په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٣\٢٠١٠

کەمال سەید قادر هەنگوینى لە کلۆرەداردا دۆزیوەتەوە.


هیوا ڕەش   


لە نووسینێکى مەبەستدارى کەمال سەید قادر بەناوى ( بەڵگەنامەیەکى C – I – A : شێخ ئەحمەدى بارزانى لەساڵى 1931 هاتە سەر ئایینى مەسیحى ) دا کە نازانم نووسینەکەى کەمال ، بەڵگەنامەکە ، یان ئەوەى لەناو بەڵگەنامەکەدا هاتووە ڕاستە یاخود درۆ ، ئەمە گرفتێک نیە و تەنانەت بێ بایەخیشە بەلامەوە بەقەد ئەوەى ئەم باوبژە لەپاى چى و گرنگە بپرسین ئەم نووسینە ، بۆ ؟ بەهەر پێوەرێک مێژووى بنەماڵەى بارزانى هەڵبدرێتەوە و هەڵوێستەکانیان بەبەراوورد لەگەڵ عەشیرەت و بنەماڵەکانى تردا دیارە بەڕەنگاربوونەوەکانیان لەگەڵ دوژمنانى کورددا نکوڵى لێ ناکرێت و لەو پێناوەشدا تاڵاوى زۆریان چەشتووە و قوربانى زۆریان داوە ، بۆیەشە تەواوى عەشیرەتە نەتەوە پەروەرەکان و کەسانى ڕۆشنبیر و نیشتمانپەروەر و تەواوى چین و توێژە جیاجیاکانى کوردەوارى لە ڕابردوودا پشتیوانییان لێ کردوون ، تا ئێستاش هەروەکو چۆن کەمال ئەو کارەى شێخ ئەحمەد بە ناشیرین کردنى پیرۆزییەکانى ئیسلام ئەزانێت بەهەمان شێوە و بگرە زیاتریش خەڵکى ئیسلام پەروەر و زاناى ئایینى ئەوتۆش هەن کە ئێستا ئەم نووسینەى کەمال بە ( کوفرى موتڵەق ) ئەزانن .

هەموو لایەک بارزانییەکان دەناسین و دەزانین کە خاوەن تەریقەتن و لەگەڵ ئەوەشدا هێندەى مێژووى ئیسلام لە کوردستاندا بڕ بکات ئەوان ئەو ئایینەیان لەباوەش گرتووە و ئەوەى ئێستا کەمال سەید قادر باسى لێوە ئەکات نامۆیە بەڕاستیى ، گریمان ڕاستیش بێت ، دەکرا لەجیاتى ئەوەى هەواڵى بەمەسیحى بوونى شێخ ئەحمەدى بارزانى ڕابگەیەنێت هۆکارەکانى دەست نیشان بکردایە ، شێخ ئەحمەد کە ئەکاتە برا گەورەى مەلامستەفا بارزانى سەرکردەى دیار و ناسراوى بزووتنەوەى نەتەوەیى کوردستان لەماوەى زیاتر لە نیوسەدە کەتوانى وەکو سیمبولێک خۆى بەدنیاى ناوەوە و دەرەوە بناسێنێت ، کە هەرگیز نە کراوە و نەدەکرێ ناوى مەلا مستەفا لە بزووتنەوەى شۆڕشگێڕى کوردستان جیابکرێتەوە ، هەرچەندە کەموکوڕیش لەو مێژووەدا هەبێت بەڵام لایەنى پرشنگدارى زۆر زیاترە کە لەکۆمەڵگایەکى دەرەبەگایەتیدا پیاوێک لەنێو بازنەیەکى تەنراو بەدڕندەترین دوژمنانى گەلى کورد بەو شێوەیە لەبارودۆخێکى سیاسى و مێژوویى و جوگرافى دژواردا هەڵبکەوێت ، شێخ ئەحمەدى بارزان کە براگەورەى مەلا مستەفایە گوایە ئایینى مەسیحى لەباوەش گرتووە و پشتى لە ئایینى ئیسلام کردووە ، من لێرەدا لەوە دەگەڕێم کە ئایین چى بۆ کورد بەدەست هێناوە و چۆن دوژمنانى گەلى کورد پیاوە ئایینییەکانى نێوخۆى خۆمانیان کردۆتە دەسکەلا و لەو ڕێگەیەوە یاخى بوون و شۆڕشەکانى خەفاندووە و ڕۆڵەکانیان تۆقاندون و ناچارى ملدان و ملکەچییان کردوون ، بۆ ئەمەش ئەگەر کەمال هێندە غەمخۆرى ئایینى ئیسلام بێت شوکر هوشیارە و تێ دەگا لەژێر ئەو پەردەیەوە چى گوزەراوە و چى کراوە ؟ !

گریمان شێخ ئەحمەدى بارزان بۆتە مەسیحى ، مەسیحیش وەکو ئایینى ئیسلام خۆى بەئایینێکى ئاسمانى ئەزانێت و ململانێى نێوانیان بۆ ڕەت کردنەوەى یەکتر نەکۆتایى هاتووە و نەکۆتاییشى پێ دێت ، لەئاکامى ئەو ململانێیەدا بۆ مسۆگەر کردنى بەهەشت کەسانێک پەیدا دەبن لەم بۆ ئەو ئایین و بە پێچەوانەشەوە سەنگەرگۆڕکێ ئەکەن ، دیارە ئەمەش سەرەنجامى نەمانى قەناعەت بەیەکەم و قەناعەت پەیداکردن بەدووەمەوە سەرهەڵ ئەدات و ڕۆژانە گوێ بیستى لەو تەرزە هەواڵانە دەبین ، ئەو زاتەش وەکو دەڵێن بەندەیەکى خوایە و لەئاکامى تێفکرینى خودى خۆى گریمان ئەو کارەى ئەنجام داوە و وازى لەو پێشینە ئیسلامییەى خۆى هێناوە کە کەمالى دکتۆر و ژیاو لە ئەوروپا و عەلمانى و ڕۆشنبیر بە ( بڤە ) ى دەزانێت ، جا ئەگەر شێخ ئەحمەد پێشینەیەکى مەسیحى هەبوایە و ببوایەتە ئیسلام تۆبڵێى ئەوسا کەمال 7 ڕۆژ و 7 شەو دەهۆڵ و زوڕناى بکوتایە یاخود ئەویشى ئەکرد بە خاڵێکى لاواز ؟ نازانم کەمال باس لەکام پێشێلکارى ئەکات بەرامبەر بە ( پیرۆز ) ییەکانى ئیسلام ، ئەوەى کەلەم ڕۆژانەدا لەسەر قوڕئان پۆلیسێک نانبڕاو کراو لە کارەکەى فەرمانى دەرکردنى بۆدەرچوو کە بەنیازن جگە لەنانبڕین سەریشى بڕن ! یەکێک لەوانەم حەز ئەکەم بزانم سەلمان ڕوشدى لە ئایاتى شەیتانى چۆن و لە چ ڕوانگەیەکەوە ڕەخنەى لە ئیسلام گرتووە دەستم ناکەوێت بیخوێنمەوە ، بێگومان ئەمەش بەسۆنگەى شیر و تیر و شمشێرى عروبە و لەم بابەتە نووسینەى کەمالەوەیە ناهێڵن ئەو جۆرە کتێبانە خۆرى کوردستانى بەرکەوێت ، کەسێک باوەڕى بەئایینى ئیسلام نەبێت و بەئاشکرا ڕایگەیەنێت تیرى بۆ ئەخرێتە کەوان و شیریشى بۆ لەهەسان ئەدرێت و کەچى کەمال خۆى لێ گێل ئەکات و وا ئەزانێت ئێرەش ئەوروپاى مەسیحییە ، و مەگەر نازانێت لەوێ ئیسلامییەکانى وەکو ئەو و مەلا کرێکاریش بەتەواوى ئازادییەوە ئەژین و لێرە مەسیحییەکان لە نیشتمانى خۆیان و زێدى باووباپیرانیان ڕاوەدوو ئەنرێن ، کەمال ئەیەوێت هەمان ئەو ڕۆڵە بۆگەنەى هەندێک لەو موسڵمانانە ببینێت کە ڕێگر بوون لە بە قایمقام دانانى ئەدهەم گۆران کاکەیى لەهەڵەبجەى شەهیددا و داوا ئەکات سەرۆکى هەرێم ئایینى خۆى ئاشکرا بکات جا ئەگەر مەسعود بارزانى بڵێت مەسیحیم و کوردى هەزار عەیاریش بێت کەمال و کەمالیستەکان لێى ناکەن بەهەرا و زەنا و ناڵێن چۆن ئەبێت مەسیحییەک سەرۆکى گەلێک بێت کە لە 95% ى موسڵمانە ؟ هەروەکو جەنابى وا ئیدیعا ئەکات و ئەو لەشکرە بێ شومارە بێ باوەڕ و مولحید و دوور لە ئیسلامە بەناو و نفوس ئیسلامەش هەر بە ئیسلامى دەرەجە ئولا دائەنێت ؟ ! جا نازانم ئەمە سەقافەتە یان سەخافەتە ؟ کەمال باس لە دوژمنە سەرسەختەکانى ئیسلام ئەکات و جۆرج بوش بە نمونە ئەهێنێتەوە ، دیارە ئەو زۆر موعجیبە بە ( خادم الحرمین الشریفین ) و حەسەن بەننا و هاوشێوەکانیان بەڵام پێى عەیبە یان ناوێرێت ناویان بهێنێت چونکە ئەزانێت نەفرەتى گەل و مێژوو گەلێک سەختە و ئەوەى ئەو ئەیڵێت مەگەر لەبازاڕى ئەوانەدا فرۆشى هەبێت ئەگینا لەکوردستان کەس بە ئانەیەک نایکڕێت ، کەمال ئەڵێت گوایە سەرۆکى هەرێم لە فەریزەکانى ئیسلام دوور دەکەوێتەوە ! ! ! ئەمە ئەوپەڕى مەرحەبایى گەرمى جەهالەتى کاکى نووسەرە و ئەوە ئەسەلمێنێت کە زۆر موعجیبە بە کەسایەتییەکانى وەکو سەدام حوسێن کە فەریزەى ئیسلامى جێبەجێ ئەکرد لە نوێژ و ڕۆژوو و حەج و عەمرە و هەتا ئەنفال و غەنیمە و قەتڵوعامیش ! ! ! هەى ئافەرینەى بارەکەڵڵا لە دکتۆرى دەیجورى شەو .

بەهیوام نووسەر وەڵامى بۆ ئەو ڕەخنەیەش هەبێت کە گوایە مەلا مستەفاى برا بچووکى شێخ ئەحمەد و باوکى سەرۆکى هەرێم مەلایەک بووە و نەیتوانیوە سەرکردایەتى شۆڕش بکات ، جانازانم لە لاى کەمال مەلا پیاوى ئایینى ئیسلامە یان مەسیحى ؟ ئەمە دەق ئەوەم ئەهێنێتەوە یاد کە لە پۆلى دووەمى ناوەندى بووم ، مامۆستای وەرزشمان مەسیحییەک بوو بەناوى – وڵسن – لە قوتابخانەى ناوەندى باوەگوڕگوڕ لە کەرکوک ، لە یەک بە یەکى قوتابییەکانى پۆلەکە پرسیارى ئەکرد : ( باوکت ئیشى چییە ؟ ) ، منى عەرەبى نەزان و مامۆستاى کوردى نەزان تێک ئاڵۆسکابووین ، من لەبەر ئەوەى باوکم مەلاى مزگەوتى گەڕەکى ئەڵماس بوو ووتم : مەلا ، ئەویش بە مکوڕییەوە ئەیپرسییەوە : شنو مەلا ، لەدواییدا تەنگاو بووم بۆ ئەوەى تێى بگەیەنم کە باوکم ئیشى چییە ! ووتم : استاد ابویە قشە مال اسلام ، دیارە کەمالیش بەقەد ئەوساى منى لێ ئەزانێت !.

 


07701309524

Hewarash1@yahoo.com