په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٥\٢٠١٤

کێ دەتوانی سەربەخۆیی کوردستان رابگەیەنی؟


ئەحمەد رەجەب     


لە گەڵ بانگەشەی ھەڵبژاردن دەنگی زۆربەی کاندیدەکان بەرز ئەبێتەوەو لیست لیستکارییەو کرین و فرۆشە لە نێوان ئەوانەی لاپتوپ و دەمانچەو زەوی دابەش ئەکەن و شەقشەقان و قەمچان بە پارەی نەوت و سامانی گەل ئەکەن و ھەندێکیان تا ئێستا لێیان نەبیستراوە ناوی سەربوخۆیی کوردستان بێنن بەڵام ئەمرۆ دەستیانداوەتە سێنگ دەرپەراندن و بە گەرمی و بە دەنگێکی بەرز باسی سەربەخۆیی ئەکەن و ئەمەش ھەرچەندە لە لای ھەموان لەناخەوەیان ھەڵنەقوڵاوە بووەتە دڵخۆشکەرە بۆ زوربەی گەلی کوردستان و ئەوانەی ئاواتەخوازن ئەو رۆژە پرشنگدارە بێتەدی.


لە مێژەوە کوران و کچانی نەتەوەی کورد تێکۆشاون بۆ سەربەخۆیی وڵاتەکەیان و بەرنگاری دوژمنانی رەگەزپەرست و شۆڤەنیست و رژێمە خوێنرێژەکان بوونەتەوەو خوێنی گەشیان و ژیانیان لەو رێگایەدا بەخشیوەو، سەرەرای ئەوەش نیشتمانەکەیان دووچاری کیمیاباران وشەری لەناوبردن (جینۆساید) بووەتەوەو، دوژمنان وکۆمەڵگای نێودەوڵەتی غەدرێکی مێژوویی گەورەیان لەم نەتەوە قارەمان و کۆڵنەدەرە کردووەو، ھەر لە پاش مۆرکردنی پەیمانی سیڤەرو پاشان نشوستییەکەی و ئیمزاکردنی پەیمانی لۆزان و دابەشکردنی خاکی کوردستان بەسەر وڵاتاندا تا ئێستا کەس یان رێکخراوێکی نێونەتەوەیی پشتگیری لە کێشەی نەتەوەی کورد نەکردووە.


سەربەخۆیی کوردستان ئاسان نییە بێتەدی بە خواستی تاکە کەسێک چونکە خواست و ئاواتی ھەرەبەرزی گەورەترین نەتەوەیە کە تا ئێستا دەوڵەتی نییەو، ئەم پرسە ئەرکی ھەموو لایەکەو، ئەگەر باس لە دیموکراسیش ئەکەین پێویستە سەرجەم ھاووڵاتییان لەم جۆرە بریارە چارەنووسە سیاسییانە بەشدار بن و، زوربەی گەلی کوردستان ریفراندۆمەکەی ساڵی ٢٠٠٥ یان لە بیر نەچووە کە زیاتر لە ٩٦% ی خەڵک دەنگیان بە بەڵێدا بۆ سەربەخۆیی.


ئەمرۆ عێراق لەلایەن حکومەتی تایفەگەری و گرا مەزھەبی شیعەوە بەرێوە ئەبرێت و، نوری المالکی سەرۆک وەزیران دیکتاتۆر ئاسا رەفتار ئەکات و لە گەڵ ھەرێمی کوردستاندا بار گرژی دروست کردوەو، ھەر لە روخاندنی رژێمی دیکتاتۆری حزبی بەعسی عەرەبی و خوێنرێژ سەدام حسەین تا ھنوکە سەرانی کورد زۆر ھەلی زێرینیان لەدەستداوەو نەیانتوانیوە لەبەر ھەندێ دەستکەوتی حزبایەتی تەسک وگیرفان پرکردن ئەو ھەلانە بقۆزنەوەو، لە بەرژەوەندی نەتەوەی کوردی دلێر بێت و، لە ئێستادا حکومەتەکەی نوری المالکی لاوازەو، ئەو تەنگژەیەی تێکەوتووەو باشترین و نێوترین ھەلەو پێویستە سەرکردەکانی کورد بیقۆزنەوەو بتوانن سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان بە دەنگێکی بەرز جار بدەن.


سەربەخۆیی مافی نەتەوەکانە لە دامەزراندنی دەوڵەت لە سەر خاکی باوپاپیران و، دوژمنانی کورد لە ھەموو پارچەکانی کوردستان توانیویانە تا ئێستا خواست و ئارەزووی نەتەوەی کورد سەرھەڵنەدات و بەو پەری نامرۆڤانە رەفتاری لە گەڵدا بکەن بۆ ئەوەی ئاوات و خەونی مێژوویی ئەم نەتەوە چەوساوەیە کە خاکەکەی بەسەریاندا دابەشکراوە نەیەتەدی و، ئەمرۆ لە باشوری کوردستان نەتەوەی کورد گیرۆدەی مادەی (١٤٠) بووەتەوەو، حکومەتە یەک لە دووای یەکەکانی عێراق لە سەرەتادا ئەیاد عەلاوی و ابراھیم جەعفەری و تا ئەگاتە دوو پۆستەکەی نوری المالکی بە ھوێ بیری شۆڤەنیستی عەرەبی بۆگەن و بیری تایفەگەری چەپەڵ بە ھیچ شێوەیەک ئامادەنەبوون و نابن ئەو مادە خێج و خوارە کوشندەیە ‌ جێبەجێ بکەن و سەرانی کوردیش ئەژڵەژێن و ھەڵئەچن و خۆیان ئەخڵافێنن و بە گیڤە گیڤ خەڵک فریو ئەدەن و، زۆر کەرەت نیازی تۆڵەسەندنەوەیان ھەیەو، لە پاش ماوەیەک سارد ئەبنەوەو، دیسانەوە ‌دێنە سەر باسی ""دەستور"" و، ھیچیان پێناکرێت و، تا ئێستا بە ھوێ سیاسەتی چەوتیانەوە یەک بست لە خاکی ناوچە دابراوەکان نەگەراوەتەوە سەر کوردستان.


سەربەخۆیی سەروەرییەو خواست و ئاواتی ھەموو مرۆڤێکی ئازادیخوازەو تەنھا پەیوەست نییە بە تاکە کەس و، بە پێچەوانەوە پەیوەستە بە ھەموو تاکێکی کورد کە بە چاوێکی پر بایەخەوە بروانێتە ئەم پرسە نەتەوەییە گرنگەو، ھەروا لە سەر ھەر تاکێکی کوردە بە چاوی رێزەوە سەیری ھەڵسوکەوتی رێبوارانی رێگای ئازادی و سەرفرازی نەتەوەکەی بکات و، نەکەوێتە ژێر باری لەرزو ترس وسۆزەوەو چونکە سەربەخۆیی کوردستان کۆدەنگی ھەموو ھاوڵاتیان و ھەموو لاینەکانیان ئەوێت.‌


من وەک کوردێک لەدوو وتاردا باسی سەربەخۆیی کوردستان و مەترسییەکانیم کردووە: لە یەکەمدا وتوومە: دوژمنانی کوردو کوردستان لە کوردستاندا تراتێن ئەکەن و بەم شێوەیە دەستپێدئەکات: ئەی کوردینە، ئەی مەردینە وریا بن، وریا بن{ وریا بن} کوردستان لە مەترسیدایە (٢٤/١/٢٠١٢) ، لە دووەمدا نووسیومە: کوردستان لە چنگی عروبەوە بۆ گەرووی ئەتاتورک و، وتوومە: بەڵێ، بەڵێ، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان. نەء، نەخێر، نا بۆ کوردستانی سەر بە تورکیا (٢٥/٤/٢٠١٢).


ھیچ تاکێکی کورد بە تەنھا ناتوانیت جاری سەربەخۆیی کوردستان بدات لە بەر ئەوە زۆر ستەم و دژوارە و پرسەکە،‌ پرسێکی نەتەوەییەو، ئەبێ ھەموو کوردان بەشداری تیا بکەن، بەڵام زۆر خاڵی رێگر ھەیە ئەو پرسە لەبار ئەبات یان دووای ئەخات و ئەو خاڵانە بریتین لە:‌ پێش ھەموو شتێک نابێت پشت بە وڵاتە کونەپەرستەکان ببەسترێت وەک: تورکیا (دوژمنی سەرسەختی کوردو کوردستان)، ئەردەن وڵاتێکی بێدەسەڵات، سعودییە و قەتەر (دوو وڵاتی دەوڵەمەند ویارمەتیدەری توندو تیژی و تێرۆرو خوێنرشتن) لە جیھانداو، سیاسەتی دوو فاقەی ئەمریکا لە لایەکەوە داڤید پتراوس سەرۆکی تۆری سیخوری ئەمریکا داوا ئەکات لە رژێمی تورکیا پشتگیری دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی بکات و، تورکیا ببێت بە برا گەورەی کوردان و، لە لایەکی ترەوە جێگری سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن ئەڵێـت: ‌واشنتۆنگ نێکەرانە لە سەربەخۆیی کوردستان و باشترە لە ناو عێراقدا بمێننەوەو، تا ئێستا سوپای تورکیا لە ناو خاکی کوردستانی باشور ماوەتەوەو، ھاتووچۆیەکی گەرم لە نێوان پەرپرسانی تورکیاو ھەرێمی کوردستان ھەیە و، تورکیا بە ھەرزان نەوتی کوردستان ئەکرێت و بۆی ئەروات و سەدان و سەدان کۆمپانیای تورکی لە خاکی کوردستانەو، بەناوی پرۆژەی وەبەرھێنان {خەیرو بەیری کوردستان} ئەگوێزنەوەو، حکومەتی کوردستان بە پێچەوانەی خواست و ئارەزووی ھاوڵاتیان خەندەق لە نێوان باشورو رۆژئاوای کوردستان ھەڵئەکەنێت و، تا ئیستا بۆ نموونە ئەوانەی لە دادگاوە داواکراون مەبەست (موستەشارو تاوانبارانی) ئەنفال و بکوژانی پێشمەرگەو خەڵکی سڤیلە رادەستی دادگا نەکراون و بە پێچەوانەوە رێزیان لێئەگیرێ و مووچەیان ھەیەو داڵدە ئەدرێن و کەموو کوری زۆرەو باس کردنیان ئازاری نەتەوەکەمان زیاتر ئەدات و... ھتد.


سەربەخۆیی کوردستان لە قورگی دوژمنانی کوردستانەو پێویستی بە تێکۆشانی بێوچانەو نابێ کورد (زەلیل) ی دەستی ئەم و ئەو بێت و، پێویستە ھەر یەک لە ئێمەی کوردو گەلی کوردستان لە ئاستی خوێ راپەرێت و چیتر لافوگەزافی کەس (قەبول) نەکات و، لێرەدا پرسیارێک بۆ ""پەرلەمانی کوردستان"" کە پتر لە شەش مانگە نازانێت کۆبوونەوە چییەو ئەرکی چییە و؟؟پرسیارەکە: ئایا کاری پەرلەمانتاران چییە؟ ئایا کاریان ئەوەیە پاش ٦ مانگ کۆببنەوە؟؟!! و، سەبارەت بە حکومەت گەلی کوردستان چاوەروانەو ئەڵێت: خەرمان بەرەکەت!!!


٢٩\٤\٢٠١٤
ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک