٢١\٢\٢٠١٠
کێن ئەوانەى ئێمە هەڵیاندەبژێرین.

پێشڕەو حەمید
کێن ئەوانەى بەدەنگى ئیمە دەرۆنەوە پەرلەمانى عێراق و کۆتاى بەو
جەنگانە دەهێنن کەپێشتر پەرلەمانتارەکانمان دروستیان کرد و نەیانتوانى
تێدا سەرکەوتووانە بینە دەروەو هێشتا ماددەى 140 و پرسیى پێشمەرگە و
هەناردەکردنى نەوت بە هەڵبەستراوى ماونەتە وە؟ کێن ئەوانەى کەدەبێت
ئێمە متمانەیان پێ بکەین، لەکاتێکدا کاندیداى هەموو قەوارەکان
متمانەیان بەخۆیان هەیە ؟ ئایا ئەوان کە دەرۆنە پەرلەمان وەک ئەوانى پێش
خۆیان ستراتیژى حیزب و قەوارەکانیان دەکەنە خەمى یەکەمیان ، یان وەک
خۆیان دەڵێن ڕزگارمان دەکەن لە براى بچوکى عارەبە شوڤیینەکان و خەونى
گەڕانەوەى بەعس لەگۆڕدەنێن ؟
ئێمە کام کاندیدو کام قەوارەى سیاسى هەڵببژێرین
؟
لیستى هاوپەیمانى کوردستان، کە بۆ پارستنى مافەکانى ژنان فرە ژنیان
کردە بڕیار ، کەبەناوى پارستن و فراوانکردنى مەوداکانى ئازادییەوە
میدیاى ئەهلى یان کردە جاسو و بەناوى دادپەروەرییەوە قەڵمى ئازادو
سوربەخۆیان تیرۆرکرد ؟یان لیستى گۆڕان کە هێشتا زمانیان خاڵى نەبووتەوە
لە ووشە بریقەدارەکانى ئەدەبیاتى حیزبى کوردى تەقلیدى و سەرقاڵى
بەخشینەوەى موژدەى وەهمیە ؟ کام لیست سەربخەین ، لیستى کۆمەڵى ئیسلامى
کە لەواتەى بونیەوە تائەمڕۆ نەیتوانیوە تەکانیک بە خۆى بدات و خۆى
لەقەیرانى دۆگمابون ڕزگاربکات و هەرلەئیستاوە ئاگادارمان دەکاتەوە، کە
ئەگەر دەنگیان پێنەدەین ئەوالە ڕۆژى مەحشەردا یەکەمین لیپرسینەوەمان
لەسەر ئەوان دەبیت و ئەگەر بەهەشتش بین ئەوا خودا سەرەتا تۆڵەى
نەبەخشینى دەنگەکامان بە کۆمەڵى ئیسلامى لێدەکاتەوە ؟!
بۆدەبێت یەکگرتوى ئیسلامى لیستى خوازراومان بێت و دەنگى پێبدەین ؟
تەنها لەبەر ئەوەى میان ڕەوانەکاردەکەن و لەسەرەتاى خۆئیعلان
کردنیانەوەتائیستا دەستیان نەداوەتە چەک و بەدیدێکى ئیسلامیانەى
هاوچەرخ لەگەڵ ڕەوتەکانى گۆڕان و پێشکەوتنى دونیادا خۆیان گونجاندوە ؟
کامەیە ئەوشەڕەپڕمانایانەى ئەو حیزبەئیسلامییە بەرامبەر بەدەسەڵاتى
کوردى بۆ گۆڕینى سیستەمە سیاسى وتەقلیدیەچەق بەستوەکەى ؟ یەکگرتوى
ئیسلامى کەتائیستاش تواناى ئەوەى نییە خۆى نوێ بکاتەو لەقەیرانى
تەقدیسکرنى کائینە باڵادەستەکانیدا خۆى ڕزگاربکات ، چۆن دەتوانێ
لەئەمڕۆى دونیاى تەواو جیاواز جیاواز لە سەردەمى خەلافەتى ڕاشدین ،
دیدى خۆى پێچەوانەبکاتەوە لەنێو ئەو هەموو بۆچونە جیاوازەى پانتاى
سیاسى و ڕۆشنبیرو کۆمەڵایەتى کوردستان وعێراقدا ، مانیایەک بەبونى خۆى
بدات و بەبێ ئاماژە و سەرپشککردنى لەلایەن ووڵاتى کەنداوى عەرەبى و
ئیسلامییەوە بەرگێکى کوردانە لەبەر بکات و ئەوەندەى فرمێسک بۆ مردنى
نوسەرێکى تۆرانى ئیسلامى دەڕێژێت ، شەقێک لەو هەموو پارە کۆکراوەى
خەلیج بدات و ئەگەرچى چەکدار نییە چەکێک هەڵبگرێت و بەرگرى لە منداڵێکى
ڕەحیم ئاواى شارى کەرکوک بکات .
تەسلیم بونى سوشالیست و زەحمەتکێشان و خۆونکردنیان لەنێو ئەو دوو حیزبە
باڵادەستەى کوردستاندا سەرەتایەکى لەسەرخۆیە بۆئیعلان کردنى مەرگى
خۆیان کەپێشتر لەفێڵکى سیاسیانەدا لەسەر حسابى ئیسلامییەکان توانیان
یەک تا دوو کورسیى بۆخۆیان مسۆگەربکەن و کۆبونەوەیان لە ناولیستى
هاوپەیمانى کوردستاندا تەواوى گوتارى سیاسى ئەو دوو حیزبە دەخاتە
ژێرپرسیارەوە ، کە پێشتر لەبەرامبەر دژایەتى کردنى گوتارى سیاسى و
ئابورى و فەرهەنگى پارتى و یەکێتى دا هەرچیان لەدەست هات دریغیان نەکرد
و ئیستاش بانێکەو دوو هەوا .
حیزبى شیوعى کوردستان ، بۆداواى متمانە لە خەڵکى کوردستان دەکات ،
لەکاتێکدا بەتەواوى هەموو هێزێکیەوە نەیتوانى ژمارەى کورسیەکانى بکات
بەدووان ؟ ئایا بانگەشەى پاشکۆبونى خۆى دەکات وەک حیزێکى عەریقى
کوردستانى و عێراقى ، یان ئەوە فێلێکى سیاسیى و ئابورى ئەو حیزبەیەو
دەیەوێت میدیاکانى پارتى و یەکێتى بەکار بهێنێت بۆڕیکلام کردن و خۆیشى
ڕزگاربکات لەو داواکاریانەى ترى شیوعییە گۆڕان خوازەکان کە داواى
مانەوەى لێدەکرد لەنێو بەرەى چەپەکاندا ؟ یان لەنێو ئەو حیزبەدا چینێکى
باڵادەستى ناشیوعیى لەدایک بووە و دەیەوێت وەک بەرپرسەکانى ترى پارتى و
یەکێتى ببێتە سەرمایەدارێکى دڕوبرسى و بەماسکێکى ترەوە بەرگرى
لەشیوعییەت بونى خۆى بکات و بوارنەدا بەو نەوە شیوعیەى تر کە دەیەوێت
ئەقڵى کۆنەپارێزى ئەو حیزبە نوێ بکاتەوە ؟
ئێمە زۆربەکەمى لە سیاسەتکردنى ئەو حیزب و قەوارانەدا ( بەها ) سیاسى
بەدیى ناکەین و دەبێت ئەو بەها ئەخلاقیانەچیبن کەکاندیداى حیزب و
قەوارسیاسیە کوردیەکان شانازیان پێوەدەکەن؟ لەکاتێکدا زۆربەى
پاڵێوراوەکان پەروەردەى دەستى ئەو حیزبانەن کە سیاسەتکردنیان
لەکردەیەکى بەرجەستەکراو بۆخۆشنودى کۆمەڵگا ، کردووەتە دەسپێکى
کارکردنیان بۆ دەستەمۆکۆدن و قۆرغکردنى سەروەت و سامانى میللەت و
دوبارەکردنەوەى چەندین هەڵەى سیاسى و میژویى و دروستکردنى چەندین باندى
لەیاسا هەڵهاتوو بەخشینى پلەى بەرپرسیارێتى بە خەڵکانى گەندەڵکار و
قوڵکردنەوەى جیاوازییە چینایەتییەکان و ... تد.
ئاخۆ لەنێو ئەو هەموو پرسیارانەدا، ئێمە چۆن جیاوازى بکەین لە ( بەها و
ڕاستیى و گوتار) ى ئەو حیزب و قەوارانەى کەدابەشبون لەنێوان ( بەهایەکى
درۆزن و ڕاستییە دەمامکدارەکان وسیاسەتە چەواشەکاریەکانیان ) ؟
ئێستا حیزبى کوردى و قەوارە سیاسیەکانى کوردستان و عیراق پڕە لەشەیتان و
شەیتانانە وانەکانیان پێدەوترێتەوەو شەیتانانە گوتاروکان ئاراستەدەکەن
و شەیتانانە سیاسەتى دوفاقیەت بەڕێوەدەبەن و شەیتانانە بیر لەئایندە
دەکەنەوە و شەیتانانە کورسیەکانى بەرپرسیاریەتیان بەکار دەهێنن و
شەیتانانە وێنەى فریشتەیەک بە شەیتانە گەورەکانى ناو حیزب دەبەخشن .
ئێمەش بڕیارمانداوە کە بڕۆین دەنگ بدەین و بەشداربین لەسەرخستنى ئەو
هەنگاوانەى کە بۆ دیموکراتیزەکردنى کۆمەلگاى عێراقى و کوردستانى دەدرێن
، بەڵام لەنێو ئەو هەموو کاندیدانەدا ، کێ هەڵببژێرین و چۆن بتوانین
فریشتەیەک بدۆزینەوەو متمانەى خۆمانى پێ ببەخشین ؟!.
peshrawhameed@gmail.com
|