په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١٠\٢٠١٤

کەمپینی بایکۆتکردنی هەموو جۆرە شتومەکێکی تورکی.


سیروان کاوسی    

 

خوشک و برای هاوڕەگەز و هاوخوێنم، هاونیشتمانم!
ئەگەر بە ڕێگەی فڕۆکەی تورکیا دەگەڕێیتەوە کوردستان!
ئەگەر پیشەت بازرگانە، لەکۆمپانیای تورکی کەلوپەل دەکڕیت!
ئەگەر کوردی رۆژهەڵات، یان باشووریت و لە ئۆروپا دەژی و، لە تورکیا خانووت کڕیوە!
ئەگەر دانیشتووی ئۆروپایت و، بەرەو تورکیا دەچی، بۆ ئەوەی پشووی ساڵانەت لە تورکیا بەریتەسەر!
ئەگەر سیاسەتکار و دەسەڵاتداریت و لەگەڵ تورکیا رێککەوتننامەی چەندین و چەند میلیارد دۆلاریت هەیە!
ئەگەر لە باشووری کوردستان دەژی، شتومەکی تورکیا دەکڕی، چۆنکە بازاڕی نیشتمانتی داگیرکردووە!


بۆ چرکەساتێکیش بووە، بیر بکەرەوە پەنا بەرە بەر ویژدانی خۆت، چارەنووسی خاک و نەتەوەکەت لەسایی ژێردەستیی داگیرکەرانەوە بهێنە بەرچاوت، ئەوجا دەزانی، ئەو پارەی لە گیرفانی تۆ و لەرێگەی تۆوە دەبێتە لیرەی تورکی، خزمەتی داهات و بووجەی رژێمێ دەکا کە شانبەشانی عەرەبی سوننە، بەوێنەی سەردەمەکانی عەباسی و عوسمانی بڕیاریداوە خاک و نەتەوەکەت بەداگیرکراوی و کۆیلەتی بهێڵێتەوە.


هەزاران کوڕوکچی جوان و و نەونەمام و شۆڕەلاوی تازەپێگەیشتووی گەلەکەت کە هومێد و وەچی دواڕۆژی نیشتمانەکەتن، گیان و ژیان و داهاتووی خۆیان ناوەتە لاوە، چوونەتە بەرەکانی جەنگێکی گەورە و پیرۆزەوە، بەرگری لە جێنۆسایدی خاکی نیشتمان و گەلەکەت دەکەن. دەسا تۆش هەڵوێست بنوێنە، نەفرەت بکە لە هەرچی خۆشی و داهات و بەرژەوندییەک، کە خزمەتی بەهێزبوونی داگیرکەری نیشتمانەکەت و، لەنێوچوونی گەلەکەت دەکات!


هەلێکی تاکهەڵکەوتووی زێڕین بەدرێژایی مێژوومان سەریهەڵداوە، ئەم هەلەش بە خوێنی کچان و کوڕان و ژنان و پیاوانی گیانبەخشی گەلەکەمان لە 'کۆبانێ'' هاتووەتەبوون، ئێستا دنیای ئازاد و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی پشتیوانمانە! بەهۆی پشتگیریی ئاشکرای تورکیا لەدڕندەکانی عەرەربی سوننە (داعش)، ناکۆکیی لەنێوان رژێمی تورکیا و رۆژاوا سەریهەڵداوە. ئەمریکا و رۆژاوا بەگشتی یارمەتی سەربازیی ئەو هێزەکوردییە جوان و بەهێزە دەدەن کە تاکو دوێنێ لەبەر خاتری دلی رەگەزپەرستانی تورک، بە ''تێرۆریست'' دەدرایە قەلەم. لەمە هەلی باشتر بۆ کورد روونادا. دەسا تۆش بەکردەوە هەنگاو بنێ و لەم قۆناخە هەستیارەدا ببە پشتیوانی گەلەکەت. پشتگوێخستنی سوود و بەرژەوندیی کەسیی خۆت، حیزبەکەت یان بنەماڵەکەت، هەرچەندە بچووکیش بێت، دەرورۆڵی هەیە لە لاوازکردنی توانای ئابووریی دوژمنی نەتەوەکەت و، پێشخستنی بزاڤی رزگاریخوازیی گەلەکەت.


با خۆپێشاندانی جەماوەریی باشووری کوردستان بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ، هاوکات بێت لەگەڵ درۆشم و کەمپین بۆ بایکۆتکردنی هەموو جۆرە شتومەکی تورکی. با داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت، لەڕوانگەی ستراتیژ و بەرژەوەندیی نەتەوەییەوە بڕوانێتە هەر جۆرە پێوەندیی سیاسی و ئابووریی لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان. هەموو بەشەکانی کوردستان و هەر بستێکی کوردستان، خاک و نیشتمانی هەزاران سالەی کوردن و، وەکیەک گرنگییان هەیە و، هیچ پارچە و بستێکی کوردستان نابێ بکرێتە قوربانی بەرژەوەندیی بەشێک و حیزبێک و لایەنێک.


بەکورتی، ئەگەر دەمانەوێ کۆتایی بەزنجیرە جێنۆسایدی گەلەکەمان بهێنن کە لەلایەن ترکانەوە سەدان سالە درێژەی هەیە! لەهەر بوار و رێگەیەکەوە دەتوانین پشتیوان و دڵسۆزێکی راستینەی رێبازی پیرۆزی رزگاری و سەربەخۆیی کوردستان بین لەژێردەستی داگیرکەری تورک و، هەروەها داگیرکەرانی تەنگەتیلکە و رەگەزپەرستی فارس و عەرەب، کە بێگوێدانە هەموو یاسا و پرنسیپێکی مرۆڤی و نێونەتەوەیی، دڕندەتر و گەورەتر لە رابردوو، سوورن لەسەر قڕکردنی نەتەوە و داگیرکردنی نیشتمانەکەمان!


٢٠\١٠\٢٠١٤
ماڵپه‌ڕی سیروان کاوسی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک