په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١٢\٢٠١٣

کاتێک رۆژنامەوان گیانبازیی بە ژیانی خۆیەوە دەکا؟!


ستار محەمەد قادر   


ئێمە هەر هەموومان باش ئەو راستیە دەزانین، لە پێناو ئەوەی ئەم کاروانە بگات بە وێستگەیەک بۆ ئەوەی دڵی شەهیدانی قەڵەم تێیدا ئارام بگرێت و ئاسوودە ببن بەوەی کە خوێنی ئەوان بەهەدەر نەڕۆیشتووە، قووربانی زیاترو زیاتری لێمان دەوێت، قووربانی لە پێناو ئەوەی جارێکی تر ئەو تراژیدیا ترسناکە خۆی دووبارەو دە بارە نەکاتەوەو هیچ کەسێک جورئەتی ئەوە نەکات وەڵامی ووشە بە گوولەو تیرۆرکردن بداتەوە، قووربانی لە پێناوی ئەوەی کاری رۆژنامەگەریی لە لایەن دەسەڵاتداران و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێ ئەرزش نەبینرێت، بەڵکو لەشوێن ئەوەی بیر لە شکاندنی قەڵەم و کپکردن و کڕینیان بکەنەوە، بەدوادا چوون بۆ بابەتەکانیان بکرێت، قووربانی لە پێناوی ئەوەی یاسا سەروەر بێت و کەس لەسەرووی یاساوە نەبینرێت، قووربانی لەپێناو سەربەخۆیی دادگاو دادوەردا، قووربانی لە پێناو بەرجەستەکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا!


بە یەقینەوە رۆژنامەوان نایەوێت ببێت بە پاڵەوان تا لەبەردەم خەڵکی هەژارو دەسەڵاتداراندا هێزی ماسوولکەکانی نمایش بکات، بەڵکو دڵسۆزی بۆ پیشەکەی ئەوەی لێدەخوازێت بە ئەرکی سەرشانی خۆی هەڵبستێت، ئەی ئەگەر کاری رۆژنامەوان ئەوە نەبێت کە گەندەڵی بەرپرسە حزبی و حکومیەکان ئاشکرا بکات، خۆ نابێت تەنها خەریکی نووسینی پەخشان و داڕشتن و ریزکردنی ووشە ببێت؟!


حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە باڵا دەستەکان دەبێت باش لەوە تێ بگەن؛ ئەوەی روو دەدات، دەرەنجامی ئەو فەزا پڕو کارتێکراوەیە لە فەوزا کە دەسەڵاتێکی بێ رەهایان بەخشیوە بەو پاڵەوانانەی وا لە زوبانی هەڕەشەو کووشتن و تۆقاندن زیاتر هیچ شتێکی تر نازانن و بێ گوێدانە گۆڕانکاریەکان هەر وەکو سەردەمی شاخ مامەڵە لە گەڵ هەموو شتێکدا دەکەن و خوازیارن خاوەن قەڵەمەکانیش وەکو ماستاو چیەکانی بەردەستیان هەر خەریکی ستایشکردنیان ببێت، ئەوانەی وا میللەت بە مێگەل دەزانن و سەرەڕای پاشۆڵ پیسیان دەیانەوێت وەکو ئایەتێک لە قورئان تەماشا بکرێن؟!


بمانەوێت یان نا، پەنجە بردن بۆ رووخاندنی ئەو دیوارەی وا بۆ رۆژنامەوانیان درووستکردووە، جگە لە هەڕەشەو چاو سوورکردنەوەو دوا جاریش تیرۆرکردن ناکرێت چاوەنواڕی شتێکی دیکەی لێ بکەین، ئەویش لەبەر ئەوەی لەدوای ئاشکرا کردنی گەندەڵی هەر گەندەڵ کارێک، هیچ دام و دەزگایەک بە دەسەڵاتی دادوەریشەوە ناتوانێت لێپێچینەوە لە شتێکی لەو جۆرە بکات، بۆیە بە مەرگی رۆژنامەنووسان کۆتایی پێدێت!


هەڵبەتە هەر هەموومان ئەوە دەزانین کە دەبێت لە نووسینەکانماندا تەنها ئاماژە بە بوونی گەندەڵی بکەین لە هەرێمی کوردستاندا، لێ پەنجە بردن بۆ ئاشکرا کردنی رووی راستەقینەی هەر گەندەڵکارێک، جگە لە گیانبازی و موجازەفە بە ژیانی خودی خۆمانەوە، چاوەنواڕی هیچ شتێکی باشی لێ ناکرێت، بێ گومان ئەوە تەنها مرۆڤە ئازاکانن دەتوانن تابۆکان بشکێنن و لە پانتاییەکدا ئیش بکەن، کە ئەهریمەنەکان لە بۆسەدان بۆیان و بە جۆرەها شێوە رووبەڕوویان دەبنەوە، ئەوە مرۆڤە رچە شکێنەکان، لە هەر بوارێکدا کار بکەن و لەهەر شوێنێکدا ببن، مرۆڤگەلێکی ئازان، چونکە ئەوان لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتیدا ئامادەن بە گیانی خۆیان قووربانی بدەن، ئەو مرۆڤە ئازایانە لەهەر شوێنێکی دونیادا ببن، پاڵپشتی و هاوکاری دەکرێن و وەکو سیمبۆڵێک تەماشا دەکرێن، بەداخەوە لەم وڵاتەی ئێمەدا لەنێو ماڵی خۆیاندا تیرۆر دەکرێن؟!


کاوە گەرمیانی نە دوا شەهیدی ئەم کاروانە دەبێ و نەش ئەوانەی وا هەر هەموو ژیانیان سەرقاڵی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان بوونەو هەرگیز لە کووشتنی مرۆڤ سڵیان نەکردووەتەوەو بە ئارەزووی خۆیان هەر چییان ویستبێت ئەنجامیان داوە، وانە لە تیرۆرکردنی کاوەی شەهیدەوە وەردەگرن، بە پێچەوانەوە بێدەنگی کۆمەڵگە دەرگەیان بۆ دەخاتە سەر پشت بۆ ئەوەی لەوە زیاتر رووبەڕووی ئەو خاوەن قەڵەمانە ببنەوە وا ئامادەن گیانبازی بە ژیانی خۆیانەوە بکەن و بە تراژیدیا ترین شێوە بە مەرگ ئاشنایان بکەن؟!

 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

________________________________________________

بۆ دیتنی سەرجەمی بابەتەکانی دۆسیەی شەهیدی پێنووس (کاوە گەرمیانی) لێرە کرتە بکە:

http://www.emrro.com/dosyeykawe.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک