په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٣\٢٠١٧

کاتی ئەوە ھاتوە ناڕەزایەتییەکانی خۆمان یەک بخەین.*


دەشتی جەمال     
 

ژنانی دڵ پر لە ئۆمید..
ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان..
ھەڵسوراوانی داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان..


بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیھانی ژنان، ڕۆژی خەباتو ناڕەزایەتی وراوەستانەوەو دژ بە ستەمکیشی و ھەڵاواردن وبێمافی وژێردەستەی ژنان لە ھەموو ئێوە و سەرجەم ژنانی دنیا پیرۆزبای دەکەم.


لەم دەرفەتەدا من نامەوێت لەسەر مێژووچەی ٨ی مارس قسە بکەم ، نامەوێت لەسەر سەرچاوەکان وریشەی ستەمکیشی و ھەڵاواردنی ژنان لێکدانەوە بکەین.. ھاوکات ناشمەوێت لەسەر دەوری ڕێکخراوەکانی ژنان وزعف و کەموکورتیەکانی جوڵانەوەی ژنان بدوێم... بەڵکۆ لەسەر تایبەتمەندیەکی دۆخی ئیستای ژنان دەمەوێت قسە بکەم کە ئەمڕۆ چ ھێرشێکی ھەمەلایەنە لەسەراسەری دنیا بۆ سەر دەستکەوتەکانی ژنان تەوژم ئەدات... ئەو دەستکەوتانەی کە بەرھەمی خەباتی نەپچڕاوی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز وئازادیخواز، چەند سەدە بەر لەئێستە بەدیھاتوە و خەریکە ھەنگاو بە ھەنگاو پاشەکشەی پێدەکرێت و جوڵانەوەکانی ژنانی خستۆتە نێو چوارچێوەی بەرگریکردنەوە لەو دەستکەوتانە.


لەدۆخێکدا کە نیو لیبرالیزم وراست وفاشیستەکان، ترامپ دەگەیەنێتە کورسی دەسەڵات لە ئەمریکا لەگەڵ ئەوەی کە تێڕوانینێکی تائەوپەڕی قێزەونانە بەرامبەر بە ژنان و بە پەنابەران وخەڵکی موسوڵمان وکەمایەتیەکانی دیکە بەیان دەکات، لەگەڵ ئەوەی کە کەسێک کە ٢٦ ھەزار پەلاماردانی سێکسی و تەحەروش دژی ژنان لەنیو سوپاکەیدا بە ئاسایی لەقەلەم دەدات ..کەسێک کە تێڕوانینێکی سێکسی زیاتری بۆ ژنان پێ نیە ،کەسێک کە بڕیاری سزای بۆ ژنان ھەیە کاتێک بە ئیختیاری خۆیان مناڵ لەبار بەرن..کە پشووی رەسمی بۆ مناڵ بوون تەنھا ٦ ھەفتە پشوو و پارەی تەواوی بۆ بە ڕەسمی دەناسێنێت...لە دۆخێکی وا لە نێو جەرگەی ئەوروپادا چەند ھەفتە بەر لە ئێستە جانۆز کوردین پەرلەمانتاری پۆڵۆنی بەئاشکرا دەڵێت "ژنان دەبێ کەمتر لەپیاوان پارە وەربگرن لەبەر ئەوەی لاوازترن، بچوکترن و کەمتر زیرەک و بەھۆشن".


چ کارەسات و شەرماوەرێکە کاتێک دوای چەند سەدە لە خەباتو تێکۆشان وناڕەزایەتی بۆ بەدیھێنانی مافە فەردی ومەدنیەکانی ژنان، کە چی ئەمڕۆ شالاوێکی گەورە بۆ سەر ئەم دەستکەوتان لە ئارادایە ...تایبەتمەندی ٨ی مارسی ئەمساڵ دەنگ ھەڵبڕینی ناڕەزایەتی ژنان بوو بەم ھێرشە بەربڵاو وستەم وھەڵاواردن ونایەکسانیە لەدنیادا..ھەروەک بینیمان ژنانی ئەمریکا دەنگی ناڕەزایەتیان ھەڵبڕی و ناڕەزایەتیەکانی خۆیانیان لە ژێر ناوی " رۆژێک بە بێ ژن" راگەیاند.. لە ئەمریکا تا تورکیا وپاکستان ..وڵاتانی دیکە بەرامبەر بەم ھەلومەرجەی سەرمایەداری دەنگی ناڕەزایەتیەکانی خۆیان یەکخست.


ئەگەر ئەمە تایبەتمەندیەکی ھەلومەرجی ژنان بێت لە دنیادا، ئاخۆ ھەلومەرجی ژنان لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی دەبێت چ جەھنەمێک بێت بۆ ژنان ومافەکانیان. لەو وڵاتانەدا کە یاسای دینی وکەلتوری کۆنەپەرستی وپیاو سالاری باڵا دەستە،‌ ستەمکێشی ژنان وژێردەستەیی و جیاکاری جنسی چ کارەساتێکی کردۆتە بەشی ژنان.. بەداخەوە ئەمساڵ لەگەڵ بنبەستی دەسەڵات وداشکانەوەی قەیرانێکی کوشندە بەسەر خەڵکی کوردستاندا، سەرباری گرانی وھەژاری و بێکاری وبێ موچەیی وفەساد و تاڵانی ئاشکرا، سەرباری جێگیرکردنی یاسای دواکەتو کۆنەپەرستانە، ئەوا ئامارەکانی کوشتن و ئەتکردن و تەحروشکردن وسوتاندن و ئیختیساب نەک رووی لە ھەڵکشانکردوە بگرە لەسایەی دەسەڵاتی ناسیونالستی کورد ودەسەڵاتی خۆماڵیدا بەئاشکرا ئەمساڵ شاھیدی ئەوە بوین کە پیاوێک چۆن خیزانی خۆی بەپشتی سەیارەوە رادەکیشێت لەبەردەم رای گشتیدا ..زیاتر لەمە ئەگەر تا دۆێنی کچانی خوار تەمەن ١٨ ساڵی ئاوارەی ناوخۆ لە لایەن باندە بازرگانەکان و ئەوانەی کەبازرگانی بە جەستەی ئینسانەوە دەکەن،‌ کڕێن و فرۆشتنیان بە کچان و ژنانی ناوخۆ دەکرد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ئەوا ھەر ئەمرۆ بەجۆرێکی تر دیاردەی بەشودانی مناڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لەکوردستان وعێراق راچڵکێنەرە و ئاوارەکانی ناوخۆ وە ‌کەمپەکانی پەنابەرانیشی گرتۆتەوە. بە شێوەیەک بەھۆی خراپی ژیان و گوزەرانی خێزانەکان لەکەمپەی ئاوارەکاندا بە ناچاری دەیان خیزان ناچار بە شودانی مناڵەکانیان کراون و رێکخراوە جیھانیەکانی ھێناوەتە سەر خەت کە دەنگی ناڕەزایەتی دەربڕن، پێوستە سنورێک بۆ ئەم تاوانانەی دژ بە مناڵان لە کەمپەکانی پەنابەران بەڕێوە دەچێت دابنرێت وە ئەوە بانگەوازی ھەمووان دەکات فشارەکانمان توند بکەینەوە بۆ سەر حکومەتی عێراق و ھەرێم کە بەیاسا دەستی ئەم تاوانانە لەسەر مناڵان قەدەغە بکات، بەشودانی مناڵان پێشێلکاری ڕاستەوخۆیە بەرامبەر بە مافەکانی منالان و دەبێ وەک بەشودانی زۆرەملێ تەماشا بکرێت.

 

لە پاڵ ئەو راستیانەوە فەزای جەنگ وکاولکاری بەیەکجاری ژیانی ژنان ومنالانی ھاڕیوە، جەنگێک کە ئەمڕۆ لە رۆژھەڵاتدا بەتایبەتی لە موسڵ بەناوی رزگاری و لەناوبردنی داعشەوە لەلایەن دەوڵەتانی ئیمپریالیست و ناوچەکەوە بەڕێخراوە، بەسەدان ھەزار خەڵکی ئاوارەو دەربەدەر کردووە بەھەزارانیش لە کەمپەکاندا بەدور لە ھەر خزمەتگوزاریەکی سەرەتایی یەخسیر کردووە ..ژنان ومناڵان زۆربەی زۆری ئەم دۆخەن و رۆژانە لە ھەموو لایەکە وە دەبنە قوربانی...


نابێ ئەم دۆخە تەحمەول بکرێت، گۆڕینی ئەم دۆخە لەگرەوەی ھاتنەمەیدانی ژنانی یەکسانیخوازو ئازیخوازیدا لە گرەوەی دەست بردنە بۆ ریشەکێشکردنی ئەو سەرچاوانەی ستەمکێشی ژانانو ھەڵاواردنیان بەرھەم دەھێنی... ناتوانرێت بە تەنھا بە کەمپەینو ئیمزاکۆکردنەوە و ۆرک شۆپ وچالاکی دیکە نێو رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کۆتای بەو دۆخە کارەسبارە وژینگە دژە ژنە بێنێت... کاتی ئەوە ھاتوە ناڕەزایەتیەکانی خۆمان یەک بخەین لە رێکخراوەیەکی ژنانی یەکسانی خوازو ئازادیخواز و رێکخراوەیەکی رادیکالی و ماکزمالیست کە خەباتی خۆی گریبداتەوە بە بەشەکانی ناڕازی کۆمەڵگاوە بۆ وەلانانی دەسەڵاتو سیستەمێک کەسەرتاپا دژی ژنو دژی ماف وئازادیەکان و خۆشگوزەرانیە و رووی لە دامەزراندی سیستەمێک بێت کە یەکسانی ھەمەلایەنەی ئینسانەکان دەستە بەر بکات.


یەکسانیخوازن وھەڵسوڕاونی بەرگریکار لە مافەکانی ژنان، ھەموو ئێوەش لەدەرەوە دەتوانن دەوری کاریگەرتان بێت بۆ یەک دەنگی ویەکخستی ناڕەزایەتیەکانمان بە و ئاراستەیەدا.

_______________________________

* ئەم وتەیە لە رۆژی جیهانیی ژنان (٨ی مارسی ٢٠١٧) لە ئاهەنگێک لە لەندەن پێشکەش کرا.

 

ماڵپه‌ڕی ده‌شتی جه‌مال

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک