١٨\٢\٢٠١٥
کێ بیر لە
پەروەردە دەکاتەوە؟

هێمن عـوسمان عەبدوڵا
ئەو ڕۆژەی پێی ڕاستمان خستە قوتابخانە،
یەکەم نیگامان گرتە باخچە ، درەخت، تەختەر ڕەش و، دیوارەکانی .
بەڕەنگاو ڕەنگی لە هەموو پێچێک، یەکەم پەیڤی مامۆستا و کارگوزار و دایک
و باوکیشمان ئەو شیعرەی ئەحمەد موختار جاف بوو "بخوێنن، چونکە خوێندن
بۆ دیفاعی تیغی دوژمنتان / هەموو ئان و
زەمانێ عەینی قەڵغان و سوپەرتانە".
ئەمە یەکەم و گەورەترین درۆی شاخداری پەروەردە بوو لەگەڵیان کردین،
زۆرینەی قوتابیان دوایی شانزەساڵ خوێندن و مانەوە و نەمانەوە لە قۆناغە
جیاوازەکاندا، دەگەنە پەشیمانییەکی گەورە لەو ڕاستییە تاڵەی ئەو شیعرە
جگە لە درۆیەکی مزری پەروەردەیی ڕەنگا و ڕەنگی سەر دیوارێکی ڕەق هیچی
دیکە نییە. دوایی ئەو هەمو ساڵە و گومان ئەکەم تا چەندی تریش،
پەروەردەی ئێمە نەتوانێ لانیکەم هیچ نەبێ ئامانجی ئەو دو نیوە دێڕەی
ئەحمەد موختار جاف بپێکێ، ئاخر خوێندن نەک نەبوو بە دیفاعی تیغی دوژمن
بەڵکو بووەتە تیغێکی دوو دەم بە هەرچوارلادا خولیا و خەونت تیا
دەکوژێ. سەدان گەنجی تەرا و بێ بەهرە کرد و هەندێکیانی لە ئیجە خنکان
و هەندێکیشان ئاگریان لە جەستەیان بەردا و هەندێکیشان لە
باَلەخانەکانەوە کەوتنە خوارەوە و، هەنووکەیش هەندێکیان چوونەتە ناو
گروپێکی توندەڕەوە کە هیچ پێویست بە بەڵگە و لەسەر نووسینی ئەو گەنجانە
ناکات کە ئەمڕۆکە لە نێو داعش سەری مرۆڤ لە لاشەیان ئەکەنەوە.. گەر
وورد بە ژیانی کەسییان دا ڕۆبچی و سەرنج بدەیتە ئەو پەروەردە و، ژینگە
و مامۆستایەی لە قۆناغەکان وانەی پێ وتوە گومانی تێدنییە تووشی دەیان
توندوتیژی و لێدان بووەتەوە و تەرای کردووە لە ژیانێکی ئارام و
مەدەنیانەی بێ خوێن. تا ئێستایش ساڵ نییە لە کاتی وەرگرتنەوەی ئەنجامی
تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ قوتابی خۆی نەکوژێ.
بێ سەروکارترین کایە ئەمڕۆکە پەروەردەی خێزانی کوردی و
پرۆگرامەکانیەتی هەر لە سەرەتاییەوە تا دواقۆناغەکانی زانکۆیش ڕەنگە
بەقەد ئەم دوو سێ ساڵە لە هیچ قۆناغێکدا نەبووبێ منداڵی کورد بەرلە
چونە قوتابخانە و گەنجان دوای تەواو کردنی زانکۆ لە خوێندن بترسێ و
پەشیمان بێ لەو هەمووە ساڵەی خوێندویەتی، بەدەر لەوەش ناتوانی بوێرانە
و بێ ترس نە لەلای باوک و نە لەلای مامۆستا ناڕەزایی بەرامبەر
پەروەدەردە و سیستمەکەی دەربڕی راستەوخۆ وێنای ئەوەت بۆ دەکەن "تۆ
قوتابییەکی تەمبەڵی"ت و پلارت تێ دەگیرێ، چونکە لە زەینی ئەواندا
مرۆڤی نابیست و بێ دەنگ و کوێر لە ئاستی خراپی سیستمەکە زیرەک و بە
توانایە. هەر ئەمەش وایکردووە پەروەردەی ئێمە مرۆڤی نابیست و نابین
بەرامبەر ئەو هەمووە نا دادییە بەرهەم بهێنێ، کۆجیتۆی "گۆشتەکەی بۆ تۆ
و ئێسقانەکەی بۆمن" لە نێو زۆرینەی سەری باوکەکاندا ماوە و ڕۆژ بە
ڕۆژیش تۆختر ئەبێتەوە وەک ئەوەی نوقڵی ترش و شیرین بێ بەردەوام لەسەر
زمانیانە ، مامۆستا ئافرەتاکانیش هەر کە پێ لەناو حەساری قوتابخانە
ئەکەن وەک باوک وەک نێرێکی، نێرسالارخواز توڕە و تۆسن ڕەفتار ئەکەن ئەو
میهر و جوانییەکەی مێیینەیی لەدەست دەدەن.
گەر قوتابی قوتاغی کۆتایی یەکێک لە کۆلیژە پەروەردەییەکان بیت، یان
مامۆستایەکی تازە دامەزراو یان تازە بووبیتە باوک، دایک یان نوسەر
ڕۆژنامەنووس یان هیچیشیان نەبیت و تەنها بتەوێ هێندێ دەربارەی
پەروەردە و پەروەدەکار بزانی و پەیڕەوی سیستمێکی تەندروستی پەروەردە
بکەیت، کتێبخانەکان بگەڕێی بە بەشێکی سەربەخۆ و جیا وەک چیرۆک و شیعر و
ڕۆمان و... پەروەردەت بەرچاو ناکەوێ و ، کۆڵێک لە قەهر و غەمگینی
بەشانتدا ئەدەیت و ڕووە و دەرەوە ڕێدەگری، خۆ گەر بشتەوێ ناونشانی
کتێبێکی پەروەردەیی بە کتێبفرۆشییەکە بدەیت، وەڵامەکەی یان نییە، یان
تاک و تەرا دەبێ لەپشت تاقی بەشەکانی دیکەی وەک چیرۆک و ڕۆمان و
سیاسەتدا بۆی بگەڕێی، بەجۆرێک کتێبفرشییەکەش پەیی پێ نابات، ئەمە
هەڵدانەوەی پەردەی ئەو ڕاستییە پەروەدەمان لە تیۆر و پڕاکتیکدا لە خاڵی
سفری بەرهەمهێنانی تاکێکی هۆشمەند و پڕ مەعریفەدایە، کە بتوانێ کەمێک
بە ئاوەزتر هەنگاوی ژین هەڵبێنێ، لێبورەدەیی کۆمەڵایەتی سیاسی و
پەروەردەی و دەروونی هەبێ، لێرەوە و لەسەر ئاستی باڵا گومانی گەورە
ئەکەوێتە عەقڵیەتی ئوستادەکانی پەروەردە و سیاسییەکان دواتریش بۆ
سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەر و مامۆستا و نوسەرانی کورد لەساردی و بێ
باکیان کە کەمترین گفتوگۆ و نوسین لەسەر پەروەردە و دیارەدە
پەروەردەییەکان کراوە، جگە لە هەندێ ئوستاد کە هەوڵەکانیان نادیدە
ناگرم و هەوڵی خۆیان و بێ هاوکاری حکومەت لەبەرچاوە.
بە ڕوانین لە خێزان و ڕەفتار و گوفتاری قوتابی و مامۆستا ، کرێکار،
خاوەنکار، هاوڕێ و درواسێ، ڕۆژنامەوان و نووسەران سیاسی و مەلاکان و،
ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بەگشتی لەو هەمووە یەکتر قبوڵنەکردن و ڕەفزکرنەوە
پەلاماردان و جونێودان دزی و ناپاکی لەیەکدی ئەوە دەرئەخات کارەساتی
پەروەردەیی لەم وڵاتەدا هیچی کەمتر نییە لە کارەساتی ئەنفال و کیمیا
باران.. کارەساتێک بێ دەنگی تانک و زرێپۆش بێ کاتیوشا و هاوەن بیناو
باڵەخانە بە سەرماندا دەڕمێنێ و دەمانکاتە ئامانج و درکی پێ ناکەین،
گەر زوو پێی ڕانەگەین فەرهەنگیشمان دەپوکێنێتەوە.
چەند ساڵێک بەر لە ئێستا کۆرییەکان هاتنە کوردستان و قوتابخانە و
نەخۆشخانەیان دروست کرد، ئوستادێکیان لە یەکێک لە هەفتەنامەکان
چاوپێکەوتنی بڵاوبووە و کە چەند گرنگ باسی لەپەروەردە ئەکرد لەوەڵامی
پرسیارێکدا گوتی "ئەوەی هەر وڵاتێک پێش دەخات سێ شتە، یەکەم پەروەردە،
دووەم پەروەردە، سێ یەم پەروەردە" ئەرێ لە کوردستان کێ بیر
لەپەروەردە ئەکاتەوە؟
ماڵپەڕی هێمن عوسمان
عەبدوڵا
|