په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٥\٢٠١٢

کەڵەنووسەر و پێشمەرگەی دێرین (محەمەد موکری) کۆچی کرد.


رەزا ساڵح      


ھەواڵی کۆچکردنی ھاوڕێی دڵسۆزم، کەڵە ئەدیبێکی گەلەکەمان، پێشمەرگەیەکی دێرینمان کاک (محەمەد موکری) خەم و سوێیەکی زۆر گەورەی خستە دڵمەوە.. دڵی سەرجەم ئەدیبان و رۆشنبیرانی گەلەکەشمانی ھێنایە ژان.

بە داخ و پەژارەوە ، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، شەممە (٦/٥/٢٠١٢) دڵە گەورەکەی کاک (محەمەد موکری) لە لێدان کەوت و بۆ یەکجاری ماڵئاوایی لێکردین.. بە کۆچکردنی کاک محەمەد موکری شائەستێرەیەکی پرشینگداری ئەدەبی رەسەنی کوردیمان ئاوابوو.. گۆڵێکی گەشی گۆڵزاری چیرۆکی رەنگینمان ھەڵوەری.. زیانێکی گەورە لە ئەدەب و رۆشنبیری و رەخنەی گەلەکەمان کەوت.

محەمەد موکری کەڵەنووسەر و شۆڕەسوارێکی بوێر و دلێری بواری ئەدەبیاتی کوردیمان بوو.. محەمەد موکری رۆماننوس، شاعیر، چیرۆکنووس، شانۆنووس، رۆژنامەنووس، پێشمەرگە و سیاسەتمەدار، ‏نوێخواز، رەخنەگر... تا سەر ئێسقانیش کورد و کوردستان پەروەر بوو.. ھەموو ژیانی بۆ خزمەتی گەلەکەمان تەرخان کردبوو.

محەمەد موکری لە شاری کەرکوک لە دایک بووە، قوتابخانەی ناوەندیشی ھەر لە کەرکوکدا ‏تەواو کردووە.. ماڵیان لەگەڕەکی ( ئازادی) لە کەرکوک بوو.. بەڵام بە ھۆی گۆشاری بەعسییەکانەوە.. ناچار بوو لەشاری سلێمانیدا تا کۆچکردنی بژین.

کام ئەدەب پەروەر ھەیە کە شاکارە ڕۆمانەکەی محەمەد موکری (سەگوەڕی) نەخوێندبێتەوە ، کە لەو کاتە یاخیبوونێک بوو ، شۆڕشێکی ئازدی دەربڕین و، شکاندنی بەستەڵەکێکی فیکری بوو.

محەمەد موکری یەکێک بوو لە پێشرەوانی ریچکەی تازەی چیرۆکی نوێی کوردیمان ، چ لە ناوەڕۆکدا یا لە تەکنیکی فۆرم و داڕشتندا.

لە بواری گۆڕینیشدا، بە تایبەتیش لە زمانی عەرەبییەوە بۆ کوردی محەمەد موکری توانایەکی باڵای ھەبوو.. گرنگترین بەرھەمی گۆڕینیشی (عاشقە ناودارەکانە).

محەمەد موکری، دووجار بوو بە پێشمەرگە و ئەندامێکی کارا و چالاکی یەکێتی نووسەرانی کورد بوو.. لە سەرھەڵدانی شۆرشی گەلەکەمانەوە تا ئەمڕۆ کە کۆچی دوایی کرد.. لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام بوو.

لە ساڵی (١٩٦٣) دا ، ئەو کاتە من ئەندامی ناوچەی کەرکوکی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بووم.. لەگەڵ کۆمەڵێک قوتابی تردا کە یەکێک لەوانە محەمەد موکری بوو ئاگادار کراینەوە .. کە بچینە دەرەوە و تا بەعسی فاشت نەمان گرن. من و محەمەد موکری کە ئەو کاتە دوو تازەلاوی خوێن گەرم بووین ، لەگەڵ ھەموو ئەندامانی ناوچەی یەکێتی قوتابیانی کوردستان ــ لقی کەرکوک.لە ھەردوو بنکەی پێشمەرگە لە نزیک دێی (شێردەرە) و دێی (چنگنی) کە دوو ئاوایین لە ئاواییەکانی (ناوچەی جەباری) بووینە پێشمەرگەی ئیداری..بۆ وەبیرھێنانەوەش ناوی ئەو قوتابیانەی لەو دوو بنکەیەدا بووین ئەمانە بوون: (فاتیح میرزا، ئەحمەد سەلام، جەلال کەریم، رەزا ساڵح، فەرھاد عەبدولقادر، محەمەد موکری) رابەری سیاسی ئەو دوو بنکەیەش کاک (عادل عیزەت )بوو.. رابەری عەسکەریش کاک (حەمید بەرواری) بوو..

بەرپرسی ناوچەی کەرکوکی پارتی دیموکراتی کوردستان یش مامۆستا (عیسا زەبێحی) بوو ، کە بەداخەوە لە ھەشتاکاندا موخابەراتی عێراقی لە شاری بەغدا تیرۆریان کرد.

کۆچ کردوو (محەمەد موکری) لە (١٩٦٣)دا.. تازەھەڵچوویەکی سوور و سپی و ھێمن و لەسەرخۆ بوو.. زیرەک وردبین بوو.. مامۆستا (عیسا زەبیحی ـ کە ناوی نھێنی عولەما) بوو.. محەمەد موکری کرد بە کاتبی خۆی لە نووسینەوە و لە تۆمارکردندا یارمەتی دەدا.. ھەفتەی دوو یا سێ جار من و محەمەد موکری پێکەوە دادەنیشتین و لە ھەموو بابەتێکمان بۆ یەکتری ھەڵدەڕشت .. لە بیرەوەرییەکانمدا بە درێژی ئەم باسەم نووسیوە.

بۆیە کۆچکردنی ھاوڕێی شیرینم محەمەد موکری، کز و سۆێەکی گەورەی خستە دڵمەوە ‌و، ھەموو یادگارییەکانم لەگەڵیدا ھاتنەوە بەرچاوم.

محەمەد موکریش لەساڵی (١٩٧٠) ئەندامێکی یەکێتی نووسەران لقی کەرکوک بوو.. ئەو و کەڵەنووسەر (لەتیف ھەڵمەت) و شاعیر (سەلام محەمەد) لەو کاتەدا یاخی بوونی خۆیان لە دژی بیرگەندەڵی و بەستەڵەکی فیکری راگەیاندا و کەوتنە ھۆڵی نوێخوازی و گۆڕانکاری لە ئەدەبی کوردیدا بە تایبەتیش لە شاری کەرکوکدا.


ھەموو خوێنەرێکی کوردمان محەمەد موکری ئەدیب و رۆشنبیری گەلەکەمان دەناسێت بۆیە .. لە ناوھێنانێکی سەرپێی وادا ناتوانین لە ڕۆڵی ئەو کەڵە نووسەرەمان بدوێین .. بەرھەمەکانیشی شایانی ئەوەن کە لەلایەن پسپۆرانی بواری (رۆمان و چیرۆک)ەوە، لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەیان لەسەربکرێن .

داواکاریشم کە بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی شاری کەرکوک ــ خوێندنی کوردی ناوی قوتابخانەیەکی تازە.. بە ناوی( قوتابخانەی محەمەد موکری) یەوە بنێن.. یا ھۆڵێکی ڕۆشنبیری بە ناوە بنێن.. بۆ وەفادای و رێزلێنان و بەرزراگرتنی ناوی ئەم کەڵە ئەدیبەی شاری کەرکوکی کوردستانی.. کە ئەمەش کەمترین شتە کە بۆی بکەن.. چونکە ھەتا ھەتایە مایەی شانازی و رێز بۆ گەلەکەمان.

بێگومان محەمەد موکری زیاتر و زیاتری پێ مابوو.. بەڵام بە داخ و کەسەرەوە کە مەرگ لەوە زیاتر مەودای نەدا. ھیوادریشم یەکێتی نووسەرانی کورد ـ لقی کەرکوک کۆڕی چلەی ماتەمین و بەرزڕاگرتنی محەمەد موکری لە شاری کەرکوک بگێڕن.

سەرەخۆشی و دڵتەنگی و پرسە و ناخۆشی و ماتەمینی خۆمان بە خانەوەداکەی و بە خۆشەویستانی و بە سەرجەم نووسەرانی کوردمان دەگەیەنم.

ھەزار سڵاو لە گیانی کەڵەنووسەر و پێشمەرگەی دێرینمان کاک (محەمەد موکری) بێت.. جێی فەردۆسی بەھەشت بێت.


٦\٥\٢٠١٢ - نەرویج
ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک