په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

كاتێ كە خود بە زمانی خۆی ئەماننوسێتەوە.

                                                                                                                              زمكان عەزیز

دەق لە پشت عەقڵێكەوەیە كە پڕاو پڕی ھەستەكان وێنەكان لە چاوەوە ئەگرێ و لە گوێكانیەوە دەقاو دەق ئەیبیستێ ، خودیش بە خودێتی كردون و لە نھێنیەكانیەوە نوسیونیەتیەوە ، زۆر دەگمەنن ئەوانەی بێ بینین و بێ بیستن ئەنوسن  ئەتوانرێ بێ یەكێ لەو ئەندامانە كاری نوسین بەڕێوەچێ و ئەوەشی كە نیە خود خۆی جێیئەگرێتەوە ، نمونەشیان زۆرن بێتھۆڤێن بێ بیستن بە چاوەكانی ئەیژەنی و لە ھەستەكانیەوە ئەیژنەفت ، تەھا حسەین حافزێكی ناو حوجرەكانی میسر بوو بە گوێ و ھەستی لە ناو شەقامە مۆدێرنەكانی پاریسدا فەلسەفەكانی نوسیەوە ، فەلسەفەیەك ھەموو باگراونەكانی ناو حوجرە و مزگەوتەكانی لای تەھا حسەین سڕیەوە ، ئەبی عەلای معەری لە گوێكانیەوە وێنەی دڕندایەتی و بێشەرمی والی و سوڵتانەكانی عەرەبی ئیسلامی ئەبینی ، لە  ووشەكانیەوە بە زمانێك زمانی كەس و زمانی گشت نەبوو تەنھا زمانی شیعر بوو ( یسوسون الامور بغیرعلم ویسمنھم ساسە ... فآف منی و من زمان صارت ریاستە خساسە ) معەری ھەر خۆی گشتی ئەدوان دژ بە شمشێرەكانی سوڵتان كە مێگەلە خەڵكەكانیان ڕەوانەی دیوان ئەكرد بۆسەربڕین كەچی خەڵك لەو زمانە نەئەگەشتن چونكە زمانی ئەوان نەبوو خۆ ئەگەر یەكێك بۆیانی ڕوون كردایەتەوە  ئەیانووت ئەو كوێرە نەعلەتیە چی لە ئێمە ئەوێت ،ھافكینگ پیاوێكی ڕەقۆڵەی ووشكبوەوە دەموچاوێكی قوپاو و پیاوێكی سەقەت بێ دەست و قاچ دوو چاوی كز كز لەسەر عەرەبانەیەكی ئەلەكترۆنی دائەنیشێت بە بێ ئەوەی بتوانێ ووشەیەك لە لێوەكانیەوە بترازێنێ تەنھا بە ھەستە قوڵەكانی ناوەوەی خۆی ئەدوێنێ ، ڕووە و كۆمپیوتەرێك لە پەنجەیەكی بێھێزیەوە كە بەتەنھا ئەو پەنجەیەی ئەجوڵێ خودی ئەنوسێتەوە ، گەورەترین و نوێترین فەلسەفە و زانستی تۆمار كرد ، زانستێ بۆ توخمە سەرەكیەكانی گەردون كە چەند كاریگەریان ھەیە بۆ بەردەوامبوونی بون ، تێبینی ئەوەشی كردووە نزیكەی پەنجا ساڵی تر ئەو زانستە بەیەكجاری سەقامگیر ئەبێت و ھیچ پەیوەندیەك لە نێوان مرۆڤ و خوادا نامێنێت ، كە ھەرچی لە پێش خۆیەوە بوو نەیانتوانی ببنە ئەنتەرناتیڤی ، ھافكینگ بە زمانێك ئەینوسی زمانی فەلسەفە بوو زۆر جیاوز لە زمانی گشت و زمانی سادە ، زۆرن نمونەی ئەوانە كە زۆرینەی ئەندامەكانیان لەدەست داوە بەڵام ئەدەبێكی گەورە و زانستێكی بەشەوق و فەلسەفەیەكی قوڵیان بە بوون بەخشیوە ، جەسەد و ھەموو ئەندامەكان ھەڵسوڕێنەری ئەو وێنانەن كە لە قوڵایی ناخی تاكەوە ئەگۆڕدرێن ، لە وێنە سادەكانەوە وێنەی ئەو ڕوداوانەی لەدەرەوە لە لایەن خودەوە وێنە ئەگیرێن و لە نھێنیەكانی ناو خودەوە وێنەكان دەقاوی ئەكرێن و لە كۆڵانەكانی ژیرێتی نوسەرەوە تێئەپەرن بۆ دەرەوە و لە دوای ئەم پێدانەوە ئیتر نوسەر خۆی ئەسڕێتەوە و خۆی ئامادە ئەكاتەوە بۆ وەرگرتنی وێنەی ڕوداوەكانی تر ،

ھەر كلتورە و بە زمانێك ئەدوێ و ھەرزمانێكیش ھەڵگری سیماتی كلتوركەیەتی ، نوسەرێ ئەتوانێت بە زمانەكەی خۆی لە ناوەوەی خۆی بڕوانێت و لە نھێنیەكانیەوە بدوێت بە دوانێك كە ھەڵگری ڕەچەكەڵایەتی باو كلتورەكەیەتی ، ئەو ھێمایانەی كە لەزمانی كوردیدا ھەن بۆ ڕۆچوونە ناوەوەی پڕاو پڕی وێنەگرتنی ڕوداوێك و بە دەقكردنیەتی ، تەنھا نوسەرانی تێر بیر و ڕۆشن بین و خۆ بیست ئەتوانن یاری بە ووشەكان بكەن ، لەو ھێمایانەوە بە زمانێك دەقەكە ئەخەنەوە زۆر جیاوازە لە زمانی گشت و زمانی مامەڵەو قسەی سەر شەقامەكان ، لەوەتەی ئەدەب و فەلسەفە ھەیە لە ناو ھەر كلتور و كۆمەڵگایەكدا زمانی خۆی جیا كردۆتەوە و تەنانەت ھەوڵی داوە زمانە سادەكەی كۆمەڵیش لە خەوشی ھەندێ ووشەی سەقەت و بێ وێنە پاك كاتەوە ، ئەو ووشە بزێوانەی تێھەڵقورتاون لە كاتێكدا بە ھۆی كارە ئابوری و ڕامیاریەكانەوە تێھەڵكێش بوون یەك یەك زمانی ئەدەب ھەڵیان ئەبژێرێت و ڕاستیان ئەكاتەوە بۆ كۆمەڵگە ، ھەمیشە ڕێپیشاندەرێك بۆ ڕەسەنایەتی زمانەكان و نوسینەوەی قۆناغە یەك لە دوای یەكەكانی مێژووی نەتەوەیەك لە ڕێی ئەدەب و ھونەرەكەیەوە بووە ، ھەر كۆمەڵگایەكیش ئەگەر بێبەش بووبن لە زمانی ئەدەب ئەوە بێبەش بوون لە خۆناسین بە جیھان و خۆ دۆزینەوە لە ناو مێژوی بووندا ، ئەمە كاری ئەدەبە كاری ھونەر و كاری فەلسەفەیە ، ئەوەش ناكرێ بە كۆمەڵگەیەك بووترێ كۆمەڵگەی ھەرە پێشكەوتوی دنیا ئەگەر زمانی سادەی گشت ببێتە زمانی ئەدەبەكەی ، ھەروەك چۆن ناكرێ كۆمەڵگەیەكیش بەبێ ئەدەبەكەی پێناسە بكرێت و بناسرێت ، خۆ ئەگەر نەتەوەیەك یا كۆمەڵگەیەك زمانەكەی ببێتە یەك زمان و تەنھا زمانی ئەدەب بێت ئەوە ئەو خەڵكە ئەبێت بۆ زمانێكی تری لە سەرو ئەو ئەدەبەوە بگەڕێن تا زمانی یەكەمی ئەدەبیان ببێتە زمانە گشتیەكە و زمانی دووەم دەست بەكاربێت بۆ پێناسین و خۆ نوسینەوە ، لە ناو گەلانی دنیادا ھەمیشە دوو زمان لە شەڕی بەرەكانی خەڵكدا بوون و زمانی بەرەی ئەدەب كاری نوسینەوەی بەرەكانی تر بووە و وێنەكانی بەدەق كردووە زۆرینەی ئەو بەرانەش بە ئەستەم لەو زمانە گەشتوون و خۆیان بە دوورخستووە و ڕێیان بە خۆیان نەداوە تێبكەون و تێیبگەن ، با لەوە گەڕێین ئەگەر لە ھێماكان و سمبولەكانی زمان بكۆڵینەوە كارێكی سەختەو زۆری ئەوێت . من ئەمەوێت لەو كەسانە بدوێم وەك بنوسێك بنوسی ئەرزە و حاڵ نوسین تەنھا گلەیی و گازندەی خەڵك وەك خۆی ئەنوسنەوە و وێنەی وێنەیەكی گیراو ئەگرن و ڕوداو چۆنە ئاوا بەبێ دەقكردنی ئەینوسنەوە و زمانی گشت ئەڵێنەوە ھەروەك لە بیرۆیەك دانیشتوون و كاریان نوسینەوەی فەرمایشتی یاسای بیرۆكەیانە ،

ئەو بنوسانە نوسەرێ نین بتوانن پەی بە نھێنیەكانی ناوەوەی خۆیان بەرن و وێنەیەكی دیكەی دەرەوەی خۆیانی پێبگرنەوە ، ئەوانە بە بێ تێڕوانین بیر ئەكەنەوە بیركردنەوەیەك بۆ بەكارخستنی تیتلەكەیان كە بە تەنھا ھەر خۆیان بە خۆیان بەخشیوە و دەنگی بانگەوازەكەیان لە خۆیاندا ژەنگی تەمەن گرتویەتی و ئیتر وەك كەسێكی سادەی ناو كۆمەڵ داوا ئەكەن كە زمانی ئەدەب ئەبێ ئەو زمانە بێت ھەموو قسەی پێئەكەین یان فەلسەفە چیە بۆ ڕاستەوخۆ بە زمانی گشت نادوێ و بێ ئەوەی كاری تێڕامان و خۆدوانمان ھەبێت لە ناو خۆشمانەوە ھیچ پێدانێكمان نەبێت بۆ دەرەوە تا بزانین بۆچی ھەین و چیمان ئەوێت ، ئەگەر تۆ لەكوتاڵ فرۆشێك بپرسیت خەڵە گیان ( ئێمە بۆچی ھەین ) مافی خۆیەتی پێت ئەڵێ ( گیانی خاڵە خوا دەست بەباڵتەوە بگرێ بڕۆ و بەرۆكم بەردە ) لەبەر ئەوە ئەو زمانە زمانی سەر شەقامەكەی ئەو نیە و ھیچ پەیوەندیەكی بە ماناكانی ئەویشەوە نیە ، بەیانی بڕۆرەوە لای و پێی بڵێ ( من ئەمەوێت ئەم دوكانەت لێبكڕم ) پێت ئەڵێ ( جا تۆ پارەی ئەم دوكانەت ھەیە ) ئەم ووتەیان زمانی مامەڵە و ناوەوەی خودی كوتاڵفرۆشەكە و زمانی ھەموو گشتە ، تۆش ئەڵێی ( لە خوا بەزیاد بێت      كارئەكەم و پارەشم ھەیە ) ئەویش ئەڵێت ( ڕۆڵە لەش ساغ بیت و خوا لە دایك و باوكت نەسەنێت ) ، با ئێمە لە خۆمان  و كوتاڵ فرۆشەكە بپرسین لەشساغی تۆ بۆ پەیوەندی بەزیادبوونی خوداوە ھەیە ، تۆ كارت كردووە ئیتر بۆ خودا ئەو پارەیەی بە تۆ بەخشیوە ئەگەر بپرسین ( ئێمە بۆ ھەین ) ئایا ئەتوانین بەو گوێھەڵخستنە ساكارەی كوتاڵفرۆشەكە و زمانە سادەكەی تۆ بۆ كڕینی دوكانەكە بنوسین و بیركەینەوە ئەگەر وایە كەواتە بۆ ھاملێت گیرۆدەی ناو خودی خۆی بوو ئەو نەبوو لە نھێنیەكانی ناو خۆیەوە ئەدوا و كەسیش لێینەئەگەشت و بەگومانەوە لە تێڕوانینەكانیەوە كەسەكانی ئەخوێندەوە ئایا ئەمە خودی ھاملێت بوو یان خودە چڕو پڕەكەی شەكسپیر بوو كە ھاملێتی ناو نھێنیەكانی ھاندا و بە زمانە زیندووەكەی خودی شەكسپیر بۆ گرفتاریەكانی مێژوو بدوێ ، كاتێ ھاملێت لە پەنگاوی دەرونیەوە ئەڵێ ( من ھەم یا نیم ئەمە ئەو پرسیارەیە كە شێواندوومی ) نازانم شەكسپیر بۆ ھاملێتی توشی ئەو گێرمەو كێشە كرد و بۆ ڕاینەسپارد لە تاوانەكانی دایكیەوە ڕاستەو خۆ بە زمانی خەڵك بدوێ ، چیدابوو لە بە خۆبوونی خۆی و لە بونی خۆیەوە دەست پێبكات بۆ تاوانەكان و كردنەوەی گرێكان ، ئەگەر لە زمانی ئەدەبەوە بنوسین شەكسپیر و ئێمەو ھاملێت و ئەو كوتاڵ فرۆشەش بەرپرسین لە پرسیاری ( ئێمە بۆ ھەین ) ئیتر چۆن ئەتوانین بە ھەمان وەڵام و زمانی تێگەشتنی كوتاڵ فرۆشەكە بنوسین ، لە سەرەتای مێژووشەوە تا ئێستا ھەر ڕووداوێك بووبێتە ھۆی مرۆڤ كوشتن و ناشیرین كردنی سروشت ئەوە تاوانە لە ئەستۆی ئەوانەی بەر لە ئێستا ژیاون و ئەوانەشی ئێستا ئەژین ، تاوانێكی مێژووی زۆرینەی خودە ئارام ئامێزەكانە . نالی ئەڵێ ( لە شەرحی ھەیئەتی مەتنی بەدەن ... كە ھەر جوزئی لا سەقیقە عاجزە ... تەسحیح و ڕابیتی تەدبیر ) نالی بەر لە نوسین شەرحەكەی ھەیئەتی نھێنیەكانی ناوەوەی شێواندبوو مەتنی بەدەنی بۆ ڕاخست و خودی دوان تا نوسیەوە ، نالی بەر لە ووتن و نوسینی شیعرەكە كەسی نەدوانبوو تا داوای لێبكەن كە دەبێ بەو شێوە بنوسێ ئەوان تێیبگەن و بیخوێننەوە ، نالی تەنانەت خۆشی بۆ ئەو زمانە ئامادە نەكرد كە بە زمانەكەی خۆی و فەقێكان و خەڵكی ئەو سەردەمە بنوسێت ، نالی لە و ساڵانەدا لە ناو خاك و خۆڵی ووشك و سوتاودا ئەم شیعرەی نوسیوە ، بنوسی ئەم سەردەمەش ھەن لەو پەڕی مۆدێرنێتی زمانەوە داوا ئەكەن ئەدەب و فەلسەفە ئەبێ زمانی ئەرزە و حاڵ نوسین بێت ئەو زمانە بێت خەڵكان چۆن ئەڵێن ئێمەش ئەبێت وا بنوسین نازانم خەڵك چۆن ئەوە ئەخوێنێتەوە كە لە ھەرساتێكدا خۆی دەیان جار بە سادەیی ئەیڵێتەوە ، نالی لەو سەردەمەدا زمانی ئەدەبەكەی خۆشی تێپەڕاند و بە زمانەكانی ئەدەبی دراوسێشی ئەنوسی نەك بەزمانی گشت ، كە لەو سەردەمانەدا نوسەرانی ئەو میللەتانە سەریان لەو ئەدەبەی نالی سوڕما بوو ئەوەتا نالی خاك و خۆڵ ئەڵێت ( درونی لدار الشارزوری و بردە .. كفرمیسك گرم الی آو سردە ) نالی لەدوای نوسینی ھەر شیعرێك خۆی ئەسڕیەوە وەك ھەر نوسەرێك بارێكی قورس و گران لە دوای نوسینی بەرھەمەكەی لە خۆیدا دائەگرێ و خۆی سوك ئەكات نالیش ئاوا خۆسڕینەوەی ئامادە ئەكرد بۆ خۆ نوسینەوە ، ئەوە كاری ئەو نەبوو شەڕی خودی ئەو بوو شەڕێ لە ناو ئەودا ئەم سنبولەی ھەڵگرتبوو دەبوو بنوسرێ و بووترێ نالی ئەوەی ووت كەكەس نەیووت ئەوەی نوسی كە گشت لێینەگەشت تەنانەت گشتی ئێستاش لەو شیعرە ناگەن ئیتر خود لە نالیدا ئەم كارەی كرد و نالی دووان بۆ نوسینەوەیەكی تر ،

ئەگەر دوو شاعیری كورد و عەرەب ئەم شیعرە بخوێننەوە ھەریەكە خۆیان بە خاوەنی زمانی ئەم شیعرە ئەزانن ، من ڕوو ئەكەمە ئەو بنوسانەی كە زمانی ئەدەب بازاڕی ئەكەن ، چی بە خەڵكی ئەو سەردەمەی عەرەب و كورد ئەڵێن بۆ تێنەگەشتن بۆ نەیانزانی ئەو شیعرە بە ھەردوو زمانەكە ئەخوێنرێتەوە و بۆ ھەریەكێ لەو زمانانە مانای خۆی ھەیە ، یان نوسەران و شاعیرانی ئەو سەردەمە چۆن لەوە دوابن و چۆن ھەڵیان سەنگاندبێت نالی بە دوو زمان بە دوو دەستەواژە ووتی و نوسی ، نوسینێ بە ووشە شوشەییەكانی شیعر ئایا لە نالیدا پەیپێبردن و دۆزینەوەی ماناكان نەبوو بۆ بەھێماكردنی ووشە ئایا ھێنانە ناوەوەی زمانی سادە بۆ ناو شەڕی زمانی ئەدەب كێشمانكێشی خودی نالی نەبوو لەگەڵ دەرەوەی نالی ، بەڵكو نالی ویستبێتی لە زمانی ئەدەبەوە ھەموو جیھان ئینتێرناسیونال بكات و زمانی شیعر بكاتە زمانی ئەدەبی دنیا ،  لەو شیعرەدا نالی لە فیگۆرێكدا دوو ڕۆحی ھەژاندووە و لەرۆحێكدا دوو نەتەوەی دوواندووە ، دوو ھێمای جیاواز دوو سنبولی لەیەك نەچوو ئایا ئەمە زمانی شیعری نالی بوو یا زمانی ناو خاك و خۆڵ و خەڵكەكەی بوو ، ئەمەیە كاری نوسەر بۆ نوسین ئەمەش ئەو نھێنیە بزێوەی ناو خودی شاعیرە ، نالی نە بۆ فەقێكانی نوسیوە و نە بە زمانی خەڵكی ئەو سەردەمەش ووتویەتی ، شاعیر زمانەكەی لە دەرەوە ھێناوەو لە ناو خودی خۆی ھەڵیژەنیوە و ووشە سادەكان گۆڕاون بۆ كۆمەڵێ سمبول و ھێمای زمانی شیعری كە ئاستەمە لەم سەردەمەشدا توشی تێڕوانینمان نەكات . نالی لەو كاتەدا بەو ئەدەبەوە ئەنوسێ و لەم سەردەمەشدا بنوسێ زمانی ئەدەب سەقەت ئەكات و وەك كاری ئەرزە و حاڵنوسیەكەی لەوەتی ئەو ھەیە ھەر وەك دوێنێیە و نابێت بە سبەی ، بەردەوام پەڕە سپیە جوانەكان بە بزڕكاوی ڕەشئەكاتەوە . عەنتەرەی كوڕی شەداد نزیكەی ھەزار و شەسەد ساڵێ بەر لە ئێستا نوسیویەتی ( ھل غادر الشعرائ من متردم ... ام ھل عرفت الدار بعد توھم ) عەنتەرە و ھاوڕێكانی لە بەرزایی و لەسەر تەپۆڵكەكان بۆ خەڵكی ئەو سەردەمە ئەیان ووتەوە شیعرەكانیان لە ئاخافتنی خەڵك ئەوەندە جیاواز بوو وەك ئایەتێك یان ووتەیەكی خودایی شیعرەكانیان لێوەرئەگیرا ، ئومرولقەیس ئەڵێ ( قفا نبك من ذكری حبیب و منزل .. بسقظ اللوای بین الدخول  وحومل ) ئەمە وێنەیەكی جوڵاوە و پڕ لە وەسفەكانی جوانیە و سبمولی ڕاستگۆییە لەگەڵ ھەست ، قوڵترین ھەستی خود خودی شاعیرەكانی ئەو سەردەمە كە ووشەكانیان لای خەڵك ئەوەندە پیرۆز و ئەوەندە لە دەرەوەی ئەوان بوو بە لایانەوە پێویست بوو گوێی بۆ بگرن ئەوەندە لێیتێنەئەگەشتن تەنانەت ڕەخنەگرانیش دان بەوەدا ئەنێن شاعیرانی سەردەمی جاھیلی چڕترین زمان و باشترین ھێمای ووشەیان بۆ دەربڕین ھەبووە ، لەبەر ئەوەش بوونەتە جێی ترس و گومان لای خەڵك ، دوای ئەوان و لە سەردەمی ئیسلامیشدا شاعیران لەسەر ڕێوشوێنی ئەوان چوونەتە ناو دیوانی شیعرەوە ، لە سورەتێكی قورئاندا موحەمەد ئەڵێ ( ِِاقتربت الساعە وانشق القمر) ئەم كورتە دێڕە دەقا ودەق لە شیعرەكانی ئومروالقەیس ھەیە و لەسەردەمی ئیسلامیشدا كچەزازایەكی ئومروالقەیس ئەم كۆپی كردنەی موحەمەدی دركاندووە و بە خەڵكیشی ڕاگەیاندووە كە ئەوە دێڕێكە لە شیعرەكانی باپیری وموڵكی ئەوە واتە ئومروالقەیس . موتەنەبی و جاحز لەسەردەمی عەباسیەكاندا بەناو بانگترینیان بوون بۆ بە ھونەركردنی ماناكان لە شیعردا لە ڕووی بەكارھێنانی نواندنی ووشەكان بۆ وەرگرتن و لەیەكچونیان ، زیرەكانە لە قوڵایی مانای ناوەوەیان دوواون و ئامادەش نەبوون ساتێ بیر لەوە بكەنەوە بە پێی تێگەشتنی خەڵك و بۆچونی ئەوان بنوسن ، نامەوێت بكەومە ناو قوڵایی حەلاجەوە كە بە ( انا الحق ) خوایەتی لە ناو خودی خۆیدا ئەبینیەوە و والی و دنیای ئەو سەردەمەی بە خۆیەوە سەغڵەت كردبوو پێیان ئەووت پیاوە شێتەكە لەبەر ئەوەی ھەمیشە لە نھێنیەكانی ناو خودیەوە ئەدوا بە زمانێكی زۆر جیاواز ، زمانێ جەستەی گۆڕی بوو و زەمەنی لا كردبووە ھیچ ، خودی خۆی نەبێ ئەو ئەوی نەئەبینی تا لەسەرەمەرگیشدا دوای دەست و قاچ بڕینی بە ئەمری ئەمیرولمومینین حەلاج ( انا الحق )ی ئەوتەوە تا مرد ، ڕەخنەگران نوسیویانە زمانی شیعری سەیاب زمانێكی ئەوەندە پاك و پاراو بووە ھەرلە زمانە سادەكەی خەڵكەوە دەلالەتێكی وای بەخشیوە بە ووشەكان پڕی كردون لە دەنگ و ڕەنگ ، زمانی سەیاب زمانێكی ھەمیشە نەمر بووە و لە ناو خودی سەیاب خۆیەوە پەخشبونەتەوە ئیتر خەڵك كەی پێویستیان بە سەیاب ھەیە ئەگەر سەیاب ھەروەك زمانە سادەكەی ئەوان بینوسیایە ، كەی شیعر خۆی لە فەلسەفە كردووە و فەلسەفەش زمانی دەلالەت و ھێمای شیعر نەبێت ،

ئەڵبەت من مەبەستم شیعرە شیعرێ زمان جەستەی بێت نەك ئەو بنوسانەی دەیان ساڵە لە دەرگای شیعر ئەدەن و خۆشیان لەگەڵ دەرگاكەدا ھەڵقەڕێز كردووە و تروسكاییەك لەدرزی دەرگاكەشەوە نابینن ، كە تۆ ئەو دەرگایەت بۆ ناكرێتەوە ئیتر چۆن لە زمانی فەلسەفە ئەگەیت . ڕۆلان بارت ئەڵێ دەق نوسینە بەر لەوەی خوێندنەوە بێت واتە نوسەر ئەتوانێ بابەتێ بكاتە دەق و دەقیش جیھاناوی بكات لە ڕووی زمانەوە ، مەبەستێتی دەق لە سیستەم خاڵیكاتەوە و دوور لە خۆئامادەكردنی گشت بۆ دەق ، لەبەر ئەوە دەق ھێمایەكە دەلالەتەكانی ڕاستەوخۆ لە ناو نھێنیەكانی خودی نوسەردایە ، بارت یەكێكە لەوانەی بەگرنگیەوە لە ڕوی زمانەوە ئەدوێ لای بارت ئەگەرچی زمان دەقی لێوە ئەنوسینەوە و ئەیخوێنینەوە بەڵام لە ڕووی تێگەشتنەوە پەیوەندیەكی ڕاستەوخۆی بە ناوەوەی خودەوە ھەیە واتە لە ناوەوە نھێنیەكان ھێمایەكی تریان ھەیە بۆ زمان و لێمان ئەدوێن و ئەمانوسنەوە ، ئەو زمانەش تاك ئەبوێرێ و خود تێئەپەرێنێت ، ئەوەی كە ئەیڵێین زمانی خوێندنەوەی گشت نیە و ئەو نامەیە نیە كە لە ھەر لایەنێكەوە پێت بگات تۆ ئەتوانیت بیخوێنیتەوە . ژان ژاك ڕۆسۆ ئەڵێ ( من دژی كۆمەڵگام من ئەركی فڕێدانی كۆمەڵگایەك وەرئەگرم كە ھیچاندنی سروشتە ، بەم شێوەیە ھیچاندن ئەبێت بە شتێكی بنەمایی ئەبێ بە ھەڵوێستێكی زیندوو ژان ژاك بە تاك و تەنھا ئەبێ بە ھیچاندنی كۆمەڵگا .) ڕۆسۆ لەو دەمەوە ئەوەندە بە چڕ و پڕ و ئاڵۆزی لە نھێنیەكانی ناو خۆیەوە تێڕوانینەكانی ئەدوان بۆ نوسینەوە ئیتر دەستەی ڕۆشنبیرانیش بە ئاستەم لێیئەگەشتن ، ڕۆسۆ لە ناو شەقامەكانی فەرەنسادا لەگەڵ گشت ئەدواو ھەروەك ئەوان مامەڵەكانی بەڕێئەكرد ، بەڵام كە ئەڕژایە ناو ماڵی خودی خۆیەوە لە نھێنیەكانیەوە بە زمانێكی زۆر جیاواز خۆی ئەدوان و ڕوداوەكانی بە دەق ئەكرد ئەگەر ڕۆسۆ لە یەكێ لە شەقامەكاندا لەگەڵ خەڵك بئاخافتایە كە ئەو دژی ئەوانە ھەرچی ئەكەن وەك ئەوەیە نەیكەن ، كە ئەڵێ ئێوە كارەكانتان بۆ ئەوەیە لەو دیویەوە مردن نەبێت ھیچی دی لێوە نابینن ، یان بڵێت بێھودەیی كارو پیشەی ھەموومانە ، ئەو كاتە كەس ئامادە نەئەبوو گوێی خۆی ماندوو بكات بۆ ئەو بیستنانە و بە شێتیان پێناسە ئەكرد لەبەر ئەوەی زمانی ناو خودی ڕۆسۆ زمانێكی تربوو ئەو زمانەی خودی ڕۆسۆ خۆی تێپەڕاندبوو لە شەقامێكی پاریسەوە بۆ ھەموو دنیا ، ئەو بنوسانەی كە چیتر بیركردنەوەیان بە قەد میزی منداڵیان درێژ نەبووەتەوە چی بە ڕۆسۆ و ھاوڕێكانی ئەڵێن كە بەزمانی گشت نەیاننوسی یان ئەبوو ڕاو پرسیان بە خەڵك بكردایە چۆنیان بویستایە ئاوا بیاننوسیایە ، لە باسە فەلسەفیەكانی كانت و فیورباخ و ھیگڵ و ئەوانی تردا بە تایبەتی لەو تێڕوانینانەوە بۆ قوڵایی بیری بوون چۆن ئەتوانین لەو ھێما دەلالیانە تێبگەین ئەگەر بە زمانێكی سادە وەریانگرین و بیانخوێنینەوە ،

كانت ھەر لەخۆیەوە نەیووت ( شت لە خۆیدا ) لە زمانێكی سادەشەوە بە دەریا قوڵەكەی بوندا ڕۆنەچوو ، ئەڵبەت ئەم ڕۆچوونەی ناو بوون خۆی لە خۆیدا پێویست بە زمانێكی تر ئەكات ئەویش زمانی خودە و زمانی فەلسەفەیە ، تریئیگلتۆن نوسەری فەلسەفەی پۆست بونیادگەر ئەڵێ ( زمان بە ھەموو ڕازو نھێنی و شتە شاردراوەكانیەوە ھەم نمونە ھێنەرەوە و ھەم دڵەڕاوكێی ژیانی ڕوناكبیرانەی سەدەی بیستەمە ) لە بنوسی ئەرزە و حاڵچی نوسەكان ئەپرسم چی وەڵامێكیان ھەیە بۆ ئەم ووتەیەی تریئیگلتۆن ئایا ئێمە ھەر ئەبێ بۆ خاتری ئەوەی ووشەی شاعیرێتی لە دەست نەدەین ئیتر بە چەپ وڕاست پەڕەكان بزمار ڕێزی ووشە بزڕكاوەكان بكەین ، تریئیگلتۆن واتەنی ئەی بۆ دڵمان ڕانەچەنێ و خۆمان بكەینەوە لە باوی كۆنی ئەو ساڵانەی شاعیرێتیمانی بەسەر برد لە خۆمان بڕوانین بزانین چیمان تێپەڕاندووە دەنا ساڵانێكی زۆرە نەك ووشەكان خۆشتان بزڕكاندووە ، لیڤی شتراوس یەكێكە لە ھەرە نوسەرە بونیادگەرەكانی سەردەم بزانە چۆن لە باسی زماندا دەلالە و ھێما وسنبولەكانی ئەخاتە ڕوو ، ئەگەر زمان ھێمایەكی پەیوەندیدار نەبێت لە نێوان خستنەڕووی بابەت و خودی نوسەردا دەق چۆن دێتە ئاستی خوێندنەوەوە ، شتراوس مەبەستێتی شتێ كە ناوی جەوھەرە و لە ناو بوندایە ئەویش خودە ، ھێزێكی گەورەیە بۆجوڵانی بەشە گرنگەكانی جەسەد بۆ دەربڕین ، ئەو جەوھەرەش داینەمۆیەكە بۆ بەكارخستنی كەس لە وەرگرتن و پێدانیدا ، كەی زمان تۆی لە خۆت نامۆ كرد ئەوە دەنگی خودێكە بۆ تۆ ئەدوێ ، دەنگێ بە تەنھا زمانی ئازادی ناو نھێنیەكانی خودە ، دلاوەر قەرەداغی ئەڵێ ( لە دواوە بە ئەسپایی .. دەكێشم بەسەر شانی تەنیایدا ) ئەوە دلاوەر نیە ، نھێنیەكە لەناو خودی دلاوەردا بووەتە ھاوڕێی و لە گەڵ ئەودا ئەدوێ ئیتر ھیچ شتێ لە بوندا نەما گوێ بۆ دلاوەر بگرێ جگە لە خودی خۆی بۆخۆی نەبێ ، ئەوەتا بە سەر شانی خودی خۆیدا ئەكێشێ بزانێ چیە وا مەدلولی كردووە ئەمە زمانێكە سەر بە دلاوەرە و زمانی گشت نیە ، ( سۆندە دەبەستم لە سێو ) لە زمانی گشتدا ئەمە مەبەستە مەبەستی پیاوێكی شێت ، لە زمانی شیعردا ئەمە زمانی سنبولە زمانی خودە و زمانی ڕاپەڕیوترین و مەدلولترین كەسی دنیایە حەز ئەكات بە ڕۆحە سێویەكەی سێو پژانی ھەمووتان بكات بۆ ئەوەی لەو بۆنەوە دڵمان فێنك كاتەوە ، فەرید زامدار ئەڵێ ( لە ھەر شوێنێك كۆتاییم بێت .. لە شوێنێكی تردا .. سەرەتایەك دەمدۆزێتەوە ) چی وای لە فەرید كردووە ئەم قسانە بكات ئەمە قسەی دایك و باوكێتی یان قسەی پێشینانە یان مەرجی زمانی گشتە بۆ ھەڵەداوانی فەرید ، خوا ئەڵێ من تۆم دروست كردووە و من تۆ ئەمرێنم و ژیانیش بە تۆ ئەبەخشمەوە ، بەڵام فەرید وا ناڵێ بەڵكو ئەیەوێت ھەر لەو دەستپێكردنەوە لە دوای كۆتایی دەستپێبكاتەوە بە تێپەڕاندنی مردن ، لای خوا كات و شوێن ئەبنەوە بە ھیچ و ئەو خۆی ھیچ ئەكاتەوە بە فیگۆری جوڵە ، لای فەرید شوێن ئەبێتە مەدلولی كات و خود مردن بەسەر ئەبات و بێ لەوەی چركەیە لە كات بترازێ شوێن دەستت پێئەكاتەوە بۆ بون ، ئەگەر فەرید بەم زمانە لای گشت بدوێت چی پێدەڵێن ، قوبادی جەلی زادە ئەڵێ ( ھەوڵ دەدەم چڵێك ڕوناكی .. لە لقی خۆر بكەمەوە و .. بیخەمە بەر .. پەنجەرەی شەو ) كوا خۆر درەختێكە و چڵێكی لێبكرێتەوە كوا شەویش پەنجەرەی ھەیە ، قوباد لە ناو نھێنیەكانی خودیەوە ئەو سیستەمە ئەشكێنێت كە ڕۆژانە لەسەر مێز و كورسیەك داینیشاندووە و تاوان و بێتاوانی پێڕائەسپێرێت ، كەچی زمانێك لەو دیو قوبادەوە ھەیە ئەو كارەی لێئەسڕێتەوە و پێی ئەڵێ وەرە با شەویش بكەینە ڕۆژ و ئیتر نەخەوین چونكە خەو ئەبێتە پێخەفە گەرم ونۆڵەكەی مردن ، زمانێ ئەو لە مێزو كورسیەكەی دێنێتە خوارەوە و ڕۆژ و شەوی پێئەسڕێتەوە و كات و شوەێنی پێئەكوژێنێتەوە ، ئەو شێوە زمانەی قوباد ھیچ زمانێك و زمانی تێگەشتنی گشت نیە جگە لەوەی بە تەنھا زمانی ناو خودی قوبادە تا قوباد لەگەڵ خۆی نەدوێ زمانی ناو نھێنیەكانی خودی قوبادیش نایەنە گۆ ،

ئیتر ئێمە چۆن ئەتوانین بە زمانی گشت لە خۆمان بدوێین و نھێنیەكانمان بارگاوی بكەین تا بزانین چیمان ئەوێت و بۆچی ئەگەڕێین ، زۆرن ئەوانە ئەگەر نمونەیان لەسەر بێنینەوە بەتایبەتی نوسەر و شاعیرانی كورد كە زۆر كەمن و نمونەیان دەگمەنە ، ھەن زۆر دەمێكە ئەنوسن و لەوان وایە ئەدەب و فەلسەفەی كوردیان بەسەر بردووە بەڵام خۆشیان دڵنیان تا ئێستا بە قەد باڵای خۆیان بستێ لە خاكی ئەدەبیان نەبڕیوە و دوواجار بەم ووتەیەی سۆكرات كۆتایی پێدێنم ئەڵێ ( من یەك شت ئەزانم ئەویش ئەوەیە كە ھیچ نازانم ) كە تۆ ھەموو شتێك ئەزانی ئەی بۆ ھیچ نازانی كاكی ئەرزە و حاڵنوس خۆت لە باسێك مەدە سەر و بنی قڵپكەیتەوە و خەیاڵەكانت بە پڵاو نا مەشیانكە بە قوبڵی ، بە داخەوە زۆر لەو بنوسانە ھەن خۆیان لە ھەموو ئاوێك ئەدەن و كەچی تا بینەقاقایان نوقوم ئەبێ و ھەر ناخنكێن .

 

ئەڵمانیا

Simkan97@hotmail.de