٢۴\٨\٢٠١٠
که ئه‌چمه‌وه،
به قه‌د خه‌مێکی نوێ ئه‌بم،
هێنده‌ی شادییه‌کی دێرین!
بەرزان هەستیار
وه‌ک شێتێکی
پەڕاگەندە، ڕێم ئەکەوێتەوە نیشتیمان
بەر لە هەر شتێک،
بە ئەسپایی، تەقەیەک،......
کە هەر تەنها گوێیەکانی بێدەنگیی بیبیستن،...
لە دەرگای مەرقەدێک هەڵئەسێنم :
)مه‌ده‌د " پیرمه‌نسوور" سه‌حابه‌ی کیبار( ،.....
ئەزانم، ئه‌وه‌نده بەفری خەم ساردیی لە ڕۆحتا کڕێوەی نەکردووە.....
ڕەنگ و ڕووی ئەم کوڕه چنگ و پەل خۆڵاوییەت
لە زاکیرەتا تەم لێی نیشتبێت،
بڕوا ناکەم باخی شووشەبەندی سنگیشت
خونچەدڵێکی وای تیا شین بووبێت......
بە نەرمە بای لە دەرگادانی ئەمشەوم نەکرێتەوە! ؛
مه‌ده‌د "پیرمه‌نسوور" ، به ڕۆحێکی شکاوه‌وه ،
شکاوتر له دڵه کریستاڵییه‌که‌ی "سلێمانی" ،...
وه‌ک منداڵیی چه‌توون ئه‌بمه‌وه و
هێنده دره‌ختی حه‌وشه‌که‌ت ئه‌ته‌کێنم
سه‌راپا گه‌ڕه‌ک، په‌مه‌یی بچێته‌وه له ئه‌رخه‌واندا ،.....
ته‌مه‌نم ، سه‌رتاسه‌ر ئاڵ داگه‌ڕێ له عه‌جوولییدا ،
به‌یانییش، به‌ر له‌وه‌ی ژنانی ڕه‌شپۆش و
کچانی به‌خت گرێ‌دراو، بێن بۆ نزا
من ڕووخسه‌ت ئه‌خوازم و
به دوو گیرفانی سەرڕێژ لە ئه‌رخه‌وان و
دوو ده‌ستی پڕ بۆنی بخوورده‌وه خۆم ئه‌که‌مه‌وه به ماڵدا
یه‌که‌م جارمه له ده‌رگای حه‌وشه‌وه .....
به نه‌غمه‌یه‌کی بزێوانەوە بانگی دایکم نه‌که‌م
یه‌که‌م جارمه بۆ نەعلەکانی نه‌گه‌ڕێم ؛
چه‌ندە سه‌خته کە لە سەفەرێک دێیتەوە ...
چاوه‌ڕێ نه‌بیت ،....
دایکت بە نەرمە ڕەوتێکەوە دەرکەوێت و
بتخاتە بەر پرژە پرژی زەردەخەنەیەکی خۆی
* * * * *
*
لەم سەفەرە بێ وادە و
سەردانە پڕ ڕەنگەمدا
خەون بەو ساتەوە نابینم ، منی مێروولە
دەنکێک گوڵەبەڕۆژە ، گەورەتر لە خۆم ،
قورس‌تر لە کێشم ، ڕاکێشمە نێو ماڵەکەم و
بۆ زستانێ ،
بۆ زەمەنی قات وقڕیی و گرانیی ،
بە دزیی دراوسێ برسییەکانمەوە ،.....
لە کەلەگێکەی پشتەوە هەڵی بگرم ؛
حەوسەڵەی ئەوەشم نییە خەون بەو نیوەڕۆیانەوە ببینم
سیلەی کۆڵانم لە کچێک ئەگرت و
ئارەقە و عیشقم پێکەوە لێ ئەچۆڕا ،
ئەچمەوە بەر خۆرەتاوی خەیاڵی دایکم و
خۆم فێنک .. فێنک ئەکەمەوە بە پێکەنینە ماندووەکەی ؛
ئەچمە ژێر نسێی خەمە چاوکزەکانی 'عەلی نەجاڕ'ی باوکم و
خۆم گەرم گەرم دادێنم بە شەماڵی نوکتە جێماوەکانی و
نیگەرانییەکانی بۆ خۆم ڕاڤە ئەکەمەوە ،....
نیگەرانیی بیستنی دەستڕێژێکی لە ناکاو و
دەنگی سەیارەی ئیسعاف و
هاتنەوەی درەنگانی ئێوارانی کوڕەکانی ،
نیگەرانیی کشانی ئەستێرەیەکی شەوانی هاوین و
خوێندنی ناوەختی کەڵەشێرێک ؛
ئەچمەوە خۆم بدەمەوە دەست لرفەو شەپۆلی زەریای نیگەرانیی،،،،
ئەو هەموو باوکە سەیر و جوانانەی .....
گرمەی هەوری دڵەڕاوکێ و خورپەی هەواڵی باڵشکێن
خوێنی ئەبردن بە ئاسماندا ،...
نەک گوللە ؛
بیری ئەو هەموو پێکەنینە ، دوو باڵی زیویینم پێ ئەبەخشن .....
کە لەگەڵ گریاندا یەک دیواری باریکیان بەین بوو ،
ئەو گۆرانییانەی لەگەڵ زێماردا .....
بە هەردووکیان چەترێکی شکاو جێی سەری کردبوونەوە و
یەک کەمان ئەیژەنین ،
ئەو عیشقانەی لە ماڵی فیراقدا....
هۆدەیەکی نسرمیان گرتبوو بەکرێ و
لەگەڵ خەزاندا لە ژێر یەک لێفەدا ئەخەوتن و
ڕەوەیەک عاشقی بێ ڤالانتاینیان ئەخستەوە ،
چیرۆکی ئەو قارەمانانە ئەخوێنمەوە
کە یادەوەرییان هێندە تاڵان کراوە.....
بە قەدەر شایەتمانێکی ماوەتەوە بۆ خۆیان !
بەدەم کێشانی بۆندارترین جگەرەوە،
لەگەڵ ئەو هەرزەکارانەدا ئەچمە پیاسەی ئێواران،....
کە شەوانە ، بە یادی مەعشووقەکانیانەوە
سەوز ئەچنەوە لە هەرێزی شیعرا و
بە ڕۆژیش هەڵوەدای بیبینەوەی بستێک سێبەرن .......
نێرگزی برینی یەکتری تیا بۆن کەن و نایدۆزنەوە ؛
ئەم سەفەرە ئەمباتەوە بەر مەرقەدی کۆنترین مەینەت و
سەر بانیژەی تازەترین کۆست ؛.
لەوە ئەچێ بۆ ئەم سەفەرە شتێک پەلکێشی کردبم
لە سیفەتی ئاو ،
لە ماڵباتی خۆڵ ،....
دەنا وا ڕەنگم نەئەپەڕی و
بۆنی ئاوڕشێنی دەمە و عەسری هاوینانم لێ نەئەهات ؛
گەلۆ، داخوا بەم جووتە پێڵاوە شڕەی عومرەوە
تا کوێی کەژی ڕووتەڵەی خاکەساریی بڕ کەم ،
لێوم بگاتەوە ئاونگی سەر کام پەلکەگیا، بۆ تەڕبوونەوە ؟!
گەلۆ، ئاخۆ دواهەمین ئاڵام، لە بان کام تەپۆڵکە هەڵکەم،.....
ئاڵایەک لە پەشمەک.
ئاڵای تەسلیمبوونەم بە چەتە سەرگەردانەکەی ژیان ؛
یان لە کوێدا،....
وەک غەریبترین ئینسانی سەر ئەم ئەستێرە خوێناوییە ،
بێ جووڵە ڕاکشێم، گەلۆ؟!
مایس و حوزەیرانی
2010 - ئەڵمانیا - کۆلن
ماڵپه‌ڕی به‌رزان هه‌ستیار
|