٨\٨\٢٠١٥
کێ بەرپرسیارە لە
جینۆسایدکردنی ئێزیدییاندا؟

تاهیر حەسەن
کوشتوبڕی خەڵکی سیڤیل و بێتاوانی ئێزیدییان لە شەنگال و گوندەکانیان
پێش ساڵێک لەمەوپێش یانی لە ڕێکەوتی ٠٣/٠٨/٢٠١٤ لەلایەن چەتەکانی داعشی
ئیسلامی سونیەوە،تاوانێکی ھێندە مەزنە کە ھاوتای تاوانی ھۆڵۆکۆست و
ناکازاکی و ھێرۆشیما و ھەڵبجەو ئەنفالە،چونکە ئێزیدییان تەنھا گوناحێک
ھەیان بوبێت ئیسلام نەبونیان بوو. لێرەدا دەکرێت بپرسین؛ئاخۆ لەنێو ئەو
تاوانەدا، خودا تاوانباری سەرەکیە یان ئیسلام وەک خۆی یان ناسیۆنالیزم
و کاپیتاڵیزم؟
لەو پرسیارەدا دەتوانین کۆی تاوانباران بەدی بکەین،چونکە ئەو کۆ چەمکە
بەشداری سەرەکین لەنێو کوشتوبڕو بێ حورمەتی کردن بەکەسایەتی
ئێزیدییاندا.
جینۆساید کردنی ئێزیدییان لەلایەن داعشەوە، ھۆکارەکەی بۆ ئەوە
دەگەڕێتەوە کە ئیسلام نەبوون و لەنێو دینی ئیسلامدا ئەوان کافر و
زەندیقن و خودا نەھی لێ کردوون، لێرەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کەلەم
تاوانەدا خودی خودا و ئیسلام بەشداری سەرەکین، ڕەنگە زۆرێک بپرسن کە
ئەو تاوانە ھیچ پەیوەندی بەخودا و ئیسلامەوە نیە. ئەو پاساوە
ڕەزیلانەیە تەنھا کەسانێک لێی دەدوێن کە لەبنەڕەتدا لەئیسلام و
قورئانەکەیشیان تێی نەگەیشتوون. داعش، پێش ھەرچ شتێک و دەستبردنی بۆنێو
تاوان و کوشتوبڕەکانی، کار لەسەر قورئان و بنەڕەتی ئیسلام دەکات،ئەوان
ئەوەی زۆر پشتی پێ دەبەستن و مرۆڤەکانی خۆیانی پێ تەڵقین دەکەن،
ماناکانی ئەو دنیایە،یانی جێگاوڕێگایان لەبەھەشتی مەوعوددا. ئایا
لێرەدا ئیسلامی سیاسی لەکۆی موسوڵمانان زیاتر ئاشقی خوداو بەڵێنەکانی
خودا نین؟ ئاخۆ لەکۆی ھێرشەکانیاندا پشتیان بەخودا قایم نیە؟ ئاخۆ گەر
خودا بوونی ھەبێت، دەکرێت لێی بپرسین ھۆکار چیە لەفەرز کردنی ئاینێک
بەسەر ئاینێکی تردا؟ ئاخۆ گەر خودا ھەبێت، چۆن دەبێت کەئاگای لەوە
نەبووبێت کە ئێزیدییانیش مرۆڤن و ئەو درووستی کردوون؟ لێرەدا دەتوانین
بگەینە بڕیارێکی یەقین، کەئەویش ئەو پرسیارەیە؛ ئاخۆ گەر خودا تاوانبار
نەبێت لەو تاوانەدا بەمانای ئەوە نایەت کەخودا بوونی نیە؟ یان گەر خودا
ئاگای لەھەموو شتێکە بۆ ڕێگر نەبوو لەبەردەم ئەو چەتانەدا تابەو تاوانە
ھەڵنەستن؟ چونکە ئەوانی داعش تەنھا ئیسلام بوون دەناسن و کار لەسەر
دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی دەکەن. دامەزراندنی ئەو دەوڵەتەش بەمانای
ڕەت کردنەوەی کۆی ئەوانە دێت کە ئیسلام نین و تەنانەت لەسەر پەیڕەوی
مەزھەبی سونیش نین.
پرسیارێکی دی ئەوەیە کە کێ یان چ لایەنێکی ئیسلامی ھەیە ئەو بوێریەی
تێدا بێت و بڵێت کە موحەمەد پەیامبەری ڕاستەقینەی ئیسلام نەبوە؟ئاخۆ
گەر گشت ڕێک بوون لەسەر ئەوەی کە موحەمەد تەنھا پەیامبەری ڕاستەقینەی
ئیسلامە،چۆن دەبێت نکوڵی بکەن لەو مێژووە خوێناویەی سەردەمی فتوحات و
ھێرشەکانی پەیامبەرو خەلیفەکانی دوای ئەو بۆسەر ئەو میلەتانەی کە
ئیسلام نەبوون و لەژێر ڕکێفی ئیسلامدا نەبوون؟ بۆیە دەکرێت مرۆڤەکانی
نێو ئاینی ئیسلام بگەن بەو بڕوایەی کە چەتەکانی داعشیش ئیسلامن و بەھیچ
کلۆجێکیش لایان نەداوە لەو ئاینە،بەپێچەوانەوە داعش دەربڕینێکی دروستی
ئیسلام و بنەما سەرەکیەکانی ئیسلامە،ئیسلامێک کە دەگاتە خاوەنی ھێز و
بڕیاردان.
ئەو جۆرە ئیسلامەی پێشتر و لەنێو دەسەڵاتە بەناو عیلمانیەکاندا
ھەبوە،ئەوە ئیسلام نەبوە،بەڵکو خەڵەتاندن بوە لەژێر ناوی ئیسلامدا. من
وەک خۆم ھیچ گومانێکم لەئیسلام بوونی ڕاستەقینەی داعش نیە و بەتایبەتیش
پەیڕەوی کردنی لە مەزھەبی سونیدا.
لەلایەکی تر دەکرێت ئەو جینۆساید کردنەی ئێزیدییان تەنھا ڕوو بەڕووی
چەمکی ئایدۆلۆژیای دینی نەکەینەوە،بەڵکو دەکرێت ھەنگاوێک ئەو دیوو
بڕۆین و چەمکی ناسیۆنالیزمیشی تێدا جێ بکەینەوە. ناسیۆنالیزم بوون
بەمانای کەڵەکە کردنی ڕقی کوێرانە دێت لەنێو کۆمەڵگا و تاکەکانی نێو
کۆمەڵگادا بەدژی ئەوانی تر کە خاوەن زمانێکی جیاواز و ھەڵگری کەلتورێکی
جیاوازترن لەچاو ئەماندا. ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیزم،وەک بەشی سەرخانەکەی
لەژێر ناوی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیەکدا کاردەکات کەخاوەن
زمانێکی ھاوشێوەن،بەڵام لەبنەڕەتدا،ناسیۆنالیزم و سەرانی ئەو پێڕەوە
سەر بەچینی چەوسێنەر و باڵا دەستی نێو کۆمەڵگان. ناسێۆنالیزمی
عەرەبی،بەتایبەتیش وڵاتی سعودیە و قەتەر تا دەگات بە دەوڵەتە
ناسیۆنالیست ئیسلامیەکەی تورکیا،بەڕاستەوخۆی بەشدارن لەکۆمەک کردن
بەداعش،چونکە بۆ ئەوانی ناسیۆنالیستی خاوەن دەوڵەت،چونە پێشی مەدی
داعشیزم لەناوچەکەدا دەتوانێت لەلایەک نەزانی و دەرخستنی ژیری لەنێو
دیدی تاکی کۆمەڵگادا،یانی دابڕانی تاک لەم زەمەن و کاتەی ئێستای و
گەڕاندنەوەی بۆسەردەمی سەرەتای ئیسلام، دەورێکی باش بگێڕێت و بەقازانجی
ئەوانی سەرانی ناسیۆنالیزم -ئیسلام تەواو ببێت. لێرەدا دەگەینە ئەو
ئەنجامەی کە خودی دینی ئیسلام لەگەڵ چەمکی ناسیۆنالیزمی باودا پێکەوە
گونجاو وە گرێدراوی نێو پاراستنی بەرژەوەندیە چینایەتیەکانیانن.
ئەوە فەتوادەرانی سعودیە بوون کە حەڵاڵ کردن و بکەنیزەک کردنی ژنانی
ئێزیدییان دەرکردوو و تاوانەکانی داعشیا پیرۆز کرد. کەواتە ئیتر داعش
بزوتنەوەیەکی سیاسی بەدەر لەو دوو چەمکە نیە،بەپێچەوانەوە ئەو بزوتنەوە
توند ڕەوە دینیە ھەڵقوڵاوی نێو ئەو دوو چەمکەیە.
بەشداری ئەو دەوڵەتانە لەتەقویەت دان بەداعش و بەرنامەی داعشدا،
لەتاوانی جینۆساید کردنی ئێزیدییاندا ئەو ڕاستیە نیشان دەدات. وەک
پێشتر ئاماژەم پێدا کە گوناحی ئێزیدییەکان تەنھا ئەوەیە کە خاوەنی
ئاینێکی جیاوازن و ئیسلام نین، لەلایەکی تر ئێزیدییەکان وەک زمان و
نەتەوە کوردن.
تا ئێرە بۆ بەرەی دژ ڕوونە ئاستی تاوانەکەیان بەدژی خەڵکی بێ دیفاعی
ئێزیدییان لە شەنگالدا. لێرەدا گرنگە دەستمان بخەینە نێو دەستنیشان
کردنی لایەنە کوردیەکانی ھەرێم لەنێو ئەو تاوانەدا کە دەرھەق بە
ھەزاران مرۆڤی ئێزیدییان کرا؛ ئاخۆ دەبێت دەوری پارتە کوردیەکانی ھەرێم
چی بێت لەنێو ئەو تاوانەدا؟!
پارتە کوردیەکانی ھەرێمی کوردستانیش بەشدارن لەو تاوانە
دڕندانەیەدا،لەبەرئەوەی ئەوان وەک ھێزی سەربازی بوونیان ھەبوە لە
شەنگال و گوندەکانی ئەو دەڤەرەدا. پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەو ھێزەی کەناوی
پێشمەرگەیە ئامادەیی خۆڕاگری و ڕووبەڕوو بوونەوەی نەبوو لەبەرانبەر
داعشدا؟ ئاخۆ ڕاکردنی ئەو ھێزە زۆرەی پێشمەرگە لە شەنگالدا و ئاگادار
نەکردنەوەی خەڵکی لەوەی کە داعش ھێرشیان بۆدێنێت،تەنھا تاوانی
سەردارانی ئەو ھێزەی پێشمەگە بوە لەشەنگالدا یان ئەوانیش ئەوامریان
لەسەروو خۆیانەوە پێکراوە تا بەرگری نەکەن و خەڵکیش ئاگادار نەکەنەوە
لەوەی فریای خۆی بکەوێت؟ ئاخۆ ھێزی پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان
زۆرینە نەبوون لە شەنگالدا؟ ئایا ڕاکردنی ئەو ھێزە زۆرە و چۆڵکردنی
ناوچەکە بۆ داعش، ڕێک نیشان دەری پلانێکی لەپێشدا داڕێژروا بۆکراو
نەبوە؟ لێرەدا دەبێت بڵێین پارتی چی دەکات لەنێو ئەو گەمە قێزەونەدا!
ئایا پارتی تەنھا ویستی بەناڕاستەوخۆ تۆڵە لە ئێزیدییان بکاتەوە لەڕێی
داعشەوە، کە لەکاتی دەنگدانەکاندا ئێزیدییان نەچونەتە ژێر ڕکێفی پارتی
و مەیلیان بەلای پێکاکادا بوە؟ گەر وابێت و لە ئایندەدا دادگایەکی
سەربەخۆ بوونی ھەبێت،پارتیش ھێندەی داعش تاوانبار ناکرێت؟ یان دەکرێت
بپرسین باشە بۆچی ھێزی پێشمەرگەی یەکێتی نیشتیمانی تادوا سات بەرگری
نەکرد و نەیتوانی جوامێریەک بەخۆی و مێژووەکەی ببەخشێت و ڕێگر بوایە لە
جینۆساید کردنی ئێزیدییاندا لەلایەن داعشی ئیسلامی چەتەوە. ناکرێت ھیچ
لایەنێکی سیاسی بوێری لێ بکرێت و بێ تاوانبار کردن دابنرێت لەھەرێمدا
تا دەگات بەو پارتە ئیسلامیانەی کەھێزیان نەبوە وەک ھێزی سەربازی.
سەرجەم ئەو پرۆسە قێزەونە بەبەشداری و پلانی چەوسێنەرانی سەر کۆمەڵگا
بوە و وەک سەفەقەیەکی سیاسی چوتە پێشەوە. ئاخۆ بۆ دەکرێت حەوت گەریلا
مەزنترین قارەمانێتی ئەنجام بدەن و دژی ھێزی داعش بوەستنەوە و خەڵکی
دوور بخەنەوە لەوەی نەکەونە نێو چنگی چەتەکان؟ ئایا گەر ئەو ھێزە زۆرەی
پێشمەرگە بیخواستایە بەرگری بکات،نەی دەتوانی؟ بێگومانم لەوەی گەر
شەنگال وەک موسڵ ھەرزان فرۆش نەکرایە،ئەوا مەحاڵ بوو داعش بیتوانیایە
پێی بخاتە نێو شەنگالەوە؟
ھێنانی ھێزی ڕەشی داعش بۆ عێراق، پەیوەندی بەو ململانێ سیاسیە ھەیە
لەناوچەکەدا. دیارە دەوڵەتی سێدارەی ئاخوندەکان ڕۆڵێکی ئێجگار زۆر
دەبینێت لە عێراق و سوریادا، بۆ بەرپەرچ دانەوەی ئەو مەدە، درووست
کردنی داعش و تەقویەت دانی ڕاستەوخۆ یان بە ناڕاستەوخۆی لەلایەن
دەوڵەتانی سونی مەزھەب لەلایەک و لەلایەکی تر بۆ جێگاو ڕێگای زلھێزانی
جیھان لەو کیشوەرەی ناوی ڕۆژھەڵاتە، ھاوبەشێکی ڕێکن لە ھێزدان بەداعش و
قوڵتر کردنەوەی مەدی ڕاسیزمی مەزھەبی و دینی و قەومیدا. کۆی ئیحاساساتی
دواکەوتوانەی ئەو سێ چەمکەش وادەکات کەبەئاسانی کۆمەڵگا خلۆر بکاتەوە
بۆنێو جەنگێکی بێکۆتایی نادیار.
لەلایەکی ترو بەھێز کردنی داعش لەبەشێکی نیوە زیاتر بۆ پەلاماردانی
شۆڕشی ڕۆژئاوای کورستان بوو، وە تا ئەم چرکەساتەش ھێرشی بەردەوامی ئەو
چەتە ئیسلامە دڕندەیە دەبینن بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوی کوردستان،بەڵام
لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەلەوە ھەمیشە ڕۆژئاوایان لێ دەکەن
بەگۆڕستان. چونە پێشی مەدی پێشکەوتن خوازیانەی پێکاکا و شۆڕشی ڕۆژئاوای
کوردستان لەڵایەن پەیەدەوە،ئەو بومەلەرزە مەزنەیە کە عەرشی کۆی
چەتەکانی ئیسلام و ناسیۆنالیزمی ھێناوەتە لەرزین. دیارە بۆ دەوڵەتانی
سەرمایەداری جیھانیش بەئاستێک خواستی چونە پێشی ئەو مەدە ئازادیخواز و
یەکسانیخوازەیان نیە،چونکە ئەوانیش ناخوازن کۆمەڵگایەکی سیکولار و دوور
لەجەنگ ھەبێت و بەرژەوەندیە قازانج پەرستیەکانیان ڕوو لەکەمی بکات.
ڕەنگە بڵێن ئەوە ئەمریکایە وا کۆمەک بەیەکینەکانی پاراستنی گەل دەکات
لە شەڕیان دژی داعش، بەڵام ئەوە ڕاستیەکە نیە،بەپێچەوانەوە، کاتێک گشت
بەرەی ئازادیخواز لەجیھاندا ھاودەنگ بوو لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوای
کوردستاندا لە ڕوبەڕوو بونەوەی داعش و دەرپەڕاندنی داعش لەکۆبانیدا،
کارێکی وای کرد کە ئەمریکا بەناچاری کۆمەکیان پێ بکات.
بۆئەوەی زیاتر دوور نەکەوینەوە لە ئەسڵی بابەتەکە، دەکرێت بپرسین ئاخۆ
دەوڵەتانی زلھێزی سەرمایەداری جیھانیش بەسەرکردایەتی ئەمریکا و ڕوسیا و
ئەوڕوپا تا دەگات بەچینیش، بەشدار نین لەو جینۆسایدەی ئێزیدییاندا؟
بێگومان بەڵێیە وەڵامەکە، چونکە ئەوانی زلھێزی سەرمایەداری بۆخۆیان پاڵ
پشتی کۆی مانەوەی توند ڕەوی دینی و قەومین لە ڕۆژھەڵاتدا. بۆئەم سەدەی
بیستویەکەمەش، زیندوو کردنەوەی توند ڕەوی دینی و مەزھەبی دەتوانێت
ھێندەی بیرە نەوتەکان قازانج بەخش بێت بۆ کۆی چەتەکانی کاپیتاڵیزمی
قازانج پەرست. کەواتە لێرەدا دەتوانین بگەین بەو دەرئەنجامەی کە کۆی
ئەو چەمکانەی لەسەروە ئاماژەم پێدا،بەشدارن لەنێو ئەو تاوانە کەم
وێنەیەدا و داعش دەتوانرێت وەک پرۆژەی سەدە ببینرێت لەنێو پلانە
چەوسێنەرەکانی زلھێزان و ڕاگرتنی پایە دیکتاتۆریەکانی سەرانی دەوڵەتانی
حاکمدا، تاچیتر مەدێکی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی نەتوانێت سەرھەڵبدات
و بەرژەوەندیەکانی ئەوانی چەتە بخاتە مەترسیەوە. بۆیە دەتوانین
بڵێین؛مەخابن،خەڵکی سیڤلی ئێزیدییان بێگوناح بوون و کرانە پاروی چەوری
نێو پلانە دڕندانەکانی ھێزە چەتەکانی ئەم سەدەیە! گشت ھێزە سیاسیە
خاوەن ھێزەکان بەشدارن لەگەڵ داعشدا و وەک داعشیش تاوان بارن لەکۆی
کوشتوبڕی ئێزیدییان و گشت خەڵکی بێتاوانی عێراق و سوریا و ڕۆژئاوای
کوردستان و ھەرێمدا. ئێمە لەسەدەیەکی ئێجگار خەڵەتێنەر و ڕەشدا
دەژین،کەکۆی ڕاستیەکان و ژیان دۆستیەکان ئاوەژوو دەکرێتەوە و دەستبڕی و
چەتەیی و تاڵان کردن دەخرێتە جێگایان. ئەویش تەنھا لەڕێی ئەو سێ چەمکەی
کەناوی چەمکی دینی و ناسیۆنالیسیتی و کاپیتاڵیزمیە.
٦\٨\٢٠١٥
ماڵپهڕی تاهیر
حهسهن
|