په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

کاتێک کە بەرنامەی گەنجینە دەبینم تووشی شۆک دەبم!


ستار محەمەد قادر


من یەکێکم لەو کەسانەی کە بە بە رنامەی گەنجینە سەر سامم و ئەو پەیامەی کە ئەو بەرنامەیە هەڵگرێتی هەمیشە وای لێمکردووە کە ئەو بەرنامەیە ببینم نەتوانم فەرامۆشی بکەم.


بەرنامەی گەنجینە هەڵگری پەیامێکە لە فەزای وڵاتێکدا کە چەمکی پەیام خزێنراوەتە خانەیەکەوە کە مرۆڤ بە شەرمەوە ئەگەر پشوو درێژ بێت بیهێنێتە زوبان!


پەیامێک بەر لەوەی ئاماژە بە ئینسانیبوونی ئەو خەڵکە داماوو لێقەواموە بکات؛ ئەوەمان پێدەڵێت : " ئێوە مرۆڤن، خاوەنی مۆراڵ و هەست و نەستن، تکایە دەسبەرداری هەرچی دەبن، دەسبەرداری خەسڵەتە جوانەکانی مرۆڤبوونتان مەبن"؟!


ئەگەر سەر لە بەری بەرنامەی میدیا حزبییەکانی کوردستان ئامانجێکی شاراوەیان لە پشتەوە بێت؟! ئەوا بەرنامەی گەنجینە تەنها یەک فاکتەر لە پشتیەوەیەتی، ئەویش نمایشکردنی ئێش و ئازاری خەڵکانێکە لە نیشتیمانێکی نا بیناو کارەسات ئامێزدا؛ نیشتیمانێک کە مرۆڤەکانی تا ئاوێنەیەک لە بەردەمیان دانەنەیت لە توانایاندا نەبێت تەنانەت شتەکانی پشت خۆیانیش ببینن!


بەرنامەی گەنجینە ئەوەمان پێدەڵێت : " کە لەم شوێنەدا، ئەم پانتاییەدا، راستە بوونەوەرێک هەیە بە ناوی دکتۆر ؛ لێزۆرمان ماوە تا ئەو بوونەوەرانە کە لە بووارێکدا خاوەنی بڕوانامەن، کە پێیان دەگووترێت پزیشک، رەنگە ئەوان تا ئەو ئەندازەیە لە بووارەکەی خۆیاندا شارەزا بن کە بە دیدی ئامرازەکانی بەردەستییان کە خۆی لەپشکنین و ئەمپول و داو و دەرماندا وێنا دەکات، مامەڵەمان لە گەڵدا بکەن. ئەوان ئێش و ئازارو تێڕامانی مرۆڤەکان لە لایان هیچ مانایەک نەبەخشێت؟! مردنی مرۆڤێک لە لای ئەوان هێندەی ئەوە نەبێت کە خۆبەخشانە بە بێ بەرانبەر ئیش بۆ گەڕاندنەوەی ژیانی بکەن! لە لای ئەوان مرۆڤ بریتییە لە ماددەو دەبێت باجی مرۆڤبوونی هەر مرۆڤێک بایی ئەوەندە بێت کە خەڵکانێک بە نێوی خێر خوازانەوە بیدەن!


بەرنامەی گەنجینە بەر لەوەی یارمەتی ماددی لە رێی خێر خوازانەوە پێشکەش بەو کەسانە بکات کە دەیخاتە پێش چاوانمان، یارمەتی مەعنەوی بە خێر خوازان دەبەخشێت. پێش ئەوەی بە مەرگ کۆتایی بە ژیان بهێنێت، چیرۆکی ئەو کەسانە دەدات بە گوێماندا کە بە تێڕامانەوە لە ژێر هەڕەشەی نەخۆشییەکی کووشندەوە لە ژیان دەنواڕن!


ئەو بەر لەوەی قەسیدەی مەرگ بکات بە تایتڵی خۆی، باس لە ژیان دەکات. پێش ئەوەی باس لە مردن بکات، دەمانگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی لە دایک بوون! بەر لەوەی باس لە دەسکەوتە ماددیەکان بکات؛ دەسکەوتە مەعنەوییەکان بە هەند وەردەگرێت. پێش ئەوەی وێنەی مرۆڤێکمان بۆ بکێشێت؛ بە ئێمە دەڵێت ئێوە مرۆڤن، خاوەنی هەست و نەستن، ئێوە بە مرۆڤبوونتانەوە گەلێک لەوە جوانترن کە هەن! ژیانی دەستە جەمعی لە بەرنامەی گەنجینەدا کە خۆی لە هاوکاریی ماددی و مەعنەویدا وێنا دەکات، ئەو چرکە ساتە پڕ مەترسیدارە دەخاتە پێش چاوانمان کە پێویستی جیدیمان بە هانەوە هاتنی یەکتری هەیە. ئەو بەرنامەیە تەنها وێنەی مرۆڤێک ناکات بە مەبەستی خۆی، بەڵکو وێنەی هەر هەموومان لە مرۆڤێکدا بەر جەستە دەکات!


هەر چەندە بە پەیامی بەرنامەی گەنجینە سەرسامم، هەر سەرسامی ئەو بەرنامەشە وا لە خەڵکانێک دەکات ئەو مەقۆلە پشت راست بکەنەوە کە دەڵێت " ڕژا خلیت قلبت"هیچ ماقووڵ نییە لە نێو پیاو چاکاندا تاکە پزیشکێک نەبێت کە بەرنامەی گەنجینە تاکە هۆکار بێت بۆ ئەوەی ئەوە وەبیریدا بهێنێتەوە کە ئەوی دکتۆریش بەر لەوەی هەر شتێک ببێت مرۆڤەو دەبێت پابەندی لایەنی مۆراڵی مرۆڤبوونی خۆی ببێت و هیچ نەبێت بۆ جارێک دوور لە دەسکەوتی ماددی لە پێناو دەسکەوتی مەعنەویدا کارێک ئەنجام بدات کە قووربانی بدات بە هێندێک دەسکەوتی ماددی!


لە بابەتی داهاتوومدا باس لە پزیشکی یەکێک لە وڵاتە دراوسێکان و پزیشکێکی خاوەن مۆراڵی ئەم وڵاتە وێرانە دەکەم کە چۆن و بە چ شێوەیەک لە هەوڵی رزگارکردن و رەواندنەوەی تارمایی مەرگ بوونە لە سەر ئەو مرۆڤانەی کە جگە لە ئێش و ئازار هیچ کەناڵێکی دیکە نەبووە لە نێوانیاندا! ئومێدەوارم لە مەو دووا لە رێی بەرنامەی گەنجینەوە ئەوە ببینم کە پێش ئەوەی خەڵکانێک لە دەرەوەو ناوەوە بە ماددە یارمەتی ئەو خەڵکە هەژارە بدەن، پزیشکەکانی کوردستان لە ریزی پێشەوەی ئەو خەڵکە خێر خوازانە ببینم کە زانستەکەیان بکەن بە هەوێنی گەڕاندنەوەی ژیان بۆ کەسانێک کە پێش ئەوەی بە دیدی دکتۆرەوە لێیان بنواڕن، وەکو مرۆڤ بیانبینن؟!
 

 

STAR_QADR@YAHOO.COM