٢١\١١\٢٠١٥
کاتێک بۆ خۆم.

شوان
حهسهن
درەختەکان کپیی
سپێدەیان راگرتبوو
بۆ ئەو گەڵایانەی لە دوای هەڵوەرین خەوتبوون
چۆلەکەیەک خشپەی هەنگاوەکانمی کرد بە بیانوو
تا ئەو تابلۆیە بدزێ
کە لە خەواڵوومدا زابوو
چەند هەنگاوێک لەولاترم نیشتەوە
بە چریکەکانی، دەوروبەری لێ بە ئاگاهێنام
* * *
باوەڕناکەم کەس ئاگای لە وەڕسیی من بێ؟
هەرزەکار بووم گوتیان: (من) مەخە رستە
غەمی هەمووان، غەمی تۆیە
ماندووم لەو زەمەنەی نەمتوانی بڵێم:
من مرۆڤی بەیانی نیم
جەنگی من و بەیانی
بۆ قووڵیی ئەو خەوانە دەگەڕێتەوە
چەند جارێک لە فێنکیی، پێچامیانەوە
چەند جارێک لە گەرمیی، باڵایان درێژکردمەوە
باسی هاوار و قیژە و لێدانتان بۆ ناکەم
بەر لە خەوتنم ئێشکیان بە دیارمەوە دەگرت
ئێستاش، تا درەنگانێ
گیرفانەکانی خەو پڕ نامە دەکەم
لە ترسی ئەو زەنگەی، چاوەڕوانم دەکا
هەر بخەوم.. بە ئاگام بێنێ
کار، دیسانەوە کار
ئەو کۆیلانە بۆ کوێ دەبەی؟
لە نێوان ژیان لە پێناو کار و
کار لە پێناو ژیانێکی خۆشتر
چۆن تارماییەکان لێک جودابکەمەوە
دەڕۆم بێ ئەوەی
قژە سپییەکانی ئاوێنە
لە لۆچی تەمەن بتۆرێنم و
لە چاوەڕوانیی پشووی هەفتەدا
دەکەومە ناو گوڵزاری مووچە و
بۆینباغ، بۆن، کراس، ...
بێ ئاگاییم دەپێچنەوە
تێبینیی:
لە کاتی کارکردن
بازووەکانم، لە باوەشی بەزەیی خۆیان مات دەکەن و
بە شەرمەوە
پێم دەڵێن: نەتدەتوانی وزەی چەند لاپەڕەیەک بدەیە ئێمە و
هێندە بەزمان لە کاتژمێرمان نەپەڕێنیەوە.
ئەو کتێبانەی نیازم وابوو بیاننووسمەوە کەوتنە
ژێر بناغەی ئەو خانووەی، کە سێبەری پیتەکانی نەخوێندرایەوە.
ماڵپهڕی
شوان حهسهن
|