١٠\٦\٢٠١٣
کازیوە ساڵح لە
شەش مانگی رابردوودا سێ پەرتووکی بە چاپ گەیشتن.
•
لە هەموو شوێنێک
ئاسمان شینە.
''لە هەموو شوێنێک ئاسمان شینە'' کۆمەڵێک دیدار لە لایەن کۆمەڵێ
ڕۆژنامەنووسی جیاوازەوە لە گەڵ نووسەر سازدراوە ، لە دوو تۆی ٢٨٠
لاپەرەدا دەزگای سەردەم چاپی کردوە.
•
خطیبی الطینی.
''خطیبی الطینی'' کۆمەڵە چیرۆکێک بە
زمانی عەرەبی دەزگای چاپ و پەخشی ' الجمل' لە بەیروت/ لوبنان بە چاپی
گەیاندوە ، قەوارەی ئەم پەرتووکە ١٨٠ لاپەڕەیە، ئەم چیرۆکانە لە لایەن
جمعە جبارییەوە وەرگێرادراوەتە سەر زمانی عەرەبی.
•
دەزگیرانە قوڕینەکەم:
''دەزگیرانە قوڕینەکەم'' کە پێک هاتووە لە ٢٨ کورتە چیرۆک ، لە دوو توێ
پەرتووکێکی ٢٠٨ لاپەڕەیدا بە چاپ گەشت. دەزگای ئاراس بە چاپی گەیاندوە
، لە پێشانگای پەرتووک لە هۆڵی میدیا لە هەولێر و پەرتووکخانەی ئەندێشە
سلێمانی دەست دەکەوێت. چیڕۆکەکانی ناو ئەم پەرتووکە ژمارەیەکی بڵاو
کراونەتەوە و ژمارەیەکیشی لە هیچ شوێنێک پێشتر بڵاو نەکراونەتەوە.
ئەم زانیاریانە
سەبارەت بە نووسەر لە دوا لاپەڕەی پەرتووکەکاندا بڵاوکراونەتەوە.
پەرتووکە چاپکراوەکانی نووسەر:
١-
لە هەموو شوێنێک ئاسمان شینە ، کۆمەڵێک دیدار ، دەزگای ئاراس ، هەولێر
، ٢٠١٣.
٢- ' خطیبی الطینی" کۆمەڵە چیرۆک ، دەزگی چاپ و پەخشی ' الجمل' ٢٠١٣
بەیروت - لوبنان.
٣- دەزگیرانە قوڕینەکەم ، کۆمەڵە چیرۆک ، دەزگای وەشاندنی ئاراس ،
٢٠١٢.
٤- نامەکان بەر لە مردن ناخوێندرێنەوە ، کۆمەڵە چیرۆک، دەزگای وەشاندنی
ئاراس ، ٢٠٠٤.
٥- حیکمەتەکانی بە قەرەج بوونم ، کۆمەڵە چیرۆک، دەزگای زاموا چاپی
یەکەم و گۆڤاری نڤار چاپی دووەمی بڵاو کردوەتەوە، ١٩٩٨.
٦- فێمنستناسی و جڤاکی کوردی ، لێکۆڵینەوە ، دەزگای وەشاندنی ئاراس،
٢٠٠٥ .
٧- ژنی کورد لە دەروازەی هەزارەی سێهەم و سەردەمی بە جیهانی بووندا ،
کۆمەڵە وتار ، دەزگای وەشاندنی سەردەم ،٢٠٠٢.
٨- دوو هاوڕێ و جادووگەریەک ، چیرۆک بۆ مناڵان، دەزگای وەشاندنی ئاراس
، ٢٠٠٣.
٩- هاوناز و خاڵخاڵۆکە، چیرۆک بۆ مناڵان، دەزگای ئێم .ئەی. جی ، بە
هەردوو زمانی ئنگلیزی و کوردی ( سۆرانی و بادینی) بڵاوکردوەتەوە بە سەر
قوتابخانەکانی کوردستاندا ، ١٩٩٩.
١٠- باخچە ، ڕۆمان ،وەرگێران ، لە نووسینی 'مارگرێت دۆرا' لە
بڵاوکراوەکانی گۆڤاری نڤارە ، ٢٠٠٠.
١١- پرۆژەیەک بۆ تێکشکاننی بێ دەنگی لە سەر پرسی ئەنفال ، ڕاو و
بۆچوونەکانی نووسەرە سەبارەت بە کۆکوژی کورد ' ئەنفال ' ئەم دواندنە لە
لایەن ڕۆژنامەنووس تەها سلێمانەوە ئەنجام دراوە و ڕۆژنامەی ڕیگای
کوردستان ئەم پەرتووکەی چاپ کردوە ، ٢٠٠٨.
١٢- بەشداریکرسنی نووسەر لە پەرتووکی" گفتووگۆ لە سەر خوانی خوێنین"
دیالۆگی کۆمەڵێک نووسەرە سەبارەت بە پرسی ئەنفال و جینۆسایدی کورد ، لە
سازدانی حەمە کاکە ڕەش ، لە بڵاوکراوەکانی ڕۆژنامەی هاوڵاتی ، ٢٠٠٧.
ئەزموونی ڕۆژنامەنووسی:
١- لە ساڵی ١٩٩٨ گۆڤاری " نڤار" ی دەرکرد ، گۆڤاریەکی فکری و تیوری بوو.
ئەم گۆڤارە ڕووبەڕووی دوو جۆر کێشە بوویەوە : یەکێکی یاسایی لە بەر
ئەوەی یەکەم ژن بوو گۆڤارێک دەربکات لە کوردستاندا، تا ئەو کاتە
وەزارەتی ڕۆشنبیری یاسایی مۆڵەتدانی بە تاک و ژن نەبوو، پێێ گوترا
مۆڵەت بۆ کەسی 'مادی و مەعنەوی' ئەبێت ، بۆیە ناچار بوو پیاوێک بکات بە
خاوەنی ئیمتیاز . دووەم کێشەی توندڕەوەکان کە ڕووبەڕووبونەوەی فکری و
دیالۆگیان پێ پەسەند نە ئەکرا... ئەم گۆڤارە لە ژێر ئەم جۆرە فشارانەدا
لە ساڵی ٢٠٠٠ داخرا.
٢- ساڵی ٢٠٠٠ گۆڤاری ' نوێکار' دەرکرد وەکو سەرنووسەر و خاوەنی ئیمتیاز
، گۆڤارێکی فکری ، تیوری و ڕاڤەیی بوو ، بایەخی بە کێشەکانی کۆمەڵی
مەدەنی و بە جیهانی بوون ئەدا ، بەردەوام بوو هەتا ٢٠٠١ و بە جێهشتنی
کوردستان لە لایەن نووسەرەوە.
٣- ساڵی ٢٠٠٧ بەڕێوەبەری نووسینی ڕۆژنامەی ' ئەمڕۆ ' بووە.
٤- ساڵی ٢٠٠١ یەکەم ئافرەتی کورد بووە بانگههێشت کراوەو سەفەری میسری
کردوە بۆ کاری ڕۆشنبیری و پاشان لوبنان .
ئەو خەڵاتانەی نووسەر وەریگرتوون:
١- خەڵاتی یەکەمی ڤێستڤاڵی ' ئامێتا ' بۆ ئەدەب و هونەر ساڵی ٢٠٠١.
٢- خەڵاتی یەکەمی ڤێستڤاڵی ' ئامێتا ' بۆ ئەدەب و هونەر ساڵی ٢٠٠٢.
٣- خەڵاتی حزبی سۆشیالستی کوردستان بۆ ' ڕۆژنامەنووسانی چالاک' ساڵی
٢٠٠٣.
نووسەر هەڵگری بڕوانامەی:
١- بەکالۆریوس لە کەمیونیکەیشن ، زانکۆی یورک، کەنەدا.
٢- دبلۆمی باڵا لە ڕۆژنامەنووسیدا، کۆلێجی شەرەدن ، کەنەدا.
٣- بڕوانامەی باڵا لە فشار و قەیرانەکانی پەناهەندە و کۆچبەر، زانکۆی
یورک ، کەنەدا.
نووسەر ئێستا خوێندکاری خوێندی باڵایە ، نیشتەجێی کەنەدا و خەڵکی
باشوری کوردستانە.
بەرایی لە هەموو شوێنێک ئاسمان شینە.
-
بە پێنووسی نووسەر
خۆی -
ئەگەر بتەوێت پەلەکەزێڕێنە ببینت پیویستە نیگات بە ئاسماندا هەڵواسیت.
ئەگەر هێزێکی ناچیزە ئاسمانی شینی پەردەپۆشی ڕەش کرد لێت ، ئەوا
نیشتمان بخەرە جانتای سەفەرێکەوە و بیبە بۆ بەر هەتاو و ڕۆناکی
ئاسمانێکی تر ، چوون لە هەموو شوێنێک ئاسمان هەیە و لە هەموو شوێنێکیش
ئاسمان هەر شینە . تەنها جیاوازیەک لە سایەی هەندێک ئاسماندا مرۆڤی
تاریکی پەرست زۆرە، بەڵام تەنها ڕوناکی پەرستەکان پەلکە زێرینە ئەبینین،
وە تەنها مرۆڤ گەشبینەکان ڕوو لە ئاسمان و پشت لە تاریکی هەنگاو ئەنێن.
ئەم جوتەش هاوتەریب نین و نابن ، هێز و دەسەڵات چونکە عاشقی شەمەشەمە
کوێرەیە ، زیاتر لە ئامێزی ئاریکی پەرستەکانەوە باڵا ئەبێ و بە خراپی
بە کاردەهێنرێت . تاریکی پەرست هەمیشە ترسی ئەوەی هەیە تۆ هەموو خەڵک
فێر بکەیت ببن بە هاوڕێی ئەستێرە، بۆ ئەوەی هێزی ڕوناکی شوێن بە تاریکی
لێژ نەکات ، وەدەرئەنرێیت لە ژێر ئاسمانێکدا کە ئەسێرەکانی بوون بە
هاوڕێت . بەمەشیان نیگەران مەبە چونکە مرۆڤی ڕوناکی پەرست وەکو باڵندە
لە دووری هەزران مایلەو جوانتر ڕاڤەی تاریکی پێ ئەکرێت. ئەکرێت ببیت بە
باڵندەیەکی بریندار ، بەڵام دواجار وەکو جەلالەدینی ڕۆمی ئەفەرمویت، "
برین ئەو پەنجەرەیە کە ڕوناکی دەهێنێتە ناوتەوە" و نیشتمانیش کاتێک
جوانترە کە تۆ بزانیت لە چ ساتێکد و لە کوێدا و بە چ میکانیزمێک
پریاسکەی غەمەکانی بکەیتەوە. خوێندنەوەی ئەم دیدارانە و بەراورد بە
ساتی دەربڕینیان لە ژێر دوو ئاسمانی دوو شوێنی جیاوازدا ئەو ڕاستیانەی
لە سەرەوە ئاماژەم پێ کرد ئەسلمێنێت. هەندێک هاوڕێی نزیک و دڵسۆز
گلەییان لێ کردم کە نەئەبوو دەرگای زۆر فکر و کاری جدی لە دیدارەکانما
بکەمەوە ، کە دەبوو ببن بە پرۆژەی لێکۆڵینەوەی جدی لە داهاتوودا .
بەڵام من ئەمەم بە مەبەست کردوە ، چونک لە ئەمڕۆدا ئەژیم، گەر ئەمڕۆ
ئەو کاتەم بۆ نەرەخسا و گارەنتی سبەیش ناکەم ، با ئەوەی من ئەڵێم لە
جەند دێڕیکدا لای کەسێکی دی ببن بە پرۆژەی جدی بە مەرجێک ئاماژە بە
سەرچاوەکەی بدات. دڵتەنگم بەوەی کەسانێک هەن ' زیاتر ڕەگەزی مێن'
وەڵامی پەسیارێکم و پەرەگرافی نووسینێکم ئەلکێنن بە یەکەوە بە ناوی
خۆیانەوە بە سەقەتی بڵاو ئەکەنەوە، ئەمەیە تاریکستانی ڕاستەقینە.
کۆکردنەوەی ئەم دیدارانە لە بەرگی پەرتووکێکدا ڕووی ڕاستەقینەی ئەم
جۆرە ' گێل' ە نووسەرە ئاسانترهەڵئەماڵێت، هەتا ئەو کاتەی خۆم هەلم بۆ
ئەرەخسێ و ڕیسی چەند ساڵەیان لێ ئەکەمەوە بە خۆری. خوازیارم هێزێک و
یاسایەک لە کوردستاندا دروست ببێت بۆ پاراستنی موڵکی فکری نووسەر و دژی
ئەم جۆرە تریسکتانە بوەستن.
ئەوەی دەخوێننەوە سەرجەم دیدارەکان نین ، لە قەیرانی ئەرشیفکردن و
ئنتەرنێت لە دنیای کوردیدا هەر ئەوەندەم پێ کۆکرایەوە. خوازیارم لە
داهاتوودا ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دیداریان لە گەڵ ئەنجام داوم خۆیان بە
فایل بۆم ڕەوانە بکەن ، بۆ ئەوەی لە دووەم چاپکردندا سەرباری ئەمانەی
ئێستا بکرێن . جگە لەمەش بە هۆی نەبوونی کاتەوە بۆ پێداچوونەوە ،
ئەکرێت کەم و کوڕی تێ بکەوێت ، داوای بەخشین لە خوێنەرانی میهرەبان
ئەکەم ، با وا بخوازین کە سبەی لە ئەمڕۆ باشتر ئەبێت و بەرگی دووەم بێ
کەم و کوڕی و جێگەی هەموو دیدارە ونبووکانی ئێستا ئەبێت.
ماڵپهڕی کازیوه ساڵح
|