په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\١١\٢٠١٦

کەرەستەی زانیاریی.

جەمالی عەلیالی   


کانگای هێز و توانا لە کۆنەوە تا هەنووکە، لەسەر پانتای کۆمەڵگادا، گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەرا هاتووە. سوپای چەکدار کە یەکەم سەرچاوەی هێز و توانا بوو، جێگەی خۆی دا بە پوول و سەرمایە کە بە هاتنە ئارای "زانیاریی" وەکوو کەرەستەی هێز و توانا، ئیتر بڕەوی نەما! لەم کورتە بابەتەدا نووسەر هەوڵ ئەدات ڕوانگەیەک لە سەر ڕۆڵی زانیاریی لە تەیارکردنی کۆمەڵگا و ئاڵوگۆڕەکانی ناو کۆمەڵگا بخاتە بەر چاوی خۆێنەر.


بڵا باسەکە بە پرسیارێک بورووژێنین: زانیاریی چ ڕۆلێکی لە ئاراستە کردنی کۆمەڵگادا هەیە؟ یاخود ئایا زانیاریی لە پڕۆسەی ئاراستەکردنی کۆمەڵگا بەرەو هەر ئاقارێک بووبێ، چ ڕۆڵێکی هەیە؟ بۆ وڵامی پرسیاری لەو چەشنە، دەمەزەرد کردنەوەی زانستی مێژوویی، یارمەتیدەرە.


لە کۆنەوە زانیاریی گرینگێکی تایبەتی هەبووە، توانیوێتی مەودای بڕینی مێشک و بیری مرۆڤ دوورتر بکات، بۆتە کەرەستەیەک کە مرۆڤ توانیویەتی بە یارمەتی ئەو، داهاتوو پێشبینی بکات بێ ئەوەی لە سیحر و جادوو کەلک وەرگرێ هەر چەند نازانایان ئەوەیان بە سیحر و جادوو لە هەژمار داوە. بە پێی دەوڵەمەندی کولتووری کۆمەڵگاکان، پلە و گرینگی زانیاریی زیاتر بووە. هەر بەو هۆکارەیە کە پلەی زانیاریی لە کۆمەڵگای زەردەشت جیاوازی هەبووە دەگەڵ پلەی زانیاریی لە کۆمەڵگای چەنگیزی مەغوول. بە تۆسقاڵێک وردبوونەوە، سەیر ئەکەین کە ئەو جیاوازییە لە ناوبەین کۆمەڵگای کۆمۆنی پاریس و جیهانی ئەو سەردەمە، زۆر زیاترە. هۆکاری ئەو جیاوازییە لە پێشکەوتوویی کۆمەڵگا دایە، هەرچی بەرەو سەردەمی هەنووکەیی نزیکتر دەبینەوە، جیاوازییەکان زیاتر دەبن، واتە مابەینی جووتە ئاقارەکان زیاتر دەبێ. ئەگەر جیاوازی لە سەر گرینگی زانیاریی لە ناوبەین دوو کۆمەڵگای یەکەم وەکوو دیوارێک ناوزەت بکەین، ئەوا جیاوازی لە سەر گرینگی زانیاریی لە ناوبەین دوو کۆمەڵگای دووهەم وەکوو دۆڵێکی ناوبەین دوو چیای مەزنە! مرۆڤ دەتوانێ تەنیا شک بۆ یەک هۆکار بەرێت، ئەویش پلەی پێشکەوتوویی زانستە لە کۆمەڵگا جیاوازەکان.


بەڵام زانیاریی و چۆنییەتی کەلک وەرگرتن لەو کەرەستەیە، وەکوو ئامرازی هێز و توانا، بە درێژایی تەمەنی خۆی تووشی گۆڕانکارییەکی زۆر هاتووە. بە کوورتی مرۆڤ دەتوانێ بوێژێ کە لە یەکەم قۆناخ دا، زانیاریی وەکوو "زانیاریی ڕووت و قووت" گرینگ بووە. لە قۆناخی دووهەمدا، "کاتی" کەلک وەرگرتن لە زانیاریی گرینگێکی تایبەتی پەیدا کردووە. وا پێ دەچێ کە ئێستێکی، "چۆنیەتی" کەلک وەرگرتن لە زانیاریی گرنیگی تایبەتی هەیە نەک تەنیا زانست لە سەر زانیاریی و کاتی بەکار هێنانی. ئەوە رەنگە ببێتە بە قۆناخی سێیهەمی ئەو ئاڵوگۆڕانەی بە سەر پڕۆسەی گرینگی زانیارییدا هاتووە.


بۆ پشت ڕاست کردنەوەی ئەو وتەیە، چەند مینایەک لە دۆخی کۆمەڵایەتی کوردوستان لە بەر سێبەری "پێوەندی دەسەڵاتی داگیرکەر و نەتەوەی بن دەست" ڕەنگە یارمەتیدەر بێت. حەشدی شەعبی، داعەشێکیترە، بەڵام هێشتا بە تەواوی بەکار نەهێندراوە. چاوەڕوان دەکرێ کاتێک داعەش لە کفت کەوت، ئەوسا حەشدی شەعبی بکەوێتە گەڕ. ماوەیەک لەمەو بەر حەشدی شەعبی بە فەرمی ڕایگەیاند کە پاش مووسل بەرەو کەرکووک سەرەو ژێر دەبێ! ڕەنگە گیرانەوەی مووسڵ لە لایەن خودانەکانی حەشدی شەعبی و داعەش بە دەسپێکی قۆناخی کۆتایی داعەش بە شێوازێکی بەربڵاو ناوزەت بکرێ، هەر بۆیە حەشدی شەعبی لە ئێستاوە کەوتۆتە ئامادەباش! دەگەڵ ئەمە، ئەگەر لە تاکی کورد پرسیار بکەی، جیاوازێکی گەلێک زۆر لە ناوبەین داعەش و حەشدی شەعبی دەبینێ! ئەوە لە هەڵوێستی دەسەڵاتی هەریم لە باشووری کوردوستاندا بەدی دەکرێ.


مینایەکی جیاواز دەتوانێ پڕۆپاگاندەی حەشدی شەعبی بێت. حەشدی شەعبی لە پڕۆپاگاندەی خۆیدا کلیپی شەڕی داعەش لە لایەن پێشمەرگە و گریلا هەڵدەگرێ و بە دەستکارییەوە، دەیکاتە هی خۆی و ئازایەتی چەکدارەکانی دەنوێنێ! لێرەدا بەر لەوەی کە ڕوانگەی نائەخلاقییانەی ئەو ئاکارە بخرێتە بەر باس، پێویستە ئەو هەڵوێستە لە چوارچێوەی پڕۆسەی هەڵسەنگاندن و گرینگی زانیاریی ببینین. ئەو هەڵوێستە، هاوکات دەگەڵ هەڵوێستەکانی داگیرکەران، تۆزێک شێوازی دەزگای هیتلەر دەخاتەوە بیر کە بۆ ڕاهێنانی مێشک و هزری مرۆڤەکان بەرەو ئاقارێکی هەڵە، دوو هەواڵی ڕاستیان تێکەڵاوی کۆمەڵێک هەواڵی ناراست دەکرد و دەرخواردی خەڵکیان دەدا.


بە ڕای نووسەر لە سەردەمی زۆر ئاستەمی هەنووکەییدا، پێویستە تاک و سازەی کوردی زۆر بە وشیاری لە سەر زانیارییەکان و بڵاو بوونەوەیان وەستە بکات، لێی ورد بێتەوە، هەڵیسەنگێنێ و جا ئینجا هەڵوێستی لە سەر بگرێت ئەگینا تووشی نەخۆشی مێشک دەبێت بێ ئەوەی کە خۆی هەستی پێبکات، زیانی نەخۆشی لەو چەشنە ئەوەندە زۆرە کە دەتوانێ فەشەلی و داکەوتن بۆ نەتەوەی کورد و کوردستانیان بێنێت. لە سەر هەواڵەکان وستە بکەن بەر لەوەی هەڵوێستی لەسەر بگرن!

 

٢١\١١\٢٠١٦
ماڵپه‌ڕی جه‌مالی عه‌لیالی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک