په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٢\٢٠١١

کاتێک کە کورسی دەسەڵات دەکەوێتە لەرزین!


سەدیق رەنجبەر 


ئەمرۆ شەپۆلی ڕاپەڕینی جەماوەری سەرتاسەری ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بگرە دوورتریشی گرتۆتەوە، سەرۆکی هەردوو ووڵاتی میسرو تونس و ڕژێمەکەیان شکستیان هێنا لە بەرامبەر ڕق و توورەیی سووربوونی جەماوەری ڕاپەریو. ئەو وولاتانەی ترسیان لێنیشتووە هەمویان دەڵێن ووڵاتەکەی ئێمە لە توونس و میسر ناچێ، حوسنی موبارەکیش وەهای دەگوت.

هۆی سەرەکی ئەم ڕاپەڕینە جەماوەریانە، دەگەڕێتەوە بۆ نادادپەروەریەکی بێئەندازەی کۆمەڵایەتی کە ساڵانێکی درێژە زوڵم و زۆرەکە پەنگی خواردۆتەوە، کە چیدی دواخستنی بە بڕوو بیانووی جیاواز بەری پێناگیرێ. جیاوازی چینایەتی نێوان دەوڵەمەندیی دەسەڵاتداران لەلایەک و خەڵکی فەرمانبەرو و کاسبکاری هەژار لەلایەکی ترەوە، بەڕادەیەک گەورەیە کە تەواو لێکدابراون و لەدوو دنیای جیاواز دەژین. بە ڕاستی ئەوەیە ڕاپەرینی چینایەتی هەژاران، کە بەدەیان ساڵە بە ڕێگای جۆراوجۆر خەفەیان پێکراوە.

لای خۆشمان دەسەڵاتداران هەمان قسەی دەسەڵاتدارانی ووڵاتانی دیکە دووبارەدەکەنەوەو دەڵێن کوردستان لە تونس و میسر ناچێ، بۆیە لەلای ئێمە ڕاپەڕین نابێت. منیش دەڵێم ئەگەر هیچ شتێکیان لەیەک نەچێ، خۆ ناوەرۆکی داخوازیەکانی خەڵک لەیەک دەچن ئەویش هەبوونی نادادپەروەریەکی بێئەندازەیە کە دەسەڵاتدارانی کوردستان ئەوەندە بە بەشینەوەی بوودجەی هەرێم بەسەر بنەماڵەو بازنەی تایبەتی دەوری خۆیان وەها دەوڵەمەندبوون، وەک دەرکەوت بەگوللە وەڵامی خەڵکیان دایەوە، بۆیە تەواو لە کۆمەڵانی خەڵک دابراون، خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆ کۆمەڵانی خەڵکی هەژار بە هەموو چین و توێژەکانیەوە باش لەوە بە ئاگایە، لەدوای ڕاپەڕینەوە، دەسەڵاتداران بە پێڵاوی لاستیکەوە هاتنەوە کوردستان و لە پڕێکا دەوڵەمەند بوون، لە ناو نازو نیعمەتی دەسەڵات، تووشی نەخۆشی دائول عەزەمە ببوون، دەسەڵاتیان بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و زولم و زۆر لەدژی کۆمەڵانی خەڵک بەکارهێنا، لە کاتێکدا ئەو خەڵکە نان و چاشی بەزەحمەت دەست دەکەوت. هەتا کۆمەڵگایان تووشی شەڕێکی براکوژی کردو کردیانە دوولەتەوەو تا ئێستاش بەڕاستی یەکیان نەگرتۆتەوە.

من جیاوازیەکی تریش دەخەمە سەر ئەو جیاوازیەی کە دەسەڵاتداران باسی لێوە دەکەن، ئەویش ئەوەیە لە ووڵاتانی عەرەبی کێشەی نەتەواتی نەبووە کە دەسەڵاتداران شکستیان هێنابێ، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێمە سەرباری نادادپەروەری بێئەندازە، شکستیان هێناوە لە چەسپاندنی مافە نەتەوایەتیەکانی گەلی کورد. لەبەرچاوانە لە بەشداریان لە حوکومەتی عیراق بە پۆستی سەرۆک کۆماریشەوە نەیتوانیوە ماددەی ١٤٠ لە ئیفلیجی دەرباز بکات، لەدوای هەشت ساڵی ڕوخانی ڕژێمی سەددامیشەوە تەنانەت یەک شارۆچکەشیان بۆ نەگەڕێندراوە سەر هەرێمی کوردستان، بەکوردیەکەی لەبەر خاتری کورسی دەسەڵات و سامان کۆکردنەوە، ئەم دەرفەتە مێژووییەیان لەدەستدا.

لێکچوونێکی تریش هەیە لە نێوان کوردستان و ئەو ووڵاتانەدا ئەویش بەکارهێنانی زەبروزەنگی بێڕەحمانەیە کاتێ مەترسی دەکەوێتە سەر کورسی دەسەڵاتەوە. لای دەسەڵاتدارانی خۆمان کورسی دەسەڵات و پۆستەکان ئەوەندە شیرینن، سەرچاوەی کۆکردنەوەو پاراستنی مولک و سامانن لە هەمانکاتدا، تەواو لەگەڵ یەکتر ئاوێتەبوون. بۆیە هەرکاتێ کورسی دەسەڵات دەکەوێتە مەترسیەوە، چاوەڕوان دەکرێ هەروەک خۆێشیان نایشارنەوە، دەستیان دەبڕن، بەمانای دەستناپارێزن لە کوشتن و بڕین.

لەبەرئەوەی کە ئێمە لە کوردستان لەشکری ووڵاتمان نیە و تەنیا کەلتوری لەشکری پارێزەری حیزبیمان هەیە کە خاوەنی چەند تەجرەبەیەکی خوێناوی براکوژیە بۆ پاراستنی حیزبەکانیان، بۆیە لە ڕادەی بەکارهێنانی توندوتیژیدا خۆ بەخۆ، شارەزا و کاران، بەتایبەتی کە خەڵکێک هەیە زۆر سوودمەند بوون، هی وەهایان تیایە تام وچێژ لە کوشتنی خەڵکی دژی حیزب دەبینێ. هەر بۆیە پێشبینی دەکرێ دەسەڵاتی کوردی لە ژمارەی کوشتارو برینداردا بەرامبەر خەڵکی ڕاپەڕیو ووڵاتانی دەروبەر تێپەڕێنێ.

ئەوا شەپۆلەکە کوردستانیشی گرتەوە، لاوانی سلێمانی خۆپیشاندانێکی جەماوەریان لە ڕۆژی ١٧ ی شوبات سازکرد، هاواریان دەکرد نا بۆ ناعەدالەتی ناو کۆمەڵگە، بۆ بێکاری، بۆ زولم و ستەم، بۆ قۆرخکردنی دەسەڵات. هەر کە جەماوەر لقی چواریان بەردباران کرد، زۆر بەداخەوە بە گوللەی بیکەسی وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە، کە بووە هۆی شەهیدو بریندارکردنی دەیان هاووڵاتی. بە هەق دەم و چاوی ناشرینی دەسەڵاتی روونتر دەرخست.

هەر بۆیە دەڵێم ئەگەر دەسەڵات ئاوەها لە جەماوەر بێمنەت بێ، گوێ بۆ داواکاریەکانیان شل نەکا، بەجددی دایەلۆگ نەکا لەگەڵ خۆپیشاندەران، ئەوە بێگومان کۆمەڵانی خەڵک سوورتر دەکا لەسەر داوا ڕەواکانیان، راپەرینی خەڵک فراوانتر دەبێ، ئەوکاتە کوردستان خەڵتانی خوێن دەبێ و هەموو لایەک زەرەرمەند دەبن بە جەماوەریشەوە، بەڵام بەڕاددەی یەکەم لە دەسەڵاتداران تێکدەچێ، پڕۆژەکانیان دەوەستێ، مولک و ماڵی دزراویان لەدەست دەچێ، درۆیەکانیان ئاشکرادەبێ، ڕەنگە ڕۆژێک دابێ دەسەڵاتە شیرینەکەشیان لەدەست بچێ.


20\2\2011

ماڵپه‌ڕی سه‌دیق ره‌نجبه‌ر