٢٧\٦\٢٠١٤
کە چوومە ژۆرێ
هەردوو کیژەکە دەگریان؟!*
هۆگر موحسین
کەرتی پەروەردە پەیژەیەکی هەرە گرنگی پێشکەوتنی دەوڵەتە، وەلی ئەو
هەرێمە تەواو بێ بەرییە لەو پەیژە بە بەهایە؟ کەنارگیرکردنی نەوەی نوێ
لە زانست و پەرتووکی سەردەم شکستێکی هەمیشەیی بەرپرسە گەندەڵ و بێ
ئەزموونەکانە، هەر کەسێ کەمێک هۆشیار و بەئاگا بێ، دەزانێ ئەو هەرێمە
لە رابردوو و لە ئێستا و ئایندەشدا چ ژەهرێکی کوشندە دەرخواردی نەوەی
ئەو هەرێمە دەدا، گەر گەرەکت بێ و بزانی ئاستی پێشکەوتووی وڵاتێک کووە
دەبێ لە کەرتی پەروەردە بڕوانی، بە کورتیی و بە کوردی گەر کارێکی
ئەرێنیی نەکرێ ئەوا نەوەکانی ئەو هەرێمە کەسایەتییان زۆر لە ئێستادا
داڕوخاوتر و بیرکۆرتر دەبن؟!
ئەگەر
گریان:
خۆراکی ئاشقانی لە یەک دابڕاو بێ..
هێمایەک بێ بۆ دڵداریی..
هۆکارێک بێ لۆ تووڕەیی و تۆڵەسەندنەوە..
ئارامیی ببەخشێ بە رۆحەکان..
نیشاندانی وەفا و هەست پاکیی بێ..
یان هەر جۆرە ئەگەرێکی دیکە بێ...
ئەوە گریانی ژنانی ئەو هەرێمە کاول بووە گریانێکی کوشندەی رۆحیی و
جەستەییە؛ دەرئەنجامی ئەو ستەم و ژیانە پڕ لە چەرمەسەرییە کە نەریتی
دزێوی دینی و دەسەڵات دروستی کردییە و لە نێو ئەدەب و فەرهەنگی کوردیدا
رەگی داکوتاوە، ژنان لە تاو ئازاری دەروونیی و جەستەیی وەک ئامرازێک
چنگیان لێ گیرکردییە و لە پێناو شوشتنەوەی خەمەکانیان و لە بەرانبەر
سەختییەکانی ژیانیان پەنای لۆ دەبەن؟!
کە چوومە ژۆرێ هەردوو کیژەکە دەگریان.
بە مەبەستی پشوو زەنگی وانەی چارەم لێدرا، ئەمنیش وەک فێرکارەک بە
مەبەستی حەسانەوە هوردە هوردە خشکەم لۆ ژۆری فێرکاران کرد، کە چوومە
ژۆرێ دوو فێرخوازی کیژ لە پشت دەرکە راوەستابوون و دەگریان؟ چوار
فێرکاریش لە سەر قەنەفە دانیشتبوون و دوو فێرخوازی کوڕیش لە تەک
فێرکارەکان دانیشتبوون، واتە ئەوانەی وەستابوون تەنێ دوو فێرخوازە
کیژەکە بوون؟ سەرەتا بێ ئاگا بووم لەوەی چ روویدایە.. پاش ئەوەی
دانیشتم هەست و خوستەکم کرد لۆ ئەوەی بزانم کێشەکە چیە، یەکێک لە
فێرکارەکان قسەی کرد دواتر ئەوانی تریش دەستیان بە قسەکردن کرد.. لۆ
ئەوەی لە تەواوی رووداوەکە بگەم، ئەمن بێ دەنگییم هەڵبژارد هەر لەو
کاتەدا دوو فێرکاری تر هاتنە ژوورێ پرسیاریان کرد چ بووە؟ کێشە چییە؟
یەکێ لە فێرکارەکان کە لەوێ دانیشتبوو وەڵامی دایەوە و گۆتی: ئەو دوو
فێرخوازە کیژە یەکیان لە کاتی پشوودا قسەی لەگەڵ ئەو کوڕە کردییە کە لە
سەر قەنەفەکە دانیشتییە ژوانی خۆشەویستیان هەبووە..، کچەکەی تریش وەک
پۆستەبەرێک نامەی خۆشەویستی ئاڵوگۆڕ کردییە ئەوەش کوڕەکەی ترە..،
فێرکارەکان بێ هیچ بیرکردنەوە و وردبوونەوەیەک لە رووداوەکە وەک
نەریتێکی نەزۆک و دواکەوتووانە گۆتیان: ''دەبێ داک و بابیان بێنە
فێرگەخانە'' هەر کە گۆتیان بانگی داک و بابیان بکەن دوو فێرخوازە
کیژەکە دووبارە لە پڕمەی گریانێیان دا و کەتنە فرمێسک داباراندن و
کۆیلە ئاسا دەپاڕانەوە و دەیانگۆت: ''تخوا بە بابمان مەڵێن دوایێ
چیدیکە ناهێڵن بێینە فێرگە.. دەمانکوژن...
ئای کە دیمەنێکی سامناک و ناخ هەژێن بوو؛ فێرخوازەکان هەر دەیانگۆت: ''ئێرە
شوێنی خوێندنە یا شوێنی خۆشەویستییە.. دەبێ داک و بابیان بێ و لە
فێرگەش چەند رۆژێک دوور بخرێنەوە.. لۆ ئەوەی ببنە پەند لۆ فێرخواخەکانی
دیکەش کە کاری لەو چەشنە نەکەن'' ئەوەی ئەمن دیتم و گوێم لێ بوو قسە و
رووی دەمی تێکڕای فێرکارەکان تەنیا لە دوو فێرخوازە کیژەکە بوو نەک
فێرخوازە کوڕەکان؟! دواتر دوو فێرخوازەکە بە دوای یەکدا چوونە دەرەوە،
ئەمن تا ئەو کات هەر بێ دەنگ بووم تا تەواوی فێرخوازەکان قسەی خۆیان
کرد، دوو کوڕە فێرخوازەکە کورد گۆتەنی: (نە بایە و نە باران) ئاغایانە
لێی دانیشتبوون و کەس لێپێچینەوەی لەوان نەدەکرد!؟ فێرکارەکان بە
کیژەکانیان دەگۆت: ''ئەنگۆ چنە خۆشەویستیی دەکەن؟! لۆ سەری داک و باب و
براتان شۆڕ دەکەن؟! چ بە کەسوکار و عەشیرەتتان دەرێن؟!'' دوو کیژەکەش
بە گریانەوە لە ترسی بانگکردنی باب و برا و دەرکردن لە فێرگە نکۆڵییان
دەکرد لەوەی کە کردویانە، لە هەمووی کارەستبارتر و ناخۆشتر ئەوە بوو
دوو فێرکاری کیژیش لە ژۆرێ بوون و لە نزیکی فێرخوازە کیژەکان
دانیشتبوون و روویان لەو دوو کیژە کردبوو و زۆر بە توندیی هێرشیان
دەکردنە سەر و ئازاری دەروونیان دەدان؟؟ ئەمن تا ئەو کاتیش هەر بێ دەنگ
بووم!
هەموو فێرکارەکان لە سەر ئەوە کۆک بوون کە دەبێ و پێویستە داک و بابیان
بێنە فێرگەخانە، بەڕێوەبەری فێرگەخانە تەواو چووبووە ژێر باری قسەی
فێرکاران! بەڕێوەبەر پێش ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدا تەماشایەکی منی کرد و
گۆتی لۆ ئەوها بێ دەنگی ئەتوو چ دەرێی؟ بۆچوونت چییە؟ چ بکەین؟ لەو
کاتەدا تێکڕای فێرکار و فێرخوازان چاویان بڕییە من و ئەمنیش گۆتم:
''بۆچون و بڕوای من تەواو جیاوازە لەگەڵ ئێوە، فێرکاران.. پیشەی ئێمە
ئەوەیە فێرخواز فێری پەروەردە و رەوشتبەرزیی و لێبووردەیی بکەین و
بەشدار بین لەو گرفت و بەربەستانەی کە روودەدەن.. نەک ببینە مایەی سەر
ئێشە و هەراسانکردنیان کە تێیدا سەر لەنەوەکان بشێوینین، ئەوەی نووکە
ئەنگۆ دەیڵێن و بە نیازن بیکەن ئەوە ئەوپەڕی نەزانیی و دواکەوتووییە!''
هەروا گۆتم: ''ئێرە پێش ئەوەی شوێنێکی پەروەردەیی بێ.. شوێنێکە جگە لە
ئازاردانی دەروونیی فێرخوازان و شکاندنەوەی کەسایەتییان هیچی تر نییە..
هەر بۆیە نەوەکان هەردەم لەو بەندیخانەیە ببوورن لەو فێرگەیە رادەکەن؟''
ئیدی کەوتمە بەر رەخنەی بێ سەروبەری توندی فێرخوازان کە گوایە
بۆچوونەکانی من پاڵنەرن لۆ نزیکبونەوەی کیژ و کوڕان، ئەو قسانەی من
سەرەتایەک بوو سەبارەت بەو کێشەی کە دروستیان کردییە، هێشتا بە تەواویی
نەچووبوومە ناو کڕۆکی باسەکە، وەلێ تا رادەیەک توانیم بەڕێوەبەر بخەمە
گومانی دوودڵیی کە هەڵەی کوشندە دەکا گەر بڕیاری لەو جۆرە بدا..
نموونەی ئەو خۆکوشتن و ئەتککردنانەی ژنانم لۆ هێنایەوە کە لە لایەن باب
و برا و خێڵەکان و لە ناو کۆمەڵگە برەویان هەیە؟ دوو فێرکار (یەکیان
کیژ و ئەویدیکەش کوڕ) هەستیان کرد قسە و بۆچوونەکانم خەریکە دەبێتە هۆی
ساردبوونەوەی بەڕێوەبەر لە بڕیاری بانگکردنی داک و بابیان.. گۆتیان: ''هەر
دەبێ داک و بابیان بێن لۆ فێرگە و چەند رۆژێکیش ئەو دوو فێرخوازە کیژە
دوور بخرێنەوە؟'' هەستم کرد دژوارە بەرانگژی کۆمەڵە بۆچوونەکی پووچ
ببمەوە کە سەردەمەکی درێژە کەوتوونەتە بەر تەوژمی دینیی و نەریتی
داڕزاو و نێوگەڵپەرستەکان، لۆ ئەوەی ببمە بەربەستێک و کارێک بکەم
نەهێڵم ئەو دوو کیژە پاکە ببنە قوربانی بیری دواکەوتووانەی سەپێنراوی
کۆمەڵگە لە سەر دەستی چینێکی بە ناو خوێندەواری کۆلەوار.. لۆ ئەوەی
کارێک بکەم کەوتمە رامانێکی قووڵەوە.. رووی خۆ لە هەموویان کرد و گۆتم:
''ئەگەر ئەنگۆ هەمووتان لە سەر ئەوە کۆکن..
باشە با وابێ بەڵام بە مەرجێ کە باب یان برای کچەکان هاتن ئێوە
راستەوخۆ و بێ هیچ پێچ و پەنایەک پێیان بڵێن کیژەکانتان ئاشقن و خەریکی
خۆشەویستیی و چاوبازینە لەگەڵ کوڕان، ناخینن و هار و هاجن و... هتد،
نەک کە باب و برایان هاتن قسەکانتان بگۆڕن و بترسن لەوەی کارێکی
نەخوازراو روودەدات تا ژیان مایە باجەکەی بدەن'' هەروا گۆتم: ''ئەنگۆ
بەرپرسن لەو رووداوانەی کە دواتر بەرەوڕووی ئەو کیژانە دەبنەوە لە
نموونەی کوشتن، لێدان و ئەشکەنجەدان، دەرهێنان لە فێرگە، پەت هەڵوسین و
خۆ خنکاندن، خۆ سوتاندن و ... هتد هەموو ئەو ئەگەرانە ئەنگۆ لێیان
بەرپرسن و کەلتووری کوردەواری پڕە لە کاری قێزەوەنی لەو بابەتانە..''.
ئەو قسانەم کاریگەریی خۆیان دانا و هەموویان
بێ دەنگ بوون.. ترسیان لێ نیشت، سەرەنجام قسە و بۆچوونەکانم تا
رادەیەکی باش جێی خۆیان گرت و توانیم بەڕێوەبەر تەنانەت دوو فێرکاریش
بهێنمە سەر ئەو باوەڕەی کە ئەوەی بە نیازن بیکەن هەڵەیە.. بۆچوونەکانی
منیان پشتڕاست کردەوە و وازیان لەوە هێنا بە تایبەت بانگی باب و برایان
بکەن، چونکێ گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە رووداوی ترسناک و مەرگ ئامێز بە
دوای خۆیدا دەهێنێ و نموونەی لەو چەشنەش هێجگار زۆرن لە سایەی کەلتووری
دزێوی کوردەواری، لە دوا خولەکی کۆتایی گفتوگۆیەکەدا بڕیار درا
فێرخوازەکان بگەڕێنەوە پۆلەکانی خوێندن و تەنیا بانگی داکیان بکرێ
هەروا ناوەڕۆکی باسەکەش بگۆڕدرێ و بە داکیان بڵێن کیژەکانتان لە چەند
وانەیەک ئاستیان خراپە و پێویستە هەوڵیان لەگەڵ بدەن و هانیان بدەن پتر
بخوێنن.
ئاستی خوێندن و پەروەردەکردنی تاک لەو هەرێمە پر قەیرانەدا لە پلەی ژێر
سفر دایە و کەرتی پەروەردە و هاوکاریی دەسەڵات هەرگیز نەبۆتە هەوێنی
رەوشتی باش، زانستی سەردەم، بنیاتنانی لێبووردەیی و ڕێزگرتن..، بەڵکە
بە پێچەوانەوە دەسەڵات پتر هەوڵی ئەوەی داوە بیخاتە ژێر هەژموونی پلانە
سیاسییە پووچەکانی خۆی ئەویش تەنیا لە پێناو درێژەدان بە مانەوەی خۆی
لە گۆڕەپانەکەدا!!!
_____________________________
*
رووداوێکی راستەقینەی نێو فێرگەیەکە، نموونەیەکی گچکەی نێو فەرهەنگی
داڕووخاوی کوردەوارییە، ڕۆژانە وە سەدان کاری قێزەوەنی لەو چەشنە
روودەدا و باس ناکرێن.. کەواتە لە هەر کونج و کەلەبەرێکی ئەو هەرێمەدا
لە سایەی ئەو دەسەڵاتە پەڕپووت و نێوگەڵپەرستە ئیسلامییەدا زیانبارترین
کەسەکەکان مێینەکانن!
ماڵپەڕی هۆگر
موحسین
|