په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٤\٢٠١١

کەمپین و ئیسلامى سیاسى و مەترسییەکانى.


شاخەوان برایم عەبدوڵا


دیارە دروستکردنى کەمپین و رێکخراوى کۆمەڵگەى مەدەنى، لە دیارترین سیماکانى بوونى کۆمەڵگەیەکى دیموکراسین و رەخساندنى ژینگەیەکن کە تێیدا تاک دەتوانێت بۆچوون و داواکارییە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکانى بخاتەبەردەم ڕاى گشتى و دواتریش ئەگەر پێویستى کرد، ئیدى کۆمەڵگە بەجۆرێک لە جۆرەکان ڕاى گشتى لەسەر دروست دەکات.


ئەوەى تەنیا دێڕێکى لەسەر ئیسلامى سیاسى لە جیهانى عەرەبى و نێودەوڵەتى خوێندبێتەوە، ئەو راستییەى بۆ دەرکەوتووە کە نێوانى ئیسلامى سیاسى و کەمپین و چەمکى دیموکراسى تەنانەت تالە موێکیش بەیەکیانەوە نابەستێتەوە، ئەمەش بەوپێیەى کە ئیسلامى سیاسى چەمکێک یان رێکخراوێک نین لەهەناوى پێداویستییە دونیاییەکانى مرۆڤەوە دروست بووبێتن، بەڵکو ئەجێنداى ئەو هێزو رەوتە ئیسلامییانە لە جەوهەردا ئیشکردنە لەسەر گەڕانەوەى کۆمەڵگە بۆ دۆخى سەرەتایی و باڵادەستى ئایین و شەرعییەتى پیاوانى ئایینى و لەدەرەوەى ئەم باڵادەستییەى پیاوانى ئایینیشەوە هیچ هێز و ئاماژەیەکى دونیایی جێگەى نابێتەوەو ناتوانێت گەشە بکات، یاخود هەر لە سەرەتاى دروست بوونییەوە لەباردەبرێت و وەک راپەرینى (بابەکى خوڕەمى) کە بە بەرگ سوورەکانیش ناسراون و هەروەها (راپەرینى زەنگ) کە دوو راپەرین بوون لەسەردەمى دەوڵەتى خەلافەتدا سەریان هەڵداوەو دواتریش لەلایەن پیاوانى دەوڵەتى خەلافەتەوە بەتوندترین شێوە کۆتاییان پێهێنراوەو ئەشکەنجەى ئەوانە دراوە کە ئەم راپەرینانەیان دروستکردووە، بۆیەش بەهیچ جۆرێک ئیسلامى سیاسى بڕواى بەدروستکردنى کەمپین و داواکارى نییە بەشێوەیەکى دیموکراسییانەو لەچوارچێوەى ئازادى تاک و رادەربڕینەوە، ئەوەى ئیسلامییەکانى کوردستان لە ئێستاکەدا بانگەشەى بۆ دەکەن هەر لە دروستکردنى کەمپین و خۆپیشاندانى جەماوەرى وەک مافێکى مەدەنى تاک و کۆمەڵگە، ئەمە لە چەواشەکردنى ڕاى گشتى بەولاوە هیچى دیکە نییە، لەمێژووى دونیادا نەمانبینیوە کە دەوڵەتێکى ئیسلامى لەڕێگەى دیموکراسییەوە دەستاودەستى دەسەڵاتى تێداکرابێت، بەپێچەوانەوە هەر گۆڕانکارییەک کرابێت لە ئەنجامى کودەتاو توندوتیژى سەربازییەوە بووە، تەنانەت بوونەتە هۆکارێکى ترسناکیش لەسەر ئاسایشى ناوخۆیی وڵاتانى ناوچەکەو نێودەوڵەتى، نموونەش ئیسرائیلە کە کۆى وڵاتە عەرەبییە ئیسلامییەکان دەستى تۆمەت و هێرشى نارەواى دەخەنەسەرو قەبووڵى ئەوەیان نییە کە دەوڵەتێکى بچووکى پێشکەوتووى غەیرە ئیسلام و عەرەب لەناوچەکەدا هەبێت. هەروەها ئەوە ئیسلامیەکانن بوونەتە هۆکارێکى ترسناک لەبەردەم وڵاتانى ئەوروپا کە خەریکە ئەوروپا وەک کیشوەرێکى پێشکەوتوو بەو پەیوەندییانەى خۆیاندابچێتەوە کە لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکاندا هەیانبووەو تەنانەت ئێستاکە وڵاتانى ئەوروپا خەریکى گرێدانى دەیان کۆنفرانسى گەورە گەورەن لەسەر ئەو ئیسلامییانەى کە لە وڵاتەکانیاندا نیشتەجێن و نەیانتوانیوە خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانى ئەوروپادا بگونجێنن و بوونەتە مەترسییەکى گەورەش بەسەر بارى سایکولۆژى تاکى ئەوروپیەکانەوە.


کەواتە پێویستە کۆمەڵگەى کوردستانى لەمەترسى ئیسلامییەکان هوشیار بکرێتەوە لەوەى کە ئەوانە تۆسقاڵێک مەبەستیان خزمەتکردنى ئایین نییەو بەڵکو دەیانەوێت ئایین وەک خزمەتکارێک بۆ بەرژەوەندى خۆیان بخەنەگەڕو دواتریش بەرنامەو پرۆژە سیاسیەکەى ئێران لەم هەرێمەدا جێبەجێ بکەن. چونکە هەرێم هاوشێوەى ئیسرائیل لەناو کۆمەڵگەیەکى گەورەى عەرەبی ئیسلامى توندڕەو خەریکە کیانێکى سەربەخۆى خۆى دروست دەکات و لەم قۆناغەشدا تەنیا یەکگرتوویی تەواوى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان پێویستەو بەتایبەتى پارتى و یەکێتى و بزوتنەوەى گۆڕان کە هەر ناکۆکییەکى نێوانیان کاریگەرى نێگەتیڤى بەسەر کۆى کۆمەڵگەى کوردستانەوە دەبێت و بەجۆرێک لە جۆرەکانیش ئیسلامییەکانى کوردستان لەم ناکۆکیانەدا سوودمەند دەبن، کاتى خۆى یەکگرتووى ئیسلامى بەسوود وەرگرتن لە شەڕى ناوخۆى یەکێتى و پارتى خۆى راگەیاندو لەم بۆشاییە سیاسییەدا نفوزى خۆیان بەسوود وەرگرتن لە ئایین زیاد کرد، بۆیەش گۆڕان پێویستە هەست بەو مەترسییە گەورەیەى ئیسلامیەکان بکات لەوەى کاتێگ ئیسلامییەکان دەگەنە دەسەڵات، ئەوکاتە ئەوان واتە ئیسلامییەکان بەرنامەى خۆیان کە ئیشکردنە لەسەر کولتوورى توندڕەوانەى ئایینى بەسەر ئەم هەرێمەدا دەسەپێنن، بۆیە باشترین شت لە ئێستاکەدا هەڵوەشانەوەى ئەو رێکەوتننامانەی نێوان گۆڕان و لایەنە ئیسلامییەکانە، چونکە مەترسییەکە لەوەدایە کاتێک ئیسلامییەکان بەهێز دەبن، ئەوکاتە خودى گۆڕانیش دەکەوێتە بەردەم مەترسى ئیسلامییەکانەوە، چونکە ئەوانە مەترسین بەسەر هەموو ئەوانەى لە دەرەوەى ئەجێنداى ئیسلامییەوە کار دەکەن و دڵنیاشم لەوەى سەرانى گۆڕان نایانەوێت کۆمەڵگەیەکى ئیسلامى هاوشێوەى تالبیبان لە کوردستان هەبێت، بەڵکو ئەوە ئیسلامییەکانن دەوڵەتێکى هاوشێوەى ئەفغانستانیان دەوێت.

 

ماڵپه‌ڕی شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک