په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٢\٢٠١٩

کاتژمێر سفر.

ئارام ئازاد       

 

زەمینەسازی بۆ هەر ئەگەرێک، بەرنامەیەک، بەند دەبێ بە ڕابردوو و ئاکاری ئەو زاتەی ئامادەکاری زەمینەکەیە، بە بوون و نەبوون، لەم ڕێڕەوەدا متمانەی خەڵک بە جۆرێک دروست دەبێ بە سەرکردەی پێشەوا(قائد) کە دوای بکەون و هەوڵی سەرخستنی ئەوە بدەن کە پێشەوا باوەڕی پێیەتی و ئەوەش لە پێناو ئەوەی ژیانێکی باشتریان بۆ فەراهەم بکا و ئەو خەونە ژیانەی تێیدا دەژین وەک سوارچاکی شاری خەونەکان بکاتە ڕاستی یاخود بە دیوە بەرامبەرەکەی کەسێکی ون بو لە شاری خەونەکان بیهێننەوە جیهانی ئەمرۆ و تێی بگەیەنن خەیاڵ شتێکە و واقیع شتێکی تر پێش ئەوەی کاتژمێر سفری بەسەر دا تێپەڕ ببێ بۆیە وا باشترە ئاوا لە خۆمانی بگەیەنین کە پیشە هەر پیشەیە هەر کەسێ بیکا و لە هەر شوێنێک دا بێ بەڵام داهێنان لە پیشە بەهرە و بەهرەمەندی دەوێ لە هەر شوێنێک دا بێ ، ئەمە دەکرێ وەک پێوانەی ژیری بۆ دەست نیشان کردنی رابەر پێوانە بکرێ ، ئەم پێوانە کردنە مەجالی رەخنەی روخێنەر کەم دەکاتەوە ، چونکە ئەوەی دەبێتە حاکم و فەرمانرەوا بە ویستی من و تۆ و هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە دەبێت ، بۆیە هەر سیاسەتێکی هەڵە یا هەر لادانێک لە بەرژەوەندی گەل و نیشتیمان من و تۆیش بەرپرس دەبین لێیەوە ، لەو ئاراستەیەدا باشترین جۆری بیرکردنەوە ئەوەیە یەک بەرژەوەندی گەل لە ڕێگەی هەڵبژاردنی رابەرێکی شیاو بۆ رێگری کردن لە پەککەوتنی پرۆسەی دیاری کردنی رابەر و هەبوونی کەسێکە کە هەموان بتوانن وەک پشت ناوی ببەن دوو هەر بەرژەوەندی گەل لە رێگەی چاودێری کردنی رابەر و بوون بە ئۆپۆزسیۆنێکی کاریگەر بەسەر ئەو رابەرەوە.

شێوازی بەڕێوەبردن کە ئەو دیوەیە هەموو تاکێک دەیبینێ و راستەوخۆ رەخنەی ئاراستە دەکا بەڵام ئەوەی خەڵک نایبینێ و راستەوخۆ پەیوەستە بە لێکدانەوە و هۆشیاری تاک بۆ لێکدانەوە 'یاریە ترسناکە نێودەوڵەتیەکانە سەبارەت بە ئایندە و چارەنوسی وڵات' ئەو دیوە بەندە بە بەهێزی و پێشکەوتنی وڵاتێک بۆ ئەوەی کاریگەری هەبێ بەسەر ئەو وڵاتەی بێ هێزتر و کەم پێشکەوتو ترە ، بۆ ئەوەی ئەم جۆرە تەنگژەیە چارەنوسی وڵات نەخاتە مەترسیەوە پێویستە بە ژیری مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخە بکرێ نەک مامەڵەی پێوە بکرێ کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا پێویستی بە رابەری سیاسی و سەرکردەی کارێزمای خاوەن دەسەڵات هەیە بۆ ئەوەی رێگری لەم چەشنە مامەڵە پێوە کردنە بکا و کارێزمایەکەی وەک تیرێکی کاریگەر بۆ ناوەڕاستی ئامانجەکەی بەکاربێنێ بۆ ئەم مەبەستە دەتوانێ سوود لە ڕستەی سەرەتای هەموو بابەتێک کۆتایەکەی دیاری دەکات وەربگرێ ، لێرەوە چەند خاڵێک پێویستە ئاماژەی پێ بدرێ ئەوانیش ئەوەن پێویستە رابەر کۆمەڵە کەسانێک لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە کە لە داهاتودا زاتی ئەوە بکا بە شانازیەوە باسی ئەو ئەرک و لێپرسراوێتیە بکا کە پێی سپاردوون و بتوانێت بەرامبەر گەلەکەی بەو شێوەیە ئاماژەیان پێ بدا کە 'لەگەڵ ژانی گەل ژان گرتونی و لەگەڵ برسێتی گەل برسی بوون و لە کاتی خۆشیش لەگەڵ گەل ئاهەنگیان گێڕاوە' ، پرەنسیپی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو پەیڕەو بکا، بۆ پێدانی ئەرک و لێپرسراوێتی بە کەسی شارەزا و خاوەن بەهرە لە جێبەجێکردن و ڕاپەڕاندنی ئەوەی پێویستە بکرێ و بە وردی رابپەرێنرێ ، بڕیاری دروست لە کاتی دروست ، ئەوەی ئەرکی پێ دەسپێردرێ پێویستە توانای ئەوەی هەبێ لە کاتی یەکلاکەرەوە بڕیاری ژیر و یەکلاکەرەوەی لە ژێر دەست بێ ، ئەمانە هەموو لەوەوە سەرچاوە دەگرن کە تیمێک لە گەنجی خوێن گەرم بۆ کارکردن و پیری بە ئەزمونی دنیا دیدە بۆ پرس و ڕا لە سەرەتای کارکردندا بە فعلی بونیان هەبێ نە بادا ئەرک و لێپرسراوێتی بکەوێتە دەست کەسانێک کە تەنها توانای ستایشی رابەریان هەبێ بۆ خواردنی لەتێک لە کێکەکە (ئەوەش ئەگەر کێکەکە لە ئەساسدا بوونی هەبێ) و هیچیان پێ نەبێ بۆ پێشکەش کردن چونکە بنچینەی کێشەکان لەو خاڵانەوە سەرچاوە دەگرن کە بنبڕ کردنیان کۆتایەکی پڕ بەرهەم بە دەست دەخات.

ترسناکترین جۆری پیا هەڵدان کام جۆرەیە؟! ئەوەی لێی دڵنیا بین و پەی پێ ببەین ئەوەیە کە ئەو پێدا هەڵدانە نیە کە دایک و باوکێک بە منداڵە لاسارەکەیانی بدەن کە منداڵێکی لە دەست دەرچوو بە دەست دەخات یا نەخۆشێکی بارودۆخ بەرەو خراپتر بە دکتۆرەکەی دا هەڵبدات کە نەخۆشی تر بەرەو خراپتر دەبات یا جوتیارێک بە بەرهەمە خراپەکە پڕ نەخۆشیەکەی دا هەڵبدات کە نەخۆشخانەکان پڕ دەکات بەڵکو پێدا هەڵدانی کەسانێکی بێ بەهرە و هیچ لەبار دا نەبووە بە ڕەش و سپی و بە پیرۆز کردنی فڵان کەسە ، دروستکردنی ئەم جۆرە ژینگەیە بینین بەر تەسک دەکاتەوە و دەرفەتی موناقەشەی کاریگەر ناهێلێ ، ڕەنگە بۆچونی باشیش لەسەر بەشێک لە کارەکانی فڵان کەس هەبێ بەڵام بە بۆنەی کەسی پێداهەڵدەر ئەو بەشەی رەئیە باشەکە لەبەر چاو ناگیرێ وەک نەکراو و بزر دەمێنێتەوە ، هەرچەندە کۆک بوون لەسەر بابەتێک دروست دەبێ بەڵام ئەمە تەنها ڕواڵەتەکەیەتی ئەی ناواخنەکەی ! هەمیشە بیرو بۆچونی وەک یەکیش لە لق و پۆیەکانی بەریەک کەوتن لە بیروڕا دروست دەکات ئەمە خۆی لە خۆی دا ئاماژەیەکی تەندروستە بۆ ئەو تێگەیشتنەی پێویستە شێلگیرانە بەرگری لە بابەت و کەسەکان بکرێ و پێویست بە پیرۆز کردنیان ناکا.
 

 

aram.galaly95@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک