په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٥\٢٠١٣

کەمپینی پشتگیریی لە مانگرتوانی گرتووخانەی شاری رۆتەردام بەردەوامە.


هۆڵەندە
١٨\٥\٢٠١٣:

یەک ساڵ و نیو لەمەوبەر حکومەتی کرستیان - لیبڕاڵ لە هۆڵەندا سیاسەتی بێمافکردن لە مافی پەنابەری و بیمە کۆمەڵایەتیەکان و دەرکردنی پەنابەران بۆ سەر شەقامەکان گرتە بەر. لە بەرامبەردا پەنابەران خۆیان ڕێکخست و بە دانانی چادرەکانیان لە ناوەڕاستی شارەکاندا وەکو شێوەی ناڕەزایەتی وەڵامی ئەو سیاسەتەی حکومەتیان دایەوە.


رزگار ساڵح نۆینەری فیدراسیۆن لە هۆڵەندە لەراپۆرتێکدا لەسەر دوایین هەواڵی پەنابەران ووتی" لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، حکومەتی لیبڕال - سۆسیال دیموکرات سیاسەتی ڕاپێچکردنی پەنابەران بۆ گرتوخانەکان، گۆشەگیرکردنیان لە ژورە تاکە کەسیەکان و هێنانە کایەی پڕۆژە یاسای ''بەتاوانبار'' دانانی پەنابەرانی ''نایاسایی'' دەست داوەتێ".


رزگار سەبارەت بە نارەزایەتی پەنابەران بەسیاسەت حکومەتی هۆڵەندە ووت" پەنابەرانیش وەکو وەلام بەو سیاسەتە، مانگرتن لەخواردن و خواردنەوە و برسێتییان لە ژورە تاکە کەسیەکاندا وەکو کارامەترین شێوازی ڕوبەروبونەوە دەست داوەتێ بەڵام پەنابەران لەسەر حسابی گۆشەگیر کردنیان لە ژورە تاکە کەسیەکان و مەترسی لەسەر ژیانیان بەرگری لە مافەکانیان دەکەن".


رزگار سەبارەت بەباری تەندروستی پەنابەرەکان ووتی" باست (خەڵکی کوردستانی ئێران) بەهۆی تێکچونی باری تەندروستی گوێزراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی تایبەتی وەزارەت لە شاری لاهای و سورە لەسەر درێژەدان بە مانگرتن تا وەزارەت ناچاردەکات لە زیندانی ئامادەکردن بۆ ناردنەوە ئازادی بکات".


هەروەها سەرچاوەیەکی دیکە بە فیدراسیۆن ڕاگەیاند" کە پەنابەرێکی تری خەڵکی کوردستانی عێراق بەهۆی ڕەوشی خراپیەوە لە مانگرتن لە خواردن لە گرتوخانەی شاری ڕۆتەردام گوێزراوەتەوە بۆ هەمان نەخۆشخانەی تایبەت بەوەزارەت".


رزگار ئەوەشی ووت" یەکیک لەو پەنابەرانەی درێژەیدا بە ناڕەزایەتی بەسیاسەتی دژی پەنابەری حکومەت، لەگرتووخانە ئازادکراوە".


سەبارەت بە بەرپەرچدانەوەی رێکخراو وکەمپەینە پەنابەریەکان رزگار ووتی" پەنابەران و ڕێکخراوەکانی بەرگریکەر لە مافەکانیان ڕۆژی چوارشەممە ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتی دەربڕین لە ناوەندی شارەوە بۆ بەردەم پەرلەمان ئەو شوێنەی دێباتەکەی تیا سازدەکرێت، چالاکی جۆراوجۆر بۆ کۆکردنەوەی هاوپشتی زیاتر نمایش دەکەن. هەروەها ڕێکخراوی پرایم ی پەنابەرانی ئێرانی بە هۆی ڕەوشی خراپی پەنابەرانی مانگرتو لە زیندانەکاندا، لە دوو ڕۆژەی کەمپینی پشتگیری کردن لە مانگرتوان یاداشتێکی پێشکەش بە ئەندامانی پەرلەمانی هۆڵەند کرد و لای خۆیشیەوە حزبی سۆشیالیست پێشنیاری ئەوەی کردووە کە لە هەفتەی ئایندەدا وەفدێک بە نوێنەرایەتی پەرلەمانی ئەو ولاتە سەردانی گرتوخانەکان بکەن و لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوشی پەنابەران بن".


بۆ زانیاری زیاتر لەسەر رەوشی پەنابەران ودەوری حکومەت دەتوانن درێژەی راپۆرتەکەی رزگار سالح بخۆێننەوە:


. سەرەڕای دەنگدانی ٩٥٪ی ئەندامانی حزبی سۆشیال دیموکرات دژی پڕۆژە یاسای ''بەتاوانبار'' دانانی پەنابەرانی '' نایاسایی'' لە کۆنگرەکەیاندا لە دەسپێکی مانگی مەی لە شاری لیواردن، بەڵام هەفتەی ئایندە ڕۆژی چوارشەممە دێباتێک بۆ هەردوو حزبی دەسەلاتدار (لیبڕاڵ، سۆشیال دیموکرات) ساز دەکرێت و مەبەستی ئەو دێباتەش خێراپێکردنی خستنەکاری پڕۆژە یاسای بە "تاوانبار دانانی پەنابەرانی نایاساییە" کە ئەمەش بۆخۆی لەگەڵ قافیەی سیاسەتی مرۆڤدۆستی و پەنابەر دۆستی زۆربەی زۆری ئەندامانی حزبی سۆشیال دیموکرات نایەتەوە چونکە لەلایەک زۆربەی زۆری ئەندامانی حزبی ناوبراو لە کۆنگرەکەیاندا کارتیان دژی ئەو پڕۆژەیاسایە بەرزکردەوە و لەلایەکی تریشەوە سەرۆکی حزبی ناوبراو (سامسۆنگ لەگەڵ سپایک مان) بانگەوازی ئەندامانی کۆنگرەیان کردووە کە ڕەزامەندی بنوێنن لەسەر هەشت خاڵ کە تایبەتە بە چارەسەری کێشەی پەنابەران بۆنمونە کەمکردنەوەی ماوەی مانەوە لە گرتوخانەکاندا، بەڵام بەشداری سەرۆک و بەرپرسانی باڵای حزبی سۆشیال دیموکرات بە پراکتیکی لە دێباتی ڕۆژی چوارشەممەی ئایندە بۆ خێرا کارپێکردنی یاسای بە تاوانبار دانانی پەنابەرانی نایاسایی ئەو راستیە دەردەخات کە ئەوە زەقترین بە تاوانبار دانانی پەنابەرانە. بە پێی ئەو یاسایە ئەگەر پەنابەرێکی نایاسایی دەستگیر بکرێت ئەوا سزای ٣٩٠٠ ئیرۆی بەسەردا دەسەپێنرێت کە هیچ پەنابەرێک توانای دابینکردنی ئەوە بڕە پارەیەی نیە و لە جاری یەکەمیشدا زیندانیکردنی ئەو پەنابەرانە لە پێنج مانگ کەمتر نیە. خۆ ئەگەر پەنابەری زیندانیکراو توانای دابینکردنی ئەوە برە پارەیەی نەبوو، ئەوا بە پێی یاساکە ماوەی زیندانیکردنەکەی بۆ درێژ دەکرێتەوە. جگە لەوەش حکومەتی هۆڵەند سیاسەتی تۆڵەکردنەوە بەسەر پەنابەران جێبەجێ دەکات. پەنابەرانێک کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانن بگەڕێنەوە یان حکومەتی وڵاتەکانیان هاوکاری دیپۆرتکردنەوەیان ناکات، لەلایەن پۆلیسەوە ڕەوانەی گرتوخانەکان دەکرێن بۆ ماوەیەکی نادیار.

 

 

فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی

________________________________________________
IFIR:PO.BOX1575، ILFORD، IG1 3BZ، LONDON
ifir@hotmail.co.uk, 00447856032991, 07895976547

Fax: 08715288651, www.federationifir.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک