په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٢\٢٠١٦

کاتێك کە مارکس

یەکەمین پارتیی کۆمونیستی مێژووی هەڵوەشاندەوە.

 

 

رێنە بێرتیە

و. لە فارسییەوە هەژێن

گوتنی ئەوەی کە مانیفێست "یەکەمین گڕکانی پڕۆلیتێری وەك هێزێکی ڕامیاریی سەربەخۆ"یە زیادەڕۆییەکی ئایدیالیستییە. بڵاوکردنەوەی مانیفێست لە بارێکدا کە هێشتا نێوەڕۆکەکەی وشكنەبووبوو، لە ئاڵمانیا شۆڕشی ١٨٤٨ دەستیپێکرد، لەتەك پشتگوێخراویی گشتی ڕووبەڕووبوو، نووسەرەکانی ناچارکرد هەرچی دەتوانن ئەنجامیبدەن، تاوەکو ئەو نووسینە بڵاوببێتەوە. ئەو پرسە مارکس بەرەو هەڵوەشاندنەوەی یەکەمین پارتی کۆمونیستی مێژوو و دواتر دەرکرانی خۆی برد.

ساڵی ١٨٤٨ : قوربانیکردنی پارتیی.


شۆڕشی ١٨٤٨ ئاڵمانیا بە مارکس مۆڵەتیدا، تاوەکو ئاستی تێگەییشتنی خۆی تاقیبکاتەوە. بەڵام لە هەمان سەرەتای شۆڕش، مارکس و ئینگلس هەوڵیاندا، تاکو بە بچووك نیشاندانی گرنگیی ئەو، بەر بەپێکهاتنی بزووتنەوەی سەربەخۆی کرێکاریی بگرن. ڕووداوەکان نیشاندەدەن، کە هەموو شۆڕشەکان بە سروشوەرگرتن لە شۆڕشی فەرەنسە بە ڕێگەیەکدا بڕۆن، کە هەوڵی خۆیان لە پێکهاتنی دەوڵەتێکی نیشتمانیی ڕزگاربوو لە دیکتاتۆریی چڕبکەنەوە. بۆرجوازی دەبوو سەرەتا بۆ ئاوا مەبەستێك دەسەڵات بگرێتەدەست. ئاساییە کە ئەگەر ئەوە بۆرجوازی بێت کە دەبێت دەسەڵات بگرێت، تاوەکو مەرجەکان بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتیی کۆتایین ئامادەببن، دەبێت پڕۆلیتاریا داخوازییەکان و بەرنامەی خۆی بخاتە لاوە و لە پاڵ بۆرجوازی لیبڕاڵ بۆ یاسایەکی بنەڕەتی و ئازادییە دێمۆکراتییەکان تێبکۆشێت.

سەرەتای شۆڕشی ١٨٤٨ ڕێڕەوی مارکس و ئەنگلس لەسەر بنەمای بەرگرتن لە پەرەسەندنی بزووتنەوەی کرێکاریی سەربەخۆ جێگیربوو، کە بە تێڕوانینی ئەوان دەیتوانی بە داخوازییە ڕادیکاڵەکانی بۆرجوازی لیبراڵ بترسێنێت، لەبەرئەوە مارکس و ئەنگلس یەکێتی پڕۆلیتاریایان لەتەك بۆرجوازی پێشنیارکرد. ئەنگلس زۆر نیگەران بوو، کە پلاتفۆرمی حەڤدە خاڵیی یەکێتی کۆمونیستەکان بڵاوببێتەوە. ئەو پلاتفۆڕمە کە ناوی "داخوازییەکانی پارتیی کۆمونیست لە ئاڵمانیا" بوو، ڕاستەوخۆ لە مانیفێستی کۆمونیست وەرگیرابوو، مانیفێستێك کە یەکێتی کۆمونیستەکان وەك بەرنامە خوازیاری جێگیرکردنی بوو. بەڵام ئەو بەرنامەیە پاش ئامادەکردنی زۆر ڕادیکاڵانە هەڵسەنگێندرا، لەبەرئەوە ئەنگلس خەریکی کۆکردنەوەی کۆمەکی دراویی بۆرجوا لیبڕاڵەکان بوو بۆ ڕۆژنامەی ڕاینی نوێ.

ئەنگلس لە نامەیەکدا بۆ مارکس نووسی [١] "ئەگەر یەك کۆپی لە بەرنامەی حەڤدە خاڵیی ئێمە لێرە بڵاوببێتەوە، ئێمە هەموو شت لەدەستدەدەین." لەو سەردەمەدا بوو کە ئەنگلس لەبارەی ترسی خۆی لە پەرەسەندنی بزووتنەکانی کرێکارانی ڕستن نووسی، کە دەتوانێت هەموو شتێك تێکبدات. ئەو نووسی "کرێکاران کەمێك کەوتوونەتە بزووتن، هەرچەندە بزووتنەکانی ئەوان سەرەتایین، بەڵام هەژماریان زۆرە. کرێکاران دەستبەجێ کەوتوونەتە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکان. بەڕێکەوت ئەوە پرسێکە کە هەنگاوەکانی ئێمە ناکارادەکات..." [٢].


دروست خوێندوومانەتەوە : کرێکاران "کەوتوونەتە بزووتن"؛ هەژماری بزووتنەکان "زۆر"ە؛ ئەوان " کۆمەڵە هاوپەیمانییەکیان" پێکهێناون' "ئەوە بەڕێکەوت پرسێکە کە هەنگاوەکانی ئێمە ناکارادەکات..." لە هەر بارێکدا هێشتا مەرەکەبی مانیفێست وشکنەبووبووەوە، کە نووسەرانی بەهۆی ڕێڕەوێك بڕیاریاندا لە بەرنامەی خۆیان چاوپۆشیبکەن. ماوەیەکی زۆری نەبرد، کە نووسەرانی مانیفێست بەخۆیان دژەخوونییان لە نێوەڕۆکەکەی کرد و لەوانە لەو بەشەی "کۆمونیستەکان بڕوا و بەرنامەیان ناشارنەوە. ئەوان بە ئاشکرا ڕایدەگەیێنن، کە بەبێ ڕوخانی توندوتیژانەی سیستەمی پێشوو، ناتوانن بە ئامانجەکانی خۆیان بگەن. چینە سەروەرەکان دەبێت لە ترسی شۆڕشی کۆمونیستی بلەرزن! پڕۆلیتێرەکان لەم شۆڕشەدا بێجگە لە زنجیرەکانیان، شتێکیان نییە لەدەستیبدەن. ئەوان جیهانێك بەدەستدێنن." مارکس و ئەنگلس ئەو تێگەییشتنانەیان لە "دۆزراوەیەکی" تازە بەدەستهاتوو دەرهێنا، کە لە ئایدیۆلۆجیای ئاڵمانی ١٨٤٦ و "ڕەخنەی مۆڕاڵیی و مۆڕاڵی ڕەخنە" [٣] شوێنپێی هەیە. ئەو "دۆزراوە" دواتر بە "ماتریالیزمی مێژوویی" ناودەنرێت، بەڵام بە زۆری لەبیردەکرێت بگوترێت، کە مارکس هەرگیز ئەو واژەیەی بۆ "شێوازی" خۆی بەکارنەبرد.[٤] ئەم دوو هاوەڵە نووسەرە بە سروشوەرگرتن لە مێژوونووسانی بەشێك لە مێژووی فەرەنسەی نێوان ٦ی ئەپڕیلی ١٨١٤ تا ٢٩ی جولای ١٨٣٠ [٥] بەو سەرەنجامە گەییشتن، کە دەبێت پڕۆلیتاریا پێش شۆڕشی خۆی، بە بۆرجوازی بواربدات تا شۆڕشبکات. لێرەوە تا گوتنی ئەوەی کە دەبێت پڕۆلیتاریا یارمەتی بۆرجوازی بدات، تاکو شۆڕشەکەی بەرەو سەرکەوتن ڕابەرییبکات یەك هەنگاو مابوو.[٦].

گشت ئەوانە بە ڕۆشنی لەنێو "ڕەخنەی مۆڕاڵی و مۆڕاڵی ڕەخنە" نووسراون. مارکس باوەڕی ئاوا بوو، کە بۆرجوازی لە ئاڵمانیا دواکەوتووە، لەبەرئەوەی کە "هەوڵدەدات دژی پاشایەتی بێچەندوچوون تێبکۆشێت و لە سەردەمێکدا دەسەڵاتداریی خۆی بهێنێتەدی، کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو، بۆرجوازی جەنگی توندوتیژی خۆی دژی چینی کرێکار دەستپێکردووە." مارکس درێژەی دەداتێ "لەم وڵاتەدا دوژمنایەتی تازە لەنێوان بۆرجوازی و چینی کرێکار بوونی هەیە'" لێرەوەیە کە "بار و دۆخی ناکۆك" بوونی هەیە، لەبەرئەوەی کە ڕژێمی ڕامیاریی زاڵ پاشایەتییەکی بێچەندوچوونە. ئەڵتەرناتیڤێك کە خۆی پێشنیاردەکات زۆر سادەیە، یا پاڕاستنی پاشایەتیی بێچەندوچوون یا دەسەڵاتداریی بۆرجوازی. مارکس دەپرسێت "بۆچی زەحمەتکێشان ئەشکەنجەی توندی پاشایەتیی بێچەندوچوونی پاشکۆی نیوە فیئۆداڵی باشتر لە دەسەڵاتداریی ڕاستەوخۆی بۆرجوازی دەبینێت؟" ئەگەر بۆرجوازی بیتوانێت سەربکەوێت، ناچار دەبێت بەرتەریی ڕامیاریی فراوانتر پەسەندبکات. ئەنجامی ئەوەی کە دەبێت پشتیوانی لە بۆرجوازی بکرێت. لەبەرئەوەی بە تێڕوانینی مارکس "بۆرجوازی لەپێناو بازرگانی و پیشەسازی خۆی بە پێچەوانەوەی ئارەزووی خۆی، هەل و مەرجی گونجاو بۆ یەکێتی چینی زەحمەتکێش بەدیدەهێنێت و ئەو یەكێتییە یەکەمین مەرجی سەرکەوتنی زەحمەتکێشانە.".

مارکس و ئەنگلس ئەندامی یەکێتی کۆمونیستەکان بوون. یەکێتی کۆمونیستەکان ڕێکخراوێکی گچکە بوو، کە دەتوانرێت بە توخمی پارتیی کۆمونیست بزانرێت. بەرنامەی یەکێتی کۆمونیستەکان ناوی "داخوازییەکانی پارتیی کۆمونیست" بوو، پێکهێنانی کۆماری، چەکدارکردنی خەڵك، سەندنەوەی دارایی زمینە کشتوکاڵییەکان بەشێك بوون لە ئەو.

مانگی ئایاری ١٨٤٨ لە کۆڵن/ئاڵمانیا کۆبوونەوەیەك کرا. چوار ئەندامی کۆمیتەی نێوەندیی یەکێتی کۆمونیستەکان، لەوانە مارکس و ئەنگلس و پێنج ئەندامی ڕێکخستنی شاری کۆڵن لەنێو ئەو کۆبوونەوە بەشداربوون. مارکس لەنێو یەکێتی کۆمونیستەکان لە کەمایەتیدا بوو. ئەو بە خراپ بەکاربردنی ئەو دەسەڵاتانەی بە ئەو دراوبوون، یەکێتی کۆمونیستەکانی هەڵوەشاندەوە. ئەو تەنانەت لە فێبریوەری ١٨٤٩ ڕێگریی لە یەكێتی کۆمونیستەکان کرد. پاشان ئەو بە ئەنجومەنی دێمۆکراتی کۆڵن پەیوەستبوو، کە ڕێکخراوێك بوو ئەندامەکانی بۆرجوا لیبڕاڵەکان بوون. لەوێدا بوو کە مارکس بەڕێوەبەریی ڕۆژنامەی ڕاینی نوێ بەدەستەوەگرت، کە بڵاوکراوەی لیبڕاڵەکان بوو. مارکس کە بەرنامە و ڕێکخراوی پڕۆلیتیریی یەکێتی کۆمونیستەکانی لەنێوبردبوو، لەو ئەنجومەنەدا هەوڵیدا هوشیاریی چینایەتی بۆرجوازی هەڵخرێنێت، تاکو سەرەنجام ئەو چینە بتوانێت شۆڕشێكی وەك شۆڕشی ساڵی ١٧٨٩ فەرەنسە لە ئاڵمانیا بگەیێنێتە جێی خۆی.[٧].

مارکس بە کەڵكوەرگرتن لە ئامرازی بیرۆکراتیك و لە سەروبەندی شۆڕشدا یەکەمین پارتیی کۆمونیستی مێژووی هەڵوەشاندەوە، لەبەرئەوەی بە تێڕوانینی هەندێك لە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە، مارکس "بڕوای ئاوا بوو، کە چیدیکە یەکێتی کۆمونیستەکان پێویست نییە هەبێت، چونکە بووە بە شتێکی پاگەندەیی و بە کەڵکی بار و دۆخی هەنووکەیی نایێت. مارکس ئاوای دەبینی هەل و مەرجی تازەی ئازادی چاپەمەنی و پاگەندە بواری دەدا، کە بەبێ ئەوەی پێویست بە ڕێکخراوێکی نهێنی هەبێت، نووسین و پاگەندەکان دەتوانن ئازادانە بڵاوببنەوە" [٨].

مارکس و ئەنگلس لەبارەی پێداویستی ڕێکخراوێك یا ڕێکخراوێکی نهێنی یا ڕێکخراوێکی پاگەندەیی، بڕوایان ئاوا بوو، لەو سەردەمەدا بیر لە پارتییەك وەك ڕێکخەری بزووتنەوەی کرێکاری ناکەنەوە. بە واتایەکی دیکە لە تێروانینی ئەواندا لە کۆمەڵێکدا کە ئازادی چاپەمەنی و پاگەندە بوونیی هەیە، ئیدی پێویست بە پارتیی کۆمونیست نییە! ئەوە تێڕوانێنێك بوو کە مارکس ساڵی ١٨٤٨ لەبارەی پارتیی چینی کرێکار هەیبوو! هەنووکە ئێمە باشتر ئەوە دەبینین، کە بۆچی لەو سەردەمەدا ڕێكخراوێکی هەرچەندە گچکەش بێت بە هەبوونی ئەندامانی چالاك [ئەوەی کە دواتر باکونین ئەنجامیدا] بۆ مارکس کەڵکی نەبوو و بە "ڕێکخراوی نهێنی" هەڵیدسەنگاند، کە پێویست نییە هەبێت.

وێڕای ئەوە کاتێك کە نووسینەکەی ئەنگلس بەناوی "چەند واژەیەك لەبارەی کورتە مێژووی یەکێتی کۆمونیستەکان" دەخوێنینەوە، کارێك کە ئەنگلس چەند ساڵ دواتر ساڵی ١٨٩٠ نووسی، دەبینین کە نووسیویەتی "یەکێتی کۆمونیستەکان بەڕادەیەكی زۆر خێرا گەشەیکرد." ئەو بە درێژیی چالاکییەکانی یەکێتی کۆمونیستەکان دەخاتەڕوو. لەبارەی شێوازی ئەندامگیریی و ڕێگەکانی جێکەوتەبوونی یەکێتی کۆمونیستەکان لە گشت وڵاتانی ئەوروپای باکووریی دەنووسێتەوە. پاشان ئەنگلس ئەم خاڵە ڕۆشندەکاتەوە، کاتێك کە ڕێکخراوە کرێکارییەکان قەدەخەکران، یەکێتی کۆمونیستەکان چۆن بە سوودوەرگرتن لە یانەکانی وەرزش و گۆڕانیگوتن، پەیوەندییەکانی خۆی لە "کۆمونە" جۆراوجۆرەکانی ئەندامانی ڕێکخراودا پاراست. کورتەی ئەوەی کە ئەنگلس دەینووسێت "یەکێتی کۆمونیستەکان زۆر فراوان بووەوە"! کاتێك کە "هەژمارێك زۆر لە یەکینەکانی" یەکێتی کۆمونیستەکان لە ئاڵمانیا بەهۆی هەل و مەرجی دژوار هەڵدەوەشێندرانەوە، لە جێگەیەکی دیکە یەکینەی دیکەی فرە ئەندامتر دروستدەکرانەوە.

شایانی سەرسوڕمانێکی زۆرە، کە مارکس ئاوا ڕێکخراوێكی پڕ بزووتن هەڵدەوەشێنێتەوە، لە کاتێکدا کە ئەنگلس بە "فێرگەی باڵای هەنگاوی شۆڕشگێرانە" ناویدەبات!

تێڕوانینێك کە مارکس و ئەنگلس، بۆ ئەوەی کە وەك باڵی چەپی پارتیی دێمۆکرات چالاکیبکەن، بەگەڕانەوە بۆ ڕابوردوو سەرسوڕهێنەردەبێت. فێرناندۆ کلۆدن دەنووسێت "هیچ بەڵگەیەكی بڕواپێکراو بوونی نییە، کە تێیدا مارکس و ئەنگلس هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو ڕێگەیە ڕۆشنبکەنەوە."[٩].

لەو بارەوە شێوازی کاری مارکس و ئەنگلس زیاتر و زیاتر ناڕۆشنتر دەبێت، کاتێك سەرنجی ئەو بابەتە بدرێت، کە پاساوێك بۆ بڕواکردن بە بۆرجوازی ئاڵمانیا بوونی نەبوو، نیشانیبدات دەتوانێت وەك هاوچینەکەی لە شۆڕشی ١٧٨٩ فەرەنسە سەرکەوتووبێت. مارکس و ئەنگلس دەنووسن "بۆرجوازە ڕادیکاڵەکانی کۆڵن ئێمە بە دوژمنی بنەڕەتیی خۆیان دەزانن و ناخوازن ئەو چەکانە بە ئێمە بدەن، کە ، دەتوانین بەخێرایی دژی خۆیان بەکاریانبەرین"! [١٠].

باکونین ئەوە پەسەنددەکات، کە لە ئاڵمانیا "پرسی کۆمەڵایەتیی لە ڕێگەی ناڕۆشنەوە زۆر دژوار لەسەر ویژدانی پڕۆلیتاریا هەژموون دادەنێت. " لە درێژەیدا دەڵێت، پرسی کۆمەڵایەتیی "ناتوانێت پڕۆلیتاریای ئاڵمانیا لە دێمۆکراتەکان جیابکاتەوە." هەر ئاوا باکونین بەردوامدەبێت و دەڵێت "کرێکاران بەبێ دوودڵیی دەتوانن لە دێمۆکراتەکان پێشبکەون، بە مەرجێك کە ئەوان بهێڵن کە کرێکاران درێژە بە تێکۆشانیان بدەن".[١١] باکونین ددان بە نائامادەیی پڕۆلیتاریای ئاڵمانیا دەنێت. پاشان ئاوا بەرچاودەکەوێت، کە ناکۆکی مارکس و ئەنگلس لەتەك باکونین زیاتر ناکۆکییەکی بەرنامەیی بێت تاکو جیاوازیی لێکدانەوە.

باکونین بە ئەزموونگیریی لە شۆڕشی ١٨٤٨ و کاتێك کە ئیدی بووبووە ئەنارکیست، ئەم ئەنجامگیرییەی کرد : یەکەم، هەموو کات یەکێتی پڕۆلیتاریا و بۆرجوازی ڕادیکاڵ دەبێتە هۆی پەسەندکردنی بەرنامەی بۆرجوازی لەلایەن زەحمەتکێشان؛ دووەم، ئەزموونی کردەیی تێکۆشان باشترین خێراکەری هوشیاریی کرێکارییە.

مارکس و ئەنگلس باوەڕیان ئاوا بوو، جێگیرکردنی ئازادییە دێمۆکراتییەکان و بەتایبەت مافی دەنگدانی گشتی سەرەتا و مەرجی سەرهەڵدانی هەژموونی چینی کرێکارە. سەراپای پەیڕەوی مارکس و ئەنگلس لەسەر ئەو بنەمایە بوو، کاتێك مافی دەنگدانی گشتی بێتەدی، لەوێوە کە چینی کرێکار زۆرینەیە، کەواتە دەتوانرێت دەسەڵات بەدەستبهێنێت، بەو جۆرەی کە لەنێو مانیفێست ئاماژەی پێدراوە، چینی کرێکار لەو سەردەمەدا دەتوانێت لەپێناو "هەڵخراندنی خۆیی" لەسەر بەرتەرییە بۆرجوازییەکان کاربکات. لە ئێستادا بەئاسانی بۆ ئێمە دەردەکەوێت، کە خۆشباوەڕییە سۆشیالیستییەکانی ئەو سەردەمە تا چ ڕادەیەك فراوان بوون.

ئەنگلس پاش ماوەیەك نووسی، کە ساڵی ١٨٤٨یەکێتی کۆمونیستەکان "پێکهاتەیەکی زۆر لاواز" بوو. لە درێژەدا دەڵێت "لە ساتێکدا کە هۆکاری نهێنیبوونی یەکێتییەك لەئارادانەبوو، ئەم ڕێکخراوە چیتر نەیدەتوانی وەك ڕێکخراوێکی نهێنی بەردەوامی بەکارەکانی بدات."[١٢] ئەنگلس باوەڕی ئاوا بوو، کە "پڕۆلیتاریا ئامادەیی بۆ خۆڕێکخستنی خۆی" نییە، بەهۆی ئەوەی کە بۆ دەرکردنی "ناکۆکی قوڵی نێوان بەرژەوەندی خۆی لەتەك بەرژەوەندی بۆرجوازی" سەرگەردانە. ئەنگلس دەیگوت، پڕۆلیتاریا هەست بە ڕۆڵی مێژوویی خۆی ناکات، کەواتە "بە کردەوە زۆرینەی کرێکاران ناچارن ببنە/ بۆ باڵی چەپی بۆرجوازی" بگۆڕدرێن. [١٣].

ئەو تێڕوانینەی ئەنگلس کە ساڵی ١٨٩٣ لەبارەی شۆڕشی ١٨٤٨ نووسی "ئەم شۆڕشە لە هەموو شوێنێك سەرەنجامی هەوڵەکانی چینی کرێکار" بوو.[١٤] بەواتایەکی دیکە ئەنگلس ساڵی ١٨٩٣ لەبارەی شۆڕشی ١٨٤٨ نووسینێکی ناکۆك بە نووسینەکەی ساڵی ١٨٨٥خۆی بڵاوکردەوە.

قوربانیکردنی بەرنامە و پارتیی چینی کرێکار لەپێناو یەکێتییەك لەتەك بۆرجوا لیبڕاڵەکان، بەو تێڕوانینە مارکسیستییە پشتئەستوورە، کە هەڵكشانی مێژوویی و بەرەوپێشچوونی مێژوو قۆناخبەندیی تێدان و دەبێت تێپەڕێندرێن. باکونین بەتەواوەتی لەتەك بۆچوونی مارکس ئاشنابوو. بەبێ گومان لەبەر ئەو هۆیە بوو، کە باکونین دواتر بە لەبەرچاوگرتنی شێوازی کاردانەوەی مارکس بەرانبەر شۆڕشی ١٨٤٨، ناکۆکی خۆی لەتەك تیئۆری قۆناخبەندیی پێگەیینی شێوەکانی بەرهەمهێنان ڕاگەیاند. ناکۆکیی باکونین لەبەرئەوە نەبوو، کە ئەو تیئۆرییە هەڵەیە، بەڵکو لەبەرئەوە بوو، کە ئەو تیئۆرییە سەرنجڕاکێشیییەکی ڕێژەیی هەبوو و بەکردەوە سەری لە هاوپەیمانییە ڕامیارییە ناپەسەندەکان دەردەچوو. شایانی ئاماژەیە، بۆلشەڤیکەکان لە کاتێکدا کەوتنە شۆڕش، کە لەتەك قۆناخبەندیی شێوازەکانی بەرهەمهێنان ناکۆك بوون. سۆشیالیستەکانی دیکەی ڕوسی بڕوایان بە ئەوە بوو، کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پڕۆلیتاریا تەنیا لە سەدا سێی ٣%ی دانیشتووانی پێکدەهێنا، دەبێت ڕوسیە بە قۆناخی دێمۆکراسی بۆرجوازی و جێگیربوونی ئابووری سەرمایەداریی تێپەڕێت، تاوەکو دواتر بە شۆڕشی پڕۆلیتێریی بگات.

باکونین ساڵی ١٨٥٠ لەسەر ئەو پرسە پێداگرییکرد، کە لە ئاڵمانیا چارەنووسی هەژمارێکی زۆری کارگەکان و کرێکارانی پیشەسازی بەستراوە بە "بە وەرگۆڕانیان بە لەشکری پاگەندەی دێمۆکراسی". باکونین ساڵی ١٨٧٤ دەیگوت، کە پڕۆلیتاریای شارەکان بەشێکن لە تازەترین شۆڕشگێڕان. ئەو سەلماندی کە " ساڵی ١٨٤٨لە بەرلین و ڤییەنا و فرانکفۆرت و ساڵی ١٨٤٩ لە درێسدن و هانۆڤەر و بادن، پڕۆلیتاریا دەیتوانی سەربەخۆ ڕاپەڕێت و توانایی پەسەندکردنی ڕابەریی هۆشمەندی بزووتنەوەکەی هەبوو."[١٥] باکونین لە ئەزموونەوە قسەدەکات. ئەو شۆڕشگێڕە ڕوسە لە کاتێکدا کە مارکس خەریکی داچڵەکاندنی هوشیاریی چینایەتی بۆرجوازی لیبراڵ بوو، ئەو یەکێك بوو لە ڕەسەنترین ڕابەرانی ڕاپەڕینی درێسدن و دەیتوانی بە کردەوە قسە هەڵسەنگێنێت. ئەنگلس ڕێز بۆ باکونین دادەنێت و لەو بارەو دەنووسێت "ڕووبەڕووبوونەوە شەقامییەکان لە درێسدن چوار ڕۆژ بەردەوام بوون. وردەبۆرجوازیییەکانی درێسدن -"گاردی میلی"- نەك هەر لەو ڕووبەڕووبوونەوانەدا بەشدارنەبوون، بەڵکو دژی ڕاپەڕیوان کۆمەکی بەرەوپێشچوونی هێزە سەرکەوتگەرەکانیان کرد. ڕاپەڕیوان بەگشتی کرێکارانی ناوچە پیشەسازییەکانی دەوروبەر بوون. ئەوان توانیان ڕاپەڕینی خۆیان بە ڕابەریی هێمنانەی پەنابەرێکی ڕوس بەناوی میخائیل باکونین ئەنجامبدەن، کە دواتر دەستگیر و زیندانیکرا .... " [باکونین و ئەوانی دیکە - نووسینی ئارتۆر لینگ- چاپەمەنی ١٨/١٠- لاپەڕەی ١٧٠].

باکونین لەوەی کە ویستی "بێگەردیی شۆڕشگێرانە یا گۆڕانی کۆمەڵایەتی" نەیتوانی بەس بێت و کرێکاران کەوتنە ژێر کارایی ڕاستەوخۆی بۆرجوا ڕادیکاڵەکان، داخداریی خۆی دەربڕی. ئەو ئەو بابەتەی ناونا "دێمۆکراسی زیادەڕەوانە"، واتە دێمۆکراسییەك کە مارکس دەیخواست بە داچڵەکاندنی هوشیاریی چینایەتی بۆرجوا لیبڕالەکان بەدیبهێنێت. ئەوە ڕەخنەگرتنی ئاشکرایە لە ڕێڕەوی مارکس لەو سەردەمەدا. ئەزموون نیشانیدا، کە تێروانینی باکونین لەبارەی پڕۆلیتاریای ئاڵمانیا وەك هێزی کارای شۆڕشگێڕ، دروست بوو. بزووتنێکی شۆڕشگێڕانەی گرنگ لە ئاڵمانیا بوونی هەبوو و هەر ئەو بزووتنە بوو، کە بووە هۆی نیگەرانی ئەنگلس لەبارەی هەژماری زۆری کرێکارانی ڕستن و هەنگاوی سەربەخۆییانەی ئەوان.

ڤیلیش August n Willich و پزیشکێك بەناوی گۆشاڵك Andreas Gottschalk کە ئەندامی یەکێتی کۆمونیستەکان بوون لە شاری کۆڵن ڕێکخراوێكیان بەناوی ئەنجومەنی کرێکاری [١٦] پێکهێنا، کە لە سەدا دەی ١٠٪ دانیشتووانی ئەو شارەی ڕێکخراوکرد. بە پێچەوانەوەی ئەوەی کە ئەنگلس لەبارەی جێماویی بزووتنەوەی کرێکاریی ئاڵمانیا دەیگوت، ئەو بزووتنەوە خۆی بە شێوەی چینایەتی لە ئەنجومەنێکی کرێکارییدا ڕیکخست، نەك لە پارتیییەکدا. گوتشاڵك بە پێچەوانەی شێوازەکانی ئەو ساتەی مارکس، بنەمایەك کە لەنێو مانیفێست هەبوو، بەکاریبرد، واتە لە "هیچ کاتێکدا" نابێت بەرانبەر "سەرهەڵدانی هوشیاری کرێکاران بە شێوازێکی ڕۆشن و لواو دژی ناکۆکی پڕۆلیتاریا و بۆرجوازی" کەمتەرخەمیی بکرێت و نابێت "تێروانین و بەرنامەکان بشاردرێنەوە."

سێ سەد کرێکار و پیشەوەر لە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی کرێکاریی، کە ڕۆژی ١٣ی ئەپڕیلی ١٨٤٨ بەرپاکرا، بەشدارییانکرد. ڕۆژی ٢٤ی هەمان مانگ هەژماری بەشداربووان گەییشتە سێ (٣) هەزار کەس و کۆتایی مانگی جونی هەمان ساڵ هەژماری بەشداربووان گەییشتە هەشت هەزار کەس.[١٧] پاشان چەندین و چەند ئەنجومەنی دیکەی کرێکاریی وەك ئەوە بە هەبوونی سەدان هەزار ئەندام پێکهاتن. ئەو ئەنجومەنانە دواتر هەوڵیاندا بۆ یەکگرتنەوەی خۆیان لە ئاستی سەرتاسەری. سەلمێندراوە کە جێگەی خاڵی دەزگەیەك بۆ یەکپارچەکردنی داهێنانەکانی ئەنجومەنە کرێکارییەکان بە توندی هەستدەکرا.

کلۆدن دەنووسێت، مانگی ئەپڕیل تا مای "نامەکانی ئەندامانی کۆمیتەی نێوەندیی یەکێتی کۆمونیستەکان لەبارەی گەشەی بەرچاوی بزووتنەوەی لاوی کرێکاران و لەبارەی لاوازیی و نائامادەیی یەکێتی کۆمونیستەکان، دەگێڕنەوە.".


بە پێچەوانەی ئەوە کە ئەنگلس دەیگوت، ئەوە پڕۆلیتاریا نەبوو، کە لەبارەی "ئەنجامدانی ئەرکە مێژووییەکانی خۆی" هوشیارنەبوو، بەڵکو ئەوە ڕابەریی یەکێتی کۆمونیستەکان بەتایبەت مارکس و ئەنگلس بوون، کە لە پڕۆلیتاریا دوور بوون.[١٨] ستێفان بۆرن Stephan Born بۆ مارکس دەنووسێت، ئەو خۆی لە سەرووی "جۆرێك لە کۆبوونەوەی کرێکاریی" دەبینێت، کە "نوێنەرانی چەندین کارخانە و کار و پیشەن"، شتێك کە سەرسوڕهێنەرانە وەك سۆڤیەتە کرێکارییەکانن. پاشان ئەو لەبارەی بێسەرەوبەرەیی یەکێتی کۆمونیستەکان لە مارکس گلەییدەکات و دەنووسێت، کە لاوازی یەکێتی کۆمونیستەکان لە بارێکدایە، کە ئاوا بەرچاوناکەوێت چالاکانی بنکەیی/خوارەوەی پرشوبڵاوبن. مارکس ئەو پرسەی بە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی کۆمونیستەکان چارەسەرکرد. بە هەر بارێکدا لەو سەردەمەدا دەکرا لە بزووتنەوەی ڕوو لە گەشەی پڕۆلیتاریا بۆ بەهێزکردنی پێگەکانی و تەنانەت "دەسەڵاتگرتن" کەڵکوەربگیردرێت [هەرچەندە ئەو بزووتنەوەیە بیری لەوە نەدەکردەوە] یا بەلایەنی کەمەوە دەکرا بە پشتبەستن بە بزووتنەوەی پڕۆلیتیڕی ئەزموونێکی مێژوویی بۆ بزووتنەوەی سەربەخۆ ئەنجامبدرێت.



سەرانی یەکێتی کۆمونیستەکان هەر وەك ڤیلیش و ماکسیمیلیان یۆزێف مۆڵ Maximilien Joseph Moll و کارڵ شاپەر Karl Schapper بەڕاستی باوەڕیان ئەوە بوو، شۆڕشێکی پڕۆلیتێریی لە بەرنامەدا هەیە، بەڵام مارکس و ئەنگلس بەپێچەوانەی ئەوانەوە بیریاندەکردەوە. ئەگەر لێکدانەوەی باری ئەو کات بەو تێڕوانینانە بەرتەسکبکەینەوە، دەردەکەوێت کە دەستەی یەکەم هەڵە بوون و بۆچوونی دەستەی دووەم دروست بووە. مارکس بڕوای ئاوا بوو، کە شۆڕشی ١٨٤٨ ئاڵمانیا کۆپی شۆڕشی ١٧٨٩ فەرەنسەیە و بەدیهاتنی یەکێتی نەتەوەیی/نیشتمانی ئاڵمانیا بۆ ڕزگاربوون لە فەرمانداریی بێچەندوچوون لە بەرنامەدایە. کاتێك کە دێسەمبەری ١٨٤٨ پارلەمانەکانی بەرلین و فرانکفۆرت لەنێوچوون و شۆڕش بەرەو نیشتنەوە چوو، تێڕوانینی مارکس بۆ پێگەی چینی کرێکار چوو و گوتی کە "بۆ خزمەتکردن" سەرۆکایەتی ئەنجومەنە کرێکارییەکان دەگرێتە ئەستۆ. مارکس چەند هەفتە پێش هەڵهاتن بەرەو فەرەنسە، دووبارە بە یەکێتی کۆمونیستەکان پەیوەستبووەوە، ڕێکخراوێك کە ئەو هەرچی لە توانایدا هەبوو، کردی تا لە سەردەمی شۆڕشدا کارایی نەبێت.

دەرکردنی مارکس لە یەکەمین پارتیی کۆمونیستیی مێژوو.


کۆمونیستەکانی ئاڵمانیا لە مارکس و ئەنگس داخوازبوون، کە شتەکان بگێڕنەوە. دەقێکی سەرسوڕهێنەر بە تایتڵی نامەی کۆمیتەی نێوەندیی بۆ یەکێتی کۆمونیستەکان کە ساڵی ١٨٥٠ بڵاوبووەوە، ئەو داخوازییەی سەرەوەی تێدا هاتووە. شێوازی پاساوهێنانەوەی مارکس و ناڕاستگۆیی هەندێك لە لێکدەرەوانی مارکسیست بووە هۆی ئەوەی کە دەقی ناوبراو خراپ شرۆڤەبکرێت.

کاتێك کە بەخێرایی دەقەکە بخوێندرێتەوە، ئاوا دەبیندرێت کە مارکس ڕامیاریی دێمۆکراتە بۆرجواکانی لە شۆڕشدا بە بۆچوونێکی تا ڕایەك "چەپڕەوانە" بە توندی ڕەخنەدەگرێت. ئەو لەم دەقەدا لە ماوەی شۆڕشدا هێرشدەکاتە سەر "ئەو وردەبۆرجوازانەی کە ڕابەریی ئەنجومەنە دێمۆکراتییەکانیان دەکرد" و "سەرنووسەرانی ڕۆژنامە دێمۆکراتییەکان" و زەحمەتکێشان بانگەوازدەکات تاکو لە بوون بە "بەکرێگیراوانی بۆرجوا دێمۆکراتەکان" دووربکەونەوە. پاش ئەوە ئەو لەسەر پێداویستیی "ڕێکخستنی سەربەخۆی پارتیی پڕۆلیتاریا" پێداگرییدەکات.

بەڵام مارکس لە کەتواردا بەبێ ئەوەی بچێتە شان بخاتە ژێر هەڵە کەسەییەکانی خۆی، ڕەخنە لە خۆی و هەنگاوەکانی لە ماوەی شۆڕش دەگرێت. ئەو خۆی و ئەنگلس لەو دەقەدا لە پشت ڕاناوی سێیەم کەس دەشارێتەوە. ئەو ناڵێت "من یا "ئێمە" بەڵام دەڵێت "وردەبۆرجوازەکان" و "بۆرجوا دێمۆکراتەکان" و هیدیکە.

چ کەسێک بوو، کە بوو بە ئەندامی "ئەنجومەنی دێمۆکراتی"، کە ڕێکخراوی بۆرجوا لیبراڵەکان بوو؟ چ کەسێك ڕۆژنامەی ڕاینی نوێ بە ئاراستەی لیبراڵ ڕێبەریدەکرد؟ چ کەسێك کرێکارانی بۆ پشتیوانی لە بۆرجوا لیبڕاڵەکان بانگەوازکرد؟ وەڵام ئەوەیە : کارڵ مارکس.

ناتوانرێت کارایی ئەو دەقە دەرکبکرێت، ئەگەر کلیلێك بەدەستەوە نەبێت. هەر بەو جۆرەی کە چالاکانی کۆمونیست خوێندیانەوە و تێنەگەییشتن کە بەڕاستی پرسەکە چییە.


لە هەمان دەقدا ڕەخنەیەك لەوانەش دەگیردرێت، کە "ئاوای بۆ دەچوون سەردەمی ڕێکخستنی نهێنی بەسەرچووە و تەنیا چالاکی ئاشکرا دەتوانێت بەسبێت." بەواتایەکی دیکە لەم بەشەی دەقەکەدا ڕەخنە لە هەڵویستی مارکس دەگیردرێت، کە لە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی کۆمونیستەکان پشتیوانیکردبوو.

لەسەر ئەو بنەمایەیە کاتێك کە دەقەکە لە نۆژەندکردنەوەی "سەربەخۆیی کرێکاران" داکۆکیدەکات، هەڵوێستی پێشووتری ئەنگلس خەنێنەر بەرچاودەکەوێت، کاتێك کە ئەو خوازیاری بڵاونەکردنەوەی بەرنامەی یەکێتی کۆمونیستەکان بووبوو، واتە مانیفێست، لەبەرئەوەی زۆر ڕادیکاڵی دەزانی، کە بە کەڵكی هەل و مەرجەکە نەدەهات.

ئاوایە، کە لە خۆ ڕەخنەگرتن لە دەقی ناوبراودا بە لەبەرچاوگرتنی شێوازێك کە بۆ نووسینی بەکاربراوە، لە ناڕۆشنیدا دەمێنێتەوە. ئەو شێوازە تەواو نادروستە، لەبەرئەوەی ئاوا لە خوێنەی کەمتر هوشیار دەگەیێنێت، کە مارکس شۆڕشگێڕیکی بێوێنە بووە و لە بەرتەرییە دراوەکان بە بۆرجواکان ڕەخنەدەگرێت، بەبێ ئەوەی کە لەبارەی ڕۆلی خۆی لەوەدا قسەبکات.

ئەو بەشە لە ژیانی مارکس بۆ توێژینەوەی ئایدیۆلۆجیانەی لەلایەن کۆمونیستە دۆگماتیستەکان لە داهاتوودا زۆر سەرنجراکێش دەبێت. چونکە ناتوانن ئەوە پەسەندبکەن، کە مارکس لە سەروبەری شۆڕشدا یەکەمین پارتیی کۆمونیستی مێژوو هەڵدەوەشێنێتەوە. بە هەر بارێکدا هەرگیز پرسەکان ئاوا پووچ نەخراونەتەڕوو،کە مێژوونووسانی یەکێتی سۆڤیەتیی کۆمارە سۆشیالیستییەکان پاگەندەیانکرد، مارکس تەنیا کۆمیتەی نێوەندیی هەڵوەشاندووە، نەك یەکێتی کۆمونیستەکان. کاندڵ یەکێك لەو مێژوونووسانەیە، کە فریودەرانە دەنووسێت "یەکێتی کۆمونیستەکان لە شێوەی ئەنجومەنە کرێکارییەکان ئاشکرا چالاکییەکانی خۆی درێژەپێدا. ئەو یەکێتییە بە ئاراستەی ئایدیۆلۆجی-ڕامیاریی خۆی زیندووهێشتەوە."[١٩] بالیبار فریوکارییەکە فراوانتردەکات و دەنووسێت مارکس باوکی ئەنجومەنی کرێکاریی کۆڵن بوو!

کاتێك کە شۆڕش تێکشکا، لە ئاڵمانیا سەرکوت دەستیپێکرد. یەکێتی کۆمونیستەکان لە لەندەن بە دەستپێشکەریی کەسانی وەک مارکس و ئەنگلس دروستکرایەوە، بەڵام ناکۆکییەکانی نێوی بوونە هۆی پڕشوبڵاویی نێو ڕیزەکانی. ئاراستەیەك بە سەرۆکایەتی مارکس بە شرۆڤەکردنی هەل و مەرجە ئابوورییەکان بڕوای ئاوا بوو، کە دەستبەجێ شۆڕشێکی دیکە بەدیناکرێت. ئاراستەی دژ ئەو شرۆڤەیەی پەسەندنەبوو و بە ڕەتکردنەوەی شۆڕشی دەزانی. مێژوونووسانی فەرمیی مارکسیزم ئەو خاڵە ناڵێن، ئەندامانی سەرەکیی یەکێتی کۆمونیستەکان لە لەندەن، کە مارکس و ئەنگلس بەخۆشیان ئەندامی ئەو بوون، ئەوانیان دەرکردن.

کاتێك مارکسیستەکان ئەوە پەسەنددەکەن، لە بارەی دەرکردنی مارکس و ئەنگلس لەنێو یەکێتی کۆمونیستەکان بدوێن، بە بڕیاری ئاراستەیەکی "چەپڕەوانە" ناویدەبەن، کە ئاوای دەبینی دەتوانرێت لە هەر ساتێکدا شۆڕش بەڕێخرێت. هەرچەندە ئەو لێکدانەوەیە نادروست نییە، بەڵام هۆکارەکانی دەرکردنی مارکس و ئەنگلس واوەتر لەوە بوون، کە زۆر سەرنجراکێشن. ئەو بەڵگانەی کە بۆ دەرکردنی مارکس و ئەنگلس خرانەڕوو، ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە هەڵوێستی ئەوان لە سەردەمی شۆڕش هەیە:

یەکەم: "یەکێتی کۆمونیستەکان دەبێت ڕێکخراوێکی بەهێز بێت، کە خۆی بە نەیاریی نێو چوارچێوەی بڵاوکراوەکان" ڕازینەکات. لێرەدا بە چالاکی مارکس و ئەنگلس لە ڕۆژنامەی لیبراڵی ڕاینی نوێ ئاماژەدەدرێت.

دووەم: "مارکس و ئەنگلس دەستەیەکیان لە نیوە ئەدیبان هەڵبژاردووە، کە بوونەتە لایەنگری ئەوان، تاکو شەیداییان بۆ دەسەڵاتی ڕامیاریی داهاتوویان دابڕێژن.".

سێیەم: "ئەم شازادە ئەدیبانە ناتوانن بۆ یەکێتی کۆمونیستەکان بەکەڵکبن و ڕێکخراوبوونی ئەو ئەستەمدەکەن"، مارکس و ئەنگلس لە یەکێتی کۆمونیستەکان بۆ ئامانجە کەسییەکانی خۆیان کەڵکوەردەگرن و کاتێك کە پێویستبکات پشتگوێیدەخەن. لێرەدا بە بڕیاری یەکلایەنەی مارکس و ئەنگلس ئاماژەدەدرێت، کە بە کەڵکوەرگرتن لە دەسەڵاتیان لەنێو کۆمیتەی نێوەندی، یەکێتی کۆمونیستەکانیان هەڵوەشاندەوە، تاکو پێگەی ئەندامەتییان بە بەشداریکردن لە دەستەی سەرنووسەریی ڕۆژنامەی ڕاینی نوێ تەختبکەن.[٢٠].

کێشمەکێشەکانی یەکێتی کۆمونیستەکان جارێکی دیکە بیست ساڵ دواتر لەنێو ئەنجومەنی نێونەتەوەیی زەحمەتکێشان دووبارەبووەوە [کە مارکیسیستەکان بە نێونەتەوەیی یەکەم ناویدەبەن- ڕۆشنکردنەوەی وەرگێڕ]. بەڵام لەنێو ئەنجومەنی نێونەتەوەیی زەحمەتکێشان ئەوە مارکس نەبوو، کە دەرکرا، بەڵکو ئەو بوو کە تەواوی بزووتنەوەی کرێکاریی جیهانی دەرکرد.

مارکس ڕایگەیاند، کە پڕۆلیتاریا لەنێو شۆڕشی ئاڵمانیا نەیدەتوانی دەسەڵات وەربگرێت و ئەگەر ئاوای بکردایە، ناچاردەبوو بەرنامەیەك پیادەبکات، کە بەرنامەی خۆی نەبوو. دەبوو بۆلشەڤیکەکان سەرنجی ئەو گوتەیەی مارکس بدەن، بەڵام بەو جۆرە نەکرا. تێڕوانینی مارکس تەواو دروست بوو و بە تێڕوانینی بێچەندوچوون دەگات، کە چینی کرێکار لە بارێکدا نەبوو، کە ساڵی ١٨٤٨ دەسەڵات وەربگرێت. بەڵام لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە. پرسیار لە ئەوەیە، بزووتنەوەی کرێکاریی ئاڵمانیا، کە بە گوتەی ئەنگلس "جەماوەری" بزوا و "کۆمەڵێك هاوپەیمانی پێکهێنان"، بۆچی نەیتوانی دەست بە ئەزموونکردنی هەنگاوی سەربەخۆ بکات، تاکو بتوانێت داخوازییە دیاریکراوەکانی خۆی بخاتەڕوو و ئەو پێکهاتە ڕێکخراوەییانەی کە هەیبوون، بەهێزبکات؟ دواتر ڕۆزا لوكزه‌مبورگ دەڵێت، باشترە چینی کرێکار بەخۆی لە هەڵەکانی خۆی ئەزموون وەربگرێت.

هیچ چارەیەکی دیکە نییە، بێجگە لە پەسەندکردنی ئەوەی، کە هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕ لەلایەن ڕابەرانییەوە لە سەرەتای شۆڕشدا، لێدانێك بوو لە بزووتنەوەی سەربەخۆ و خۆبەڕێوەبەری کرێکاریی...
______________________________
سەرچاوەکان:
١. نامە و وەڵام، بەرگی یەکەم، لاپەڕە ٥٤٣.
٢. نامە و وەڵام، بەرگی یەکەم، لاپەڕە ٥٤٠ و ٥٤٣.
٣. ڕۆژنامەی Deutsche - Brüsseler - Zeitung ژمارە ٢٨ و ٣١ی ئۆکتۆبەر و ژمارە ١١، ١٨ ٢٥ی نۆڤەمبەری ١٨٤٧.
٤. بەپێچەوانەوەی میخائیل باکونین، کە بەڕۆشنی "ماتریالیزمی زانستی" دەکاتە سەرچاوە.
٥. مێژوونووسانی ئەو سەردەمە لەوانە Guizot، Augustin Thierry، Mignet و هیدیکە.
٦. سەرنجی "١٨٤٨ یا شۆڕشی ١٧٨٩ تێکشکاوی وردەبۆرجوازی ئاڵمانی" نووسینی (ڕێنە بێرتیە) بدە، لە پەرتووکی ئەنارکیستەکان و شۆڕشی فەرەنسە، چاپکراوی le monde libertaire، ساڵی ١٩٩٠.
٧. هەمان سەرچاوە.
٨. مارکس، ئەنگلس و شۆڕشی ١٨٤٨، نووسینی فێرناندۆ کلۆدن Fernando Claudín، چاپی ماسپرۆ، لاپەڕەی ١٣٣.
٩. هەمان سەرچاوە.
١٠. هەمان سەرچاوە.
١١. باکونین ، دەوڵەت و ئەنارکی، بەرگی چوارەم، لاپەڕەی ٣٢٢.
١٢. ئەنگلس، چەند وشەیەك لەبارەی کورتە مێژووی یەکێتی کۆمونیستەکان، ساڵی ١٨٨٥، کۆمەڵەی نووسینەکان، بەرگی سێیەم، لاپەڕەکانی ١٩١ و ١٩٢.
١٣. ئەنگلس ، مارکس و ڕۆژنامەی ڕاینی نوێ Neue Rheinische Zeitung، کۆمەڵەی نووسینەکان، بەرگی سێیەم، لاپەڕەکانی ١٧١ و ١٧٢.
١٤. ئەنگلس، پێشەکی بۆ چاپی ئیتالی مانیفێست، بڵاوکراوە لە کارڵ مارکس، نووسینەکان، چاپی Pléiade، بەرگی یەکەم، لاپەڕەی ١٤٩١.
١٥. دەوڵەتگەرایی و ئەنارکی، بەرگی چوارەم، لاپەڕە ٣٢٠.
١٦. لەتەك ئەنجومەنی دێمۆکراسی، کە مارکس لەتەکیدا پەیوەست بوو، بە هەڵە وەرنەگیردرێت.
١٧. سەرنجی هەمان سەرچاوەی پێشووتری فێرناندۆ کلۆدن، لاپەڕەی ١٣٢ بدە.
١٨. ترۆتسکی لەبارەی ڕابەرانی کۆمونیست لەنێو شۆڕشی ڕوسیە بەڕادەیەك هەمان شتی گوت.
١٩. سەرنجی سەرچاوەکەی کلۆدن بدە.
٢٠. سەرنجی لاپەڕە ٣١٣ سەرچاوەکەی کلۆدن بدە.

ئەم نووسینە بەشێکە لە پەرتووکێك بەناوی "باکونین'ی ڕامیار: شۆڕش و دژەشۆڕش لە ئەوروپای نێوەندیی"، کە ساڵی ١٩٩١ ڕێنە بێرتیە René Berthier بڵاویکردووەتەوە.

تێبینی: لە وەرگێرانە فارسییەکەدا کورتەیەك لەبارەی ژیانی نووسەر (ڕێنە بێرتیە) و نووسینەکانی ئەو نووسراوە، من بۆ ئەم وەرگێرانە کوردییە بە پێویستم نەزانی.

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک