په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٦\٢٠١٢

    کەپرێک بۆ سێبەری رۆحم.


کەژاڵ ئیبراھیم خدر

١

ھەر جارێک تریفەی مانگ
دڵداری لەگەڵ نمەی
شەپۆلەکانی دەریا دەکات
دەبمە چڵێ نێرگزی، دەستی عاشقێک
دەبمە کەپرێک بۆ سێبەری
تەنھایی رۆحی خۆم.

٢

ھەر کاتێک لە پشووی کەنارێکی ئەرخەوانی
ئاسمان وورد دەبمەوە
گوڵێکی دڵ شکاوی پەنجەرەی
رۆحی خۆم دەبینم
نیشتمانێک لە ئێوارانی تاریک دەبینم
نیشتمانێک لەغەمگینی
وەرزی چوارساڵەی خۆی .

٣

کاتێک نیگەرانی باوەش بە خەیاڵی
عەشقما دەکات
تۆ ھێلانەیەکی پڕیت
لە شەونمی بەربەیان و
ئاوی رووباری گەڵای رۆحی من.

٤

کاتێک نۆتەی دەنگیت
گۆرانیەکی پڕ لە نمەی باران دەچڕێت
سەمای خەیاڵی تۆم بیردەکەوێتەوە
کە پڕن لە سپێدەیەکی جوانی
دورکەوتنەوەو یادەوەریی.

٥

من ماڵێکم ھەیە لە تەرزەیەک باران
دیدەنیەکی خامۆش لە تاریکی
لە ھەر کۆڵانێکی ناوەختا بتبینم
نیگایەک لە قەدەری خۆمت بۆ باس دەکەم.

٥

دەتدۆزمەوە ئەگەر رەنگت لە لقی دارێک بچێت
لە پەڵە ھەوری رەوەندەکانیشدا
بۆنی گوڵێکی دەستی ژنێکیش بکەیت
سیمای سەر و قژت دەبینمەوە
وەک ئەوەی ھەناسەم بەڵێنم پێ بدەن
لەم ماڵئاوایی و ئاوابوونە
پەنجەرەی دڵم دەکەمەوە
تاکو جارێکی تر بزە و خەندەت ببینمەوە.

٦

دەڵێن لە وێنەیەکی تۆراوی شەودا
لە کۆچی ھەورێکی تووڕەدا
جۆرە غەمگینیەک ھەیە
لەسەر باڵە تەنکەکانی پەپوولە
ھەڵمان دەگرێ
لە ناو باخچە جوانەکانی گۆڕستانیش
خۆشەویستی دارستانیش ھەیە
پشکۆی دڵمان بۆ خۆی دێنێ.

٧

لەسەر پشتی ئەسپێکی سپی و
لە شێوەی خەون و خەیاڵێکی
باڵ ھەڵگرتوودا
لە نیگاری ھەناسەی بەفرانباردا
دێمەوە لای تۆ
لە ژووری پڕ لە باخی کتێبخانەکەتدا
مانگی غەریبی دەبینم
لە وەرزی کڕێوە و سەرمادا
پڕووشەی شەونمی بەفرە و
دەبمە میوانی رووبارێک
دەمباتەوە بۆ شەڕە تۆپەڵی منداڵی و
کازیوەی عەشقێک ئەرژێتە
خەیاڵی خۆمەوە.

٨

لە نێوان پرشنگی رووناکی خۆردا
دڵت لە ھەڵاڵە و گوڵاڵەی
تریفەی مانگە شەو دەچوو
ناسک، ناسک، تەنیا، تەنیا
بوونە لقێکی جوانی گوڵ
تۆش بە چەند رستەیەکی شەرمنەوە
ملوانکەیەکی مرواریت کردە
گەردنی شعرەکانم
بە ھەناسەیەکی غەمگینەوە پێت وتم
ژیان سەرەتا و، کۆتایی خۆشەویستیە.

٩

لە زەنگی کاروانی گەردن ئازادیدا
ئەو شیعری تەڕی دەنووسی
لە ھەتاویش گلێنەی چاو
چونکە گوڵێک بوو لە دارسێو و
وردە ئەستێرە دایپۆشی
بە رۆژیش لە ھەموو باخچەیەکدا
سوور سوور ئەچێتەوە.

١٠

ھەروەکو چۆن
خۆشەویستی باران بۆ زەوی
پێدەشتی سەوزایی بۆ گوڵاڵەکان
بەردەوامە و تەواو نابێ
عەشقی نێرگز بۆ بەھار و
ھەور بۆ ئاسمان،
ھەر بەو جۆرەش عەشقی من
بۆ چاوی تۆ تەواو نابێ.

١١

تۆ ھەڵھاتنی ئەو خۆرەیت
لە ناو دیدە و دڵی مندا
سوڕانەوەی زەویت
بە دەوری سەری وشەدا
من ماڵئاوایی ناکەم
لە خەیاڵێ کە رۆژانە
لە مێشکمدا دێت و دەچێ
تۆ ئینجانە و گوڵدانێکی
بەر پەنجەرەکەی ژوورەکەمی
تۆ دەرگای کراوەی ھەتاویت و
بەسەر سینەمدا دەڕوانی.

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک