په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١٠\٢٠١٨

کێبڕکێی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستە وەزاریەکان لە حکومەتی عێراقدا
نیشانئەدا لە کۆیی بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا راوەستاون!

دەشتی جەمال     


ئەم ڕۆژانە هەموو شاهیدی کێشەو ململانێی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستان بووین لە سەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمارو ئێستاش لە سەر سێ پۆستی وەزارەتی داد ودارایی وکۆچ و کۆچبەران بە مەبەستی سەرلەنۆی بەشداری پێکردنەوەی حزبە بۆرژوا ناسیونالستەکانی کورد لە وەرگرتنەوەی پۆست ودابەشکردنەوەی سامان وداهات لە حکومەتی نوێی عێراقدا، لە چوارچێوەی فیدراڵیزمێکی شکستخواردودا. دیارە ئەم هەنگاوەش بە دوای ١٦ئۆکتۆبەرو تێکچوونی هاوسەنگی هێزیدا دێت کە دەسەڵاتی مەرکەز بەزەبری چەک وشەڕو میلیشیاکانی حشدی شەعبی، ناوچە جێناکۆکەکانی خستەوە ژێر رکێفی خۆی ولەچوارچێوەی ئەو ئاڵۆگۆڕانەشدا بەش وپشكەکانی ئەحزابی بۆرژوا ناسیونالستی کوردی رووەو خوارەوەداشکاندووه... ئەوانەی كەساڵەهایەبەناوی نوێنەری خەڵكی كوردستان و بەدرۆ و خۆهەڵواسین بەخواستی سەربەخۆیی كوردستانەوەشەڕیان لەگەڵ یەكتر دەكرد، ئێستا پێكەوە ململانێیانە لەسەر جێگا و پۆست و ئیمتیاز وەرگرتن لای حكومەتی ناوەندی.


لەم نێوەشدا ئەوەی جێگای سەرنج وراوەستانە پۆستی وەزارەتی کۆچ وکۆچبەرانە کە زۆرترین ئیمتیازو دەستکەوتی بۆیان هەیە. بۆیەجارێکی تر کەتونەتە کێشەوململانێیەکی توندەوە. بەڵام با بزانین گرنگی ئەم پۆستە وەزاریە چ پاروویەکی چەورە بۆ ئەم حزبانە کە وا هەرایان ناوەتەوە؟


ئاشکرایه ئەمڕۆ لەناوخۆی عێراقدا زیاتر لە ٢ ملیۆن ئاوارەی ناوخۆی شەڕی داعش و قوربانیانی لایەنەکانی شەڕی شیعە و سونە، هەروەها ئاوارەی یەزیدی وخەڵکی ستەملێکراوی ناوچە جێناکۆکەکان لەئارادایەوئەمەش پارە و ئیمکاناتێکی بێوێنەی بۆ دانراوەوخراوەتە ئیختیاری ئەم وەزارەتەوە کە زۆرترین ڕێکخراوە جیهانیەکان لەو رێگایەوە کۆمەک و هاوکاریەکانیان دەگەیەنن بە ئاوارەکان. بەمجۆرەش ئەم پۆستەزۆرترین بواری تیایە بۆ ئەو حزبانە تا پارەو ئیمکاناتێکی زەبەلاحی جیهانی کە لە رێگای رێکخراوە مرڤدۆست و جیهانیەکانەوە سەرفدەکرێ بۆ خۆیان هەڵلوشن. ئەمەجگە لەو هاوکاریانەی کەلە ئاستی جیهاندا بۆ ئاوارەکانی ناوخۆ دابیندەکرێت، هەروەها ئەو بودجەیەی سالانە لەلایەن خودی حکومەتی عێراقەوەبۆ ئەو وەزارەتە دابینکراوە .... ئەمەش ئەو ڕاستیە دەخاتە ڕوو کە ئیتر هیچ گۆمانێک نییەلەسەر ئەوەی کێشمەکێش و بەرامبەرکێی ئەم حزبانە بۆ وەرگرتنی پۆستە سیادی و وەزاریەکانی عێراق بۆ بردنی سەهمی زیاترو لوشدانی داهاتی ئەم وەزارەتانەیە نەک لەپێناو پەرۆشی وبەتەنگەوە هاتن و بەرژەوەندی وکارکردن هاوکاریکردنی ئاوارەکان. ئەوان خۆیان چ بەڕاستەوخۆیی یان نا ڕاستەوخۆیی بەشێكن لەو دۆخەی كەملیۆنەها مرۆڤی ئەم كۆمەڵگایەی لەئاوارەییدا ڕاگرتووەو كەچی لەسەر خواردنی كۆمەكێك كەئەبێ بەوان بدرێ شەڕیانە... لەکاتیکدا نزیک بە ٨ ساڵە ئەم پۆستە بەدەست ئەحزابی کوردییەوەیە نەک هیچ ئاڵۆگۆڕێک لە ژیانی ئاوارەکانی ناوخۆ ڕووی نەداوە، بەڵکو داسەپاندنی ژیانی کەمپسازی و بێمافی و تەحروشی جنسی بەژنان و مناڵان و بەشودانی مناڵانی خوار ١٨ ساڵ کردەوەیەکی نامرۆڤانەو قێزەونی نێو ژیانی ژێر خێمەو دەوارەکانی ئاوارەکانی ناوخۆ بوون کە تەنانەت رێکخراوە جیهانیەکانی لەسەر ئەو گەندەڵی و پێشێلکاریانە هێناوەتە دهنگ. لەوەش زیاتر بەرپرسیارانی ئەو پۆستە وەزاریە بێدەنگ بوون بەرامبەر هەموو ئەو پێشێلکاریانەی لەلایەن حکومەتەکانی ئەوروپاوەڕووبەڕووی هاولاتیانی هەڵهاتووی دەستی جەنگی داعش وململانێ وبارودۆخی ناهەمواری عێراق بونەتەوە، تا هاوکاریکردنی سیاسەتی گێڕانەوەی زۆرەملێی ئەو هاولاتیانەی داوای پەنابەریان ڕەتکراوەتەوە. لەلایەکی تریشەوەبێهەڵویستی بەرامبەر هەموو ئەو ڕێکەوتننامانەی حکومەتە یەک لە دوایەکەکانی عێراق کردویەتی بە ژیان وداهاتووی هاولاتیانێک کە لە نێو زیندان وگرتوخانەکانی ئەوروپادا بێوەڵام ڕاگیراون و چارەنوسیان نادیارە ... هەموو ئەمانەکارنامەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەردەخات کەسەرجەم کابینەکانی حکومەتی عێراقی پەیڕەویان لێکردووە.


ململانێی پارتی و یەکیتی لەسەر پۆستو پلەوپایەو وەرگرتنی چەند وەزارەتێک لە کاتێکدایە کە کوردستان بە دۆخێکی کارەساتباری قەیراناویدا تێپەڕدەبێت، بێکاری وگرانی وهەژاری بێموچەی و بێمافی ونادیاری چارەنوسی خەڵکی کوردستان تا ئەوەی کە بەشێکی زۆر لەخەڵکی ناوچە کێشە لەسەرەکان لەگەڵ دەیان گیروگرفتی نائەمنی و جیاکاری و سیاسەتی پاکتاوی بەرەوڕووکراونەتەوە جگە لەوەی هێشتا زامی پەلامارو لەشکرکێشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق و سوپای پاسداران لەفکرو زهینی خەڵکی ئەو ناوچانە لەبیر نەچۆتەوەو بەشێکی زۆری خەڵکی ئەو ناوچانە ماڵو حاڵیان لەدەستداوە و سوتێنراوە و لەشۆێن و ژیانی خۆیان هەڵکەنروان و نەگەڕاونەتەوە شوێن و جێگایان، سەڕەرای باری نائاسایی ودەیان کێشەی کۆمەلایەتی وسیاسی و ئابووری، سەرەرای شکستی فیدرڵیزم بە ئیعترافی حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی خۆیان بەڵام جارێکی تر پێچەوانەی خواست وداوای خەڵکی کوردستان ڕێگای بەغداو شەڕی وەرگرتنی پۆستە وەزاریەکانی دەسەلات وحکومەتێکی قەیراناوی وشکست خواردودریژە پێدەدەن. ئەمە دووپاتكەرەوەی ئەو ڕاستیەیەكەئەم حزبانە نەک ژیان وگوزەران و بەرژەوەندیەکانی و کێشەکانی خەڵکیان لا مەبەست نیە، بگرەنان لەكوێرەوەری و بێدەرەتانی و ماڵوێرانی خەڵك ئەخۆن. هەربۆیەئەمەش هێندەی تر خواستی وەلانان و بەڵای بوونی ئەمانە لەنێو جەماوەری بێبەشدا پتەوتر ئەكاتەوە..

 

٢٥\١٠\٢٠١٨
ماڵپه‌ڕی ده‌شتی جه‌مال

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک