٢٥\٣\٢٠١٧
کێ باجی
سەرکێشییەکانی ئەردۆغان دەدا؟

هۆشیار
ئەوڕەحمان
ئەردۆغان دەڵێت» رۆژئاوای (بێ ئابڕوو) لەھەوڵی ئاژاوەنانەوەو
دابەشکردنی تورکایادان! لەکاتێکدا سیاسەتمەدارێکی ئەوروپاییش نەماوە لە
ھۆڵەنداو ئەڵمانیاو نەمساو دانیمارکو ئیتالیاو فەرەنسا جنێوێکی بەدەر
لە ئیتیکی دیبلۆماسی ئەردۆغانو چاوش ئۆغڵوی بەرنەکەوتبێت. لەسەر
ئەوەشەوە ھێشتا ئەردۆغانو سەرانی ئاکپارتی لە دۆخی ھێرشکردندان
بەرامبەر بە دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپا، چونکە ئەردۆغان لەم بەیەک
ھەڵپژانەدا ئامانجێکی ھەیە، ئەویش ئەوەیە کە دەیەوێ بەدەنگدەری تورکی
تاراوگە بڵێت ئائەوەتا دەوڵەتانی گاوری ئەوروپی، غەدر لە دەوڵەتو لە
گەلی تورک دەکەن، بەو ھیوایەی دەنگەکانیان مسۆگەر بکات، ئەگەرچی قورسە
ئەردۆغان بڵێ ئێمە مەغدورین لەکاتێکدا ١٥ ساڵە بەتەنھا خۆیان
دەسەڵاتداری بێ رکابەرن. راستە لەئێستادا کۆی دەوڵەتانی نێو یەکێتیی
ئەوروپا ھەمان ھەڵوێستی ھۆڵەندایان ھەیە، بەڵام ھەڵوێستی ئەم وڵاتانە
سەبارەت بەتورکیا ڕوونو ئاشکرایە، کە دژی ئەوەن ریفراندۆمەکەی
ئەردۆغان سەرکەوتن بەدەست بھێنێتو رژێمێکی تۆتالیتاریی ئیسلامی
رادیکالی ببێتە دراوسێیان. ئەوان بەراستی دەیانەوێ تورکیا شکڵو بیچمی
سیستمی ئەردۆغانیزم نەکاتە ستاتۆیەکی ھەمیشەییو دەیانەوێت شکست بھێنیت.
بۆیە ئەوەی روویدا لەگەڵ ھۆڵەندادا، تاوانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خودی
ئەردۆغان، چونکە پێشتر بن عەلی یڵدرم لەلایەن ھۆڵەنداوە داوای لێکرابوو
کە تا ١٥/٣ ھەڵبژاردنیان ھەیە، ھاوکارییان بکەنو دوای ئەو مێژووە ھیچ
کێشەیەک دروست نابێت، بەڵام ئەردۆغان مەولود چاوش ئۆغڵوو بەتول کایای
لە ١١/٣ بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێکردووە بێئەوەی پرسێک بە بن عەلی یڵدرم
بکرێت، بەمەرجێک بن یڵدرم پێشتر ئەو دوو وەزیرەو وەزیرەکانی تری
کابینەکەی ئاگادارکردۆتەوە کە ھۆڵەندییەکان خۆشیان ھەڵبژاردنیان ھەیە،
بەڵام دەرکەوت ئەویش چارەنووسەکەی داود ئۆغڵوی دەبێتو ھیچ وەزیرێک
پرسی پێناکاتو راستەوخۆ فەرمان لە سەرۆکەوە وەردەگرن.
لەئێستاوە ئامانجەکانی ئەردۆغان بەڕوونی ھەستی پێدەکرێت، کە ئەوەی
دەیەوێ ھەردەبێ ببـێو خۆی بۆ دۆخی دوای سەرنەکەوتنی ریفراندۆمەکەش
ئامادەکردووەو ترسنۆکیی خەڵکی تورکیای بۆ ساغبۆتەوەو کاریگەریی
ئۆپۆزسیۆنیشی نەھێشتۆتەوەو دەنگدەری جەھەپەو کەمال کلیچدار ئۆغڵوشی
بەسیناریۆکەی ئەوروپای تووشی دوودڵیو شەرمەزاریی کردووە. بۆیە ھەموو
ئەو رەفتارانەی کە ئەردۆگان دەینوێنێت لەسەر ئاستی ناوەوەو دەرەوەدا لە
بێ جورئەتیی حزبە سیاسییەکانو خەڵکی تورکیاوە سەرچاوەی گرتووەو
کەسێکیش نییە بڵێت سەرۆک بۆ وڵاتەکەمان وێران دەکەیتو دەستبەرداری
سەرکێشییەکانت نابیت؟ لە کاتێکدا فاکتەری بنچینەیی ئەم پاشاگەردانییەی
سیاسەتی دەرەوەی تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ تێنەگەیشتنی ئەردۆگان لەدۆخە
گشتییە جیھانییەکەو پێگەی راستەقینەی تورکیا. لەلایەکی ترەوە کورتبینییو
رەشبینییو ئاستی نزمی بیرکردنەوەی ئەردۆغانو غیابی زمانی دیپلۆماسی،
ئەردۆغانی وەکو کەڵەشێرەکەی کۆریای باکوور نیشانی دونیای دەرەوە داوەو
وێنەیەکی ناشیرینی بە تورکیاو تاکی تورک بەخشیووە.
ئەردۆگان لەسەرجەم چاوپێکەوتنەکانیدا تەنھا باسی ھێزو تۆقاندن دەکاتو
زیندانەکانی سیخناخ کردووە لە دەنگە نەیارەکان بە ریفراندۆمەکەیو
پەیتا پەیتا دەوڵەتە ئەوروپاییەکانیش بەزمانی ھەڕەشە زبرەکانی لە
تورکیا دووردەخاتەوە.
ئەردۆغان تائێستا بەعەقڵی شەڕە گەڕەک دەقیڕێنێت بەسەر سەرۆکی دەوڵەتە
ئەوروپاییەکاندا، لەکاتێکدا بڕبڕەی پشتی ئابوورییو داھاتی تورکیا
وابەستەی وڵاتانی ئەوروپایە، ئەگەر بشیانەوێت دەتوانن سزای گورچکبڕی
تورکیاو ئەردۆغان بدەن، چونکە تورکیا وڵاتێکی بەرخۆری مەشەخۆرە
بەبەراورد بەدوڵەتە ئەوروپاییەکانو ٨٥% سەرمایەگوزاریی لەتورکیادا
سەرچاوەکەی ئەوروپایە، ئەمە جگە لەوەی ٥٠٪ی بەروبوومی کشتوکاڵی
تورکیا لەئەوروپادا ساغ دەکرێتەوە، ئیتر نازانرێ ئەم سەرکێشیو
بێمنەتییەی ئەردۆغان لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ ئەگەر پشت ئەستورە بە
روسیاو گازە سروشتییەکەی، ئەوا وەکو ئەوە وایە تورکیا لەبیابانێکی بێ
کۆتاییدا بەدوای تراویلکەدا بگەڕێو ئەگەر ھەڕەشەو گوشارەکانیشی لەسەر
یەکێتی ئەوروپا کردنەوەی دەرگا سنوورییەکانی بێت بەڕووی ئەو ٣ ملیۆن
ئاوارە سورییەدا، ئەوا ئەویش ئەو رەواجو رمودەییەی جارانی نەماوەو
یەکێتیی ئەوروپا تا ئەو رادەیە پەناھەندە وەردەگرێت، کە ساڵانە
پێویستێتی وەکو ھێزی کار.
دەمێنێتەوە سەر بەکارھێنانی تورکەکانی تاراوگەی ئەو وڵاتانە، کە
پێموایە ئەوانیش ئینتگرەیان کردووەو ئاوێزانی کەلتوری ئەوروپیانە بوونو
ئەوەی لەدەستی ئەردۆغان بێت، ئەوەیە کە لەوێش دابەشی سەر یارو نەیاریان
بکات بەخۆیو رژێمەکەی.
دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە بڵێین تورکیا لەسایەی دەسەڵاتی ئەردۆغانو
حزبەکەیدا لەتۆنێلیکی تاریکدایە، کە تەنھا شکستھێنانی ریفراندۆمەکەی
ئەردۆغان دەبێتە تیشکێکی کەم نوزە لەوسەری تۆنێلەکەدا، چونکە ناکرێت
وڵاتێکی بەجوگرافیا گەورەی وەکو تورکیا لە جیھانی گلۆباڵی ئەمڕۆدا، کە
١٩٣ دەوڵەتو دەوڵەتو دەوڵەتۆکەیە، تەنھا دوو میرنشین دۆستی بێت، کە
یەکێکیان میرنشینی (قەتە) و ئەویتریشیان ھێشتا نازناوی وەرنەگرتووە؟
ماڵپەڕی هۆشیار
ئەوڕەحمان
|