٣\٥\٢٠١١ کەنیز لە قورئاندا.
بەهار نەسرەدین
کۆیلایەتی دەگەرێتەوە بۆ سەردەمانی کۆن، واتە لەو کاتەوە کە چینی کۆمەڵایەتی پێک هات. کۆمەڵگا دابەش بو بەسەر دو چین دا، چینی کۆیلەدار وەک چەوسێنەر، وە کۆیلە وەک چینی چەوساوە. چۆنیەتی بە کۆیلە بوونی ئینسان دەگەرێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکار. هۆکاری یەکەم ئەوە بوو کە کەسێک بۆ بەرێچونی ژیانی قەرزی دەکرد. دواتر قەرزەکەی پێ نەدەدرایەوە و خاوەن قەرز دەیتوانی بیبات لە بری قەرزەکەی و دەبو بە کۆیلەی. هۆکارێکی دیکە دزینی خەڵکی لە وڵاتانی دورەوە و فرۆشتنی لە شوێنەکانیتر. سەرەکی ترین هۆکاری بە کۆیلە بونی ئینسان، سەرهەڵدانی شەرەکان بوو. میلەتانی دۆراو لەو شەرانە دا بە دیل دەگیران و بە پیاو و ژن و منداڵەوە دەکران بە کۆیلە. هەروەها منداڵانی کۆیلە کە لە دایک دەبون، دەبون بە کۆیلەی کۆیلەدارەکان. کۆیلەکان هیچ دەسەڵاتێکیان بە سەر خۆیان دا نەبو و لە لایەن خاوەنەکانیانەوە وەک کەل و پەل و مەر و ماڵات لە بازاری کۆیلە فرۆشیدا دەیان فرۆشتن. بە پێی یاساکانی سیستەمی کۆیلایەتی، کۆیلە دارەکان دەیان توانی بە درندانەترین شێوە کۆیلەکان بە کار بێنن بۆ کاری ماڵ، بینا سازی، سەربازي و کشتوکاڵ. بەهاتنە ئارای دینە بە ناو ئاسمانیەکان مەسەلەی کۆیلایەتی نەک هەر چارەسەر نەکرا، بەڵکو کرا بە یاسا و شەریعەتی دینەکان.
مەبەست لەم بابەتە زیاتر تیشک خستنە سەر روانگە و هەڵوێستی دینی ئیسلامە بەرامبەر بە کۆیلە و کۆیلایەتی. ئیسلام کە سەری هەڵدا و سەقامگیر بو، سیستەمی کۆیلایەتی وەک خۆی هێشتەوە و کردی بە ئایات و یاسای قورئانی. بە پێی شەریعەتی ئیسلام هیچ کەسێک بۆی نیە دەستکاری ئایەتەکانی قورئان بکات چونکە فەرمانی خودایە. هەر لە منداڵی و لە قوتابخانەوە پێیان دەوتین و فێر کراین کە ئیسلام کۆیلایەتی هەڵوەشانەوە و کۆیلەکان ئازاد کران. هەروەها وتیان هیچ جیاوازیەک لە نێوان عەرەب و عەجەم دا نیە بێجگە لە تەقوا دا نەبێت. بۆ نمونە پێغەمبەر لە حەدیسێکدا دەڵێ: الناس سواسیة کأسنان المشط. واتە ئینسانەکان یەکسانن وەک دانەکانی شانە. بەڵام ئایەتەکانی قورئان پێچەوانەی فێرکردنەکانی قوتابخانە و وتەکانی پێغەمبەرمان بۆ دەسەڵمێنێ. لە قورئاندا جیاوازی لە نێوان ئینسانەکان دا هەیە و ئاماژە بە چینی باڵا دەست و بن دەست دەکات. لە سورەتی النحل ئایەتی ٧١ دا هاتوە: وَاللّهُ فَضَّلَ بَعْضَكُمْ عَلَى بَعْضٍ فِي الْرِّزْقِ فَمَا الَّذِينَ فُضِّلُواْ بِرَآدِّي رِزْقِهِمْ عَلَى مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُهُمْ فَهُمْ فِيهِ سَوَاء أَفَبِنِعْمَةِ اللّهِ يَجْحَدُونَ. جەلالین دەڵێ: خودا بەشی برێکتانی زیاتر داوە لە برێکی دیکەتان لە رزق دا، برێکتان دەوڵەمەندن و برێکتان فەقیرن، بڕیکتان مالک و برێکتان کۆیلەن. لە ئایەتی ١٧٨ی سورەتی البقرة دا هاتوە: يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ كُتِبَ عَلَيْكُمُ الْقِصَاصُ فِي الْقَتْلَى الْحُرُّ بِالْحُرِّ وَالْعَبْدُ بِالْعَبْدِ وَالأُنثَى بِالأُنثَى فَمَنْ عُفِيَ لَهُ مِنْ أَخِيهِ شَيْءٌ فَاتِّبَاعٌ بِالْمَعْرُوفِ وَأَدَاء إِلَيْهِ بِإِحْسَانٍ ذَلِكَ تَخْفِيفٌ مِّن رَّبِّكُمْ وَرَحْمَةٌ فَمَنِ اعْتَدَى بَعْدَ ذَلِكَ فَلَهُ عَذَابٌ أَلِيمٌ. یانی، ئەی ئیمان داران لە سەرتان فەرزە حوکمی قەساسی بەرابەر بە رێوە بەرن بە شێواز و بە کردار، بەرانبەر بە کوشتنی کەسێکی ئازاد دەبێ ئازادێک بکوژرێت نەک کۆیلەیەک، کۆیلە بەرامبەر بە کۆیلە، مێینە بەرانبەر بە مێینە. ئەم دو ئایەتەی سەرەوە ئەم راستیەمان بۆ دەسەلمێنێ کە ئیسلام رێگا بە کۆیلایەتی دەدا، ئینسانەکان لای خودا یەکسان نین و خوینی ئینسانێکی ئازاد بە نرخ ترە لە ئینسانێکی کۆیلە. لە سەحیحی موسلم دا حەدیسێک هەیە کە دەڵێ: إذا آبق العبد لم تقبل لە صلاة. یانی، ئەگەر کۆیلەیەک لە خاوەنەکەی هەڵبێت خودا نوێژی قەبوڵ ناکات. خودی وتەکانی پێغەمبەر پێکەوە ناتەبان، لە حەدیسێکدا دەڵێ ئینسانەکان یەکسانن وەکو دانەکانی شانە بە بێ جیاوازی، لەم حەدیسەدا دەڵێ ئینسانەکان جیاوازن. هەر بە پێی ئەم حەدیسە کۆیلە دەبێ ملکەچی ئەو بارو دۆخە نالەبارە بێ کە تێیدایە و رازی بێت و بیر لە ئازادی نەکاتەوە ئەگینا دەکەویتە بەر سزای خودا. موسوڵمانان و زانایانی ئاینی بۆ پاساو کردنی دینی ئیسلام دەربارەی کۆیلە دەڵێن کە بەر لە ئیسلامیش کۆیلایەتی هەبوە و ئیسلام هەوڵی داوە بەرەبەرە بە چەند شێوازێک لە ناوی بەرێ. ئەم پاساوەی موسوڵمانان لە خۆیدا نەک لە ناو بردن، بەڵکو هێشتنەوە و بەردەوام کردنیەتی. یەکێک لەو رێگایانە کە ئیسلام وەک چارەسەر دایناوە ئەوەیە کە خودا رێگا دەدات بە کۆیلەکان خۆیان بکرنەوە و ریکەوتن نامەیەک بە نوسراوە لە نێوانیاندا هەبێت کە لە ئایەتی ٣٣ی سورەتی النور دا ئاماژەی پێدەکا: وَالَّذِينَ يَبْتَغُونَ الْكِتَابَ مِمَّا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ فَكَاتِبُوهُمْ إِنْ عَلِمْتُمْ فِيهِمْ خَيْرا. بە پێی ئەم ئایەتە رێکەوتن نامەکە هەمو کۆیلەیەک ناگرێتەوە. چونکە دەڵیت ئەگەر زانیتان پیشەوەرن و دەتوانن پارە پەیدا بکەن و خۆیان بکرنەوە. لێرەدا بۆمان دەرئەکەوێت کە هیچ ئاسان کاریەک نابینرێت بۆ ئەوەی کۆیلە بتوانێت خۆی بکرێتەوە. چونکە لە لایەک هەمو کۆیلەیەک پیشەوەر نیە تا بتوانیت پارە بەدەست بێنێت و خۆی بکریتەوە، لە لایەکیتر قورتوبی لە تەفسیری هەمان ئایەتدا ئاماژە بە حەدیسێکی پێغەمبەر دەکات کە دەڵێ: أیما عبد کاتب علی مائة دینار فأداها إلا عشرة دنانیر فهو عبد. لێرەدا پێغەمبەر زۆر سوورە لە سەر ئەوەی کە ئەگەر کرینەوەی کۆیلەیەک بە ١٠٠ دینار بێت، کۆیلەکە ٩٠ دیناری دابێت و ١٠ دیناری کەم بێت هەر کۆیلە تا دوا دیناری دەداتەوە بە خاوەنەکەی. شێوازیکی دیکە کە ئیسلام وەک ئازاد کردنی کۆیلە باسی دەکا، ئەوەیە کە ئەگەر خاوەن کۆیلەیەک گوناهێکی کرد و بە هەڵە کەسێكی کەشت، یان بە درۆ سوێندێکی خوارد دەتوانێ کٶیلەیەک ئازاد بکات لە کەفارەی گوناهەکەی دا. لەم پەیوەندیەدا لە ئایەتی ٩٢ی سورەتی النساء دا بە رونی باسی لێ کراوە کە ئەمە دەقی ئایەتەکەیە: وَمَا كَانَ لِمُؤْمِنٍ أَن يَقْتُلَ مُؤْمِنًا إِلاَّ خَطَئًا وَمَن قَتَلَ مُؤْمِنًا خَطَئًا فَتَحْرِيرُ رَقَبَةٍ مُّؤْمِنَةٍ وَدِيَةٌ مُّسَلَّمَةٌ إِلَى أَهْلِهِ إِلاَّ أَن يَصَّدَّقُواْ فَإِن كَانَ مِن قَوْمٍ عَدُوٍّ لَّكُمْ وَهُوَ مْؤْمِنٌ فَتَحْرِيرُ رَقَبَةٍ مُّؤْمِنَةٍ وَإِن كَانَ مِن قَوْمٍ بَيْنَكُمْ وَبَيْنَهُمْ مِّيثَاقٌ فَدِيَةٌ مُّسَلَّمَةٌ إِلَى أَهْلِهِ وَتَحْرِيرُ رَقَبَةٍ مُّؤْمِنَةً فَمَن لَّمْ يَجِدْ فَصِيَامُ شَهْرَيْنِ مُتَتَابِعَيْنِ تَوْبَةً مِّنَ اللّهِ وَكَانَ اللّهُ عَلِيمًا حَكِيمًا. قورتوبي لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا دەڵێ: ئەگەر کەسێک بە هەڵە موسڵمانێکی کوشت، کٶیلەیەک ئازاد بکات یان دو مانگ بە رۆژوو بێت لە کەفارەتی کوشتنەکەدا. لە ئایەتی ٨٩ی سورەتی المائدة دا هاتوە: لاَ يُؤَاخِذُكُمُ اللّهُ بِاللَّغْوِ فِي أَيْمَانِكُمْ وَلَكِن يُؤَاخِذُكُم بِمَا عَقَّدتُّمُ الأَيْمَانَ فَكَفَّارَتُهُ إِطْعَامُ عَشَرَةِ مَسَاكِينَ مِنْ أَوْسَطِ مَا تُطْعِمُونَ أَهْلِيكُمْ أَوْ كِسْوَتُهُمْ أَوْ تَحْرِيرُ رَقَبَةٍ فَمَن لَّمْ يَجِدْ فَصِيَامُ ثَلاَثَةِ أَيَّامٍ ذَلِكَ كَفَّارَةُ أَيْمَانِكُمْ إِذَا حَلَفْتُمْ وَاحْفَظُواْ أَيْمَانَكُمْ كَذَلِكَ يُبَيِّنُ اللّهُ لَكُمْ آيَاتِهِ لَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ. ئیبن کەسیر دەڵێ: خودا سزاتان نادات لە سەر سوێند خواردنی ئاسایی وەکو نا وەاللە، وەاللە و بە خودا. بەڵام سوێند خواردنی بە ئەنقەست و مەبەست سزای هەیە و دەبی کەفارەتی بدرێ، یان خواردن و پۆشاکی ١٠ کەس بدات و یان کۆیلەیەک ئازاد بکات. لە سورەتی المجادلة ئایەتی ٣ دا هاتوە وَالَّذِينَ يُظَاهِرُونَ مِن نِّسَائِهِمْ ثُمَّ يَعُودُونَ لِمَا قَالُوا فَتَحْرِيرُ رَقَبَةٍ مِّن قَبْلِ أَن يَتَمَاسَّا ذَلِكُمْ تُوعَظُونَ بِهِ وَاللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِيرٌ. یانی، ئەگەر کەسێک بە ژنەکەی بڵێ لە جێی دایکمی، ژنەکەی لێ حەرام دەبێ و ناتوانێت لە گەڵی بخەوێت مەگەر ئەوەی کە کۆیلەیەک ئازاد بکات لە کەفارەتی دا. بە پێی ئەم ئایەتانە کە ئاماژەیان پێ کرا، کۆیلە ئازاد نەکراوە لە ئیسلامدا، ئەگەریش کرابێ کۆمەڵێک مەرجی بۆ دانراوە کە ناتوانێ جێ بە جێێ بکا. بۆ نمونە ئازاد کردنی کۆیلە بەستراوەتەوە بە گوناه کردنی خاوەن کۆیلەوە. ئەگەر خاوەن کۆیلە گوناه نەکات کۆیلە ئازاد ناکرێ. هەروەها گوناهکەر دەتوانێ کۆیلە ئازاد نەکا و شتێکی دیکە بدات لە کەفارەتی گوناهەکەی دا. بەم شێوەیە کویلە لە ئیسلام دا بەشێکە لە موڵک و ماڵی کۆێلەدار. ئازاد کردنی کۆێلە نەریتێکی ناسراو بوو لە ناو عەرەب دا بەر لە ئیسلام. شتێکی تازە نەبو کە ئیسلام هێنابێتی. زور جاران کۆیلەدار رێدەکەوت لە گەڵ کۆیلەکەیدا وبەرامبەر بە ئانجام دانی کاڕێک ئازادی دەکرد. نزیکترین و ناسراوترین بەڵگە، ئازاد کردنی وەحشی حەبەشیە لە لایەن هند کچی عوتبە بەرانبەر بە کوشتنی حەمزەی مامی پێغەمبەر کە باوک و برا و مامی لە شەری بەدر دا کوشتبو. رێگایەکی دیکەی ئازاد کردنی بەرەبەرەی کۆیلە لە لایەن ئیسلامەوە، ئەوەیە کە کەنیزێک بە مردنی خاوەنەکەی ئازاد دەبێ، ئەگەر منداڵی لێی بوبێ و کەس و کاری خاوەنەکەی دەسەڵاتیان بە سەریەوە نامێنێت و ناتوانن رایگرن. بەڵام تا خاوەنەکەی ماوە هەر کۆیلەیە. ئەم شێوە ئازاد کردنەی کۆیلە لە لایەن ئیسلامەوە نەک ئازاد کردن نیە، بەڵکو مایەی گاڵتە جاریە. چونکە دەبێ چاوەرێ بکا بە هیوای ئەوەی کە بەڵکو خاوەنەکەی بمرێ و لەوانەشە خۆی لە پێشدا بمرێت. لە قورئاندا ژمارەیەکی زۆر ئایەت دەربارەی ژن هاتوە کە هەندێکیان باسی ژنی ئازاد و هەندێکیشێان تایبەتە بە کەنیز واتە ژنی کۆیلە بە ناوی (ملکات الیمین). بە خوێندنەوەی ئایەتەکان جیاوازیەکی ئەوتۆ لە نێوان ژنی ئازاد کۆیلەدا بەدی ناکرێ. ژن بە عام لە ئیسلامدا ماف خوراوە و ئازاد نیە. لێرەدا ئەم باسە زیاتر لە سەر کەنیزەکانە لە روانگەی ئیسلامەوە. کەنیزەکان یان(ملک الیمین، یان ملکت أیمانکم) ١٥ جار لە قورئاندا هاتوە وەک ئایەتەکانی ٣، ٢٤، ٢٥ و ٣٦ لە سورەتی النساء، ئایەتەکانی ٣١، ٣٣، ٥٨ و ٦١ لە سورەتی النور، ئایەتەکانی ٥٠، ٥٢ و ٥٥ لە سورەتی الاحزاب، ئایەتی ٧١ی سورەتی النحل، ئایەتی ٦ی سورەتی المٶمنون، ئایەتی ٣٠ لە سورەتی المعارج و٢٨ی سورەتی الروم. مانای "ملک الیمین یان ملکت ایمانکم" لە زمانی عەرەبی دا ئاماژەیە بەو مڵک و ماڵ و دەستکەوتانەی کە بە هێز و داگیرکاری و کرین بە دەست هاتبێ. ملک الیمین لێرەدا بە مانای کۆیلەیە. هەمو موفەسیرەکانی قورئان رێکن لە سەر ئەوە کە ملک الیمین یانی کۆیلە و کەنیز یان هەردوکیان. موسوڵمانان زۆر پێ لە سەر ئەوە دادەگرن کە ئیسلام پلەی ژنی بەرز نرخاندوە و رێزی لێ دەگرێ و دەیپارێزێ. بەڵام بە پێی ئەو ئایەتانەی کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێ کرا، بە تەواوی پێچەوانەیە و نەک رێزی لێ نەگیراوە بەڵکو ژن بە گشتی و بە تایبەتی کەنیز ئەو پەری ئیهانە و تەعەداو سوکایەتیان پێ کراوە. هەر وەک لە دەست پێکەوە ئاماژەی پێکراوە، هۆی سەرەکی دیاردەی کۆیلە شەرەکان بو. بە پێی هەموو بەڵگە و سەرچاوە باوەر پێکراوەکان دینی ئیسلام بە زەبری شمشیر و لەشکرکێشی پەرەی سەند. لە شەرەکاندا پێغەمبەر راستەو خۆ موسوڵمانانی هان دەدا و تەماعی دەخستە بەریان بۆ بەدەست هێنانی دەستکەوت کە ژنانیشی دەگرتەوە. لەم پەیوەندیەدا لە ئایەتی ٤٩ی سورەتی التوبة دا دەڵی: وَمِنْهُم مَّن يَقُولُ ائْذَن لِّي وَلاَ تَفْتِنِّي أَلاَ فِي الْفِتْنَةِ سَقَطُواْ وَإِنَّ جَهَنَّمَ لَمُحِيطَةٌ بِالْكَافِرِينَ. قورتوبی لە تەفسیری ئەم ئایەتە دا دەڵێ: پێغەمبەر کاتێک کە بۆ شەر دەرۆشتن بە جەد کوری قەیس ی وت پێت خۆشە کجەکانی بەنی ئەسفەر بە دەستکەوت بگریت بۆ خۆت. جەد لە وڵامی پێغەمبەردا وتی هەر هەموان دەزانن کە من حەزم لە ژنە و دەترسم کچەکانی بەنی ئەسفەر ببینم و خۆم پێ نەگیرێت، وازم لێ بێنە و تەماع مەخە بەرم، لێم گەرێ بە پارە هاوکاریت دەکەم. بۆ پەرچدانەوەی داواکاریەکەی جەد ئەو ئایەتەی سەرەوە دابەزی کە خودا دەڵێ وتەکەی جەد بیانویە و مەبەستی نەچونە بۆ شەر، وە گوناە بارن و ئاگر جاوەروانیان دەکات. جیاواز لەوەی کە بەردەوام وتویانەوە دەڵێن کە خودا پێغەمبەری بۆ رزگاری بەشەر ناردوە، لە قورئانیشدا بە هەمان شێوە لە ئایەتی ١٠٧ی سورەتی النساء دا خودا دەڵێ: وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِّلْعَالَمِينَ. یانی، پێغەمبەر تۆمان نارد وەک رەحمەت و خێر و خۆشی بۆ بەشەر. ئایا رەحمەت و خێر و خۆشی لە لایەن خوداوە ئەوەیە کە پێغەمبەر پەلاماری خەڵکەکان بدا و پیاوان بکوژن، سامانیان بە تاڵان ببەن، ژن و مناڵیان بە دیل ببەن و بیان کەن بە کوێلە کە هیچ گوناه و تاوانێکیان نیە؟ لە سورەتی الانفال ئایەتی ٤١ دا هاتوە: وَاعْلَمُواْ أَنَّمَا غَنِمْتُم مِّن شَيْءٍ فَأَنَّ لِلّهِ خُمُسَهُ وَلِلرَّسُولِ وَلِذِي الْقُرْبَى وَالْيَتَامَى وَالْمَسَاكِينِ وَابْنِ السَّبِيلِ إِن كُنتُمْ آمَنتُمْ بِاللّهِ وَمَا أَنزَلْنَا عَلَى عَبْدِنَا يَوْمَ الْفُرْقَانِ يَوْمَ الْتَقَى الْجَمْعَانِ وَاللّهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ. جەلالین لە تەفسیری ئەم ئایەتە دا دەڵێ: خودا ئومەتی موسوڵمانی لە میلەتانی دیکە لا شەریفترە وماڵی کافران حەڵالە بۆ موسوڵمانان. دەبێ بزانن یەک لە سەر پێنجی هەمو دەستکەوتەکان بۆ خودا و پێغەمبەرە. ژن بەشێک بوە لە دەست کەوتەکان و دابەش دەکرا لە نێوان موسوڵمانانی داگیرکەر دا. ژنەکان و کچەکان دەبنە کۆیلە و خاوەنەکانیان کە موسوڵمانن هەم کاریان پێ دەکەن، هەم دەست درێژی دەکەنە سەریان و دەشیان فرۆشن. خودی پێغەمبەر کەنیزی هەبوە، بەشێك لە کەنیزەکان وەک هەدیە بۆی هاتوە و بەشێکیشیان دیلەکانی شەر بون. پێغەمبەر بە بێ مارە کردن وەک کۆێلە لە گەڵیان دەخەوت. ئەم کەنیزانە وەک ژن بە حیساب نەدەهاتن و وەک وەسیلەی رابواردن بە کار دەهێنران کە بە عەرەبی پێیان دەوترێ( سریة). یەکێک لە کەنیزەکانی پێغەمبەر بە ناوی سەفیە کچی حەیی بو کە لە شەری خەیبەر دا بە دیل گیرا. لە ئایەتی ٢٠ی الفتح دا خودا موسوڵمانەکان هان دەدا بۆ شەر و بە دەست هێنانی دەستکەوت و دەڵێ: وَعَدَكُمُ اللَّهُ مَغَانِمَ كَثِيرَةً تَأْخُذُونَهَا فَعَجَّلَ لَكُمْ هَذِهِ وَكَفَّ أَيْدِيَ النَّاسِ عَنكُمْ وَلِتَكُونَ آيَةً لِّلْمُؤْمِنِينَ وَيَهْدِيَكُمْ صِرَاطًا مُّسْتَقِيمًا. جەلالین دەڵێ: خودا بەڵێنی دەستکەوتی زۆری پێداون و پەلە بکەن بۆ شەر و داگیرکردنی خەیبەر. هەمو موڵک و سامانی خەیبەر بۆ ئێوە حەڵالە. پشت بە خودا ببەستن چونکە ترس و لەرزی خستۆتە دڵی جولەکەکان. بە دابەزینی ئەم ئایەتە لەشکری ئیسلام بۆ ماوەیەک خەیبەریان گەمارۆ دا. پیاوانی خەیبەر بە ناچاری خۆیان تەسلیم کرد و خەیبەر داگیرکرا. پێغەمبەر فەرمانی دا هەر هەمو پیاوەکانیان کوشت. دواتر کەوتنە دابەشکردنی سامان و ژن و مندالەکانیان بە سەر خۆیاندا. یەکێک لە ئەسحابەکان بە ناوی دحیة الکلبي بە پێغەمبەری وت یەکێک لە کەنیزەکانم بەرێ. پێغەمبەر وتی برۆ دانەیەک هەڵبژیرە بۆ خۆت. دحیةالکلبي صفیة بنت حیي دەبات بۆ خۆی. ئەسحابەیەک دەچێتە لای پێغەمبەر و پێی دەڵێ یا پێغەمبەر تۆ صفیة بنت حیي،ت داوە بە دحیة. صفیة شاژنی بەنی قورەیزە و بەنی نەزیرە و شایەستەی خۆتە. پێغەمبەر وتی دەحیە بانگ بکەن و با صفیەشی لە گەڵ بێت. دەحیە و صفین هاتن. پێغەمبەر کە صفیة ی بینی بە دەحیەی وت صفیة با لێرە بێت و برۆ کەنیزێکی تر ببە. صفیة تازە بوک بوو و مێردەکەی لە شەرەکەدا کوژرابوو. پێغەمبەر رایگرت بۆ خۆی و ئوم سەلمە ئامادەکاری بۆ کردو پێغەمبەر بو بە زاوا. ئەمە بو ئەو خێر و خۆشیە کە قەرار بو پێغەمبەر بیهێنێت بۆ بەشەر؟ خودا ترس دەخاتە دڵی خاڵکێکەوە کە رۆژێک پێیانی دەوت( شعب اللە المختار) بۆ ئەوەی تەسلیمی لەشکری پێغەمبەر بن و هەمو ژنانی خەیبەر بە هەمان چارەنوس بچن کە صفیة توشی بوو. خێر و خۆشیەکی اللە بو بەوە کە پێغەمبەر خەڵکەکانی داگیر کردو ماڵ و ژن و منداڵیانی لە نێوان خۆی و موسوڵمانان دا دابەش کرد و تەجاوزیان بە ژنان و کجانیان کرد، ئاڵو گۆریان پێ دەکردن و بە کۆیلەیی دەیان فرۆشتن. تەنانەت خودی پێغەمبەر ئایەتێکی قورئان پێشێل دەکا و چاوەرێ ناکا کە ماوەی دیاری دانی حاملە بونی صفیة بە سەر بچێ و تەجاوزی پێ دەکا. یەکێکی دیکە لە کەنیزەکانی پێغەمبەر ماریەی کچی شەمعون بو کە مقەوقەس سەرۆکی قوبتییەکان لە گەڵ سیرین،ی خوشکی و مابور،ی ئامۆزایان بە هەدیە ناردی بۆ پێغەمبەر. پێغەمبەر ماریەی دانا بۆ خۆی و سیرینی بەخشی بە حەسان کوری سابت. پێغەمبەر هەر شەوێک لە لای یەکێک لە ژنەکانی دەخەوت. لە سەرەی شەوی حەفسەی کچی عومەری خەتاب دا کە لە ماڵ نابێ. لەسەر جێگاکەی حەفسە لە گەڵ ماریە دەخەوێ. لە پردا حەفسە بە سەردا دێ و دەڵێ یا پێغەمبەر لە سەرەکەی من و لە سەر جێگاکەی من وا دەکەی؟ پێغەمبەر دەڵێ بێ دەنگەی لێ بکە وماریا لە خۆم حەرام دەکەم. دواتر لە سەر ئەم بەسەرهاتەی پێغەمبەر، ئایەتەکانی ١، ٢، ٣ی سورەتی التحریم دابەزێنرا کە ئەمانەن: يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ لِمَ تُحَرِّمُ مَا أَحَلَّ اللَّهُ لَكَ تَبْتَغِي مَرْضَاتَ أَزْوَاجِكَ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَّحِيمٌ (1) قَدْ فَرَضَ اللَّهُ لَكُمْ تَحِلَّةَ أَيْمَانِكُمْ وَاللَّهُ مَوْلَاكُمْ وَهُوَ الْعَلِيمُ الْحَكِيمُ (2) وَإِذْ أَسَرَّ النَّبِيُّ إِلَى بَعْضِ أَزْوَاجِهِ حَدِيثًا فَلَمَّا نَبَّأَتْ بِهِ وَأَظْهَرَهُ اللَّهُ عَلَيْهِ عَرَّفَ بَعْضَهُ وَأَعْرَضَ عَن بَعْضٍ فَلَمَّا نَبَّأَهَا بِهِ قَالَتْ مَنْ أَنبَأَكَ هَذَا قَالَ نَبَّأَنِيَ الْعَلِيمُ الْخَبِيرُ (3) تەبەری لە تەفسیری ئەم ئایەتانە دا دەڵێ: خودا دەڵێ بۆچی شتێک لە خۆت حەرام دەکەی کە خودا حەڵاڵی کردوە بۆت، دەتەوێ بەم حەرام کردنە ژنەکانت رازی بکەیت. دەتوانیت کفارەتی سوەیندەکەت بدەیت و بچیتەوە بۆ لای ماریە، چونکە خودا پێغەمبەری ئاگادار کردبوەوە کە حەفسە کردەوەکەی پێغەمبەری بە ژنەکانی دیکەی وتوە. بەخوێندنەوەی ئەم ئایەتانە و کەید و بەندی نێوان خودا و پێغەمبەر ئەم راستیەمان بۆ دەسەلمێ کە خودا بەشێکی زۆر لە کارەکانی خۆی تەرخان کردوە بۆ وڵام دانەوە بە ژیانی شەخسی و هەوا و هەوەسەکانی پێغەمبەر. لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە گۆرێ کە ژیانی شەخسی پێغەمبەر لە گەڵ ژنەکانی چێ پەیوەندیەکی هەیە بە چارە نوسی بەشەرەوە کە ناچارن دەبێ بیزانن، چی سود و قازانجێکی هەیە بۆ بەشەر؟ ئەو شتانەی لێرەدا رون دەبێتەوە بۆ ئێمە، هەمو کەسێک دەتوانێ سوێند بخوات و پاشان بە دانی کەفارەت گوناهەکەی بکرێتەوە. ئەمە خۆی ئەبێتە رەوتێک بۆ درۆ کردنی بێ ترس. هەروەها ستەم گەری خودامان بۆ دەردەکەوێ بۆ بەندەکانی خۆی بە تایبەت ژنان. بە پێی ئەم بەڵگە قورئانیانە خودا و پێغەمبەر هیچ حەسابێک بۆ شعور و ئیحساس و حورمەتی ژن ناکەن. وەک ئامرازیکی بێ گیان و وەسیلەی رابواردنی جنسی چاوی لێ دەکەن. هەروەها ئەوەمان بۆ دەر دەکەوێ کە کارەکانی خودا سەقەتن و لە خۆیدا ناتەبان. بۆ نمونە خودا ژنی دروست کردوە کە بەشەرە، بەڵام هیچ حەسابێک بۆ شعور و هەست و مافی ئەم بەشەرە ناکا و یان ئیهمالی دەکا. ئەگەر وەک ئامرازی کار و وەسیلەی رابواردنی جنسی دروستی کردوە، بۆ هەست وشعوری پێ داوە؟ مادام کە شعوری پێداوە، بۆ لە بەر هەوەسی پێغەمبەر و پیاوان لە بیری دەکا و ئێش و ئازارەکانیان لە بەر چاو ناگرێ؟ بۆ نمونە پێغەمبەر خەیانەت بە حەفسەی ژنی دەکا و لە سەر جێگاکەی لە گەڵ ماریا دەخەوێ. حەفسە هەست بە بە غەدر و ئیهانە دەکا بەرانبەر بە خۆی و نارەزایەتی دەردەبرێ. خودا بۆ دەم کوت کردن و بێ دەنگ کردنی حەفسە فریای پێغەمبەر دەکەوێ و ئایەتی بۆ دادەبەزێنێ. هەروەها ماریە لە بەر ئەوەی کە کۆیلەیەکی هەدیە کراوە بە بێ رەزامەندی خۆی تەجاوزی پێ دەکرێت. خودا لە قورئان دا بە پێی بەرژەوەندی موسوڵمانانی جیهاد کەر ئایەتەکانی خۆشی پێشێل دەکا و دەیان گۆرێ. بۆ نمونە لە ئایەتی ٢٣ی سورەتی النساء دا رونی کردوەتەوە کە کامە ژن لە موسوڵمانان حەرامە. بەشێک لەو ژنانەی کە حەرامن، ژنانی مێرد دارن. بەڵام دواتر پەشیمان دەبیتەوە و جیاوازی لە نێوان ژنانی موسوڵمان و کەنیزەکان دا دادەنێت. بۆ وێنە لە هەمان سورەت و لە ئایەتی ٢٤ دا هاتوە: وَالْمُحْصَنَاتُ مِنَ النِّسَاء إِلاَّ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ كِتَابَ اللّهِ عَلَيْكُمْ وَأُحِلَّ لَكُم مَّا وَرَاء ذَلِكُمْ أَن تَبْتَغُواْ بِأَمْوَالِكُم مُّحْصِنِينَ غَيْرَ مُسَافِحِينَ فَمَا اسْتَمْتَعْتُم بِهِ مِنْهُنَّ فَآتُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ فَرِيضَةً وَلاَ جُنَاحَ عَلَيْكُمْ فِيمَا تَرَاضَيْتُم بِهِ مِن بَعْدِ الْفَرِيضَةِ إِنَّ اللّهَ كَانَ عَلِيمًا حَكِيمًا. تەبەری لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا دەڵێ: موسلیم لە سەحیحەکەیدا دەگێرێتەوە کە پێغەمبەر لە رۆژی الحونەین دا لەشکرێکی نارد بۆ ئوتاس، لەوێ لەشکرەکە رو بە روی دوژمنان بوەوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک کەنیزیان بە دیل گرت. هەندێک لە موسوڵمانان نیگەرانی ئەوە بون کە ئەم کەنیزانە مێردیان هەیە کە بە پێی قورئان حەرامە و نابێ دەستیان بۆ بەرن. خودا ئەم ئایەتەی نازڵ کرد و ژنانی مێرد داری بە دیل گیراوی بۆ موسوڵمانان حەڵال کرد. بە پێی تەفسیرەکە ئەو ژنانەی کە بە دیل دەگیرێن یەک سەر تەڵاقیان دەکەوێ و حەڵاڵن. هەر وەک لەم دو ئایەتەی سەرەوە بینیمان خودا ئیشو کاری بوەتە رێ خۆش کردن و جێ خۆش کردن بۆ هەوا و هەوەسی موسوڵمانان. شەرکەرانی ئیسلامی تەنانەت زەمیریان رێگایان پێ نادا کە یاسا دینیەکانی خۆیان پێشێل بکەن و تەعەدا لە ژنانی شوداری بە دیل گیراوی شەر بکەن. بەڵام خودا و پێغەمبەر لە بەر بەرژەوەند و بەرین بونەوەی ئیسلامەکەیان هەمو دەرفەتێک دەقۆزنەوە بۆ سوئیستفادە کردن و بە کۆیلە کردنی ژن. هەر هەمو زانایانی ئاینی رێکن لە سەر ئەوەی کە بە بێ مارەبرین حەڵالە لە گەڵ ژنی کەنیز بخەوی. خاوەن کۆێلەکان دەتوانن لە گەڵ هەمو کەنیزەکانیان بخەون بە بێ مارەکردن و بە بێ رەزامەندیی کەنیزەکان. بەڵگەی سەڵماندنی ئەم راستیە لەم ئایەتانەی خوارەوە دا دەردەکەوێ. لە ئایەتی ٥ و ٦و ٧ی سورەتی النساء دا هاتوە: وَالَّذِينَ هُمْ لِفُرُوجِهِمْ حَافِظُونَ (5) إِلَّا عَلَى أَزْوَاجِهِمْ أوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُهُمْ فَإِنَّهُمْ غَيْرُ مَلُومِينَ (6) فَمَنِ ابْتَغَى وَرَاء ذَلِكَ فَأُوْلَئِكَ هُمُ الْعَادُونَ. یانی، ئەوانەی کە خوتان دەپارێزن لە زینا و نێر بازی و ئەو شتانەی کە خودا حەرامی کردوە لێتان بێجگە لە ژنەکانتان و کەنیزەکانتان کە خودا حەڵاڵی کردوە بۆتان هیچ گوناهێکتان لە سەر نیە. ئەم ئایەتەی سەرەوە ئاماژە بە جۆری حەڵال و حەرام بونی سێکس دەکا کە پێی دەوترێ زینا، بەڵام بە هیچ شێوەیەک خۆی لە قەرەی دەست درێژی نادا کە بە کەنیزەکان دەکرێ. ئەگەر ژن و پیاوێک بە رەزامەندی خۆیان لە دەرەوەی زەواج سێکس بکەن، بە زینا کار حوکم دەدرێن و سزای قەمچی لێدان و بەردە بارانیان بە سەردا دەسەپێنن. بەڵام خاوەن کۆیلە دەتوانیت بە بێ مارەکردن و بە بێ رەزامەندی لە گەڵ هەمو کەنیزەکانی سێکس بکا و هیچ سزایەکی بۆ دیاری نەکراوە و حەڵاڵە. هەمو جۆرە دەست درێژی و تەعەدای جنسی لە ژنان لە ئیسلام دا حەڵاڵە و هیچ جۆرە سزا و قەساسێکی بۆ دیاری نەکراوە و نیە. موسوڵمانان کەنیزاکانیان بە کار دەهێنا بۆ پارە پەیدا کردن لە رێگای لەش فرۆشیەوە. لەم بارەیەوە بە راشکاوی لە ئایەتی ٢٣ی سورەتی النور ئاماژەی پێ کراوە کە ئەمەش دەقی ئایەتەکەیە: وَلَا تُكْرِهُوا فَتَيَاتِكُمْ عَلَى الْبِغَاء إِنْ أَرَدْنَ تَحَصُّنًا لِّتَبْتَغُوا عَرَضَ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَمَن يُكْرِههُّنَّ فَإِنَّ اللَّهَ مِن بَعْدِ إِكْرَاهِهِنَّ غَفُورٌ رَّحِيمٌ. بە قەولی قورتوبی ئەم ئایەتە بۆ عەبلە،ی کوری ئەبی سەلول هاتوە کە دو کەنیزی هەبو. عەبلە ئەم دو کەنیزەی بە زۆر ناچار دەکرد بە لەش فرۆشی هەم بۆ پارە و هەم بۆ منداڵ. کەنیزەکان چونە لای پێغەمبەر و شکاتیان لێ کرد. بەم بۆنەوە ئەم ئایەتە دابەزی کە دەڵێ کەنیزەکانتان ناچار مەکەن بە لەش فرۆشی بۆ بە دەست هێنانی پارە و منداڵ کە کەنیزەکە بە شەرمگای پەیدای دەکا و منداڵەکەشی بە کۆیلەتی دەفرۆشرێ. هەر وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێ کراوە دەبینین پیاوانی موسڵمان کەنیزەکانیان بە کار هێناوە بۆ بە دەست هێنانی ماڵ و پارە و بۆ ئەم مەبەستە لێیان داون. بەرانبەر بە لێدان و ناچار کردنی کەنیزەیکان بە لەش فرۆشی، خودا هیچ جۆرە سزا و سەر کۆنەیەکی بۆ خاوەنەکانیان دانەناوە سەرەرای ئەوەیکە کەنیزەکان سکاڵا دەبەن بۆ پێغەمبەر. خودی ئەم هەڵوێستەی ئیسلام بەرانبەر بە ژن رێخۆشکەر و هاندەرە بۆ بەردەوام کردنی توندو تیژی لە سەر ژنان. پێغەمبەر کە قەرار بو ببیتە مایەی خێر و خۆشی بۆ بەشەر، دەڵێ: (أیما عبد تزوج بغیر إذن موالیە فهو عاهر) یانی، هەر کۆیلەیەک بە بێ ئیزنی خاوەنەکەی زەواج بکات فاحشەیە. لێرەدا لە لایەک زەواجی کۆیلەیەک بە بێ ئیزنی خاوەنەکەی بە فەحشا دادەنێ، بەڵام لە لایەکی ترەوە ناچار کردنی کۆیلە بۆ بە دەست هێنانی پارە و منداڵ بە فەحشا دانانرێ و خودا لێی خۆش دەبێ و حەڵالە. پێغەمبەر و هەمو موسوڵمانان دەڵێن کە بەهەشت لە ژیر پێی دایکان دایە. ئەگەر وایە بۆچی ژنان کە دایکن، بەڵام بۆ پارە ناچار دەکرێن بە لەش فرۆشی و منداڵێکیش کە لەم رێگایەوە دەیبێ لێێ زەوت دەکەن و دەیفرۆشن. لە زۆر ئایەتی قورئانی و حەدیس و تەفسیری موفەسیران دا باس لە عەدالەت دەکرێ کە بۆ هەمو بەشەر یەکسانە. بەڵام لە کردار دا پێچەوانەکەی دەبینین. عەدالەتی ئیسلام تەنها بۆ پیاوانی موسوڵمانە و هیچ بەشەرێکی دیکە ناگرێتەوە. بۆ نمونە لە ئایەتی ٥٩ی سورەتی الاحزاب دا هاتوە: يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ قُل لِّأَزْوَاجِكَ وَبَنَاتِكَ وَنِسَاء الْمُؤْمِنِينَ يُدْنِينَ عَلَيْهِنَّ مِن جَلَابِيبِهِنَّ ذَلِكَ أَدْنَى أَن يُعْرَفْنَ فَلَا يُؤْذَيْنَ وَكَانَ اللَّهُ غَفُورًا رَّحِيمًا. قورتوبی لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا ئاوەها دەڵێ: بە پێی نەریتی عەرەبی ئەودەم ژنان بۆ دەست بە ئاو دەچونە چۆڵەوانی و بە هۆی ئەوەیکە سەروچاویان دانەدەپۆشی، لە کەنیزەکان جیا نەدەکرانەوە. خودا ئەمری کرد بە پێغەمبەر کە ژنەکانی خۆی و ژنانی موسوڵمان دەبێ حیجاب و روبەند بە کار بهێنن بۆ جیا کردنەوەیان لە کەنیزەکان بۆ ئەوەیکە وەک کەنیزەکان رێگایان لێ نەگیرێت. چونکە پیاوان سەرە رێگایان لە ژنان دەگرت کە دەچون بۆ دەست بە ئاو. هەر ژنێک روبەندی بوایە دەیان زانی کە ئازادە و کاریان پێ نەبو، بەڵام ئەگەر روبەندی نەبوایە دیارە کە کۆیلەیە و پەلاماریان دەدا. ئەمە خۆی جیاوازی دانانە لە نێوان ئینسانەکان دا. لێرەدا ئیتر عەدالەتی خودا شتێکی بێ مانایە. هەروەها دەلیلێکی دیکەی لە رەچاو کردنی جیاوازی لە نێوان ئینسانەکان دا لە لایەن ئیسلامەوە ئەوەیە کە ژنانی ئازاد دەبێ خۆیان داپۆشن، بەڵام لە لایەکی ترەوە کەنیزەکان لە ئەژنۆ بەرەو خوار و لە ناوک بەرەو سەر دەبو روت بن. چونکە لە بازاری کۆیلە فرۆشیدا دایان دەنان بۆ فرۆشتن. بۆ نمونە لە سونەنی البەیهەقی دا هاتوە کە عەبدواللەی کوری عومەری خەتاب کاتێک کە کۆیلەی کەنیزی دەکری دەستی بە پوز و سمت و مەمکیدا دەهێنا و مەمکەکانی دەلەراندەوە. هەمو موسوڵمانان شانازی بەوەوە دەکەن و دەڵێن عومەری خەتاب خەلیفەیەکی عادل بوە و عەدالەتی عومەر بەناوبانگە. بەڵام کردەوەکانی عومەر بەرانبەر بە کەنیزەکان پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنێ. عومەر کاتێک بە نێو شار دا دەگەرا و توشی کەنیز دەهات کە حیجابی پۆشی بێت، بە دارەکەی دەست ئەیدا بە سەر کەنیزەکەدا تا حیجابەکەی دا دەکەوت و دەیگوت چۆن دەبێ کەنیز خۆی بە شێوەی ژنانی ئازاد دەربێنێ. ئیسلام بە هەمان شێوە کە کەنیز و کۆیلە بە ئینسانی خاوەن ماف دانانێت، لە حوکمدان و سزاشدا جیاوازیان بۆ رەچاو دەکا. لە ئایەتی ٢٥ی سورەتی النساء دا دەڵێ: وَمَن لَّمْ يَسْتَطِعْ مِنكُمْ طَوْلاً أَن يَنكِحَ الْمُحْصَنَاتِ الْمُؤْمِنَاتِ فَمِن مِّا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُم مِّن فَتَيَاتِكُمُ الْمُؤْمِنَاتِ وَاللّهُ أَعْلَمُ بِإِيمَانِكُمْ بَعْضُكُم مِّن بَعْضٍ فَانكِحُوهُنَّ بِإِذْنِ أَهْلِهِنَّ وَآتُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ مُحْصَنَاتٍ غَيْرَ مُسَافِحَاتٍ وَلاَ مُتَّخِذَاتِ أَخْدَانٍ فَإِذَا أُحْصِنَّ فَإِنْ أَتَيْنَ بِفَاحِشَةٍ فَعَلَيْهِنَّ نِصْفُ مَا عَلَى الْمُحْصَنَاتِ مِنَ الْعَذَابِ ذَلِكَ لِمَنْ خَشِيَ الْعَنَتَ مِنْكُمْ وَأَن تَصْبِرُواْ خَيْرٌ لَّكُمْ وَاللّهُ غَفُورٌ رَّحِيمٌ. ئیبن کەسیر بەم شێوەیە ئەم ئایەتە تەفسیر دەکا: هەر موسوڵمانیک توانای هێنانی ژنی ئازادی نەبو، با کەنیز بێنێت، لەو کەنیزانەی کە کۆیلەی ئیماندارانن، وە دەبێ لە سەر رەزامەندیی خاوەنەکەی بێت. چونکە هیچ کۆیلەیەک بۆی نیە بە بێ رەزامەندی خاوەنەکەی زەواج بکا. هەر کەنیزێک زەواجی نەکردبێت حوکمی زینای لە سەر نیە ئەگەر کەسێک لە گەڵی بخەوی. هەر لەم پەیوەندیەدا پێغەمبەر لە حەدیسێکدا دەڵێ: لیس علی الامة حد حتی تحصن. یانی، کەنیزی بێ مێرد زینای لە سەر نیە. بەڵام کە زەواجی کرد و زینای کرد، نیوەی سزای ژنی ئازادیان لە سەرە کە ٥٠ قەمچیە. بە پێی شەریعەتی ئیسلام سزای زینا کردنی ژنی مێردداری ئازاد رەجم کردنە. بەڵام کەنیز ئەم سزایە نایگرێتەوە. پێغەمبەر دەڵێ ئەگەر کەنیزێکی شودار زینای کرد ٥٠ قەمچی لێ بدەن، ئەگەر دیسان کردیەوە ٥٠ قەمچی دیکەی لێبدەن و ئەگەر بۆ جاری سێهەم کردیەوە، بیفرۆشنەوە. هەروەها لە درێژەی ئایەتەکەدا دەڵێ باشتر وایە کە سەبر بکەن و کەنیز مەهێنن چونکە منداڵەکانتان بە کۆیلەیی لە دایک دەبێ، هەر منداڵێک لە خاوەنی کەنیزەکە نەبێت بە کۆیلەیی لە دایک دەبێ و خاوەنەکەی بۆی هەیە بیباتەوە و بیفرۆشێت. لە ئایەتی ٣ی سورەتی النساء دا هاتوە: وَإِنْ خِفْتُمْ أَلاَّ تُقْسِطُواْ فِي الْيَتَامَى فَانكِحُواْ مَا طَابَ لَكُم مِّنَ النِّسَاء مَثْنَى وَثُلاَثَ وَرُبَاعَ فَإِنْ خِفْتُمْ أَلاَّ تَعْدِلُواْ فَوَاحِدَةً أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ ذَلِكَ أَدْنَى أَلاَّ تَعُولُواْ. جەلالین لە تەفسیری ئەم ئایەتە دا دەڵێ: لە ئەمری زەواج دا دەتوانن دو، سێ تا چوار ژن بهێنن، ئەگەر نەتانتوانی عەدالەت بە جێ بهێنن لە نێوانیاندا لە نەفەقە و خەوتن لە گەڵیان، وا باشترە یەک ژن بهێنن، یان قەناعەت بکەن بەو کەنیزانەی کە هەتانە چونکە کەنیزەکان لە مافی زەواج بە هرەمەند نین. مەسەلەیەک لێرەدا کە سەیر و جیگای سەرنجە ئەوەیە کە، سەرەرای ئەم هەمو تەعەدا و ناعەدالەتیانە کە لە قورئان و حەدیسدا دژ بە ژن نوسراوە و بە رێوە براوە، بەداخەوە نەک هەر مەلاکان و پیاوانی موسوڵمان بەڵکو ژمارەیەکی زۆر لە خودی ژنانیش دەڵێن کە خودا ئەمر بە فرە ژنی ناکات. هەروەها دەڵێن ئەو کەسانەی کە ئەیانەوێت لەم ئایەتە تێبگەن دەبێ تا ئاخر ئایەتەکە بخوێننەوە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە خۆشیان تەنیا ئاماژە بە یەک خاڵی ئایەتەکە دەکەن کە ئەڵێ ئەگەر ژنی زۆرتان پێ بەرێ نەچو یەک ژن بێنن. خۆیان نادەن لە ما باقی ئایەتەکە کە دەڵێ یەک ژن یان کەنیزەکانتان بە کار بێنن. ئەگەر هەمو ئایەتەکە بخوێننەوە بەرەوروی گرفتێک دەبنەوە کە شەرمەزارترە لە ئەمری فرە ژنی کە ئەویش مەسەلەی کەنیزەکانە. کەنیزەکان نەک هەر لەم ئایەتەدا بەڵکو لە ئیسلام دا بە گشتی هیچ مافێکیان نیە و هیچ عەدالەتێکیش نایانگرێتەوە. لە ئیسلام دا کەنیزەکان تەنیا بۆ چارەسەری مەسەلەی جنسی پیاو بە حیساب دێ. ئەگەر واقیع بینانە و راستگۆیانە ئایەتەکانی قورئان وەک خۆیان بخوێنینەوە بەم راستیە دەگەین کە کەنیز لە ئیسلامدا ئالەتی مەسنوعیی سێکسە کە پیاوان بە کاری دێنن بۆ ئیرزا کردن و دواتر فرێی دەدەن. بە کار هێنانی ئالەتی سێکسی کەرامەت و کەسایەتی کەس تێک ناشکێنێ وسوکی ناکا، بەڵام بە کار هێنانی ژن وەک و ئالەت و ئامرازی سێکسی، پێشێل کردنی نەک هەر حورمەت و کەرامەتی ئینسان، بەڵکو پێشێل کردنی خودی ئینسان و ئینسانیەتە. هەر هەمو ئەم ئایەت و حەدیسانەی کە لەم بابەتەدا بە کورتی ئاماژەی پێکراوە و ناوەرۆکەکانیان رون کراوەتەوە، دەقی فەرمانەکان و یاساکانی ئیلاهییە کە هیچ کەسێک ناتوانێ دەستکاریان بکا و بە نیوە ناتەواوی بە مەبەستی پاساو کردنی ناوەرۆکە دژی ئینسانییەکەی، دەرخواردی خەڵکی بدا.
|