په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٢\٢٠١٢

کەمانچە.


گۆران ڕەئوف      

١
ماوەیەک بوو خەیاڵاتی سەیر سەریەخەی پێگرتبووم، نەمدەزانی ھەڵقوڵاوی چ دوورگەیەکن، کەووتبوومە بیری خەسڵەتەکانی ژیان... بەڵام لەشێوەی کەسێکی زۆر بێدەسەڵاتدا خۆمم دەبینی، چونکە لەوکاتەی ژیانمدا یەکەمین کەس بووم کە بەیانیان زۆر زووتر لەھاوڕێکانم دەڕۆشتمە سەرکار، وە کۆتا کەسیش بووم دەستم لەکار ھەڵدەگرت، شەوانەش بەتەنھا و لەسەر شوێنی نوستنەکەم دەکەوتمە بیرکرنەوە قوڵەکانم و ھەستم بەئازارێکی گەلێک لەخۆم مەزنتر دەکرد، لەکاتێکدا لەماناکانی ئەو بیرکردنەوانەم نەدەگەیشتم، بەڵام دەمزانی کە بێ ھۆکار نین و چەندەھا شتی شاراوەیان لەپشتەوەیە، ھەستم بەو ڕاستییە کوشندانەش دەکرد کە ناخیان کرمۆڵ کردبووم و بەجارێک وونیان کردبووم لەناو بریارە چەوتەکانی سروشت و ھەوەسە سەیر و بێ ویژدانیەکانی گەردووندا.

٢

رۆژانێکی بێشومار و دوورودرێژمان بەسەر برد لەناو تەپو تۆز و گەرمیە سوتێنەرەکەی گارگەدا، ھەموومان لەسەرەتای ڕۆژەوە بەھیوایەکی دووبارە و سەدبارە دەڕۆیشتینە سەر کاری دوێنێمان و خۆڕاگرانە کارمان دەکر لەپێناو ژیانێکی کەم مانادا، نازانم بۆ زۆربەی ھاوڕێ کرێکارەکانم بەردەوام پێدەکەنین... بەدەم ئەو ئارەقەی کە لەبازوو و مەچەکەکانیانەوە دەھاتە دەرەوە، لەوە دەچوو ھەستیان نەمابێت و بە جارێک خۆبەخشانە خەون و ھیواکانیان سڕیبێتەوە لە ناخی گڕگرتوویاندا... من ھەر لەسەرەتاشەوە کە ڕۆشتم لەو کارگەیەدا کاربکەم بڕیارمدابوو دان بەخۆدا بگرم لەبەرامبەر ئازارەکانی کارکردندا، بۆ ئەوەی نەگەڕێمەوە ئەو ماڵەی کە باوکە دڕندەکەم لێی کردبووین بەو دۆزەخەی باسیان لێوە دەکرد، نەکەومەوە ژێر قسە ناخۆش و بێتامەکانی، لەکاتێکدا لەوماوەیەی کەوتبوومە ئەو حاڵەتە نامۆ و تایبەتەوە، شەوانە بەشێکم لەو بیرکردنەوانەم تەرخان دەکرد بۆ ئەو شارە تەپوتۆزاوییەی کە لێوەی ھاتبووین لەگەڵ چەند کوڕێکی ھاوڕێَمدا، لەوێشەوە دەگەڕامەوە بۆ نێو ماڵەوە و بۆ ساتێکی خەمناک چاوە پڕ لەقسەکانی دایکمم دەھاتە پێشچاو، کە ڕۆحی دەتواندمەوە، لەولاشەوە نیگاسۆزاویەکانی خوشکە عازەبەکانمم دەبینی، وە لەنیگاکانی ئەوانیشەوە تێدەگەیشتم لەگشت ھیوا و خەونەکانی برا (ھەشت) ساڵانەکەم، لەو کاتەدا ئیدی ئەسرینە بەخڕوو بەردەوامەکانم بیرکردنەوەکانمی دەشێواند، لەدوای ئەو بیر کردنەوانەم ھەر لەسەر جیگەی نوستنەکەمەوە فرمێسکەکانمم دەسڕی و بیرم دەڕۆشت بەرەو عەشق و سۆزێکی پێناسە نەکراو، کەلەوپێشیش بەشەرمەوە بیرم لێدەکردەوە، یان بەجۆرێک باوکە شەرمەزارەکەم ھۆکار بوو بۆ پشت گوێخستنی ئەو سۆزە گەوریەی ناخم، کەدڵنیا بووم لەوەی سەرجەم تواناکانمی پێوە بەندبوو، بەڵام ئێستا بەخەندەیەکەوە بە خۆم دەڵێم:"ئیدی تواناکان لەچاڵ نران و ھەر لەسەرەتایی ساواییانەوە بوو سەریان پان کرایەوە".

٣

ئەو منداڵییەی خۆمم لەیادە کە شەوانی ھاوینان لەسەر سەکۆکەمان و لەنزیک دایکەمەوە دەنوستم، لە نیوەی شەودا بە ئازاری باڵە سڕ بووەکانمدا بەخەبەر ئەھاتمەوە، سەرەتا چەند جارێک باڵەکانم بەزەویدا دەدا، بۆ ئەوەی لەو تەزینەی کە زۆر کات تووشم دەبوو ڕزگارم بێت، بەڵام ھەروەکو ئەوەی چەندین مێروو لەناو خانەی باڵەکانمدا بێت، بۆ یە دەبوو کەمێک نوزەم لێوە بھاتایە، بەڵام ھەر ئەو ئازارە بەجێینەدەھێشتم و ھەر لەو کاتانەدا گوێم لە وەڕەوەڕی سەگە بیرسیەکانی کۆڵان دەبوو، دەترسام و دەگریام، لەپاشاندا دایکم لە خەوھەڵدەستا و بەسۆزێکی دایکانەوە دەیوت:"مەگری ڕۆڵە مەگری"، لەدوایشدا کەمێک ئاوی پێدەدام و پاشان بەبێ ترسەوە دەنوستمەوە تابەیانی، بەڵام ئەو ماوەیەی کە لەو حاڵەتە تایبەتەدا بووم بەتەنھا و بەتەنھا لەسەربانی گارگەکە دەنووستم و چەندەھا بیرکردنەوە و خەیاڵاتی ھەمەچەشن دەھات بەمێشکمدا، ھەر لەحاڵی خوشکە بەشەرمەکانم و دایکە چاوتەڕەکەم و برا پرچ تۆزاوییەکەم تا بیرکردنەوە لە خۆم و عەشقە تەڵخەکەم، دەکەوتمە بیری توانایەکی گەورەی ناخم کە زۆر زۆرم خۆشدەویست، بەڵام باوکم لەناخمدا دەری ھاورد و فڕێیدا، ھەتا ئیستاش لەگەڕاندام بە شوێَنیدا، بەڵام ئەفسوس تائیستا نەم بینیوەتەوە، ھەمووکات لەوشەوانەدا بەنیگای کەسێکی تکاکارەوە لە ئەستێرەکانی ئاسمانم دەڕوانی و ھەستمدەکر لەو ناخە پەرش و بڵاوەم تێدەگەیشتن، ئێستاش بەھەمان شێوەم، لەبەر ڕووناکی مانگ و ئەستێرەکاندا دەنوسمەوە، بەڵام جودا لەڕابردوو، نازانم بۆ ئەو بیر کردنەوانەم نەماوە؟ یان پێَََدەچێت لەڕابردووشدا لەو بیر کردنەوانەم نەبووبێت!! بەڵام چۆن لەو ماوەیەدا کەوتمە ئەو حاڵەتە تایبەتی و نامۆوە؟...، نازانم، پێدەچێت ھێندە ناخم ئاڵۆزبێت خۆشم لێیتێنەگەم، بەڵام ئەوەندە دەزانم ھەمان ھۆکار و ھەمان حاڵەتە واخەریکە واملێدەکات ئەو ھەستە شەرمن و شاراوەیەم بەم شپرزیە دەرببڕم.

٤

ماوەیەکبوو دوای ئەو کاتە ھەر لەو بیرکردنەوە و حاڵەتە نامۆیەمدا دەخولامەوە، بەردەوام لە کارکردنمدا لەبیری ئەو توانا و بەھرەیەمدابووم کە نەمدەزانی لەدوای فڕێدانی لەلایەن باوکمەوە کەوتوتە کوێوە، لەبیری ئەو سۆز و عەشقەمدابووم کەنەمدازانی بۆ چ شتێکە، لە کاتێکدا شەوانەش دەیگریاندم و دەیکردم بە لاوازترین مۆرڤ لە ئاست خۆیدا، وە یەکەم ھۆکار و بەھێزترین ھۆکار بۆ گۆشەگیر و کەم قسەیم لەگەڵ ھاوڕێ کرێکارەکانمدا ئەوبوو، یان ھەر ئەو بیرکردنەوانە بوو وایکرد نزیک ببمەوە لە دۆزینەوەی توانا و بەھرەکانم، بەڵام بێھودە، لەوێشەوە بە بڕیارێکی چەوتی سروشت لێم ونبوویەوە، لەکاتێکدا واخەریکە ھەمان حاڵەت لەلام دووبارە دەبێتـەوە، بەڵام پێویستە ھەوڵبدەم ئەم جارەیان بگەمە کەمێک تێگەیشتن لەو ناخە شپرزەیەم، کە دڵنیام چەندان شتگەلی شاراوەی تێدایە و کەش و ھەوایەکی تەندروستی دەوێت بۆ دۆزینەوە و بەرجەستەکردنیان.

٥

ئەو ڕۆژەم بەجوانی لەبیرە کە وامھەستدەکرد بەھرە ونبووەکەی خۆم دوزیوەتەوە، ئەو ڕۆژە بۆ من زۆرشت بوو، چونکە وامدەزانی زۆرنزیک بوومەتەوە لە دۆزینەوەی ئەو بەھرە فڕێدراوەم، ئای لەو ڕۆژە چەند لەناو سۆزێکی گەورەدا بووم، چەند ھەستم بە شادی ڕۆحم دەکرد، وامدەزانی لەو بەھەشتەدام کە باس دەکرێت، بەڵام لەپاشاندا کەبیرم لەڕووە ڕاستەقینەکەی دەکردەوە سەرجەمم لێدەبویەوە بەخەونێکی خۆش، بەڵێ خەونێکی خۆش... ئەو ڕۆژە بۆ من جۆرێک بوو لە سەرەتای قۆناغێکی نوێ، چونکە ئیستا تێدەگەم کە لەدەرگای کرانەوەی بەھرەکانم دەچوو... لەیادمە لەبەیانیەکی نوێدا، وەکو ڕۆژەکانی ڕابردوو، ھەموومان ڕۆشتینەوە سەرکار، من وەکو ھەموو ئەو ڕۆژانەی کە لەوێ تێم پەڕاندبوو، خەریکی کارکردن بووم، کات کەمێک تێپەڕی بوو لە بەیانی، واتە خۆر گەرمییەکەی بەردابوویەوە، لەو کاتەدابوو بەڕێوبەرە درێژ و ڕەنگ ئەسمەرەکەمان ھات و بانگی لەمن و چەند کرێکارێکی دیکەکرد، پێیوتین ئێوە بڕۆن تا ئەو کۆمەڵە خشتە ئامادەکراوە بارکەن و بشڕۆن لەگەڵیدا تا دایدەگرن، ئێمە وەکو کارێکی ھەمیشەیمان ڕۆشتین دەستمانکر بەئەنجامدانی ئەوکارەی پێمان وترابو، سەرەتا کەنزیک بومەوە لەماشێنە بارھەڵگرەکە، کابرایەکی گەنجم بینی، کەپیدەچوو کوڕێش بێت ھێندە گەنج دەردەکەوت، بەڵام بەگشتی دیاربوو کە تەمەنێکی تێپەڕاندووە، نیگای چاوەکانی لە مرۆڤێکی جیاواز دەچوو، جیاواز لەو پیاوانەی ڕابردوو کە دەھاتن، چونکە ئاگام لێبوو ھەندیجار لەو کاتەی کە ئێمە کارماندەکرد بەدزییەوە و بەسۆزێکی بەزەییانەوە تەماشای دەکردین، ھەر لەو کاتەشدابوو منیش لێمدەڕوانی، بۆیە سەیرکردنەکانمان لەلای یەکتر ئاشکرابوو... بۆئەوەی لە گومان دوورم بخاتەوە خەندەیەکی بێئاگایانەی کرد و منیش ھەمان شتم بۆکردەوە.

٦

لەبارکردن تەواوبووین، ھەموومان لەگەڵ خشتە بارکراوەکاندا ڕۆیشتین، نەمدەزانی بۆ چ جێگایەکە ، بەڵام ئەوە پرسیارێکی گرنگ نەبوو بۆمنی کرێکار، چونکە لەوەوپێشیش ھەر ئەو پرسیارانەم ئەھات بەبیردا و لەبیرم دەکردن، چونکە دڵنیابووم بەگەیشتنمان بەشوێنی ئامادەکراو وەڵامی ئەو پرسیارەم وەردەگرم، بەڵام ئەوەی لەلام سەیربوو، ئەوەبوو زۆر حەزمدەکرد بزانم ئەوجارەیان ئەبێت بۆ کوێ بێت؟ ھێشتا لەڕێَگادابووین، چەند جارێک ئەو پرسیارەم لە ھاوڕێ کرێکارەکانم کردو و ئەوانیش نەیاندەزانی، بەڵام وەکو من بە تاسەوە نەبوون بۆ ئەوەی بۆ کوێیە، ماوەیەک بوو ماشێنەکە بەردەوام بوو لەڕۆیشتن لەناو شەقام و کۆڵانەکانی شاردا، تائەوەی گەیشتینە نزیک بینایەکی جوان و سەرنجڕاکێش، ھەر لەبەردەم ئەو بینایەدا ڕاوەستاین و دەرگامان بۆ کرایەوە تا بڕۆینە ژوورەوە، من تائەوکاتە نەمدەزانی چ جێگایەکە، ھیچ گومانیشم نەبوو کە دەبێت کوێ بێت؟، تەنھا لەبیری ئەوەدابووم پاش کەمێکی تر تێدەگەم کاری ئەمجارەمان بۆ کوێ بووە.


لەدوای ئەوەی کەڕۆیشتینە ناو حەوشەی بیناکەوە، خەڵکێکی زۆرم تێدا بینی، ھێندە زۆر بوون سەرەتا نەمدەزانین کێن و چ کارەن، لەدوایدا بۆم دەرکەوت سەرجەمیان لاون وەکو ئێمە، بەڵام ئەوان وانەدەخوێنن و ئێمەش کرێکارین... ئای بەو لێکدانەوەیەم چەند بیر و خەیاڵاتم ڕۆشت، بەڵام گوێم پێنەیاو بەجۆرێک خۆمم لێ گێل کرد و دەستم کرد بەکارکردن و داگرتنی خشتەکان لەگەڵ ھاوڕێ کرێکارەکانمدا، لەکاتی کارکردنماندا یەکێک لەو کوڕانەی کە بەردەوام لەقسە نەدەکەوت بەچرپەوە گوتی:"ئاگاتان لەو کچ و کوڕانەیە"؟، لەدوای ئەوە یەکێکی تر لە کوڕەکان وەکو وەڵامێک گوتی:"باسی کوڕەکان مەکە، سەیری ئەو کچە شۆخ و شەنگانە بکەن چەندە ناسک و جوانن"، دواتر یەکێکی تر لە کوڕەکان سەیرێکی منی کردوو گوتی:"جا بە ئێمە چی!؟ با کارەکەمان بکەین باشترە ئەی وانی یە"؟، منیش بەو خەیاڵ و بیرکرنەوانەمەوە بەھێمنی وتم بەڵێََ وایە...وایە.

٧

ھەر لەکاتی کارکردندا بوو کە ئەو جێگایەی نەمدەزانی کوێیە تێگەیشتم (پەیمانگای ھونەرە جوانەکانە)، ئەوکات کەوتمە بیری ئەوەی ئەو گەنجانەی پیاسەیان دەکرد بەکۆمەڵ کۆمەڵ ئاخۆ دەبێت چەندە خۆشحاڵ بن، لەبەرئەوەی دەزانن بەھرەکەیان چیە، ئای لەو کاتەدا چەندە حاڵم شپرزە بوو، ھەستم دەکرد بەھرە فڕێدراوەکەم زۆر لەوی ئەوان گەورەترە، دەمگوت:"دەبێت چۆن بیدۆزمەوە"؟ بەدەم ئەم بیرکردنەوانەوە کارمدەکرد و دەمبینین دوو دوو سێ سێ لەتەنیشت یەکەوە وەستابوون و قاقا پێدەکەنین، ھەستم بەقوڵپێک لەگریانی نەکراوە دەکرد، چەندەھا بیرکردنەوەی سەیر سەیر دەھاتن بەمێشکمدا و لەبیرمدەکردن ھەستم بەکەمێک تێگەیشتن دەکرد لەو حاڵەی ئەو کاتەم و ڕابردووشم، بۆیە لەناخەوە بەخۆمم دەگوت"نانا ئەوە ڕاستەقینەی من نییە بەڵکو ژیانی ڕاستەقینەم، باوکە بێسۆزەکەم و کارکردنی بەردەوامم و درێژە پێدانی ڕابردووە"، بەو بۆچونەم ڕازی نەدەبووم و دەیان بۆچوونی دیکە دەھاتن بەبیرمدا، بەھیچیان ڕازی نەدەبووم، مێشکم وەک شارە زەردەواڵەیەکی ئاڵۆزکاوی لێھاتبوو، ھەڵبەت ئەوە بۆمن ئاسایی بوو، ئاخر من زۆرکات واملێدێت.


ماوەیەکبوو ھەر بەردەوام کارماندەکرد ھێشتا بڕێک لە کەرەستەکەمان مابوو تەواو دایبگرین... لەبەر گەرمی ھەتاودا ھەستم بەماندوبوونی خۆم دەکرد، بۆیە ڕۆشتم تائەوەی کەمێک ماندوێتیم دەرچێت، کەڕۆیشتم لەبەردەم پەنجەرەیەکدا بەلۆعەیەکم بینی و کەمێک ئاوم لێخواردەوە، لەکاتی ئاوخواردنەوەکەمدا بوو... بەڵێ ئەو کاتەبوو... رێک ئەو کاتەبوو... گوێم لەدەنگی پارچەیەک مۆسیقای دڵڕفێن بوو، کەوام ھەستدەکرد ئەو دەنگە نزیکە لێمەوە، بۆیە سەرم بەرزکردەوە و کەمێک بەدەوری خۆمدا ڕوانیم، سەرەتا ھیچم نەبینی، لەدوایدا سەیری پەنجەرەکەی بەردەمم کرد، بینیم کچێک ڕووبەڕوو لەبەرامبەرمدا بەکەمانچەکەی دەستییەوە مۆسیقا دەژەنێت و چاوەکانی دوور دوور ڕۆشتوون، دەنگی مۆسیقاکە تێکەڵاوی ئەو شارە زەردەواڵەی مێشکم بوو، وامدەزانی زۆرماندوم، چەندجارێک سەرم بەملاولادا راوەشاند و ھەستمکرد باشتر دەتوانم گوێم لەو مۆسیقایەبێت... دواتر دڵنیابووم ئەو دەنگە مۆسیقایە لەلام نامۆ نەبوو وامدەزانی لەڕابردوودا گوێملێبووە، ماوەیەکی کاتی بیرم کردەوە، کەی و لەکوێ گوێم لێبووە؟، بەڵام نەمزانی، ھەربۆیە بەخێرایی ھاتمەوە ھۆش و بەخۆمم وت گوێبگرم باشترە...


لەجێگای خۆمدا وەستام و گوێم لەو پارچە مۆسیقایەگرت کە کچەکەی بەرامبەرم دەیژەنی، بەجارێک بردمیە خەیاڵ و بیرکردنەوەوە، بیرکردنەوە لەبەھرە ونبووەکەم، بیرکردنەوە لەو عەشقەی ناخم، تەنانەت بیرکردنەوەش لەو کچەی کەکەمانچەکەی بەدەستەوە گرتبوو، بەڵام چ بیرکردنەوەیەک بوو؟ نازانم... نازانم...نازانم... تەنھا ئەوەندە نەبێت کەوتبومە نێو دونیایەکی پڕخەیاڵات و ئاڵۆزەوە، کەوتبوومە ژیانێکەوە ھەستم بەشاودومانی ڕۆحم دەکرد تیایدا، لەوکاتەدا بەشێوەیەکی خێرا و کاتی، ھاتە مێشکمەوە"کە پێدەچێت بەھرەو توانای من لە کەمانچەیەکی سورباودا بێت!!! یان تێکەڵی ڕۆحم لەگەڵ ئەو دەنگە مۆسیقایەدا ئەو بۆچونەم پشت ڕاستناکاتەوە"؟، ئەوەشم نەدەزانی...


بۆیە ئەو بیرکردنەوەیەشم لەیادکرد و بەتەواوی وەکو گوێگرێک خۆم دەرخست، لەکاتێکدا کچەکە بەردەوام بوو لەژەنین، لەچاوەکانییەوە دیاربوو کە لە بیرکردنەوەیەکی قوڵدا بوو، چونکە چاوەکانی بەڕاوەستاوی ھێشتوبویەوە لەو شوێنەی کەلەسەرەتاوە لێی دەڕوانی، لەوکاتەدا بوو، ئاگام لێبوو کە کوڕێک دەرگای ئەو ژوورەی کردەوە کە کچەکە کەمانی تێدا دەژەنی، ھاتە ژوورەوە، لەدواییدا کچەکەش لەژەنینەکەی ڕاوەستا و ھەردووکیان بەخەندەوە لەیەکتریان ڕوانی، لە پاشان کوڕەکە بەسۆزێکی ناسکەوە دەستی کچەکەی گرت و ڕۆشتنە دەرەوەو... تائەوکاتە من بەتەنھا لەبەردەم پەنجەرەکەدا وەستابووم، نەمدەزانی لەبیری چی دام؟، بەڵام دڵنیا بووم لەوەی کەزۆر ماندوبووم، چونکە ناخم ئاگرێکی شێتانەی لێبەرز ببوویەوە، دەستەکانم دەلەرزین و ھەستم بەھێزێًکی بکوژ دەکرد تێیاندا، لەگەڵ ئەمانەشدا توڕەییەکی نەزانراو ھاتو چۆی بوو لەجەستە شەکەتەکەمدا، ھەڵبەت ئەو شتگەلانە ھەمووی ساتێکی کاتی بوولەلام و دووبارە ھەستم بەکۆمەڵێک لەو خەیاڵە ڕاستەقینانە کردەوە، کەدەمزانی ئەو ڕاستیانە نزیکی ژیانی منن، نەوەک ئەو خەیاڵاتانەی کەلە ئەندێشەیەکی شێواوەوە دێنەدەرەوە، بۆیە ھێمنانە و لەسەرخۆ ڕۆشتمەوە بەرەو لای ھاوڕێ کرێکارەکانم... کەبینیم ھەموویان لەچاوەڕوانی مندان، وادیاربوو کارەکەیان تازە تەواو کردبوو، ڕۆشتمە لایان و وتم نەڕۆین؟ ئەو کوڕەی کەزۆر قسەی دەکرد لەسەر ئاوازێکی پیاھەڵدان گوتی:"ھێشتا زوونییە جەناب، لەکوێی"؟، من پێش ئەوەی وەڵام بەمەوە یەکێکی ترلەکوڕەکان گوتی:"بابە پەلەتان چییە بۆخۆتان سەیری ئەو کچە جوانانە بکەن"، بەڵام من ھەرھیچم نەوت و مەستی ئەو ڕووداوەی پێشتر بووم، کوڕێکی ترلە کوڕەکان بەئاوازێکی بێزارانەوەگوتی:"بابڕۆین".

٨

لەگەڕانەوەدابووین بەرەو کارگە، من زۆر حاڵم پەشێوبوو، ھەستم بەبێزارییەکی گەورە دەکرد، بەڵام ھەوڵمدا دانبەخۆدا بگرم تائەوەی لەشتێک تێدەگەم، سەرەتا بیرم لەوەدەکردەوە کەپێدەچێت بەھرەکەی خۆمم دیبێتەوە، ھەربۆیە لەو کاتەدا کەمانچەیەکم دەبینی خۆی بەشەرمەوە نیشان دەدام، من لەوەوە لێکدانەوەیەکی خێرام کردوو شێتانە بەخۆمم گوت:"بەھرەی من لەکەمانچەیەکدایە، بەڵێ...بەڵێ بەھرەی من کەمانچەیەکە و نەزیاتر"!


ئەو ڕستەیەم لەمێشکمدا دەوتەوە و حەزم دەکرد شتی دیکە بێت بەخەیاڵمدا، بەڵام جگە لەوەی جارێکی تر شارە زەردەواڵەکەی مێشکم ئاڵۆزکایەوە و بەجارێک ھەستم بەناڕەحەتی ناخم دەکرد، وامدەزانی کللەی سەرم ھێندەی گەورەیە ئەو ماشینە بارھەڵگرەی پێوە نوساوە، ئەوەندە سەرم قورسبو... لەو ساتەدا بڕیارمدا کە پێویستە کەمانچەیەکم ھەبێت، چونکە وامھەستدەکرد بەھرەی من لە کەمانچەیەکدایە، وە بۆئەوەی ئەو بەھرەیەشم لێ وون نەبێت کەمانچەیەک کیفایەتە، بەدەم ئەم خەیاڵاتانەوە کە ماوەیەکی زۆر لەو ڕێگەیەدا بیرم لەلایان بوو، گەیشتینەوە کارگە و سەرجەم ھەستە خەیاڵییەکانم لێ ون بوویەوە دووبارە، جارێکی دیکە دەستم کردەوە بەکارکردن لەژێرگەرمی خۆردا و بەیەکجارێ ھەموو بیرکردنەوە و خەیاڵاتەکانم بەجێھێشت و بەبێ دەنگییەکەی ڕابردوومەوە ئارەقەی نێوچەوانم دەسڕی و کارم دەکرد.

٩

ئێستاش وام لەھەمان ئەو جێگایەی کە ئەوحاڵەتە نامۆییانەی لەلام دروستکرد، ھەنووکەش لەبیری ئەو دەستەواژەیەدام "ئایا بەھرەی من لەکەمانچەیەکدایە"؟، بەڵام وەک ھەمیشە نازانم...نازانم! حەزەکەم بەدەنگی بەرز ھاوارکەم (ن،ا،ز،ا،ن،م)... ھەرچەندە دەگونجێت کەوابێت... واتە بەھرەی من لە کەمانچەیەکدایە؟ بەڵام لەبەرئەوەی"تائەبەد قسە ناخۆش و بێتامەکانی باوکمم لەبیر ناچێت، کەمانچەم ناوێت، وەیان لەبەرئەوەی سروشتییەن نەگەیشتمە بەھرە و تواناکانم، ئەو کەمانچەیەم ناوێت کە وێنەکەی لەئەندێشەم دایەو شەوانە بەدەم ژەنینیەوە خەوم لێدەکەوێت"، ھەندێجاریش لەکاتی کارکردندا و لەژێر ئەو خۆرە گەرمەدا چەندین شت وەکو کەمانچەکەی خەیاڵم دەبینم بەڵام کەلێی نزیک دەبمەوە تەنھا سەرابێکە و ھیچی تر.

١٠
وادەزانم ئێستەش باشترە بنووم بۆئەوەی بەیانی لەکاتی خۆیدا بچمەوە سەرکار لەگەڵ ھاوڕێ کرێکارەکانمدا، تاکو پێکەوە ئاوازی نائومێدییەکان بژەنین... تاکو لەبەر ھەتاودا دڵمان خۆشکەین بەو ھەژارانەی جێگایەکیان نیە تێیدا بژیەن.

 


goranrauf@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک