(...........)
کازم قادر سوێند به ده‌ستو په‌نجه‌ی زه‌ردی پایز گه‌ڵای زه‌رد زه‌رد ده‌قرتێنێت سوێند به شه‌پۆلی گه‌ڵا کاتێک باڕه‌ش ڕایده‌ماڵێ و وه‌ک ئاخر زه‌مانی گه‌ڵا بێت.
سوێند به بۆنی شه‌وی تاریک پڕه له بۆنی غه‌ریبی و پڕه له بۆنی ئارامی و پڕه له ماچ و عه‌شقی ناشه‌رعی (له ده‌ڤه‌رێک تێیدا زمانی ماچ ده‌قرتێنن)
سوێند به زه‌ریا.. من ده‌پرسم ئه‌و هه‌موو ئاوه‌ی له کوێ بوو؟ من ده‌پرسم ئه‌ی بۆ ئێمه هێنده تینووین؟ لێومان بۆچی هێنده وشکه.. ئه‌ی گه‌رومان بۆچی هێنده شه‌قارشه‌قار.
سوێند به پرچی سپی دایکم ئاه..باوکم هه‌رگیز نه‌یزانی ماچی بکاو باوکم هێنده بێڕه‌حم بوو جارێک نه‌یویست له پرچیداو له عه‌شقیدا خۆی هه‌ڵواسێ و خۆی غه‌رق بکا.
سوێند به ده‌ستی زبری باوکم زله‌ی زبری پیاده‌کێشام سوێند به لێوه هه‌ڵقرچاوه‌کانی نێو کاری.. ئه‌و هه‌موو ماچه‌ی ده‌کردم، سوێند به باوکم.. ئاه..هه‌ژاری خۆی چه‌ند خۆش ده‌ویست.
سوێند به ده‌ست و په‌نجه‌ی مناڵی (سوێند به ده‌ست و په‌نجه‌ی مناڵی خۆم) ئه‌و ده‌مانه‌ی له پۆلێکدا په‌نجه‌کانم له گۆ چووبوون له ڕچیندا له گیرفانما شاردبوونمه‌وه.. یه‌کێک له مامۆستاکانی (ته‌ربییه‌ت) په‌نجه‌کانی مناڵیمی دارکاریکرد ده‌یگوت کوڕم..ڕێزی مامۆستاکان بگره ئه‌ی نابینی ئێستا له وانه‌ی (ئه‌ده‌ب)داین..! منیش هه‌ر له خۆوه گوتم مامۆستا گیان ئه‌ده‌ب یانی ئاوده‌ستخانه..! یانی وانه‌ی میز ده‌خوێنین؟ مامۆستاکه‌م سه‌دان تفی له ڕۆخساری مناڵیم کرد له شه‌رمانداو یاخود نازانم له به‌رچی هه‌رچی هه‌بوو له مه‌کته‌باو له‌و پۆله‌داو له‌و ڕۆژه‌دا میزم پیا کرد.
ئۆکتوبه‌ری 2008
|