په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٥\٢٠٢٦

کێ بکوژەکانی ناوخۆ دادگایی دەکا؟


 هێمن عەلی      


دەنگوباسی دادگاییکردنی "عەجاج تکریتی" سەربڕ و بکوژەکەی زیندانی نوگرە سەلمان، برینە قووڵەکانی مێژوویەکی تاڵی بۆ کورد کولاندەوە. بەڵێ، ڕاستە؛ ئەو تاوانبارە، دوژمنێکی دڕندەی بێبەزەیی بوو کە دەستی بە خوێنی هەزاران ڕۆڵەی بێتاوانی ئەم نەتەوەیە سوورە. چەسپاندنی یاسا و دادگاییکردنی ئەم قامچی وەشێنە، کەمترین دڵنەواییە بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان. بەڵام، کاتێک چەپڵە بۆ دادگاییکردنی دوژمنێکی بێگانە لێ دەدەین، پرسیارێک وەک زللەیەک بە ڕووی ویژدانی نەتەوەییماندا دەتەقێتەوە: ئەی بکوژەکانی ناوماڵی خۆمان چی؟!

بکوژەکانی شەڕی براکوژیی.


بۆچی تەرازووی دادپەروەریی تەنیا بۆ دوژمنە دەرەکییەکان کار دەکا، بەڵام لە ئاست تاوانبارانی ناوخۆدا کوێر و لاڵە؟ ئەی ئەو تاوانبارانەی شەڕی ناوخۆ بۆ دادگایی ناکرێن؟ ئەوانەی بە ناوی "کوردایەتی"یەوە، بە هەزاران گەنجی ئەم نیشتمانەیان بە کوشت دا و دەیان هەزار دایکی کوردیان جەرگبڕ کرد. ئایا خوێنی ئەو گەنجانەی بە دەستی برای خۆیان ڕژا، کەمترە لە خوێنی قوربانیانی نوگرە سەلمان؟ بکوژی شەڕی ناوخۆ، هەر بکوژە، ئیتر چ جیاوازییەکی هەیە بە جلی کوردییەوە فیشەکی تەقاندبێت یان بە جلی سوپای بەعسەوە؟

خۆفرۆش و سەرۆک خۆفرۆشەکان و بکوژە پارێزراو و خاوەن مافەکان.


ترسناکترین گاڵتەجاڕیی مێژوو و گەورەترین سووکایەتی بە خوێنی شەهیدان لەم نیشتمانەدا ئەوەیە؛ "عەجاج ئەلتکریتی"ی بێگانە بە تاوانی ئەنفال بخرێتە قەفەسی دادگاوە، بەڵام ئەو خۆفرۆش و سەرۆک خۆفرۆشە کوردانەی بوونە چاوی ڕێنوێنیکەری دەبابەکانی بەعس و مەرگیان هێنایە ناو جەرگەی گوندەکانمان، لەوپەڕی ئاسودەیی و بە پارێزراویی بژین! ئەوانەی ماڵ و خاکیان ڕادەستی ئاگر و پۆستاڵی دوژمن کرد و بە دەستی خۆیان پەتی سێدارەیان خستە ملی براکانیانەوە، ئەمڕۆ لەبری زیندان، لەسەر تەختی کۆشک و تەلارەکان دانیشتوون و بە پارەی دزراوی ئەم گەلە، وەک "پاڵەوان" بەسەر سەرمانەوە نمایش دەکرێن. لەم نیشتمانەدا، خۆفرۆش و ناپاکەکان نەک هەر نەچووە ناو پەڕاوی لێکۆڵینەوەی هیچ دادگایەک، بەڵکو لەژێر عەبای دەسەڵاتدا، ناپاکییەکانیان تواوەتەوە و کراوەتە مێدالیای شکۆ بە سنگیانەوە!

برسیکردنی گەل: جۆرێکی تری ئەنفال.


تاوان تەنیا ڕشتنی خوێن و ئەشکەنجەی جەستەیی نییە؛ برسی کردنی گەلێک و دزینی نانی منداڵەکانی، جۆرێکی تری ئەنفالە. پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: کێ دادگایی ئەو کەسانە دەکات کە نەوت و سامانی گشتییان کردە میراتی بنەماڵەیی؟ ئایا دزینی سامانی میللەت و بڕینی مووچەی هاوڵاتییان، تاوانێک نییە شایەنی دادگاییکردن بێت؟ ئەو دەسەڵاتەی قووتی میللەت دەبا، لە ڕووی مۆڕاڵییەوە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەو بکوژەدا نییە کە گیانی میللەت دەبا.

بکوژی بێگانە لە زیندان، بکوژی ناوخۆ لەسەر کورسی.


ناکرێت قامچی وەشێنێکی عەرەب لە زیندان بێ و دادگایی بکرێ، بەڵام بکوژێکی کورد لە لوتکەی کورسییەکەیدا بێ و چەپڵەی بۆ لێ بدرێ. تا ئەو ڕۆژەی بکوژانی شەڕی ناوخۆ، خۆفرۆشە ئەنفالچییەکان و دزەکانی سامانی نیشتمان نەبرێنە بەردەم دادگایەکی سەربەخۆ، داواکردنی دادپەروەریی تەنیا دروشمێکی درۆینەیە.

ئەگەر تەرازووی دادپەروەریی تەنیا بۆ دوژمن هەڵبسەنگێت، ئەوە ناوی دادپەروەریی نییە؛ ناوی تۆڵەیە. چونکە نەتەوەیەک کە بکوژەکانی خۆی لەبیر دەکا، مێژوو هەرگیز لەبیری ناکا و دووبارە هەمان خوێن بەسەر لاپەڕەکانیدا دەڕژێنێ.

 


hemn.abdulhaq@gmail.com