٩\٦\٢٠١٣
کاشێر.

سەباح تاهیر
بە ریز خەڵکی وەستابوون بۆ ئەوەی پارەی
کارەبا بدەن، هەمووی پرتەوبۆڵەی بوو، ئەگەر وابڕوا دەبێت نەوێرین
گڵۆپێک هەڵگیرسێنین، ئینجا بۆ ناڵێن لە ماڵی خۆشتان کرێچین، بەخوا نە
سپلیتمان هەیە و نە هیچ، یەکێکیتر وا
بڕوا دەبێت چرا و فانۆس
دابگیرسێنین، بە خوا بابە خۆشی ها نەوت کوا
چرا و فانۆسی پێ
داگیرسێنیت، ئەزانی ئەمڕۆ پرسیارم کرد نەوت بەرمیلی بە
سەد و هەشتا هەزار بوو؟ .....
ئیتر. لەپڕ هەمووی بێدەنگی لێکرد کاتێک فەرمانبەرە کچەکە بە
کابرای بەردەمی پەنجەرەکەی گوت، مامە گیان
پارەکەت بیست هەزاری کەمە. کابرا واقی وڕما چۆن وایە کچی خۆم ئێ خۆ
ئەوە هەموو مووچەکەمە تەنها دوو کیلۆ
پەتاتەم پێکڕیوە لەگەڵ پارەی پاسم لێداوە. کاشێر،
مامە گیان چیبکەم ئەوەندەت بۆ هاتۆتەوە خەتای منی تێدایە. دیسان
بۆڵەبۆڵ دەستیپێکردەوە بە خوا وا
بڕوات دەبێت شارەکە جێبێلین بە ئەنقەست وا
دەکەن، پیرەژنێک لەولاوە، چ خێرەکی خوایە بە
خوای ئەتازە حەفتا هەزاری ئاوم داوە،
کاکە ئەحمەدی شێخ هەڵینەگری، ئاخر بووە
حەفتا هەزاری ئاو، چی بووە
باغی .......م هەیە.
کابرای داماو لەبەردەمی کاشێر وشک ببوو لە خەمی ئەوەی چی
بکا، بە دەنگێکی کز کچەکەم هیچ نەبێت
بۆم بکە بە قیست ئەویتر مەعاشی داهاتوو
ئەیدەم، مامە گیان دەبێت بچی بۆ بەڕێوبەرایەتی بۆت بکەن بە
قیست من ناتوانم ، ناشزانم ئەوەی تۆ دەبێت بە
قیست یاخود نا. کابرا ڕەش هەڵگەڕاو و سەروڕیش ماشوبرنج لەبەر
تەمەن، تەنگەنەفەس لەبەر گوشاری خوێن و
شەکرە، دەستی بەرزدەکردە بۆ ئاسمان ئەی خودایە من ئێستا چی
بکەم، چارەیەک خودایە. خاوەنی کولانکەکە، هەر ئەم مانگە لەسەرم
دەوەستێت، دیار بوو مەبەستی لە کولانکەکە خانوو
بوو، دەرکەوت کە
کرێچیش بوو بە قسەکانیەوە. رووی لە خەڵکەکە کرد چی
بکەم ئێوە پێم بڵێن چیبکەم من نازانم چی
بکەم، سەرم لێشێواوە، ئاخ کارەباکەشم لەسەر ببڕن. ئازە دەرناچێت
ئەمساڵ، لە تاریکی چۆن خوێندن دەکرێت ئاخر
هەموو ئاواتم ئەوەیە ئازە، وەکو منی بەسەر نەیەت ببێتە خاوەن بڕوانامە
و دابمەزرێت. خەڵکەکەش هەمووی داخ لە
دڵ هەریەکەو بێ ئەوەی کەس مۆڵەتی ئەویتر
بدات، ئای دامەزراندن کچەکەم چوار ساڵە لە
کۆلیژ دەرچووە، هەر لە
ماڵە، کوڕەکەم دەرچووی کۆلیژە لە
کارگەی پەشمەک کرێکارە، هەمووی بەیەکەوە بە
بۆڵەبۆڵ بە خوا ئەوانەش وەک سەدامیان
بەسەر دێت، یەکێکیتر قەزافیتان دی چی بەسەر
هات، رەبی خراتریان بەسەر بێت؟... هتد.
لەبەر خۆمەوە دەمگوت تۆ بڵێی حکومەت و
بەرپرسان ئاگایان لە ئازار
و مەینەتی ئەم خەڵکە بێت، تۆ بڵێی
بزانن باری هەژار و کەمدەرامەت بە
جۆرێک قوڕس بووە، بەرگەکردنی زۆر
زەحمەتە. هەر لەبەرخۆمەوە دەمگوت ئاخر تۆ بڵێی دۆخی وڵاتانی تونس و
میسر و.....هتد دەیان شتی لەمجۆرە نەبووبێت
بۆیە بە مەرگی عەرەبانچیەک دونیا بهەژێت و
ژێروژوور بێت، بۆ نا ئاخر ئەم هەموو رقوکینە
کۆببێتەوە رۆژێک هەر دێت بتەقێتەوە. بە پەلە
بووم بگەڕێمەوە بۆ ماڵ شتێک بنووسم بۆ ئەوەی
هیچ نەبێت وەک ئەرکی سەرشانم ئازاری خەڵکەکەم بە
گوێی بەرپرسان بگەیەنم ، نەوەک بێخەبەر بن لەم پرسە. بەڵام
کاتێک سویچی ئۆتۆمبیلەکەم کردەوە، رادیۆکەش لەسەر هەواڵەکان بوو،
کورتەی هەواڵەکان گوتی حکومەت زیاتر لە
هەشتا و پێنج ملیار دیناری کارەبا قەرەزدارە،
ئێ باشە خودایە ئەگەر حکومەت پارەی کارەبا نەدات و بۆی نەدرێت بەم
هەموو بودجەیە، دەبێت خەڵکی رەشوڕووت بە مووچەی
خانەنشینی و فەقیرانە، کەمئەندامی... هتد
چۆن بۆی بدرێت. ئاخر حکومەت بۆ پارەی گەشت و ئیفاد
و ڕابواردنی هەبێت، بەڵام پارەی کارەبای نەبێت. بۆ هەیبێت
ناوماڵی وەزیر ڕاخات، ئۆتۆمبیلی ئاخر مۆدیل بکڕێت لە
وەزیرەوە تا بەڕیوەبەری گشتی، بەڵام نەیبێت پارەی ئاو
و کارەبا بدات.....هەموو ئەو پرسیارانە
و سەدانی تر لە مێشکمدا هاواری دەکرد،
بەڵام وەڵامەکەی لام دەست نەدەکەوت، نازانم کێ لەم وڵاتە وەڵامی ئەو
پرسیارانەی لایە؟
sabahtaher67@yahoo.com
|