٢٨\١\٢٠١٧
کەژاڵ ئیبراهیم
خدر؛ شاعیرێکی دانسقە لە کوردستانی باشوور.
ئەدهام نەمر حرێز |
وەرگێڕانی: نیازی حەمە عەزیز |
رەوشی (ئەدەبی ژنانە) لە کوردستانی باشوور
جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەوەی عێراق نییە. بەڵام بە جیاوازیی زمان و
ئامرازە بەکاربراوەکان تایبەتمەندیی خۆی لەچاو هاوبەهرەکانیدا
پاراستووە. ئەم تایبەتمەندییە ئەدەبییەش زیاتر لەوەدا دەردەکەوێ کە
تەواوی خاتوونە شاعیرەکانی کورد بە زمانی عەرەبی نانووسن. هەر لەدوای
ساڵی (٢٠٠٣)شەوە رەوتی ئەم ئەدەبە بازێکی مۆدێرن و گشتگیر و بەرچاوی
داوە، بەتایبەتی دوای دەربازبوونی ئەم رەوتە لە هەژموونی پیاوان لە
گۆڕەپانی ئەدەبیی کوردستانی باشوور.
کەژاڵ
ئیبراهیم خدر، یەکێکە لەو شاعیرانە کە بە بەهرە و شێوازە دەگمەن و
دانسقەکەی توانیویەتی ناوی خۆی لە ناوەندی شیعری و ئەدەبی بنەخشێنێ.
وێڕای وەرگێڕانی چەندین دەقی شیعری ئەو بۆ زمانی عەرەبی کە ناساندن و
بڵاوبوونەوەی ناوبانگی زیاتری لەدەرەوەی زمانی کوردی پێ بەخشیوە. لە
شیعرەکانی کەژاڵ دا وێنە هونەرییەکان لە میانی ئەو وەسفانەدا دەردەکەون
کە ئەو بە سەلیقە و جوڵاندنی پەیڤەکان پانتایی جیهانێکی لە ئەندێشە و
فانتازیا خوڵقاندووە، بە جۆرێک لە وشەگەلێک پەیامێکی نوێيی بۆ جیهانێکی
دی هەڵگرتووە کە خوێنەر مەلەی بێپایانی تێدادەکا، پەیامێک کە لە نێوان
دێڕەکانیدا تاڤگەی ئەوین هەڵدەڕژێ خۆشەویستی پەخشدەکا. دیارە کە
پەیوەندیی لەنێوان بەرهەم و ئەفراندندا ئەو وێنە ورد و پڕ لە
توانستانەن کە بە شێوەی جۆراوجۆر هزر دەگەیەننە زەین و ئاوەزی خوێنەر،
لەم پێودانگەوە کەژاڵی شاعیری کورد زۆر سەرکەوتووانە توانیویەتی بە
هۆنینەوە شایستەکانی لە دەروازەی دڵەکان بدات بەر لەوەی بە ناخی
ئاوەزەکاندا شۆڕبێتەوە.
پرۆفایلی شاعیر: لە قەڵادزێی سەر بە
پارێزگای سلێمانی لەدایکبووە. لە بواری خوێندنی پیشەیی کاردەکا.
لەزۆربەی فیستیڤاڵە ئەدەبییەکانی کوردستان بەشداریکردوە. زیاترلە ٧٠
خەڵات و میداڵ و بڕوانامەی رێزلێنانی لە کوردستان پێبەخشراوە. لە لایەن
وەزیری رۆشنبیریی عێراقەوە لە پای دیوانەشیعری ( دەڤەری قەڵادزێ)
خەڵاتکراوە. پلەی شەشەمی لە دیداری شیعری لە میسر پێبەخشراوە. چەندین
خەڵات و بڕوانامەی لە دەوڵەتانی عەرەبی وەرگرتووە. بە گشتی لە پێشبڕکە
ئەدەبییەکاندا ٢٠ جار پلەی یەکەم و ٣٥ جار پلەی دووەم و ١٨ جار پلەی
سێیەم و ١٢ جار پلەی چوارەمی بەدەستهێناوە.
چاپکراوەکانی شاعیر: تاکو ئێستا ٢١
دیوانە شیعری بە چاپگەیاندوە. لەسەرشیعرەکانی لەبواری تۆژینەوەی ئەدەبی
دەیان نامەی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی کوردستان وەرگیراوە. دیوانی
"چاوێک بۆ عیشق و ئامێزێک بۆ خۆشەویستی" کراوە بە عەرەبی. دیوانە
شیعرێکی کراوە بە فارسی. هەندێک لە دیوانەکانی بۆ زمانەکانی ئینگلیزی و
ئیسپانی و ئەڵمانی و رووسی و لاتینی وەرگێڕدراون. لەم رۆژنامە و
گۆڤارانە لێکۆڵینەوەی ئەدەبی دەربارەی شیعرەکانی ناوبراو بڵاوبۆتەوە:
(ئەلزەمان، ئەلشەرق ئەلئەوسەت، ئەلئیتحاد، ئەلموستەقبەل، ئەلحەقیقە،
تەریق ئەلشەعب، تەریق ئەلحوڕیە، ئەلجەماهیر، ئەلحەیات، ئەلجسر، رايە
ئەلحوڕیە، تشرين، نەهج ئەلحوڕیە، ئەلعێراق، ئەلفکر، ئەلمەدا، ئەلسەدا،
ئەلشەعب ئەلجەزائیری... هتد).
ماڵپهڕی
کهژاڵ
ئیبراهیم خدر
|