په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\١١\٢٠١٠

کە بەشداریی لە تەعریبکردنەوەی کەرکوک دەکەن، بۆ بەناوی کەلەپووری کوردییەوە دەیکەن؟!


رابەر رەشید   


لە درێژەی کڵاو لەسەر نانەکەی کەرکوکییەکان لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی عێراقەوەو لە چوارچێوەی بڕیاری بە پایتەختکردنی رۆشنبیرییانەی کەرکوک بۆ ساڵی ٢٠١٠، رۆژی چوارشەممە ١٠/١١/٢٠١٠ لە دەشتێکی چۆڵایی لە نزیک دێی حەساری گەورە، پێنج تا شەش خێمەی دڕاوی عەرەبە مەڕدارەکان و ئۆتۆمبیلێکی فۆردی مۆدێل ١٩٤٤ و ھەندێ کەلوپەلی کۆنی کۆکراوەی ئەملاو ئەولاو چەند شتێکی زۆر کەم و پەڕپووتی دیکە کە ھەندێکیان ھەر سیماو خەسڵەتی کوردەواریانەیان پێوەدیار نەبوو، کۆکرابوونەوەو لە چەند مەترێکی چوار گۆشەی گەمارۆدراو بە پۆلیس و ئاساییش و حیمایەی بەرپرسان کە مرۆڤ ھەترەشی دەچوو، چالاکییەک بەناوی "فیستیڤاڵی فۆلکلۆری و کەلتووری کوردی کەرکوک" لەلایەن "سەنتەری ئارێز"ەوە لەچوارچێوەی گەمەی بە پایتەختکردنی کەرکوک بۆ ساڵی ٢٠١٠ بەڕێوەچوو.

 

دوای ئەوەی کردنەوەی ئەو بەناو فیستیڤاڵە زیاتر لە کاتژمێرێک لەکاتی دیاریکراوی خۆی دواکەوت، لەلایەن پارێزگاری کەرکوک و ژمارەیەکی زۆر کەمی ئامادەبووان کرایەوە. ھەرچەندە من خۆم یەکێک لەو رۆژنامەنووسانەی کەرکوک بووم کە ھەر لەسەرەتای بڕیارەکەوە دژی ئەنجامدانی ئەو گەمەی تەعریبکردنەوەیە بووم و لەچەندین وتارو دیمانەی رادیۆیی و تەلەفزیۆنی و رۆژنامەوانیشدا بە راشکاوییەوە مەترسییەکانی ئەم پرسەم راگەیاندووە، کاتی خۆیشی لە خوێندنەوەیەکی وردی مەبەستی بڕیارەکەو ھەڵسەنگاندنی گرووپ و تیپە کوردییەکانی شاری کەرکوک، دڵنیابووم لەوەی کە عەرەب و تورکمان گۆڵی خۆیان دەکەن و ئێمەی کوردیش بە دەستی خۆمان گۆڵ لە خۆمان تۆمار دەکەین، وەکو ئەوەی ئەمڕۆکە بەچاوی خۆمان بینیمان، تاکە سەنتەرێکی رۆشنبیریی بێ ئەزموون، دەڵێم بێ ئەزموون، چونکە بە کارەکانییەوە دیاربوو.

 

من دڵنیام چ تورکمان و چ عەرەبەکانیش کاتێ چالاکییەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن، بەوپەڕی توانایانەوەو لەناو جەرگەی شاری کەرکوکیش ئەنجامی دەدەن، نەک وەک ئەو بەناو فیستیڤاڵە فۆلکلۆرو کەلتوورە بەناو کوردییەی ئەمڕۆکەی دەشتە چۆڵا و ھۆڵەکەی حەسار!!. ئاخر من لەو برادەرەی کە سەرپەرشتی ئەو بەناو فیستیڤاڵ و بەشداریکردنە لە تەعریبکردنەوەی کەرکوک دەپرسم: ئەرێ کوا دەھۆڵ و زوڕناو (نای)ە پڕ لە ئاوازەکەی داویدەییەکان؟ ئەی کوانێ ئای ئای و قەتارو ئەڵڵاوەیسی و خاوکەری مەقامبێژەکانی بەتواناکانی کەرکوک؟ ئەی کوانێ ئەسپ و تاژی و رەواچییەکانی شارەکەی گڕو بڵێسە؟ ئەی کوانێ وێنەی کەڵەمێردانی شارەکە لە پێشمەرگە شەھیدەکان و لە خاوەن قەڵەمە بەبڕشتەکان؟ ئەی کوانێ قوتابییە دەفژەنەکانی تەکییەی خانەقاو تاڵەبانی و صابری و بەھەشتییەکانی دیکەی شار؟ ئەی کوانێ جلوبەرگە رەسەنەکانی کورد ھەر لە مرادخانی و بۆیمەی ژنانەو بەرانپیل و خشڵ و قاپووتی شوان و سەرکەڵاو و داس و قەیناغ و بەردی ھەسانی سەپان و شەغرەو جەنجەڕو رەشکەو ھەگبەو جەواڵ و کوندەو مەشکەو ھیزەی رۆن و دەیان و دەیان کەلوپەلی کوردەوارییانەی دیکە؟


بەوەی باش بوو، میوانی غەیرە نەھاتبوون، تەنھا چەند برایەکی عەرەبی چاوڕەشمان نەبێ، ئەویش وابزانم راگەیاندنکار بوون. ئاخر گەمەیەک (بەیتی سەقافی کەرکوک) سەرپەرشتی بکات، دەبێ چ سوودێک بە کورد و کەلتووری کوردی بگەیەنێت؟. من لەلایەک بەختەوەربووم بەوەی تەنھا ژمارەیەکی زۆر کەمی خەڵک ئامادەبوون، چونکە ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە خەڵکی کەرکوک خاوەن ھەستی کوردایەتین و ئامادەنین بەشداری لە تەعریبکردنەوەی شارەکەیاندا بکەن، لەلایەکی دیکەشەوە دڵم بەو برادەرە گەنجە خوێنگەرمە دەسووتا کە بۆ ساتێکیش راوەستانی نەبوو، تا من ئەوێشم بەجێھێشت ئەو ھێشتا لە چاوەڕوانی ئەسپ سوارەکانیدابوو بگەنە ئەوێ کە کاتژمێر (١١)ی پێشنیوەڕۆش ھێشتا نەگەیشتبوونە جێ.

 

بۆیە جارێکی دیکەش لێرەوە دەڵێم: تۆ خوێنی شەھیدانی کەرکوک، با بەشداریکردن لە خیانەتی نەتەوەیی بەس بێت و با بەدەستی خۆمان ئەم کەرکوکە ھەمیشە کوردستانییە سووک و ریسوا نەکەین و نەبینە زووڕناژەن و دەھۆڵکوتی کۆنە بەعسییەکان، با کوردستانییەتی کەرکوک بەدەستی خۆمان نەدۆڕێنین. ئەگەر ھەر دەیشی کەن، با لەناو جەرگەی کەرکوکدا بکرێت، ھەرنا جلوبەرگە کوردییەکەی بەری سەرپەرشتیکاری ئەو بەناو فیستیڤاڵە ببێتە چقڵی چاوی ناحەزان و دوژمنانی گەلەکەمان. بۆ زانیاری خوێنەری بەڕێزیش وا لە ناوەڕاستی مانگی (١١/٢٠١٠)داین، کەچی ئەمە دووەمین چالاکیی ئەو گەمەی تەعریبکردنەوەیەی کەرکوکە کە خودی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش بڕی (١٥٠) ملیۆن دیناری بۆ تەرخان و خەرج کرد وەکو پاڵپشتییەک بۆ بڕە پارە خەیاڵییەکەی حکومەتی بەغدا کە (٣٥٠) ملیۆن دینار بوو!!!. ئەرێ خەڵکینە شارێک بە (٣٥٠) ملیۆن دیناری عێراقی دەکرێتە پایتەختی رۆشنبیری، ئەمە مەگەر تەنھا لە لێکدانەوەی ئەوانەدا لۆژیکی بێت کە مەبەستیان تەعریبکردنەوەی کەرکوکەو ھیچیتر.. جارێکی دیکەش بە داخەوە کە رۆشنبیران و سەنتەرە رۆشنبیرییەکانمان بەشداری لەو تەعریبکردنەوەیەدا دەکەن.
 

ماڵپەڕی رابەر رەشید