|
٧\٦\٢٠٢٦
کایەی ئازادیی دەق.

ئەرسەلان مەحمود
دەپرسیت: زمان چی لە هەناوی خۆیدا دەشارێتەوە؟
منیش، پێچەوانەی ئەوانەی خۆڵەمێشی ڕووداوەکان دەبێژنەوە،
بەرەو کەناراوەکانی سپێتیی دەقێک دەڕۆم،
هێشتا مەرگی مانا واژۆی لەسەر نەکردووە.
ئێمە لێرە، خەریک بە نەخشاندنی بێدەنگییەکی یاخیین؛
تەمێک وەک لافاو، ڕووبەری نیشانە بەستووەکان ڕادەماڵێت،
ئەو دیوارە کۆنانە دەڕوخێنێت
دەیانەوێت باران لە چوارچێوە بگرن.
لەکاتێکدا ئەوان، مێژوو بە تەرازووە ژەنگاوییەکان دەپێون،
ئێمە لە فەزای فرەدەنگیی دەقدا،
وەک تەم لەناو دارستاندا کەم دەبینەوە؛
دەچینە ناو کایەیەکی زمانەوانییەوە
هیچ ئاسۆ و سنوورێک کۆتوبەندی ناکات.
وشەکان، بەڵێنتان دەدەمێ،
باڵندەی ناو قەفەسی گوتارە چیمەنتۆییەکان نابم،
هەموو دێڕێک لێرە، بە سەربەستییەکی کێوی و قووڵ،
بەبێ کێشکردنی باوەڕە بەردینەکان
هاتوونەتە فڕین.
دواجار، ئێمە باسی توانەوەی سنوورەکان دەکەین.
لێرە، نەک سەری بڕاوی حەقیقەت
لەسەر تەبەقی خوێناوی قوربانی،
بەڵکوو تاجەگوڵینەی چەمکەکانە
لەسەر تەختی گومان دادەنرێت؛
لەو خاکەی لە گێڕانەوە وشکەکان ڕزگاری بووە،
دەقەکان فەزایەکی کراوەی بێکەنارن،
نەک بەرد و کێو و حەساری داخراو،
بەڵکوو باهۆزێکی ئازادن
لە جێگۆڕکێی بەردەوامدا.
✦
✦ ✦
توانەوەی هێڵەکان
مایەی چەند تەڵەزەمەیەکە
تا مرۆڤ بزمارەکانی بە جەستەی جیهان دابکوتێت،
تا چیتر وەک گەڕیدەیەکی شەکەت و خەمبار نەبێت،
لەناو تۆڕی هێڵە درێژ و پانەکاندا گیر بخوات،
تەنها بۆ ئەوەی پانتایییەک داگیر بکات و
ناونیشانی ڕۆحی خۆی لێون بێت.
ئەو چیتر لە کونی کلیلێکی تەسکەوە، ناڕوانێتە جیهان،
بەڵکوو پەردەی تاریکییەکان لادەبات
تا بوون ببێتە چەمێک لە ڕووناکی.
ئەو هاوێنە و شووشەیەی سەرچاوەکانی دەشکێنێت،
حەقیقەتی بینین چیتر پێویستی
بە چاویلکەی دەستکرد نییە.
ئەو چیتر چاوەڕێی هیچ پەنجەرەیەک ناکات بکرێتەوە،
خۆی بووەتە فەزای کراوەی دەرەوە.
ئەو چیتر یوونس نییە
لە سکی تاریکیی نەهەنگدا پەلەقاژە بکات،
ڕۆحی دەریایەک
تەواوی بوون لە باوەش دەگرێت.
مروارییەکە لێرە،
نیشانەیەکی کڵۆڵ نییە لە تاریکیدا چەقۆ ئاسا نیشتبێت،
تیشکێکی یاخییە و جەستەی شەوەزەنگ هەڵدەتەکێنێت،
هەر وەک ئاوێنەیەکی شکاوی ئازاد
دەرگای مانا بەڕووی هەزاران ڕەنگدا
دەکاتەوە.
ئەو هاوار ناکات من زیندووم،
بۆ ئەوەی شوناسی خۆی بسەلمێنێت،
بێدەنگییە قووڵەکەی،
خۆی گەواهی هەبوونی ڕەهایەتییە
لەو شوێنەی تێیدا
هیچ شتێک بوونی نییە.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|