لەنەوەیەکى خەونبین دەکات دەنگێک هەمیشە لەگەڵماندایە، ئەو لەماوەى تەمەنى هونەرى خۆیدا توانیوویەتى لەڕێگەى 30 گۆرانیەوە گوزارشت لە بوونى ئێمە بکات، ئەو عاشقێک بوو بە ژیان لەشوێنى ئێمە قسەى دەکرد، بۆ کاروان گۆرانى خەمى هاوبەشى هەموومان بوو، بەڵام ئەو خەمەکانى ئێمەى کرد بە ئاوازى گیتارێکەوە تاوەکو قسە لە لابردنى ئەو تەمە بکات کە هەڕەشە لەخەون دەکات، بۆیە کاروان لەژیاندا دوو قۆناغى زۆر سەیر لە گۆرانیەکانیدا دەردەکەوێت ئەو دەمەى ئەو عاشقێکى سەر شەقامەکانە گۆرانیەکانى باس لە مەرگ دەکەن ئەوە ڕەشبینى نیە بۆ مردن، بەڵکو هەستکردنە بە پانتایى عەقڵیەتى فاشیزم کە چۆن دەیەوێ ئارەزووەکانى ژیاندۆستى بشێوێنێت.


ئەوەش واى دەکرد کە هەست بەوە بکات کە شادى بوونى نیە جەژن بە ژەهر ببینێت، کاروان ویستوویەتى نەورۆز دەلاقەیەکى تر بێت بۆ جوانى.. ئەوە پیرۆزکردنى ڕابردوو نەبووە، بەڵکو دەروازەى چوونە ناو جوانى بوو، کاروان کە کوردستان بکات بە گۆرانى و بە ماڵ ودنیا ناوى بەرێت لە قۆناغێکدا کە بەعس خەریکى ئەنفال کردنى کوردە، لە سەردەمێکدا کە بەعس ئەیەوێت توێژو چینەکان لەکۆمەڵگاى کوردى دەستکارى بکات ئەو باس لە جادە چۆلەکانى کەرکوک دەکات کە ئاماژەى ڕاستەوخۆیە بۆ ئەو ستەمەى فاشیزمى بەعسى لە دنیاى ئێمە خوڵقاندوویەتى.. لەگەڵ کیمیا باران کردنى هەڵەبجە و ئەو دەمەى گۆرانى بێژەکان هەندێکیان بەعس دەرگاى تۆمارکردن و تەلەفزیۆنەکانى بۆ دەکاتەوە کەچى کاروان ئەو دەمە بە گیتارەکەیەوە باس لە ماریش گۆپکەى لەسەر بەرد بوو بۆ نەتان دیتمان پێ بڵێت.. ئەو دەمە هەڵەبجە بە شەوى ڕەشى هەڵەبجە ناو بەرێت.. ئیدى کاروان بەر لەهەموو کەسێک لەوە تێدەگات کە ئەو دەمرێت، بەڵام دەیویست ژیان بکاتە پانتاییەک کە ئەمرۆ ئێمە لەڕێگەى گۆرانیەکانیەوە ئینتیما بۆ جوانى بکەین، هەر ئەوەش بوو واى لە کاروان کرد هەر زوو بڵێت "بابە ئەرۆم بەجێت دێلم" پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کاروان عوسمان ئاوا سەیرى ژیانى کردبێت دڵنیابووە لە قەدەرى مردنى خۆى، ئاخۆ ئەو ئەتوانێ پیاو کوژ بێت؟ یا پیاو کوژى بیانوویەکە بۆ کوشتنى ئەو دەنگە عاشق بە ژیانەى ئێمە؟ ئەگەر کەسێک پیاو کوژ بێت ئاخۆ بە گیتارێک و ئاوازى گۆرانیەک ئەڵێت دامگرن ئێمە کوشتمان ئەو دەستەى بەر ژێى گیتار بکەوێت و بکەوێتە ناو قژى ژن و لەتووڕەبوونەکانى یار بڵێت "کچێ بۆچى لێم تۆراویى ئاسکى گەردن خوێناوى" ئەو چۆن ئەتوانێت پیاو کوژ بێت، پیاو کوژى لەڕاستیدا بیانوویەکە بۆ کوشتنى هونەر و ئارەزووى ژیانى ئەو عاشقە.


قۆناغى دووەمى گۆرانیەکانى کاروان لە زیندان دەست پێ دەکات، ئەگەر لە گۆرانیەکانى قۆناغى یەکەمیدا ئەو دەمەى ئەو لە شەقامدا و لەناو سرووشت دایە باس لە مەرگ دەکات، کەچى لە قۆناغى دووەم ئەو دەمەى لە ژوورى زیندانە و ئەزانێت کە لە سێدارە دەدرێت کەچى کاروان ئەمجارە باس لە ژیان دەکات ئەوە قسە کردنە لە جوانى ژیان ئەو هەمیشە خەونى بۆ ژیان لە ترسى بۆ مەرگ گەورەتر بوو بۆیە لەو ساتانەدا پێمان دەڵێت "ئەو دەرگایەم لێ بکەنەوە چاوم سەوزایى خۆش ئەوێت"..... "بیرکەرەوە ئاین نەبێت بەهەشت نەبێت دۆزەخ نەبێت غەیرى ئاسمان چیتر نەبێت" .


ئەوە بانگەوازێکە بۆ ئازادى.. ئازادى بۆ کاروان ئازادیەکى فەردانى ڕووت نیە، بەڵکو ئازادى خەونى فەردە "بەهیوام تۆش رۆژانێک بێیت" کاروان مرۆڤێک بوو لەپێناو یاخى بوونە فەردانیەکانى خۆى ژیا نەوەک وەک ئەمڕۆ هەندێک دەنگى ئایدیۆلۆژى ئەیانەوێ بەهۆى گۆرانى "ئەو دەرگایەم لێ بکەنەوە" کاروان لە ئێمە بکەن بە کۆمۆنیست.. چونکە گەڕانەوە بۆ تێکستى ئەو گۆرانیە بەتەنیا بەس نیە بەتایبەت کە ئەو بەشێکى زۆرى لە تێکستەکە لابردووە تەنیا رەهەندە ئازادیخوازانەکەى بۆ ژیان وەرگرتووە، خۆ ئەگەر بیانووەکەش شیعرەکە بێت ئەو پێشتر شیعرى (سەربازى وون) ى کردووە بە گۆرانى ئەوەش هەموو ئەو بیانووە ئایدیۆلۆژیانە دەرووخێنێت، چونکە لە ڕاستیدا کاروان عوسمان داریوشى ئێمە بوو نەک کۆمۆنیست و ناسیۆنالیست.. کاروان ئەو دەنگە جوانەى ناو ژیانمانە نایەڵین سیاسیەکان لێمانى ناشیرین بکەن، ئەمڕۆ حزبى کوردى کۆمەڵێک موهەریجى بۆ هەڵبژاردنەکانى داناوەو ئەشیەوێ بیانووى بەعسمان بۆ بکەن بە حەقیقەت بەوەى کاروان پیاو کوژ بووە نابێت گوێ لە گۆرانیەکانى بگیرێت، حزب لە دنیاى ئێمەدا کە دەستەکانى پڕن لە خوێن کەچى عاشقێک کە خەونى فەردگەرایى لەڕێگەى گۆرانى بۆ ئێمە هێنایە بوون ئەوە بنیاتنانى جوانى بوو ئەو بۆ ئێمە داریوش بوو هەمیشە بە داریوشى ئێمەش ئەمێنێتەوە، چونکە خەون بۆ ژیان و خەون بۆ داهاتوو بۆ ساتەکانى بوون لەناو گۆرانیەکانى ئەودا دەبینین ئێمە هەمیشە لەناو گۆرانیەکانى کاروانداین ژیانمان هەمیشە لەوێوە دەست پێدەکات، کاروان لەدوا وەسیەتى بەچەند سەعاتێک بەر لەسێدارە دانى بە کامەرانى براى دەڵێت "ئیتر من دەمرم، کاروان من پیاوکوژ نەبووم وپیاوکوژ نیم، بەوانە بڵێ کە گوێ لە کاروان عوسمان دەگرن، بۆیان ڕوون بکەرەوە کە کاروان پیاو کوژ نیە".


ئیدى حەقیقەتى مەرگى کاروان لەسێدارەدانى دەنگێکە بۆ ئەوەى دەنگى کپ بکەن ئەگەر بەعس نەیتوانى کاروان لەلاى ئێمە ناشیرین بکات ئەوە موهەریجەکانى دنیاى کوردى و هێزە ئایدیۆلۆژیەکانیش ناتوانن کاروان لە ئێمە زەوت بکەن، بەدڵنیاییەوە کاروان بەهەموو ناسکیەوە لەناو گۆڕیشدا بەو قسانە دەرەنجێت، بۆیە لەسەر هەموومانە کە بێدەنگ ئەبین ببین بە زمانى ئەو، ئەو دەمەى گۆرانیمان بۆ دەڵێت ئەبین بە کۆڕالى دەنگى و پێى ئەڵێن "وەرە ئازیز مەرەنجێ"
 

ماڵپه‌ڕی نیهاد جامی