په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١٢\٢٠٢٢

کەژاڵ ئیبراهیم خدر لە چێوەی ئەزموونکردنی نوێگەریی شیعرییدا.
- شیکردنەوەی قەسیدەیەک -

 

 

عیزەدین شافی (مەغریب)

وەرگێڕانى: کامیل محەمەد 

- ١ -


خوێندنەوەیەک بۆ ئاماژەکانی فەرهەنگی شیعری و کارپێکردنی ڕەگەزەکانی سروشت لە قەسیدەدا خاتونە شاعیری کور (کەژاڵ ئیبراهیم خدر)ی نیشتەجێی کوردستان شیعرنوسینی بە زمانی کوردی وەک زمانی دایکیی خۆی و بە زمانی عەرەبییش هەڵبژاردوە. ئەو دەیەوێت لە چێوەی ئەزموونکردنی نوێگەری شیعری و، شکاندنی ڕۆتینی کێشی عەرووزە باوەکەدا کاربکات و لەمپەرەکانی شێوازە کۆنەکانی نوسینی ،ڕەوانبێژی تێبپەڕێنێت و بە زمانێکی ویژدانیی هەناوی و بە دەربڕینی قووڵ گوزارە لە تیما و تێزی خۆشەویستی بکات، بۆیە سیستمێکی تايبەتیی خۆیی هەیە بۆ ڕێکخستنی بڕگە و دەستەواژە شیعرییەکانی کە پشت بە هەڵقواڵنى هەستیی و سۆزییەکانی ناو ناخی خۆی دەبەستێت.


تێکشکاندنی بونیادی ڕیتم لە ئەم قەسیدە شیعرییەیدا بەڕوونی لە ئێمەوە دیارە و دەتوانین لە ناو تایبەتمەندیی بونیاد و ستراکچەری ناوەکیی شیعرەکە و ڕستە شیعر ییەکان و کێش و ئاماژەکان و پارێزگاریکردنیش لە سازانی فەرهەنگی و ئاوازی مۆسیقیی گوتن و گواستنەوە و پلەبەندیی هونەری لە بڕگەیەکەوە بۆ بڕگەیەکی تردا ببینین تێزە شیعرییەکەی سازە، گونجاوە، هێما و تیمای ڕیتم ئامێز و دەنگی کۆمەڵە شتێکن لە ئەم قەسیدەیەدا دەبیندرێن، کە بە سیستمێکی شیعری بەسەر ١٣ بڕگەدا دابەش بووە . بڕگەکانی هەریەکەیان سیستمێکن، ئاماژە و ناونیشانی جیاوازیان هەیە لە گوتندا، بەاڵم لە دەلالهـ تە قووڵەکانیاندا لەیەک دەچن.


ئەم بڕگانەش بریتین لە /پەیکەر/ ڕەیحانە/ مێخەک/ گوڵ / تابلۆ/ لێو/ بەیان/ عاشق/ دایک / بۆن / ئاسک / کۆچەری / تەسبیح دابەشکردنی دێڕە شیعرییەکان بەپێی مانای فەرهەنگی ڕستە و دید و ڕەمز و ئاماژە و دەللیی زمانی شیعریی بەکارهێندراو لەناو ئەم بڕگانەدا دەگۆڕێن. بۆیە کە سەیری بونیادی نەزمیی شیعرەکە دەکەین، هەست بەوە دەکەین، کە هەمووی دەچێتەوە سەر کرۆکێکی دەقی و ئاماژەیی، کە دەتوانین ناوی لێبنێین تیمای عەشقی سۆفیگەرانە و تیایدا تەجاوەزی هەموو کەرەستەیەکی مادی و خراپیش دەکات. لەوێدا خۆشەویستییەک هەیە، کە دەکەوێتە سەرووی هەموو ئەو تێزانەی شەڕخوازی و ڕق لێبونەوە و دزێوییانەوە، کە دەیانەوێت هەستی مرۆڤەکان ناشیرن بکەن. تیمای خۆشەویستیی سۆفیگەرانە لە ناو فەرهەنگی دەقەکەی ئەم و ڕەوانبێژیی دەربڕین و قووڵیی وێنە هونەرییەکانی ئەمدا دیارو بەرچاون، کۆمەڵە وێنەیەک، کە دوورن لە زۆرلەخۆکردن و ئیشی دەستکردانە.


- ٢ -


ئەو دێت ڕیتمێکی مۆسیقیی گونجاو لەگەڵ هەڵقواڵنی هەستەکانیدا هەڵدەبژێرێت، بۆیە لە" تەوەری یەکەمی ئەم نامە ڕەخنەییە کورتەدا باسی دەکەین کە دێین چاو دەبڕینە بڕگەی یەکەمی هەست دەکەین بەدوای یەکداهاتنێکی زارەکیی کۆمەڵێک ووشە هەن، کە ئاماژەن بۆ ڕەگەزە زیندووەکانی سروشت ئاو و بەفر و هەتاو. ئاو ڕەمزی بەپیتبوون و گەشەکردن و ژیانە، بەفر ئاماژەیە بۆ توانەوە، هەتاویش بۆ گەرمی. ئەم ڕەمزە شیعرییانە لە ناو بڕگەی یەکەمدا هێمای پەیوەندیی نێوانی ئەو دوو عاشقەیە، کە بە ناخی یەکتریدا ڕۆچوون و کارلێکیان کردووە، ئەوەتا پەیکەرەکەیان لە بەفرە، چاویان لە هەتاوە، کەسە خۆشەویستەکە خۆی هەتاوە، بەلام کچە عاشقەکەی لە بەفرە. ئەمە وێنەیەکی هەستییە،وا سازێندراوە، کە ئاماژەبێت بۆ گەرم و گوڕیی ئەو خۆشەویستییە ، کە لە ناو ڕووحی کچە عاشقەکەدا لەنگەری گرتووە و کردوویەتی بە خانەی سۆزێکی سەرمەدیی هەمیشەیی، کە توانای ئەوەی تێدایە مەرزەکانی شوێن و جێگە تێبپەڕێنێت.


شاعیر لە بڕگەی دووەمدا بە نەرمی لە ئاو و بەفر و هەتاوەوە دەگوێزێتەوە سەر ڕەیحانە، ڕەیحانەش بەرەو بۆنی خۆشمان دەبات، بۆنێک کە چرۆی هیوا لە ناخی کەسە بێهیوابووەکاندا دەگەشێنێتەوە. بۆیە ڕەیحانە بە بۆنە خۆشەکەیەوە دەبێت بە ئاماژەیەک بۆ بوونی هیوا و ئومێد و مەستیی خۆشەویستییەکی سۆفیگەرانەی بێگەرد ، کە بە خڵتە و پیسییەکانی "ئەم ژیانە پیس بووە" گەرد ناگرێ.


لە بڕگەی سێیەمدا مێخەک وەک ڕەمزێکی هونەریی بارکراو بە ئاماژەی مانەوە و نەمریی سۆزداری لە ناو زاکیرەی کچە عاشقەکەدا ئامادەیە و لە ناو کۆمەڵێک وێنە و ڕەمزی چڕکراوەدا دەردەکەوێت... گوڵ / لێو  پەپوولە / بۆن / هەتاو / بەرەبەیان.. وەک تێبینی دەکەین شاعیر وابەستە نەبووە بە تەنیا فەرهەنگێک و تەنها وێنەیەکەوە، بەڵکو فرەجۆرییەکی فەرهەنگی و ئاماژەیی بەکارهێناوە، بۆیە فەرهەنگەکەی ئەو تەنها لە یەک ئاستی ئاماژەییدا ڕاناوەستێت ، بەڵکو دەیەوێت بوارێکی ئاوەاڵی دەربڕینی بێ کۆسپ و لەمپەری زمانەوانی بدات بە قەسیدەکەی خۆی. بۆیە ئەو فەرهەنگە سرووشتییەی ، کە لەلاى شاعیر بوونی هەیە پانتاییەکی ئاوەڵلای پێ بەخشیوە بۆ ئەوەی گوزارەی ئازادانە لە ئەزموونی ئەم خۆشەویستییە نمونەییە بکات، کە پڕە لە هەموو ئەو بەها جوانانەی کە بەردەوامی و درێژبونەوە بە ژیان دەبەخشن، سەرباری بوونی بڕێکی زۆر لە هێزی شەڕخواز و تاریکی خواز کە دەیانەوێت بەسەر هەست و سۆزی مرۆڤەکاندا زاڵ ببن تەوەری دووەم ڕەمز و وێنەی هونەری و ڕەهەندی ڕەمزی و بونیادی ڕستەی شیعری و هەڵقواڵنی مانا پێشتر ئاماژە بەوە درا،  کە خاتوونە شاعیری کورد (کەژاڵ ئیبراهیم خدر) پەنای بۆ بەکارهێنانی فەرهەنگی سروشت بردووە و کۆمەڵێک ڕەگەز و پێکهاتەی سروشتی وەک (ئاو، هەتاو، مێخەک، گوڵ و ئاسک).

 
- ٣ -


بەکارهێناوە و بە سازاندنێکی ستایڵ ئامێز و بونیادێکی دەاللی، تێکەڵی ناو فەرهەنگی خۆشەویستیی کردوون، بە شێوازێک کە پشت بە ڕستەی سادە و دێڕی جیاواز لە درێژی و کورتیدا دەبەستێت ئەو جوانییەی، کە لە ئەم قەسیدەیەدا هەیە، تەنها لە ئەو ڕووەیدا نییە، کە فەرهەنگی زمانی بەجوانی.


بەکارهێناوە، بەڵکو لە فرەچەشنیی شێواز و کردارەکان و اڵدان لە ماناشدایە، کە دەیەوێت خوێنەرەکانی لە ڕووی فکر و سۆزەوە تێکەڵ بە مانا حەشاردراوەکانی ناو قەسیدەکەی بکات.. ڕەنگە هەر لە خوێندنەوەی دێڕی یەکەمی شیعرەکەوە ئەم قەسیدەیەی وەها ببینین، کە وەلامێک بێت بۆ پرسیارێکی تەمومژاوی لەبارەی ئەو پەیوەندییە تەمومژاوییەوە، کە خاتوونی شاعیر بە خۆشەویستەکەیەوە دەبەستێتەوە، خۆشەویستەکەشی، کەسێکە بە جەستە بزرە و بە ڕووح ئامادەیە، ئەی کەواتە دەبێت ئەو کەسە خۆشەویستە کێ بێت، کە خۆی بە جەستە بزرە، بەلام بەڕووح ئامادەیە و لە ناو ناخی خانمی شاعیردایە؟؟ شاعیر ئەم قەسیدەیەی بە ڕستەیەک دەست پێکردوە، کە پرسیارێکی پێ وروژاندوە: لێیان پرسیم، چۆنت خۆشویست؟؟ تۆیەک پەیکەرت لە بەفرە و چاوی ئەویش لەهەتاو!


ڕەنگە دەست پێکردنی قەسیدەکە بە ڕستەیەکی پرسیاری مانای ئەوە بێت کە کەسێکی پرسیارکەری نەناسراو هەبێت کە بڕوا بە بوونی ئەم خۆشەویستیە عەجایەبە نەکات. لە ناو ئەم ڕستە ئاوێتەیەدا دوو بڕگەمان هەن، کە بە ئامرازێکی پەیوەندیی و( بەستراونەتەوە بە یەک ترەوە )پەیکەرێک لە بەفر و خودێک لە هەتاو.


ئەم تێکەڵکێش کردنەی نێوانی ئەم دوو ڕستەیە ئاماژەیە بۆ تێکەڵبوونێک و کارلێکێک لە نێوانی دوو خودی عاشقدا، کە توانەوەی لێ دەکەوێتەوە، کە ئەمەش ئاماژەیەکی ناوەکییە بۆ ئەو گونجان و سازانە ڕووحییەی، کە لە نێوانی دوو خۆشەویستەکەدا هەیە هەر لەم پێکهاتە ڕەوانبێژیی و ڕەمزییەوە تێبینیی بوونی و لادانێکی گەورە لە بەکارهێنانی زمانی ئاسایی پێوانەیی بەکارهێندراو دەکەین، کە ئەم لادانەیان توانای وێناکردنی هەستە ناوەکییەکانی ئەم خۆشەویستییە سۆفیگەرییانەی نییە. هەندێک نیشانەی ئەم لادانانە لە ناو ئەم قەسیدەیەدا کەوتونەتە ناو کۆمەڵێک ڕستەی شیعرییەوە، کە بە کورتی ئاماژەیان پێ دەدەین:
(کە تۆ ڕۆشتیت شارەکە و
هەموو خونچە و گوڵەکانت
لەگەڵ خۆتدا برد).


لە ناو ئەم دێڕە شیعرییەدا بوونی دوو ئاماژە هەست پێ دەکەین، ئاماژەی ڕۆشتن )سەفەرکردن( کە ماناکەی دەکاتە بزربوون و مردن و کۆچ کردن و جیابونەوە و دابڕان و وێرانە و بێمانایی بوون (وجود). چونکە ئاماژەی بوونی ئازاری جیابونەوە و ئێشی خەمۆکی وایان لە خانمی شاعیر کردووە، کە بە ڕوانینێکی جیاواز لە ڕوانینی ڕابوردوو سەیری شار بکات (ڕابوردوویەکی درەوشاوە بە جوانی) و ئێستایەکی پڕ لە ئاماژەی وێرانی و خەم و حەسرەت )کە لە بڕگەی ١١ دا دەیبینین (کە وێنەی ئاسکێک و ڕاوچییەکمان بۆ دەهێنێت).. ئاسکەکە خێرایە و لە دەستی ڕاوچییەکە دەرچوە، چونکە ڕاوچییەکە ماندوو بوە، لەبەرئەوەی بێکەڵک ڕاوی ئاسکەکەی ناوە. تێزی ئەم ڕستە شیعرییە بەرەو ئەوەمان دەبات، کە بەراوردکارییەکی ئاماژەیی هەبێت، لە نێوانی دەستگرتن بە کەسی خۆشەویست و ئاماژەکانی دەرپەڕین و ملنەدان و بێ هیوایی لە نێوانی عاشقێکی شێت و مەعشوقێکی سەرکێش و سرک و نائارامدا.


- ٤ -


بەپێی بوونی ئەم چڕییە ڕەمزییە لەناو دەربڕین و گوزارەکانی خۆشەویستییەکی شێتانەی نێوانی دوو خۆشەویستی جیاواز لە یەکتری و ناکۆک بە یەکتری، کە پەیوەندییەکی سۆزداری لە نێوانیاندا هەیە و پێکەوەیان دەبەستێتەوە شاعیر توانیویەتی زمانێکی شیعریی قووڵ و پڕ مانا ئەزموون بکات، کە رەوانبێژییەکی باش و وێنەی جوانیشی تێدایە، کە دەیەوێت پەیامێکی بەرز بنێرێت بۆ خوێنەران، کە ناوەڕۆکەکەی ئەوەیە خۆشەویستیی راستەقینە بە گۆڕانی بارودۆخ ناگۆڕێت و لە ناو دڵی پاک دەرناچێت. بەڵکو ئەوە خراپیی مرۆڤە کە ئەو خۆشەویستییەی شێواندوە، کە خودا خۆی خستویەتیە ناو دڵی مرۆڤەکانەوە بۆئەوەی پەیوەندیی سۆز و بەزەیی و لێبوردەیی لە نێوانی تەواوی مرۆڤایەتیدا پتەو بكات.
 

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر
 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک