٢٨\٥\٢٠١٣
کات، لە نێوان
واقیع و هونەردا.

کاروان محەمەد فەتاح
جوانیى و سیحرى ئەدەب و هونەر لەوەدایە، کە دەتوانن کات ڕام بکەن و
دەسەڵاتیان بەسەریدا بشکێت. کات لە واقیعدا دەسەڵات و هەژموونى بەسەر
هەموو شتێکدا هەیە، تێدەپەڕێت، کەسەکان و شتەکان لەگەڵ خۆیدا دەبات،
هەندێ جار بە ئاڕاستەى ونبووندا و هەندێ جارى تریش بە ئاڕاستەى
دۆزینەوەدا دەیانبات. شوێنەکان دەگۆڕێت و دەستکاریى سیماى مرۆڤەکان
دەکات، هیچ شتێک لە جێى خۆیدا ناهێڵێتەوە و ئاڕاستەیەک لە بەردەوامبوون
دەبەخشێت، بەردەوامییەکى نزیک لە ناچارى. لە واقیعدا کات بۆتەیەکە،
هەموو شتەکانى دەرەوەى خۆى لەناو خۆیدا جێ کردووەتەوە، بە کورتى کات لە
واقیعدا باڵادەستە، بەڵام لە ئەدەب و هونەردا ئەو باڵادەستییەى نامێنێت
و هێزى خۆى لەدەست دەدات.
هەموو خۆشەویستەکانمان، ئەوانەى لە واقیعدا لەدەستیان دەدەین و لێمان
دەڕۆن و دەمرن، تەنیا برێتییەکمان بۆ هێنانەوە و زیندووکردنەوەى ئەو
کەسانە هەیە، ئەویش ئەدەب و هونەر، کە لە کاتە هەستیارەکاندا دەتوانن
بە هانامان بێن و بە کارى سەرەکیى خۆیان هەستن، ئەویش بە گێڕانەوەى
زەمەن، زەمەنێکى هونەریى ناواقیعى، زەمەنێک، کە کەسەکان بوونى واقیعى
خۆیان لەدەست دەدەن و دەبنە بوونێکى هونەرى. لە ئەدەب و هونەردا کات
ئارەزوومەندانە تێدەپەڕێت، واتا چیتر کات دەسەڵاتى نامێنێت و دەکەوێتە
ژێر ڕکێفى کەسەکانەوە، یان ڕاستتر بڵێم دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتى
دانەرانەوە (نووسەران، دەرهێنەران، نیگارکێشان و موزیکزانان.).
فیلمى (ئامێرى کاتەکە - the time machine)
گوزارشتى دەسەڵاتى هونەرە بەسەر کاتدا.
کورتەى چیرۆکى فیلمەکە:
ساڵى (١٨٩٩) مامۆستایەک بە ناوى (ئەلێکساندەر هارتدیگن) لە نیۆرک دەژى
و لە زانکۆى کۆڵۆمبى مژووڵى وانەوتنەوەیە، ژیانێکى چالاک و خۆشبەختانەى
هەیە. لە یەکێک لە ڕۆژەکانى ساڵى (١٨٩٩)دا بڕیار دەدات لەگەڵ
دەستگیرانەکەى، کە ناوى (ئیما)یە، بڕواتە دەرەوە و پیاسەیەکى پڕ لە
خۆشەویستیى بکەن، پیاسەیەک لە پێناوى ئەوەدا بۆ یەکترى بسەلمێنن ئەوان
چەند شیاوى یەکترن، چەند پێکەوە گونجاون و دەتوانن داهاتوویەکى چەند
جوان دروست بکەن. لەناو کەشێکى ڕۆمانسیدا بە یەکێک لە شەقامەکاندا
دەڕۆن. لەوبەرى شەقامەکە دووکانێکى گوڵفرۆشیى هەیە، (ئەلێکساندەر)
دەچێتە دووکانەکەوە و گوڵێک دەهێنێتەوە، لە پڕ گالیسەیەک، وەک هەوایەکى
خێرا، شێت و تیژڕەو بە لای (ئیما)دا دەڕوات و لەگەڵ خۆیدا دەبات، کەشى
ڕۆمانسییەت بە خێرایى بۆ کارەسات دەگۆڕێت. (ئەلێکساندەر) بڕیار دەدات
ئامێرێک بۆ گەڕانەوەى (ئیما) دروست بکات، بۆ ئەو مەبەستە چوار ساڵى
ژیانى خۆى بۆ دروستکردنى ئەو ئامێرە تەرخان دەکات، ئامێرى کات، بۆ
ئەوەى کات بگەڕێنێتەوە ئەو کاتەى لەگەڵ خۆشەویستەکەیدا دەستیان لەناو
دەستى یەکتریدا بوو، بەو کارەى دەیویست خۆشەویستەکەى لە مردن بپارێزێت
و بیگەڕێنێتەوە ناو ژیان. (ئەلێکساندەر هارتدیگن) بەناو ڕابووردووە زۆر
دوورەکاندا دەڕوات و (ئیما) نادۆزێتەوە، دەچێتە داهاتووە تەماوییەکان و
(ئیما) هەر دیار نییە.
فیلمەکە درێژە و گێڕانەوەى بۆ من کارێکى گران و وزەبڕە، بەڵام ئەوەى بە
لاى منەوە گرنگ بێت، قسەکردنە لەسەر تێما (بابەت)ى فیلمەکە:
گالیسکەکە ئاماژەى کاتە و خۆشەویستەکانمان لەگەڵ خۆیدا دەبات، هەوڵى (ئەلێکساندەر)یش
گەڕانى سەرسەختانەیە بۆ دۆزینەوەی ونبوویەکى ناو کات. لێرەدا شتێکى
سەیر دەبینین و ڕووبەڕووى خاڵێکى سەرنجڕاکێش دەبینەوە، ئەویش ئەوەى
لەناو شتێکدا بۆ ونبوویەک بگەڕێین، کە ئەو شتە بۆ خۆى ئەوەى ون کردووە،
کە ئێمە بە دوایدا دەگەڕێین، لەناو کاتدا بۆ کات دەگەڕێین. ئەمەش لە
مانا واقیعییەکەیدا کارێکە ئەستەم نەبێت، نزیک لە ئەستەمە (لە ئەدەب و
هونەردا شتێک نییە ناوى ئەستەمى لێ بنرێت!)، چونکە وەک (هایدیگەر)
دەڵێت: ((مرۆڤ بوونێکى زەمەنییە.)) واتا مرۆڤ بۆ خۆى کاتە، چونکە وەک
کات لە حاڵەتى بەردەوامیدایە و بەرەو داهاتوو هەنگاو دەنێت، ئەمەش
نیگەرانى دەکات، بەو مانایەى نیگەرانیمان بۆ ئەوەیە، کە کات بەرەو
داهاتوو ئاڕاستەیە و داهاتووش نادیار و تەمومژاوییە.
بۆ من وەک بینەرێک گرنگ نییە (ئەلێکساندەر) خۆشەویستەکەى دەدۆزێتەوە،
یان نا، بەڵکو ئەوەى لاى من جێى بایەخە ئەوەیە، کە هونەر دەستى مرۆڤ
واڵا دەکات، بۆ ئەوەى بە ئارەزووى خۆى یاریى بە کات بکات، بیباتە
پێشەوە و بیهێنێتەوە دواوە، تەنانەت من کاتێک تەماشاى فیلمەکەم دەکرد،
چاوەڕێى ئەوە نەبووم (ئەلێکساندەر) (ئیما) ببینێتەوە، بەڵکو هەستم بە
شتێکى گرنگتر لە پشت گەڕان بۆ دۆزینەوەى (ئیما) دەکرد، ئەوەى، کە تەنیا
ئەدەب و هونەر دەتوانن کات ڕام بکەن و بیوەستێنن، یان بیگۆڕن و یاریى
پێ بکەن، ئەویش لە پێناو ئێستاتیکا و جوانیدا و هیچى تر.
بە باوەڕى من ڕەهەندێکى ترى ئەم گەڕانەوەیەى (ئەلێکساندەر هارتدیگن) بۆ
ڕابووردوویەکى زۆر دوور، بۆ ئەوەیە، کە خۆى جارێکى تر لە ڕابووردوودا
دەستکاریى کات بکاتەوە و کارێک بکات نەهێڵێت (ئیما)ى دەستگیراندارى
گالیسکە بیکوژێت و ئەو چارەنووسە شوومەى لەگەڵ کاتدا هەبێت.
____________________________________
• فیلمەکە
لە بنەڕەتدا لە ڕۆمانى خەیاڵى (the time machine
- ئامێرى کاتەکە)ى نووسەرى ئینگلیزى (هێربێرت جۆرج وێڵز) وەرگیراوە و
لە ساڵى (٢٠٠٢)دا کراوەتە فیلم، هەرچەندە بەشێکى زۆر لە ڕۆمانەکە لە
فیلمەکەدا باس نەکراوە و گۆڕانکاریى تێدا کراوە.
ماڵپەڕی کاروان محەمەد فەتاح
|