٦\١٠\٢٠١٨
"کاتێک بۆ مەستی
ئەسپەکان"ی بەھمەن قوبادی فیلمێکی درەوشاوەی فێستیڤاڵی منداڵانە.
مەنسوور جیهانی
فیلمی
سینەمایی "کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان" لە دەرھێنانی "بەھمەن قوبادی"
یەکێکە لە فیلمە ھەرە درەوشاوەکانی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی
منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران و خەڵاتی پەپوولەی زێڕینی باشترین فیلمی
١٥مین خولی ئەم فێستیڤاڵەی بەدەستھێناوە.
بە پێی راپۆڕتی لێژنەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی سی و یەکەمین خولی
فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، ھەموو
ساڵێک فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران،
دەبێتە بیانوویەک بۆ باسکردنی دووپاتەی ئەم بابەتە لەبیر کراوە، بۆ
ئەوەی کە چاوەری بڕەو پەیدا کردنی سینەمای منداڵ بین. لە
پێداچوونەوەیەک بۆ ٣٠ خولی رابردووی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی
منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، دەپرژێینە سەر خولی پازدەھەمی ئەم
فێستیڤاڵە کە لە رۆژانی ٢٣ تا ٢٩ی مانگی رەزبەری ساڵی ١٣٧٩ی ھەتاوی
رێکەوتی ٢٠٠٠ی زایینی لە شاری ئیسفەھان بەڕێوەچوو.
لەم فێستیڤاڵەدا فیلمەکانی کورت، نیوە درێژ و درێژی ئێرانی لە تەنیشت
بەرھەمە وەرگیراوەکان لە بەشی نێونەتەوەییدا پێکەوە رکابەریان کرد. لە
نێو فیلمە ئێرانییەکانی ئەم خولەدا دەکرێ بە فیلمەکانی "زمانی برای
مستی اسبھا" واتە "کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان" A Time for Drunken Horses
بەرھەمی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی"، "وردە پەڕیوەکانی ئاشتی"
بەرھەمی "عەلی شاە حاتەمی"، "یەکێک بوو، یەکێک نەبوو" لە دەرھێنانی "ئیرەج
تەھماسب" و فیلمی نیوەدرێژی "دایک" لە دەرھێنانی "لەیلا میرھادی"
ئاماژە بدرێت کە چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی بەردەنگی فێستیڤاڵەکەیان بۆ
لای خۆیان ڕاکێشا و ھێنایە بەردەم پەردەی زێوینی ھۆڵی سینەماکان.
فیلمی سینەمایی "کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان" لە دەرھێنانی "بەھمەن قوبادی"
چیرۆکی کوڕێکی مێرمنداڵ بە ناوی "ئەیووب" کە لە ئاواییەکی کوردنشین
لەسەر سنووری ئێران و عێراق دەژی و لە دوای مەرگی باوکی، ئەرکی
پێڕاگەیشتن و دابین کردنی بژیوی ژیانی سێ خوشک و برایەکی نەخۆشی "مادی"
لە ئەستۆی دایە. پزیشکی مادی پێی دەڵێت، ئەگەر بێت و ئەو لە ماوەی یەک
مانگدا نەشتەرگەری بۆ نەکرێت، دەمرێت و لە ئەگەری نەشتەرگەریشدا تەنیا
حەوت یا ھەشت مانگ دەژی. ئەیووب باسەکە بۆ "رۆژین" خوشکە گەورەکەی
دەگێڕێتەوە و خۆشی بۆ بەدەستھێنانی داھاتی زیاتر دەچێت بۆ لای قاچاخچی
ناسراوی گوندەکە بۆ کار کردن. ئەیووب کاتی بەیانییان لە سنووری
عێراقەوە باری قاچاخ بە ھێستر دێنێت، بەڵام پارەیەکی ئەوتۆی بەر
ناکەوێت. ھەر لەم کاتەدا بۆ رۆژین خوازبێنی کار ھاتووە و ئەو بۆ دابین
کردنی تێچووی نەشتەرگەری مادی وڵامی ئەرێنی دەداتەوە، لە حاڵێکدا کە
بنەماڵەی زاوا لە دوای سەرگرتنی ھاوسەرگیری لە وەرگرتنی مادی خۆ
دەبوێرن و ھێسترێک وەکوو شیربایی بە ئەیووب دەدن.
"کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان" لەو دەستە فیلمانەیە کە وردبوونەوەی خۆی
لەسەر ژیانی خەڵکی ناوچەیەکی ھەژار داناوە و لەوە وەکوو ئامرازێکی
دراماتیک کەڵکی وەرگرتووە. لەم نێوەندەدا، وێنەگرتنی فیلمەکەش لە
کەشوھەوایەکی سارد و بەفراویدا، کاریگەریی دانانی فیلمەکەی دوو ھێندە
کردووە و ھەتا قووڵایی ناخی بینەر دەچێتە ژوورێ. لەگەڵ ھەمووی ئەمانە،
ئەم فیلمە بە پێچەوانەی زۆربەی فیلمەکانی ھاوشێوەی، چیرۆکێکی پڕ و
لێوڕێژی بە چەندین خاڵی پۆزەتیڤی درەوشاوە ھەیە کە بینەری فیلمەکە
لەگەڵ ئەیووب، مادی و خوشکەکەیان ھاوڕی دەکات. ئەیووب ئەحمەدی لە رۆڵی
ئەیووب و رۆژین یوونسی لە رۆڵی رۆژین بەرگەکانی براوەی دیکەی فیلمەکەن
لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بینەران کە تاکە ساتەکانی سەرسووڕھێنەر لە
دەورگێڕانەکانی ئەواندا بەر چاو دەکەوێت. ھەموو ئەم خاڵانەش کەوتە بەر
سەرنجی ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی فێستیڤاڵەکە و خەڵاتی گرینگی
پەپوولەی زێڕینی باشترین فیلم پێشکەشی "بەھمەن قوبادی" دەرھێنەری ئەم
فیلمە سەرکەوتووە کرد.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|