٣\٦\٢٠١٠
کێ هەڕەشە
و موزایەدە دەکا؟!
- دەربارەی وتارەکەی
مەسعود بارزانی لە پەرلەمانی کوردستان
-

موزەفەر عەبدوڵا
ڕۆژی شەممە 29-6
مەسعود بارزانی لە پەرلەمانی کوردستان ، بە بەهانەی گەشتی دبلۆماسی بۆ
تورکیا و فەرەنسا ،قسەوباسێکی بۆ ئەندامانی پەرلەمان کرد .کە لە
ڕاستیدا مەبەست و ناوەڕۆکی سەرەکی لەو قسانە هەڕەشەو موزایەدە بوو
بەسەر خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و لە
پێشیانەوە ڕۆژنامەنوسان و نوسەران و ڕۆشنبیران و هەڵسوڕاوانی سیاسی و
تەنانەت هەندێک لە لایەنە سیاسییە ناڕازییەکان لە دەسەڵاتیان.
گوایە مەبەست لە کۆبونەوەکەی تاووتوێ کردن و گفتوگۆ کردن و خستنە ڕووی
ناوەڕۆکی سیاسی و عەمەلی گەشتەکەیەتی لەگەڵ سەرۆکایەتی و ئەندامانی
پەرلەمان.
بەڵام ئەگەر هەر چاودێرێک بە خیرَایی چاوێک بخشێنێت بە وتارەکەیدا پێم
وایە هەر ئەو ئەنجامیگیرییە سادەیەی لێ دەکات کە من لە تایتڵی نوسینەکە
لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە.وە ڕەنگە زۆرێک لە ئەندام پارلەمانەکانیش ، کە
لە هۆڵی پەرلمان چونەتە دەرەوە، لەبەرخۆیانەوە پرسیبێتیان ئەرێ باشە
مەسعود بارزانی لە پای چی و تاکەی ئەم هەموو هەڕەشەو موزایەدەیە بەسەر
خەڵکیدا دەکات؟؟!!
بێ گۆمان ئەمە یەکەمجار نی یە کە بارزانی ئەم هەڕەشەو موزایەدانە بەسەر
خەڵکیدا دەکات. وە هەر کاتێ بارزانی و حیزبەکەی کەوتبێتنە ژێر فشاری
جەماوەرەوە ئەوە یەکسەر پەنجەی هەڕەشەو موزایەدەی لە خەڵکی ڕاوەشاندوەو
ووتوێتی، ئێمە هەڕەشەو موزایەدە لەکەس قەبوڵ ناکەین .لە کاتێکدا ئەو بە
ئاشکراو لەناو هۆڵی پەرلەمانەکەیان، کە بە حیسابی خۆیان باڵاترین
دەزگای تەشریعییەو سەرچاوەی دەسەڵاتی جەماوەرو دیموکراسی یە ئەم
هەڕەشەو موزایەدانە دەکات.
دیارە بارزانی ئەگەرچی بە ڕواڵەت لە قسەکانیدا دەیەوێت لەسەر چەند
تەوەرەیەک بەر لە گەشتەکەی هەڵوێستە بکات و ئەندامانی پەرلەمانی
لێئاگادار بکاتەوە، وەک بارودۆخی عیراق و کوردستان و توندکرنەوەی
پەیوەندنی لەگەڵ ڕژیمی تورکیای دۆستیان و دەوڵەتی فەرەنسا .هەڵبەت ئەو
لەسەرەتاوە هیچ ئاماژەیەک بە ڕووداوی تیرۆری سەردەشت عوسمان و ئەو
ناڕەزایەتییە بەرینە ناکات کە لە ئاستی کوردستان و دەرەوەدا ڕووبەڕووی
بوونەوە، کە وێرای بەرپرسیارێتی ئاشکرای
سیاسی ئەو ڕووداوەیان کردە ئەستۆی بارزانی و حیزب و دەسەڵاتەکەی،
هاوکاتیش زۆرێک لە چاودێران و نوسەران ئاماژەیان بەو بەڵگانە داوە کە
ئەگەری ئەوە زۆرە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان پارتی لە پشتی ئەو تاوانەوە
ڕاوەستابێت بەهۆی ئەو نوسینە
تەوسئامیزەسیاسیانەوە کە سەردەشت لە بارزانی حیزب و دەسەڵاتەکەی
نوسیوێتی.
بەڵام بارزانی سەرەتا، سەرەڕای فشارێکی دەرونی زۆر گەورەی سیاسی و
کۆمەڵایەتی کە پێوەی دیارە، وا نیشان دەدات کە لەبارەی ناڕەزایەتی
یەکانەوە مێشیش میوانی نی یە.بەڵام کاتێک دێتە سەربارودۆخی ناوخۆیی
کوردستان بێ سێ و دوو، شەلم کوێرم ناپارێزم، دەست دەکات بە هەڕەشەو
موزایەدەکردن.
خاڵی هەڕەشەو موزایەدەکانی لەوێدا دەردەکەوێت کە ئەو لە جیاتی ئەوەی
سوپاسی خەڵکی ناڕازی کوردستان بکات کە ئەوەندە حەساس بوونە بە تیرۆری
سەردەشت و دەنگی ناڕەزایەتیان دونیای پڕ کردوە، ئەو دێت ئەمە بە
شێواندن و دەستێوەردانی لایەنەکان و دەستی دەرەکی تێدەگات و بۆیە
دەکەوێتە هەڕەشە کردن لە خەڵکی ناڕازی.
تەنانەت لە جیاتی ئەوەی جەختی زیاتر لە بەرقەرارکردن و بونی ئازادی
سیاسی و دیموکراسی بکاتەوە ڕێک دیت هەڕەشەی زیاتری شکاندنی قەڵەمەکان و
برینی زیاتری زمانەکان دەکات و بۆنی دکتاتۆری ڕەها لە وشەکانی یەوە دێت
.تەنانەت چەمکی ئازادی و ڕەهەندەکانی دەشێوێنێت و هێشتا ئەو بە خەڵکی
دەڵێت بە هەڵە لە ئازادی گەیشتون و خراپ کەڵکی لێوەردەگرن.وە لەپاڵ ئەم
قسانەش دوبارە هەرەشە دەکاتەوەو دەڵێت کە ئیتر ڕێگە نادەین لە بەناوی
ئازادیی یەوە پارتی تۆمەتبار بکەن.
بۆیە بە بروای من بارزانی ئەگەر بە ڕاستی و واقعی سەرۆکێکی ئازادیخواز
و یەکسانیخوازو بوایەو بەکردەوە بەرگری لێبکردایە ئەوە دەبوو لە جیاتی
ئەو هەرەشەو موزایەدانە لەبەردەم پەرلەمان داوای لێبوردنی لە پای
کوشتنی سەردەشت لە خەڵکی کوردستان و خانەوادەکەی بکردایە، نەک پەنجەی
هەڕەشەی ڕاوەشاندایە. چونکە لە سایەی دەسەڵاتی ئەو و لەپاڵ
بانگەشەکانیدا بۆ ئازادی و ئاسایش ئەم کارەساتە ڕووی داوە.بەڵام ئەو
تەنانەت لە جیاتی بەرگری لەخۆی و دەسەڵاتەکەی و بانگەشەکانی دێت هیرَش
دەبات و ئەو تێزە پیادە دەکات کە دەڵێت بۆ بەرگری لەخۆ هێرش بەرە.
بەڵام تا ئەو جێگەیەی دەگەڕێتەوە بە لایەنی موزایەدەکەشی یەوە، ئەوەیە
کە بارزانی ئەمە نە یەکەم جارەو نە، لەو باوەڕەدام، دوا جاریش دەبێت بە
ناوی وەڵام دانەوەی موزایەدەکەرانەوە، ئەو دێت و بە فعلی موزادەیە
بەسەر خەڵکی دا دەکات.بەڵگەی ئاشکرای ئەم موزایەدەیەشی ئەوەیە یەکسەر
ئەو باسی ئەوە دەکات کە لە سەدا حەفتای خەڵکی دەنگیان بەو داوە. بۆیە
تا ئەو جێگەیەی خەڵکی ئەو دەسەڵاتەیان بەو داوە نایەڵێت خەلکی و هیچ
لایەنێک لەسەرو یاساوە بێت و موزایەدەیان بەسەردا بکات.
بەڵام بەڕاستی ئەو پروپاگەندەیە خۆی لە خۆی دا جگە لە موزایەدە هیچی تر
نی یە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەموو کەسێکی ئازادیخواز دەزانێت خەڵکی لە چ
هەلومەرجێکدا بەو ڕێژەیە دەنگیان بەو داوەو گومانەکان لەو بارەیەوە
ڕوون و ئاشکران.
ئەوە ئیتر لێرەدا پێویست ناکات ئێمە بێینە سەر ناوەڕۆکی کۆمەڵێک قسەی
تر کە لە وتارەکەیدا هاتوون وەک ئیسلامی بوونی کۆمەڵگای کوردستان و
پاراستنی بەهاکانی کۆمەڵگای کوردەواری و کۆمەڵێ چەمکی تری
کۆنەپەرستانەی باووی ئیسلامی و دەرەبەگی و خێڵەکی تر.
بەڵام پێویستە بارزانی و حیزبەکەی و، تەنانەت یەکێتی و حیزبە
ئیسلامییەکانی هاوپەیمانەکانیشیان باش بزانن کە خەڵکی ناڕازی و
ئازادیخوازی کوردستان ئەگەر چەندین ساڵە تەحەمولی هەموو
پهیمان و بەڵێن و،
هەروەها هەڕەشەو گوڕەشەو موزایەدەکانی ئەوانیان کردوەو رەنگە
خۆشخەیالیش بووبن لەبەر چەندین هۆ، ئەو هەموو ستەم و فشارەیان پێ قبوڵ
کراوە، ئەوە لێرە بەدواوە خەڵکی ئەمانە تەحەمول و قەبوڵ ناکەن.
خەڵکی ئازادیخواز دوای ڕووداوە پڕ تاوانەکه
ئیتر بە دوای تولەڕێی خەبات و ناڕەزایەتی و تێکوشانی ترەوەن و لە
ئایندەیەکی نزیکیشدا هەموو ئەم تولەڕێیانە دەکەوێتە سەرشاڕێی خەباتێکی
شکۆدار و ئاسۆ ڕوون بۆ گەیشتن بە
ئامانجەکانیان لە ئازادی و یەکسانی ڕاستەقینەو واقعی.
1\6\2010
ماڵپهڕی موزهفهر عهبدوڵا
|