کێ دەستدرێژیى
سێکسی دەکاتە سەر ژنى کورد...؟
حەمەى ئەحمەد رەسوڵ
تاقە دیاردەیەک کە هەموو کۆمەڵگەکانى حیهان کۆکن لەسەرى و هاوشێوەن،
بریتییە لە دەستدرێژى کردنە سەر رەگەزى مێ، دەستدرێژییەکەش جۆر و شێوەى
تایبەتمەندى هەیە، هەر لە جیاوازى رەگەزى و جێندەرییەوە بگرە تا دەگاتە
بەکارهێنانى توندوتیژى دەروونى و جەستەیى و فیزکى و دەستدرێژى سێکسى و
لاقەکارى بە تۆپزى و کوشتن و سووتاندنى ژن بەگشتى..
بەڵام لە ڕووى یاساییەوە ئەم دەستدرێژییانە پێشیڵکردنى مافى مرۆڤ
دەگەیەنن و بە تاوان ناوزەد دەکرێت و سزا چاوەڕێیانە، لە زۆربەى
ووڵاتەکانى دونیادا یاسا سەروەرە و بەبێ جیاوازى و بەیەکسانى بەسەر
پادشا و گەدادا جێبەجێدەکرێت و دەستدرێژکار بەسزاى رەواى خۆى دەگات.!
بەڵام هەندێک شێوازى دەستدرێژى بۆ سەر ژن لە ئارادان کە زۆر ئاشکرا نین
و شاردراوەن و بەپێى دابو و نەریت و کولتوورى هەر کۆمەڵگەیەک مامەڵەى
لەگەڵدا دەکرێت و رێژەیەکى زۆر لە دەستدرێژکاران وەکو بەرزەکى بانان
بۆى دەردەچن و بۆیان سەر دەبێت.. ئەم دیاردەیە حاڵەتێک فەراهەمدەکات
لەلایەکەوە تاوانبار و کەتنکار بەردەوام دەبن لە ڕشتنى ژەهرى خۆیان و
لەلایەکى ترەوە رەگەزى مێ (دەستدرێژى بۆ سەرکراو) دەبنە قوربانى و
فێردەبن ببنە کۆیلە و کەسێکى وەرگر و بێدەنگ و رازى و دەستەمۆ..
فێردەبن راستى بشارنەوە و بە دزییەوە خیانەت بکەن.. بەڵام بابزانین ئەم
حاڵەتە چۆن وەها هەڵدەسووڕێ و کێن ئەوانەى کە دەستدرێژى دەکەنە سەر ژن؟
ئەوەى کە بەندە لەم سەروبەرەدا مەبەستمە، دەستدرێژى سێکسیە بۆ سەر ژنى
کورد و لە کۆمەڵگەى ئەوڕۆماندا.. لە راستیدا لە زۆر جێگە تەعدا و
دەستدرێژى و هەوڵى لاقەکارى دەکرێتە سەر ژن و کچى کورد و زۆربەشیان روو
دەدەن و ئاشکرا نابن و چەند جارەش دەبنەوە و تاوانکار بریسکەى سمێڵى
دێت.؟
ژنى کورد لەنێو خێزاندا، بە رێژەیەک کە (داتاکان ونن و هیچ
لەبەردەستدانین) لەلایەک باوک یان برا وە بەرێژەیەکى کەم لێرە و لەوێ
دەستدرێژى دەکرێتە سەر، بەڵام لەلایەن مێردى دایکەوە (باوەپیارە)وە بە
رێژەیەکى زۆرتر هەوڵى لاقەکردنى ژن یان کچى کورد دەدرێت.. لەلایەن
ئامۆزا و خاڵۆزا و پورزاوە رێژەکە بەرزتر دەبێتەوە.. هەروەها لەلایەن
دەرو دراوسێ و کەسووکارەوە بەگشتى، ژن و کچى کورد دەستدرێژییان دەکرێتە
سەر و هەر رەگەزى مێیە کە گورزى کوشندەى بەردەکەوێتەوە و دەستدرێژیکار
لێى قووتار دەبێت..
لەنێو دامودەزگاکانیشدا دیسانەوە، زۆرێک لە بەڕێوەبەر و بەرپرسى
دەستگاى حکومى و حیزبى دەتوانن بە ئاسانى دەستدرێژى بکەنە سەر ژنان و
لەبەر شەرم و ناوزڕاندن و بەرژەوەندى لایەنى ژنەکە پەردەپۆشى لێدەکرێت
و ئاشکرا ناکرێت.. لەسەر شەقام و لە بازاڕدا و لە کۆڵانەکانیشدا
دیسانەوە ژن نقورچى لێدەگرێت و دەستدرێژى جەستەیى و دەروونى دەکرێتە
سەر، ژن لە دیدى پیاوەوە حسابى نێچیر و دامرکەرەوەى سێکسى بۆ دەکرێت..
بە جەستەیەکى نەرمونیان و خۆراکێک دادەنرێت کە لە کەسێتییەکى لاواز و
بێهێز و شەرمن و بێدەنگ و رەزامەندا حەشاردراوە، شەرعییەت و رەوایەتى
دەست بۆ بردن و پەلاماردانیشى لاى پیاوەوە فەرمانى بۆ دەدرێت.!
لە دوو جێگەى دیکە، بوار دەڕەخسێت بۆ دەستدرێژى کردنە سەر ژن، کە
ئەوانیشى نێو تاکسى و دوکانى جل و بەرگ و ماکیاژ فرۆشى ژنانەیە.. بەڵام
لە زانکۆ و لە کلینیک و لە عەیادەى پزیشکى و لە خەستەخانەدا بوار
بڕەخسێت بۆ پەلامار و دەست بۆ بردن و دەستدرێژیکردنى سێکسى بۆ سەر ژنان
جێگەى داخ و خەفەتە.. ئەو سێ جێگایە مینبەر و شوێنى ناچارى و پێویستى و
پیرۆزن سێ شوێنن کە مرۆڤایەتى بە درێژایى مێژوو خەبات و کۆششى نەپساوە
و بەردەوامى بۆ بەرپارکراون کە لە خزمەت و هاوکارى مرۆڤدان..ئەوانەى
لەم سێ شوێنەدا کاردەکەن دەبێت وەکو گاندى و ڤۆڵتێر و مادام تێرێزا و
عیساى مەسیح لە خزمەت بەرز ڕاگرتنى بەهاى مرۆڤ و ئاسوودەترکردنى
تەندروستى و ژیانى مرۆڤدا بەردەوام و بێهەدادان کارو کۆشش بکەن و وەکو
فریشتە رەفتار بنوێنن.. بەڵام زۆر بە پێچەوانەوە لەو جێگایانەدا بە
نهێنى و نیوە ئاشکرا پەلامارى ژن دەدرێت.. دەستدرێژى دەکرێتە سەر
نامووس و بەهاى بەرزى رەگەزى جوان و بێگوناهى ژن و بکەرەکانیش لە
دکتۆرەوە بۆ کاڵفام و مالۆسە زۆرەکانى ئەمڕۆژگارە شوومە،بێخەم وبێوەىو
بێتاوان بۆى دەردەچن!
|