کات
ئێمە، یان ئەو...!

ستار محەمەد قادر
کات ئەو گەنجینە پڕ لە نهێنییەیە، گەر بمانەوێت مانایەک بە بوونمان،
ژیانمان ببەخشین، هیچ کاتێک بەهەدەر نادەین، بەڵکو هەر لەڕێگای ئەو
زانیاریانەوە کە لەدەلیڤەی کاتەکانمانەوە بە دەستی دێنین، دەتوانین پەی
بە زۆرێک لە نهێنییەکانی ئەم گەردوونە ببەین و مرواری لە قووڵاییی
دەریاچەکانەوە دەربهێنین و لە گەردنی ئەستێرەیەکی بدەین، ئەگەریش
کاتەکانمان لە ناخی خۆماندا فەرامۆش کرد، ئەوا مانایەک، رستەیەک مانا
نامێنێ، گوزارشتی پێ بکەین لە بوون و خودی خۆمان!
من کات بە مەملەکەتی دەستەبەرکردنی خەونەکان دەبینم، لەوێدا هەموو
خەونەکان واقیعین، یۆتۆپیایەکە جیاواز لەم ژیانەی ئێستا کە ئێمە بوونی
خۆمانمان تیایدا بزر کردووە.
دەکرێت ئێمە کاتمان سەربڕیبێ و خۆمانیش کوشتارگەی ببین! کە نازانین بۆ
دەبین؟ سەیرە مرۆڤ کاتەکانی بکوژێ و بە شوێن بوونی خۆیدا وێڵ ببێت! ئەی
ئەوە نییە لە هیچ شوێنێکدا ئۆقرە ناگرین، نا دەکرێت کاتەکانی ئێمە
شووشە شکاوەکان بووبێت، ئەو شووشانەی کە بەهەر لایەکدا پێنگاڤ دەهاوین
بە جەستەماندا رۆدەچێت.
چۆن دەکرێت ئێمە لەم زەمەنە سەختەدا، کە ریزبەندی هەموو داهاتەکانی
هزری ئینسانی تیایدا لە قەپان دراوە، خۆمان لە ریزی پێشەوە دەربخەین؟
بەبێ ئەوەی نەخشێکی زێڕینی کاتمان لە بەرۆکدا بێت.
کات، دیاردەکانی ملوانکەیەکە، لەگەردنی ئەو ناوانەدایە کە لە پاش خۆیان،
رووناکییان بەجێ هێشتووە، دەکرێت سەرێک لە نێوانی تەسبیحەکانی
دەستمانەوە دەربهێنین و لەو جیهانە بڕوانین کە (کاتی)تیادا کارا کراوە،
مەرج نییە روانینمان لە کات تەنها بۆ کات بێت، مەرجی سەرەکی ئەوەیە
دەبێت خۆمان بکەین بە هاوتای ئەو چرکانەی کە زەنگێکن، لە گەڵ لێدانی
دڵەکانماندا تەمەنمان بەسەر دەبەن، من تێناگەم لە بە ئاگا بوون، لە
رابوون، تا کات نەناسمەوە، ئاشنای نەبم و نەیکەم بە سومبلی بوون، چۆن
دەبێت مرۆڤ لەم کاروانە سەختەی ژیاندا، بە چاوی ئومێدەوە لە گەشەکردن،
پێشڤەچوون، بنواڕێت؟ بە بێ ئاوڕدانەوە لە (کات)، سەیرە زۆریش سەیرە،
مرۆڤ لە سێبەری خەودا بیەوێت بە ئاواتەکانی خۆی بگات و لە تاڵاوی
میحنەتەکانی تاریکایی رزگاری ببێت؟ ئایا کەسمان پرسیمان؛ بەرهەمی ئەو
تەمەنەی کە لێمان رۆیشت و بە جێی هێشتین، داهاتی چی بوو؟ رەنگە لە
کۆمەڵگا پاشکەوتووەکاندا، کاتێک نەبێت بۆ کات! دەکرێت لە ئێستاوە
بپرسین؛ ئایا کات چییە، دەبینرێت؟ یان هەستی پێدەکرێت؟ یان کات بریتییە
لەو چرکە ساتانەی کە لەگەڵ درووستکردنی هەر بازنەیەکدا، بەشێکی چاک لە
تەمەنمان دەبڕێت و جیای دەکاتەوە لەو ژیانەی کە بەبێ لەبەر چاوگرتنی لە
کیسی خۆمانی دەدەین.
رەنگە ئێمە هێندە سەر قاڵی خۆمان ببین، نەپەرژێینە سەر ناسینی شتەکان،
سەرقاڵییەک کە نە"کات" سوودمان لێ دەبینێ و نەش سوودمان بۆ "کات"ەکانی
خۆمان دەبێت، "کات" لە کۆمەڵگای ئێمەدا شوێنێکی بۆ دەستنیشان نەکراوە
تا ئارامی تیادا بگرێت، بۆیە دەبینین بەبەردەوامی هەمان گۆڕانکاری
دووبارە دەبنەوە، بەستەزمان کات، دەمانبڕێت بەبێ ئەوەی بە خۆمان بزانین!
بەبێ ئەوەی بیرمان لە بڕینی کاتیش کردبێتەوە، دەکرێت بپرسین کات لەکوێی
ئێمەدا جێگیرە؟ لەچی پەنایەکدا خۆی حەشارداوە، جارێ ئێمە پەیمان پێی
نەبردووە؟ یان کات وەرزێکی خۆی هەیەو لە گەڵ باراندا دەبارێت؟ جارێ
ئاسمانی ئێمەی نەتەنیوە، تا ببارێت بەسەر رۆحمانداو لە خەوی غەفڵەت بە
ئاگامان بێنێت!
ئێمەی کورد باس لە زۆرێک لە شتەکان دەکەین، دەمانەوێت گۆڕان بەرجەستە
بکەین، بەبێ ئەوەی ئاوڕ لەو زەمەنە بدەینەوە کە لە لگاوی رۆژانەدا
دەیاندۆڕێنین، زۆران لە گەڵ رووداوەکانی رۆژگاردا بەبێ بەکارهێنانی (کات)
وەکو فشارێک کارێکی سانا نیە، ئایا مێژووی ساڵانی رابردوو، ئەزموونەکان
هیچ جۆرە بیرکردنەوەیەکی لەلای ئێمە چێ کردووە، تا کێبڕکێیەک لەگەڵ
کاتدا بکەین؟ ئایا کات تایبەتە بەبەشێک لە کۆمەڵگا، یان ئەرکێکە لە
ئەستۆی هەمووندایە؟ ئایا ئێمە لە بارتەقاماندا بووە کات رابگرین؟ یان
ئەو هەمیشە دەورێکی کارای هەبووە لە چەق بەستنی ئێمەدا؟ دەکرێت ئێمە لە
بەرایی هەر گۆڕانکارییەکدا بگەڕێینەوە بۆ لای (کات) و داوای پۆزشی لێ
بکەین، هەرچەندە بەئەمڕۆیشەوە "کات" لە کەتواری ئێمەدا بوونی نییە!
بۆیە لەلای زۆرێک لە ئێمە قسە کردن لەسەر"کات" دەبێت بە مایەی چێکردنی
جۆرێک لەسەراسیمە، یان ریسکێک درووست دەکات، کە لە پاش روودانی
رووداوەکان قسەیان لەسەر دەکەین.
کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان، ئەهریمەن ئاسا پەییان بە "کات" بردووەو
زەمەنێکە لە دەلیڤەی ئەوەوە خۆیان لە زوڵمەتی قەدەرە بێ پاساوەکان
قووتارکردووە.
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە زەنگێک لێ بدەین، وەکو زەنگی کڵێساکان، بانگێک
بدەین وەکو هی مزگەفتەکان، زەنگ و بانگێ کە فراژوومان بکات لەو
مەرگەساتانەی کە زەمەنێکە بێ ئاگاین لێیان، زەنگێک؛ زەنگی رابوون،
بیرکردنەوەو بیرکەوتنەوە، لە پێناو بناغەکردنی" کات" بۆ ئەنجامدانی هەر
پرۆژەیەک، بڕیارێک کە دەدرێت، یەکێک لە مەرجەکانی، بێ زوڵمەتی بێت، یان
لە ترادسیۆنی ئێمەدا (کات) بێ حیشمەتترین شتە، بۆیە بەبەردەوامی بەدەم
وەزەنەوە دەتلێینەوە!
رەنگە کات بە نیسبەت ئێمەوە، بریتی بێت لەو گۆڕستانەی کە تەمەنی خۆمانی
بە زیندووی تێدا بنێژین، بیکوژین، یان ئەو قەدەرە تاریکستانە بێت کە
خەوەکانمانی زۆر گران کردبێت، بۆ ئەوەی "کات" شۆکێک لە دەروونمان چێ
نەکات، چاوەکانمان لێک نا، نووستین، نووستین، لە خەونێکی تەمەن درێژدا،
زەمەنێکی خایاند، رانەبووین، تا لەژێر تارمایی پەڵە هەورێکی رەشدا، کە
رووناکی بۆ ماوەیەکی زۆر لە دونیاماندا نەهێشت، پێڵووی چاوەکانمان بە
ئاستەم هەڵبڕی و دووبارە نووستینەوە.
زەمەنێک ئێمە نووستووین، ئەگەر بە ئاگاش بووبین، تارمایی ئەو پەڵە
هەورە رەشە، خەوەکانمانی قوورستر دەکرد، نەیدەهێشت پێنگاڤەکانمان
ببینین، بۆیە زۆر جار بەدەم وەنەوزی خەونیشەوە هەر رێمان دەکرد، وەلێ
بەبێ هەژماردنی"کات" تا لەحەسرەتەکانی خەیاڵاتدا، خەونەکانمان بوون بە
ژەهرو واقیعێکی تاڵی بۆمان بەجێ هێشت.
بە بۆچوونی من هەموو کارەساتەکان، مەرگەساتەکان، لە فەرامۆشکردنی کاتدا
دەبینم، لە دووماهی قسەکانمدا بە تێڕامانەوە ئەوە دەخوازم کە"کات"بکرێت
بە تایتڵی هەموو پێنگاڤەکانمان، تا بتوانین لە ستایلێکی نوێدا
گۆڕانکاری بەرجەستە بکەین، تا چیتر لە بازنەیەکی داخراودا هەم خۆمان و
هەم ئەو کاتانەی کە دەبێت رووبەڕووی ئەرکەکانمان ببینەوە نەچەپێنین،
بۆیە هەموو رووداوەکانی رابردوو بەجێ دەهێڵم و روو دەکەمە
ئیمپراتۆریەتی "کات"، (کە تا دونیا، دونیا بێت، کۆشکی ئاوەدان و
دەسەڵاتی فراوانتر دەبێت، ئەگەر هەریەکێکیش لە ئێمە لە خزمەتی"کات"
ئەودا نەبین، دەبێ لە خزمەتی خزمەتدارانی"کات"دا ببین)!
تێبینی ئەم وتارە لە ساڵی2005 لەرۆژنامەی باسەرە لە ژمارە125دا
دابەزیوە.
Star_qadr@yahoo.com
|