په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٩\٢٠١٩

کەژاڵ ژنێک بێدەنگ

بەڵام گوڵێک لە جوانیی شیعر.

 

 

نەسیم مروەت جوو (رۆژەڵاتی کوردستان - سنە)

وەرگێڕانی: رێباز مستەفا


یەکەم جار بوو شیعری کەژاڵم خوێندەوە ،لەدنیای مەجازی و لەرێگەی تایبەتی فەیسبوکەکەی خۆیەوە .ھەر لەسەرەتای خوێندنەوەی شیعرەکانیەوە،ژنبوون و ناسکی و، بوێری و، ئازایەتی ئەو ژنەم بەھۆی دەربڕینی وشەو دەستەواژەکانیەوە بۆدەرکەوت :ھەر ئەو سەرەتایەش بوو کەبووە ھۆی ئاشنابوونم لەگەڵیدا و دواتر پێشنیاری خۆی بۆوەرگێڕانی بەشێک لە ھۆنراوەکانی لەلایەن بەندەوە بۆ سەر زمانی فارسی ئەنجامدرا.

رەنگبێت باوەڕکردن ئاسان نەبێت ،بەڵام تاکوو ئێستا کەوا خەریکی نووسینی پێشەکیم بۆشیعرەکانی ،ھێشتا کەژاڵم نەبیینووە ،ئەگەر چی بۆ بینینیشی چوومە سلێمانی ،بەڵام لە بێ شانسی بەھۆی ناھەمواری باری دەروونی شاعیرانەیەوە ئەوکات چووبووە سەفەر و نەکرا یەکدی ببینین...

کەژاڵ شاعیرێکی ھەست ناسک و دیار،سادەیی و، راستگۆیی لە شیعرەکانی بە گرنگترین و دیارترین تایبەتمەندی ھەستی شاعیرانەی ئەو دەژمێردرێت، کاتی دەڵێت:
کە تۆم ناسی
گردێک بووم و، بووم بەچیا
کانیەک بووم و ،بووم بەدەریا
شەوێکی ئەنگوستە چاوو بووم
بووم بەگزنگی بەیانی
باڵدارێکی ناو قەفەس بووم
گەڕامەوە بۆسەرچڵی درەختەکان
بۆنەغمەی خۆش ،بۆگۆرانی.


شیعرەکانی کەژاڵ سادە بەڵام پڕ مانا ،لەرەگەزی عاشقانەی ژنێکی کورد ،یان باشتر بڵێم ژنێکی رۆژھەڵاتی ،ئاواسادەبێ .ژنێک لە ھۆنراوەکانیدا ھیچ پێچ و پەنایەکی رۆژھەڵاتیانەی تێدا نابیندرێت .

ئەو شیعرەکانی لەدڵیەوە سەرچاوە دەگرێ لەنووکی خامەکەیەوە ھەڵدەڕژێ و لاپەڕەی سپی کاغەز ماچ دەکات و روون و بێ پێچ و پەنا دەڵێت:
ئەگەر یەکێ لێم بپرسێ
شیعر بۆچاوی کێ دەڵێت
کەمانچەی دڵە شێتەکەت
بەچ ئاوازێ لێدەدەیت
چی پێ بڵێم ،کەمن ھێشتا
نازانم بۆخۆشم دەوێت
کەمن ھێشتا دەتپەرستم
نازانم چیت ،نازانم کێیت.


کەژاڵ ژنێک ھەمیشە عاشق بو نیشتمانی پڕ لە ئەندێشەی جوانی شیعر دەھۆنێتەوە .بەڵام بۆچاوی خۆشەویستەکان سازێک ھەڵدەگرێ و، ژێیەکانی رێک دەخات و، دەیچڕێ .ھەروەھا زۆر بەسادەیی لە شیعرەکانیدا ھەندێ جار بۆپیاوی خەونەکانی دەبێتە دایک و لایلایەی بۆدەڵێ ، ھەندێک جاریش وەک خوێندکارێک و، بەچاوانی زیت و پڕ میھرەبانیەوە وانەی ئەڤین لەخۆشەویستەکەیەوە فێر دەبێ.

کەژاڵ لە شیعرەکانیدا سوود لە ھەموو شتێکی دەوروبەری وەردەگرێت. تاکوو خۆی و خۆشەویست و ،عەشق بئافرێنێ . ستایش بکات و بخوێنێت ، بەو شێوەیەش خۆی پەیوەست بکات بەشیعرو ،شیعر بەوشەو، ھەردوکیان بەعشق وێنا بکات.

کەژاڵ ھەمیشەو بەردەوام لەعشق دەدوێت. بەڵام ژنیش فەرامۆش ناکات ئەو لە کۆمەڵگایەکی پیاوسالاردا دەژیت کە تیایدا ژن بەتاوانی خۆشەویستیەوە دەچەوسێندرێتەوە و سوکایەتی بە ژنبوونی دەکرێت و بەناوی "نامووس"ەوە کۆت و بەند دەکرێت و دەش کوژرێت.

لێرەدایە کە شاعیر زمانی نەرم و نیانی ژنانەی دەکاتە شمشێرو ،ھاواردەکات دژی ستەم و چەوساندنەوەو تووندووتیژی رادەپەڕێت.ئەو وەکوو ھەموو ژنانی کورد ،باری ستەمی ژێر دەستەیی گەلێک لەبوونی خۆیدا ھەست پێدەکات و بەدەربڕینی وشە باس لە کۆسپ و بەربەستەکانی بەردەم ئازادی دەکات بۆیە لەم کۆپلە جوان و سەرنج راکێشەیدا کەژاڵ دەڵێت:
لەسەر شیعرێکی ئازادی بۆ خاکەکەم
شیعرێکیان دەستگیرکردم
دەستی وشەکانیان بەستەوەو
چاوی ناوەڕۆکەکەیان بەست
بۆسبەینێ بووم بەسردووی نەورۆز
لەسەر چایەیکی بەرز گڕم گرت.


لە کۆتاییدا ئەگەر لە یەک وشەدا کەژاڵ کورت بکەیتەوە، عاشقێکە ھەموو جەستەی ژنایەتی تێدا بەرجەستە دەبێت چونکە ئەو نیشتەجێی شاری عیشقە.

 

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک