٨\٣\٢٠١٠
کێن ئه‌و لایه‌نانه‌ى
وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى داواکارییه‌کانی زیندانییه سیاسییه‌کانن؟

قادر ڕه‌شید (ئه‌بو شوان)
له
دواى پیرۆزیى شه‌هیدان، زیندانییانى سیاسیین که به پله‌ى یه‌که‌م
دێن، له قاره‌مانێتیدا، له ئه‌رکى سیاسى و نیشتمانییاندا.
نیلسۆن ماندێلا له به‌ندییخانه‌وه بوو به سه‌رۆککۆمارى ئه‌فریقاى
خواروو ، بێگومان به هه‌ڵبژاردن. گه‌لێک له سه‌رکرده‌ى حیزبه‌کان و
که‌سایه‌تى ڕۆشنبیر و ئه‌دیب و کارگه‌رانى سه‌ندیکایى به‌و قۆناغه‌دا
تێپه‌ڕیوون و به‌ندییخانه‌یان کر‌دووه به مه‌ڵبه‌ندى زانیاریى و
خۆپێگه‌یاندن له‌پێناوى گه‌ل و نیشتمان و حیزبه‌که‌یاندا. ئه‌وانه له
کونجى زیندانه‌کانیشدا خه‌مخۆرى گه‌له‌که‌یان بوون و خۆیان پێگه‌یاندووه
که هه‌موو کاتێکیان مه‌رگ و سێداره له په‌ڕه‌ى گوێیان نزیکتر بووه.
به‌ندییخانه‌ى نوگره سه‌لمان ، کوت ، باقوبه ، قه‌سرى نهایه و ئه‌بو
غرێب ، شاهیدى ئه‌و ڕاستییه‌ن. زیندانییانى به‌ندیخانه‌ى ئه‌ڤین له
تاران ، گه‌لێک له نو‌سه‌ر ، ئه‌دیب و زانایان و شۆڕشگێڕانى دروستکرد
، کادێره‌کانى توده‌ى ئێران په‌روه‌رده‌ى ئه‌و به‌ندییخانه‌یه بوون و
کردبوویان به قوتابخانه بۆ پێگه‌یاندنیان ، غه‌نی بلورییانی حیزبی
دیموکراتی کوردستانی ئێران ، ته‌واوی ژیانی لاویی له زیندانه‌کانی په‌هله‌وییدا
برده‌سه‌ر.
زیندانییانى سیاسى ، لاى کام چین و توێژ و سه‌رکرده‌کانى حیزب و ده‌وڵه‌ت
، سه‌نگى شۆڕشگێڕییان هه‌یه و جێى قه‌در و متمانه و پێزانینن؟
بێگومانه لاى ئه‌و که‌سانه‌ى زیادتر که به‌و قۆناغه‌دا تێپه‌ڕیون!
زیندانیى سیاسى له ناو به‌ندییخانه‌دا وا بیرئه‌کاته‌وه که جه‌ماوه‌ر
ڕێزى لێئه‌گرێت و خۆشى ئه‌وێت ، له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌پێناوى ئه‌واندا
توشی به‌ندییخانه بووه.
ئه‌مڕۆ جێى خۆیه‌تى که جه‌ماوه‌رى گه‌له‌که‌مان وه‌ک پێ‌زانین و وه‌فادارییه‌ک
، پشتیوانیى له مافه ڕه‌واکانى زیندانییه سیاسییه‌کانى بکات و ده‌سه‌ڵاتداران
له‌و ماف زه‌وتکردنه پاشگه‌زبکاته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌رکى پارله‌مانتارانه
که داکۆکیى له مافى ڕه‌واى زیندانییه سیاسییه‌کان بکه‌ن و ئه‌و
بڕیاره‌ى حکومه‌تى عێراق په‌یڕه‌وبکرێت.
بۆچی ئه‌بێت داواکاریى ئه‌م زیندانییه سیاسییانه بگاته ئه‌و ئاسته‌ى
مانبگرن بۆ وه‌رگرتنى مافه‌کانیان؟
ئایا ئه‌م پشتگیریی نه‌کردنه‌ى حیزبه‌کان له‌و مافانه‌ی زیندانییانی
سیاسی ، شه‌رم نیه لایان؟
ئایا نابن به لۆمه‌ى هه‌ر نه‌بێت ، که‌سوکارى ئه‌و زیندانییانه؟
ئه‌ى باشه ، ئه‌مانه ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌ى ئه‌و حیزبانه‌ى ئێستا نه‌بوون؟
و له‌پێناوى جێبه‌جێکردنى سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ى ئه‌واندا ، زیندانیى نه‌کراون؟
بۆچی ئه‌بێت ئه‌م ماندویینه‌ناسانه بێ که‌س و بێ پشتیوان بن؟
ئه‌و حیزبه‌ى له هاوار و ناڵه‌ى ئه‌م گیراوه سیاسییانه‌دا بێده‌نگ ئه‌بێت
، وه‌ک ئه‌وه وایه ئه‌و حیزبانه له باره‌گاکانیاندا گیراون و کلیلى
گرتووخانه‌که‌یان لاى خۆیانه! جا ئه‌و حیزبه گه‌وره بێت ، یا بچوک!
هاوکاریى و پشتیوانیى زیندانییه سیاسییه‌کان له لایه‌ن ڕێکخراوه
پیشه‌ییه‌کان و به‌تایبه‌تیى سه‌ندیکاى پارێزه‌ران و نوسه‌ران ئه‌رکێکى
سیاسى ، کۆمه‌ڵایه‌تى ، وه‌فادارییه که په‌یوه‌ندیى به ئابورییان و
بژێوى ڕۆژانه‌ی ژیانیانه‌وه هه‌یه.
داواکارم له جه‌ماوه‌ر که ناو و ئیمزا کۆبکه‌نه‌وه ، بۆ پشتیوانیى
له‌و زیندانییه سیاسییانه‌ى مانیان گرتووه.
2010-03-05
|