په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

۴\١\٢٠١٠

کەریم دەشتى:

شیعر وەکو ئەو ئاوە وایە کە لە هەندێک کەلێنی بەردیندا دێتە خوارەوە، سەرچاوەکەشی دیار نییە.

سا: ڕابەر فاریق


ڕابەر فاریق: بە درێژاییى مێژووى ئەدەبى کوردى، مەگەر تاک تاک، ئەگینا ئەوانەى وەکوو ڕەخنەگر ناسراون، بە هیچ کڵۆجێک داواى کۆمەکیان لە میتۆدە ڕەخنەیى- زانستییەکان نەکردووە، بەڵکوو تەنها بۆچوونیان دەربڕیوە (بۆچوونى ساکار)، ئەمە بەدەر لەوەى تا ئێستە میتۆدەکان بە ڕێژەیەکى دڵخۆشکار نەناسراون و ڕاڤەیان بۆ نەکراوە، بە تێڕوانینى تۆ، ئەو هۆکارانە کامانەن کە بوونەتە هۆى بەرهەمهێنانى ئەم جۆرە ڕەخنانە؟


کەریم دەشتى: یەکێک لە گرفتە زۆر ئاڵۆزەکانی ڕەخنە و پرۆسێسی ڕەخنە لە نێو ئەدەبی کوردیدا (بەگشتی)، ئەمەیە: هەمیشە ئەو دەقانە دەکەن بە جێکاری خۆیان کە هێزی ئەوەیان تێدا نییە بۆ ڕەخنەگر ببن بە مایەی جوڵاندنی هزر و زەین، دەخوازم بڵێم: ڕەخنەگر ئەو دەقە هەڵدەبژێرآ کە توانای ئەوەی نییە ناچارى بکا تا بچێتەوە سەر ئاستی میتۆدە بەهێزەکانی ڕەخنە، بەو مانایەى کە ئەو جۆرە دەقانە هەڵگری ئەو خوێنە نین کە مەعریفە بۆ ڕەخنەگر بەرهەمبهێنن، مەبەستم لە خودی مەعریفە بۆ ڕەخنەگر لە نێو گوتارە بەهێزەکانی نووسینی سەردەمە کە خوێنەر لە نێو کۆمەڵێک بابەتدا مەست دەکەن کە هەر هەموویان مایەی قسەکردن بن. مەرج نییە ڕەخنەگر پابەندی میتۆدێک بێ و بەردەوام ئیشی لەسەر بکا، چونکە ڕەخنەگری زیرەک مافی ئەوەی هەیە میتۆدی تایبەتی هەبێ و بە پرانسیپەکانی بۆچوونی خۆی کار لە نێو دەقدا بکا. لە ئێستەی ئەدەبیاتی خۆماندا پێویستیمان بە بیرۆکەی بەهێز و هاوچەرخی ڕەخنەیی هەیە، ئەویش کاتێک دێتە کایەوە کە ڕەخنەگرەکانمان واز بهێنن لە هێزی دەرەوەی دەق و بچنە ناوەوەی دەقەکان و بەدوای ئەو دەقانەدا بگەڕێن کە شەختەی زەین هەڵدەتەکێنن و گوتاری بەهێز دروست دەکەن، نەک ئەو دەقانەی کە تەنها و تەنها چەند لاپەڕەیەکی پەخشان ئامێز دەخوڵقێنن، نموونەی ئەو ڕەخنە بەهێزانەمان لە ئەدەبی جیهانیدا زۆرە کە ئەگەرچی ماوەیەکی زۆریشیان بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستە سەرچاوە و مەرجەعی ڕۆشنبیریین، لێکدانەوەیان بۆ دەکرێ و قەدەرێکی زۆر لە فەلسەفە و مەعریفە و ڕۆشنبیرییەکی جیددییان بەرهەمهێناوە، بۆ نموونە: بۆچوونەکانی (ت. س. ئیلیۆت) لەبارەی شیعری میتافیزیکی و کتێبەکەی (واقعیە بلاڤفاف)ی ڕۆجی گارودی و ئەو ڕەخنانەی سەبارەت بە ڕۆمانەکانی (دۆستۆیڤسکی) و (ستانداڵ) و دۆنکیشۆت- ى (سێرڤانتیس) نووسراون، خوێنەر کاتێک ئەو نووسینانە دەخوێنیتەوە بابەتی تازەی لەکن گەڵاڵە دەبێ، یاخود ئەو کتێبە شیکاریی و ڕەخنەییانەی بۆ شیعرەکانی (جەلالەدینی ڕۆمی) کراون، ئەوانە هەموویان دەربڕی ئەوانەن کە ڕەخنەگر دەتوانێ لەسەر دەقە زیندووەکاندا، دەقێکی زیندووی ڕەخنەیی دروست بکا، ئافەتی ڕەخنەی کوردی لەمەر ئەدەبیات پەخشان نووسینە، کە دەبن بە جۆرێک لە سادەگۆیی بێ بنەما و مردوو، هاوکات هیچ ئیزافەیەک ناکەنە سەر کولتووری نەتەوەیی کە کاریگەرێتیی خۆیان هەبێ، بۆیە لەلای ئێمەدا هەست بە پرۆسیسێکی ڕەخنەییی کاریگەر ناکرێ، ڕاستە هەندێک جار و هەندێک نووسەر ئەو هێزانەیان هەیە کە دەقێکی ڕەخنەیی جوان و هاوچەرخ فڕێ بدەن و مایەی دڵخۆشیی بن، بەڵام کەمن، ئیدى لە نێو ژاوە ژاوی ڕەخنە بێسەر و بەرەکاندا ون دەبن. لەڕاستیدا، دەبێ ڕەخنە هێزێکی کاریگەر بۆ خۆی دروست بکا و لە ژێرەوە هەموو خاوەن دەقەکان بخاتە دڵەڕاوکێی کەشف کردنیان، هەر لەبەر نەبوونی ڕەخنەی بەهێزیشە لەسەر دەق، شانی ئەدەبی کوردی شکاوە. ئەوەی تۆ دەتەوێ من باسی بکەم مەسەلەی زمانە کە زۆر لە دەقە ڕەخنەییەکان تەئکیدی لەسەر دەکەنەوە، واتە: کاتێک ڕەخنەگرێک دێتە سەر باسی ڕۆمانێکی گەورە، لەباتی ئەوەى هەوڵی ئەوە بدا کەشفەکانی خۆی بە خوێنەر بناسێنێ، بەڵکوو هەوڵ دەدا هەڵە زمانییەکانی ڕۆمانەکە و نووسەری ڕۆمانەکە بە خوێنەر بناسێنێ، ئەم جۆرە ڕەخنەیە مەبەستی دەق نییە، بە قەدەر ئەوەی کە مەبەستی دیلکردنی نووسەرەکەیە، لە هەمانکاتیشدا هەوڵی کوشتنی ئەو نووسەرانەن لە دیدی خوێنەراندا. ناکرآ چەند هەڵەیەکی زمانەوانی و چەند شێوازێک لە بونیادی ڕستە بکەین بە پێوەری ئەوەی کە دەقەکە مردووە، ڕاستە داهێنان لەسەر کەرەستەکانی بونیادی زمان دەوستآ و زمان زۆر گرنگە لە دەقدا، بەڵام ئەوە ناگرێتەوە کە ئێمە باس لە هەڵەی ڕێَزمانی بکەین و دەقەکە زەربی سفر بکەین. کەواتە: ڕەخنەگر دەبێ بچێتە نێو بابەتە گرنگەکانی زمانی دەق، هەر لە سینتاکس و شوفرە و دەلالەتەکانەوە بگرە تا دەگاتە نێو تەقینەوە گەورەکانى ئەو زمانە، چونکە زانستی زمان کار لە نێو پێوەندییەکان دەکا و باس لە سیستەمەکانی زمان دەکا، ئەوەندە بەسەر هەڵەکانەوە ناوەستێ. نووسەر و داهێنەری زۆر گەورە هەن کە زمانێکی باویان هەبووە و تا ڕادەیەکیش بێبەش نەبوون لە هەڵەى ڕێنووس، بەڵام لە هەمانکاتدا دەقەکانیان گەلێک گەورەن. پیشەی ڕەخنەگر ئەوە نییە ببێە مامۆستای ڕێزمانی دەقەکە، بەڵکوو پیشەی ئەو کارکردنە لە نێو مانا دیار و شاراوەکانی دەق و کەشفکردنی جیهانبینیی خاوەن دەق کە بۆ خوێنەر بە دەرى بخا ئەو دەقە تا چەند لە نێو ئاسۆیەکی هیومانیزمیی ماناداردا مەلە دەکا و هەڵگری چ بنەما و فەلسەفە و ڕۆشنبیرییێکە. ئایا هەبوونی هەزار هەڵەى زمانەوانی چ لە (دۆنکیشۆت) یاخود (برایانی کارامازۆف) و (جەنگ و ئاشتی) و (کۆمێدیای خواوەندی)ى دانتى کەم دەکاەوە کە خودی دانتی بە زمانێکی لۆکاڵی نووسیویەتى؟ ڕەخنەگر دەبێ ئەو حەقیقەتەی لەبەرچاو بێ کە داهێنان حاڵەتێکی جنونی و منداڵانەیە، هەڵچوونی داهێنەرە کە هەموو شتەکان تێکەڵ بە قوڕی جوانی دەکا و پەیکەری نوور دروست دەکا، بۆیە دەبآ کەڵکەڵەی ئەوەی لە زەیندا بێ کە چۆن لەو دەقە ڕاڤە بکا کە دەخوازێ کاری لەسەر بکا. تۆ کە دەقێکی وەکو (هاملێت)ی شێکسپیر دەکەی بە بابەتی ڕەخنەییی خۆت، دەبێ ئاگادار بی لە مێژووی سەرهەڵدانی دانیمارکی و بزانی هاملێت لە نێو چ دەروونێکی خنکاوی ترادیسیۆنی ئەوان سەردەماندا نووسراوە، تا بتوانى پەی بە نهێنیی دەقەکە ببەی. لە نێو ڕەخنەدا، ڕەخنەگر نابێ ئەوەی بەسەردا بسەپێنرێ کە ئەڵتەرناتیڤی ئارگیومێنتیی هەبێ، دەکرێ ئەمە لە بابەتێکی زانستیدا حیسابی بۆ بکرێ، چونکە هەندێک جار گوتاری ڕەخنەیی هەموو ئارگیومێنتەکان وردوخاش دەکات و کەشفی پووچیی ئەوان دەکات. سنوور لەبەردەم ڕەخنەگردا ڕەهایە تا دەگاتە قووڵاییی ئاسمان، بابەتی هەیە و دەتوانێ کاریان لەسەر بکات، هەموو ئەو لەمپەر و بەربەستانەیش بەشێکن لە بۆچوون کە ڕەخنەگر پابەند دەکەن و لە نێو جغزێکی بچووکدا زیندانیی دەکەن کە ڕەخنەی هاوچەرخ ئەمە ڕەت دەکاەوە.

ڕابەر فاریق: لە ئەمڕۆدا شیعرییەت و قسەى ئاسایى تێکچڕژانێکى ڕیشەیییان بەخۆوە گرتووە، ئەگەرچى ئەم جۆرەى دەقنووسین لە ئەوروپادا ئەزموونکراوە، بەڵام شاعیرانى ئێمەیش سوودیان لێى وەرگرتووە - ئەمە لەم دەقگەلانەى دواییى تۆیشدا دەرکەوتووە -، ئەم تێکەڵاوبوون و سوود وەرگرتنە تا چ ئاستێک لە خزمەتى ئەدەبى کوردیدا بووە؟


کەریم دەشتى: کە بچینە نێو شیعر، ئیدی زەمەنی کپی تەواو دەبێ و ژاوە ژاو دەست پێدەکا، ئەوەی خەریکی شیعر بێ دەستبەرداری ژیانێکی ئاسوودە و ڕۆحێکی حەساوە دەبێ، ئاسوودەیی و ڕۆحێکی حەساوە لە نێو ماڵی شیعردا جێگەیان نابێەوە، چونکە شیعر خودای پرسیارەکانە، ئەو پرسیارانەی کە هەرگیر وەڵامیان نییە، بەڵام شیعر بێهوودە وەڵامی وەهمی ئەوان دەداتەوە، کە هەتا وەڵامدانەوەکانیشی بریتین لە جۆرە پرسیارگەلێکی دیکە. شیعر کۆژیتۆی پرسیارە یەک لە نێو یەکەکانە، قەبارەیەکی کەورەى هەیە لە دنیاى وەهمدا، بەڵام وەهمێکی جوان، جوانییەک جیاواز لە جوانییەکانی دیکە، وەک ئەوەی (تۆماس مان) لە (مەرگ لە ڤینسیا) و (وایتمان) لە (چڵەگیا) و (ئیلیوت) لە (خنکان لە ئاودا)دا بەدوایدا دەگەڕان، نموونەمان زۆرن سەبارەت بەو وەهمە جوانانەی کۆمەڵێک ڕۆحی کۆمەڵێک گەڕیدە باسیان کردوون، لە ئەدەبی کوردیشدا زۆرن، بۆ نموونە (شێرکۆ بێکەس) لە (دەربەندی پەپولە)دا گەورەترین وەهمی جوانی خوڵقاندووە، لەو پرسیارە قووڵانەی لە خۆی دەکا، سەبارەت بەو کچەی لە باڕەکەدا لەبارەی باوکییەوە کردبوونى، شێرکۆ لە ڕامانی خۆیدا، خودی خۆی دادەڕێژێتەوە، سەبارەت بە هەمان پرسیار، لەبارەی کچی خۆی، پرسیارێکە کتێبێک هەڵدەگرآ، هەروەها سەبارەت بە پرسیارەکانی (دڵشاد عەبدوڵڵا) لە دیوانی (شەوی دووەم)دا، لە نێو ڕەحمی سروشتێکی جووڵەبەخشدا پرسیارەکانی دڵشاد دەچنە نێو پێستی ڕامانە قووڵەکان، بە ڕادەیەک قسە لەگەڵ بەرد دەکەن و هەڵوژە دەدوێنن، گەلێک نموونەی دیکەشمان هەن کە شایانی ئەوەن ڕەخنەگرەکان بۆیان بچن. بەم جۆرە من بە دڕێژایی چەندین ساڵە خەون بە وەهم و پرسیار دەچنمەوە، جوانییەک نەماوە وەهمێکی لێ دروست نەکەم، بەڵام کەی شاعیر لە بەرانبەر قووڵاییی کەوندا دەتوانێت پەی بە جوانیی ببات، بۆیە شیعر عومری دەوێ و داوای فەنابوونی خۆتت لێ دەکات، منیش قبووڵم کردووە، بۆیە شیعر لە دەرەوەی تایبەتمەندییەکان دەژیێت، ئەشقییاێکی عەجیبە، ناتوانێت لە نێو تاقە مێرگێکدا بژیێت، ناتوانێت لە ئاوێک بخواتەوە، بۆیە شاعیری ڕاستەقینە هەمیشە تایبەتمەندییەکان پەرش و بڵاو دەکا و لە یەککاتدا لە نێو هەزاران دێرى دژ بە یەکتریى دەژیێت و زەینی خۆی تژی هەرا دەکا، هەرایەک تا ئەبەد مەستانە. لە مەزامیرەکانی داود دا، مەغزایەک هەیە، ئەنگیزەیەک هەیە بۆ مردن، بەڵام بە وردی بۆی بچین هەموو ئەنگیزەکانی مردن بۆ بەتاڵکردنی چنگی مەرگە، بەوەی: ئاو لەبەرانبەریدا بووەستێت. من وەکوو خۆم، تا ئێستا نەمتوانیوە بڵێم: بۆچى شیعر دەنووسم؟، هاوکات نەمخوێندووەتەوە کەسێک گوتبێی بۆ شیعر دەنووسم، ئەگەر هەشبووبێ ڕازیی نەکردووم، شیعر وەکوو ئەو ئاوە وایە کە لە هەندێک کەلێنی بەردیندا دێتە خوارەوە، سەرچاوەکەشی دیار نییە. دەکرێ تا ڕادەی مەرگ شیعر هەڵگری گەمە جوانەکانی منداڵیی بێ، هەڵگری کۆمەڵێک هەوڵ بێ بۆ گەڕانەوە بۆ نێو سەرەتایەک کە هێشتا وجود و سیما و ڕووخساری دیار نەبووبێ، نووسینی شیعر تەنیا ورد و خاشکردنی بەرانەتە. وەک گوتم: شیعر مەبەستێک نییە دایبڕێژین، کە کەوتە سەر کاغەز هوڵامیەتێک دەخوڵقێنێ، بەرەو منداڵیت دەباتەوە، بەڵام تۆ لە بازاڕەکانی گەورەییدا ڕۆحی خۆت بەسەر باخچکەکانەوە دەبینیت، چەشنی سێو سوور دەچێتەوە، بۆشاییێکی گەورە دەکەوێتە میانی شیعر و منداڵێتیى، جەستە و ڕۆح. شیعر لە نێو هەمان ئەو بۆشاییەدا جوانی دەخوڵقێنێ. (ئیلیەت) لە کتێبی (سوودی شیعر و سوودی ڕەخنە)دا شیعر نانووسێ، بەڵام تەواو وەڵامی سەرسامییەکانی دەداتەوە، هێشتاش جێگەی گومانە وەڵام بێ. شاعیربوون دڵەڕاوکێ و نیگەرانیی لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێ و هەرگیز لێیان جودا نابێەوە، بەڵام هەرگیز ئاوڕیشیان لێ ناداتەوە، ئەمەش سەیرە، وەکوو ئەوەیە کە باس لە دڵەڕاوکێ بکات، بەڵام تەماشاى نێوەڕۆکی دڵەڕاوکێیەکانی خۆی دەکات، چونکە شاعیر ئەگەر بزانێت دڵەڕاوکآ چییە، پێویست بەوە ناکات بینووسێتەوە، جوانیی شیعر لە نادیاریى سیماکانیەوەیە، لە بێ سەرچاوەیییەوەیە، لەمەدا کە هەموو ستایلەکانی ئەدەب یەکێکن، بۆ نموونە کە (گابرێل گاریسیا مارکیز) ڕۆمانى (سەد ساڵ تەنیایی)ى نووسی، بەسەرە قەڵەمێکی بچووک دەستی پێکرد کە نەیزانی ئەم سەرە قەڵەمە چ هەرایەکی نایەوە، لە نێو ڕۆمانەکەیدا (سلیونە) لە (شارە نادیارەکانی)دا وەهمگەلێکی کەسێکى دەنووسییەوە، پاشان دەرکەوت هەموو ئەو وەهمانەى لە نێویاندا قووڵ بووەتەوە، هی خودی خۆی بوون. (پاپلۆ نیرۆدا) شیعری دەنووسی، بەڵام شیعرەکانى خاڵی بوون لە وەهم و دڵەڕاوکآ، (سەعدی یوسف) شیعر دەنووسآ، بەڵام شیعرى خاڵییە لە وهم، هەروەها (عەبدوڵڵا پەشێو)یش شیعر دەنووسێ، بەڵام دیسان شیعرى ئەویش خاڵییە لە وەهم. ئەمان بە جۆرە گوتارێکی دیکە لە شیعر نزیکت دەکەنەوە، لەگەڵ گوتاری ڕەخنەدا دیواریکی تەنکیان لە میانە، لە بەرداشی کۆتاییدا وەهم و بەرائەتی منداڵی یەکێکن، واتە: دوو دەستە خوشکی خونچەى نەکراوەی شیعرن. کە گوتمان شیعر یانی خۆ داماڵین لە هەموو شڕوشیتاڵی واقیع، دەرباز بوون لە شووشەی واقیع، ورد و خاشکردنی واقیع، واتە: هەلى خوڵقاندنى دەقێکى ئیبداعیى ڕەخساوە. لای ئێمە تەوژمی سەلەفیی گوتاری ڕەخنە لەوە دایە لە ناواقیع بژی و لای ئەوان پیرۆزە، هیچ واقیعێکی شیعر پیرۆز نییە، هەموو واقعیەتێکی شیعریی، زیندانێکی گەورەیە، بۆ هەموو ئەو موفرەداتانەی شیعری نایاب دەخوڵقێنن. دواکەوتنی شاکاری کەورە لە شیعری کوردیدا لەسەر ئەوە هات کە چارەگە سەدەیەک شیعری واقیعی نووسرایەوە و پێمان وابوو بەو دروشمانە دەتوانین نەوەیەک ڕزگار بکەین، بەڵام دەبوایە بیر لەوە بکەینەوە کە جوانترین ڕزگارکاری نەوە، ئەو شیعرەیە کەوا لە نێو نەقاوەتی وشەدا ئاسۆکان ڕوون بکاتەوە، ئاستی داهێنان بەدەر بخات، هەر کاتێک توانیمان لە پڕۆسێسی داهێناندا لەمپەری واقیعەکان ببەزێنین، سنووری داهێنان بە دیار دەخەین و هەمان ئەو ئیرڤانایەی تۆ باسی دەکەیت کە من بە (الصفاء المطلق) تێی دەگەم، دروست دەبێ. واقیع، ژاوە ژاوێکى گەورەیە، مرۆڤایەتیی هەبات دەکا لەو ژاوە ژاوە ڕزگاری بێ، چۆن دەبێ ئێمە لە نێو شیعردا مردن زیندوو بکەینەوە؟. ئیرڤانا خەسڵەتی سۆفیگەرانەیە، بۆیە لە واقیع ڕایان دەکرد و دەچوونە نێو خەڵوەتەوە، بە مەبەستی گەیشتن بە خودا کە هێمنییێَکی ڕۆحییان پێ ببەخشێ.

ڕابەر فاریق: شیعرى ئێستە، بە شێوەیەکى بەرفرەوان ڕووى لە خەمە بچووکە خودییەکان- شاعیر، کردووە، بە پێچەوانەى شیعرى پێشوو - مەبەستم ئەزموونى شاعیرانى پێش ئێوەیە - کە گرنگییان دەدا بە خەمە جڤاتى/ کۆ-کان، ئەم گۆڕانکارییەى کە ئێستە لە بوونیادى دەقە (هاوچەرخ)ەکانەوە هەستى پێ دەکردرێت، تا چەند خزمەت بە دەقى ئیبداعیى دەکا؟


کەریم دەشتى: هەر کەسێک بزانێ نهێنیی دەقی زیندوو لە چیدایە، هەرگیز ناکەوێتە سەر شیعر نووسین، وەک گوتم شیعر بەوە مرۆڤ دەهەژینێ و تا دوا ساتەکانی ژیان خەریکی دەکات کە ناتوانآ بهێنییەکانی بدۆزێتەوە، شیعر تەلسمێکە کە کردتەوە، چەمکەکانی بەتاڵ دەبن، (نالی) دەزانێ هەوری ئاسمان چییە، پێوەندیی نێوان هەور و خەمناکیی چییە، کە هاتووە کەشفی ئەمانە بکات، بەڵام جۆرێک تەجەلیات دەبەخشآ و دەیانکاتە شتێکی دیکە، وەختێک کە دەڵێ:
(ئاسمان هەورین دەبێ، ئێمەش بە غەمگینی دەڵێین:
ئەی خودا چ بکەین لە نێو ئەم کاولەی کەس نەماو؟)

ئەم دوو دێرە پرسیارێکی ئەزەلیى ئینسانێکە لە هەور و ئاسمان و غەمگینیی.


کولتووری نەتەوایەتی هەڵگری بابەتگەلێکی زۆرە هەر لە خو و ڕەوشتی تاک تا دەگات بە دوا بەرهەمەکانی زانستیى و سۆسیۆلۆژیی و مێژووییی، هەموو ئەو شتانە پێیان دەگوترێ (کولتووری نەتەوە). شیعر بە چاک و خراپیەوە دەبێ بە بەشێک لە کولتووری نەتەوە، لە نێو کولتووردا هەموو بەرهەمەکان یەکسانن، پێوەری چاک و خراپییان، ڕۆڵی کاریگەرییان، بەرزی و نزمییان، دەچنە نێو گوتاری ڕەخنە، کە ئەوەش بەشێکی کولتووری نەتەوەیە، ناتوانین (ئەرستۆڤانیس) لە نێو کولتووری گرێکدا جودا بکەینەوە لە (سۆفۆکلیس)، هاوکات ناتوانین لە نێو کولتووری نەتەوەی کوردیدا (حەریق) جودا بکەینەوە لە (جەزیری)، ئەمانە هەموویان کولتووری نەتەوەن، دەستنیشانکردنی شوێن و پایەی ئەمانە ئەرکی گوتاری ڕەخنەیە، مەبەستم ئەوەیە لە نێو کەوانەی کولتووری نەتەوەییدا شوێنێک لە شوێنێکی دی بەرزتر نییە، هەموویان پێکهاتەى کولتوورن، بەڵام جودا بەندکردنی ئەمە ئەرکێکی دیکەی بەشێکی دیکەی کولتوورە، بۆیە، شیعر بە تەنیا کولتووری نەتەوە دروست ناکات، بەڵکوو هەموو بابەتەکانی دیکە بە یەکەوە کولتوور دروست دەکەن. هەڵسەنگاندنی بەرهەمی نەتەوەیەک، وەک ئەوە وایە باس لە دەریا بکەیت کە بە هەزاران هەزار ڕووبار و جۆگەلەی لێ بووەتەوە، بۆیە تەقیم کردنی بەرهەمی نەوەیەک کارێکی ئاسان نییە، چونکە لە پشتی خۆیانەوە کۆمەڵێک هۆکار و دەرەنجامیان هەڵگرتووە، بە کۆمەڵێک داوی مێژوویی دووراونەتەوە، بە کۆمەڵێک تەقەڵی سیاسیی تان و پۆ بوون، دێرەکانیان هەڵگری ترس و دڵەڕاوکآ بوون، فۆڕمەکانیان لە دایکبووی ناچاری بوون، بە گشتی، شیعری نەوەی من، شیعری دوای شکستێکی ڕۆحیى گەورە بوو، کە هەموو بنەماکانی ژیانی ورد و خاش کردبوو. ناکرآ نەوەیەک هەبووبآ شتێکی بۆ پێش خۆی نەکربآ، بۆیە هەموو کاتێک من پێم وایە هەموو نەوەیەکی تازە داهێنانێکی زیادەی هەبووە لە نەوەی پێش خۆی چ لە ڕووی تێڕامان و چ لە ڕووی فۆڕمەوە، چونکە ئیقاعی ژیان دەگۆڕآ کە نەوەیەک دەڕوا و نەوەیەکی دیکە دێتە پێشەوە. سەبارەت بەم باسە دەبێ جیاوازیی بکەین لە میانی قۆناغی شیعر و ڕەوتی ڕەخنەدا، بەرهەمی شیعریی نابێ بە سەرچاوەیەک بۆ ئەوەی هەمیشە بگەڕێیتەوە سەری و سوودی لێ وەربگریت، تەنیا بۆ خوێندنەوە و چێژ لێ وەرگرتنە، بەڵام دەکرێت مرۆڤ بگەڕێتەوە سەر تەنزیری ڕەخنەیی و سوود لە لێکدانەوەکانی وەربگرێت، بەداخەوە، ئێمەی کورد بەرهەمێکی ئەوتۆی گوتاری ڕەخنەیەیی- شیعرماندەست ناکەوێت لە نێو کولتووری خۆماندا تا وەکوو سەرچاوەیەک بۆى بگەڕێینەوە و لەگەڵ ئێستەی گوتارەکاندا لێکی بدەینەوە و بەراوردیان بکەین و بایەخیان پێ بدەین، ئەمەیان دەگمەنە، بەڵام من خۆم، نەک گەلێک جارا، بەڵکوو هەمیشە دەگەڕێمەوە سەر بەرهەمە شیعرییە کلاسیکییەکان و دەیانخوێنمەوە. ڕەنگە لە نێو داوە دوورەکانی زەیندا کاریگەرییان بمێنێ و بێ ئیرادە تێکەڵ بە بەرهەمی شیعری تازەى خۆمیان بکەم، بەڵام سەرچاوە نین. شیعر نیشتمانێکی تایبەتی شاعیرە، زۆر شاعیری بآ نیشتمان لە نێو نیشتمانی تایبەتی شیعری خۆیاندا ژیان و مردن، بەڵام هەمیشە نیشتمانی ڕاستەقینەی شاعیر خاکەکەیەتی کە بۆن و بەرامەی دەچێتەوە نێو ڕەگی شیعرەکانیەوە، هەموو شیعرەکانیشى گۆرانی بۆ نیشتمان دەچڕن، بەڵام بە شێواز و نێوەڕۆکی جۆراوجۆر، من کە بەسەر تەونی بەڕێکەوە ڕامانێک بۆ جوانی دەچنم، نیشتمانی خۆم دەدوێنم، کە باس لە وەرگەڕانی ڕۆحی مڕۆڤێک دەکەم، گوزارشت لە باخێکی نیشتمان دەکەم، هەر خۆی چنینەوەی داهێنان و پێشکێشکردنی شاکارێکی شیعرییە، جا بەسەر لێواری نەرسۆسیەتیش بێ هەر گەورەترین ڕۆحی نیشتمانییە. (لۆرانس) کە (ژنانی عاشق) دەنووسێت، پێوەندیی بە گۆرانی گوتن نییە بە نیشتمان، بەڵام گەورەترین نیشتمانپەروەرێتیی مومارەسە کردووە، بەوەی، ئەو داهێنانە گەورەیەی داوەتە وڵاتی خۆی، هەروەها (دانتی) لە شاکارەکانی خۆیدا، کازانتزاکیس (زۆربا)ى نووسی، بەڵام نیشتمانی خۆی زیندوو ڕاگرت بەو بەرهەمە، نیشتمانپەروەری شاعیران و ئەدیبان لەوەدایە شاگاری گەورە گەورە بۆ نەتەوەکان جێبهێڵن، مەبەستم ئەوەیە بڵێم: داهێنان کارێکە بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی، تایبەت نییە بە جوگرافیایێکی دەستنیشان کراوە وە، کەواتە: ناکرآ بڵێین ئەرکی زمان لە شیعردا چییە، چونکە شیعر واتە زمان، زمان لە شیعر داببڕآ شتێک نامێنێتەوە وەکوو شیعر خۆى بنوێنێت. پێم وایە، هەندێکجار بە زمانێکی سادە شاکارێکی گەورەی شیعری دروست دەبێ، هەندێک جاریش بە زمانێکی قورس و تۆکمە جۆرە شاکارێکی دیکەی شیعر خەڵق دەبێ، زمانی (سەعدوڵڵا پەرۆش) و (لەتیف هەڵمەت) و (عەبدوڵڵا پەشێو) زمانی سادەن، بەڵام شیعری نایابیان خوڵقاند، هەروەها زمانی (شێرکۆ بێکەس) و (ڕەفیق سابیر) و (ئەنوەر قادر محەمەد) زمانگەلێکی قورسن، بەڵام بەرهەمەگەلی نایابیشیان خوڵقاندووە. زمان بۆ شیعر و خوڵقاندنی کاریگەریی چ سادە و چ قورس وەستایی و کارامەیی دەوێت، زمان پێویستی بە شێلانێکی عەجیب هەیە لە نێو شیعردا، واتە: گەمەکردن بە زمان، دروستکردنی مانا قووڵەکان بە وشە، ئەتککردنی کاریگەرێتیى لە ڕێگەی موفرداتەوە، پێویستیی بە ئەشق و ڕۆشنبیرییەکى فرە لایەن هەیە.

ڕابەر فاریق: ئەو ڕێگایانە کامانەن کەوا دەبن بە پردى پێوەندیى قووڵى نێوان (نووسەر- وەرگر)؟ بۆ ئەوەى سیحرێکى ئاگاییانە بچەسپێنین لە فیکرى خوێنەردا تا تێکەڵبوون و هاومەستییەکى ڕەگئاژۆیى بخوڵقێنین، ئەو خاڵە سەرەکییانە چین کە لەوەها کاتێکدا کۆمەکمان پێ دەبەخشن و لە ماهیەتى شیعر نزیکمان دەکەنەوە؟


کەریم دەشتى: پێم باشە بڵێم: شیعر لە ئەمڕۆدا زیاتر ڕۆچوونە نێو مانا گرنگەکانە، ئەو مانایەنەی کە خۆیان لە شوێنە قایمەکان حەشارداوە، ئەو مانایانەى هەموو کەسێک پەییان پێ نابات، واتە: شیعر دەبێ شۆڕ ببێەوە بۆ نێو ئەو کەلێن و شەقارانەی کە کۆدی مانا بەرزەکانیان تێدا ونبووە، ئەمڕۆ شیعر ئەگەر وێڵی واتە نهێنییەکان و واتە دامەزرێنەرەکان نەبێ هەرگیز ناتوانێت لە نێو دنیاى پڕ لە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا هاوشان لەگەڵ داهێنانەکانیدا بژیێت، بۆیە شیعر لە ڕۆژی ئەمرۆدا جیاوازە لەگەڵ شیعری ڕابردوو، شاعیرانی ئەمڕۆ ڕێگە بە خۆیان نادەن هەموو شتێک کە هاتە پێش قەڵەمیان بینووسنەوە، بەڵکوو ئەو شتانە دەنووسنەوە کە هەندێک جار قەڵەم دەشکێنن. زمەنی ئەوە بەسەرچوو لە نێو ئایدیای شیعردا یاری بە قژ و چاو بکەیت، بەڵکوو زەمەنی ئەوە هاتووە تۆ قژێکی جوانتر دروست بکەیت، پەیکەری دابتاشی و ڕۆحی وەبەر بێنی، ئەمڕۆ شیعر دەچێتە نێو هاوکێشە فەلسەفییەکان، بەڵام فەلسەفە نانووسێتەوە، ڕەنگە فەیلەسوفەکان بۆ نووسینی فەلسەفەی خۆیان سوود وەربگرن لەو جۆرە شیعرانەى کە من گوزارشتیان لێدەکەم و لە بارەیانەوە دەدوێم، بەڵام شیعر ناتوانێت فەلسەفە بکات بە سەرچاوە بۆ خۆی، چونکە شیعر لە دەرەوەی دیوارەکانی فەلسەفە و حەقیقەتە فەرز کراوەکاندا دەوەسـتآ و مانایەک بۆ ژیان و بوون دروست دەکا. هەموو ژانرەکانی فەلسەفە لە پێناو ئیقناعکردنی بەرانبەردا کار دەکەن، بەڵام شیعر لە پێناو دروستکردنی واهیمەیەک کار دەکات کە مانایەک بدات بە ژیان، هاوکاتیش مرۆڤ لە هەڵدێرەکانی پرسیاری ترسناک ڕزگار بکات. شیعری ئەمڕۆ هۆیێکی گرنگە بۆ ئەوەی مرۆڤ لە ڕاڕەوەکانی بێهوودەیی و نائومێدی لەم سەر زەوییە نەجات بدات و بتوانێت بە سورای پشتی گەڵایێک گەورەترین حووتی وەڕسی و بێزاری ڕاو بکات. ئەگەر ڕابردووی شیعری کوردی هەتا ئێستەش لەبەر پەنجەرەوە تەماشاى مانگی دەکرد و ڕایدەکێشایە سەر زەوی، ئێستە شیعر لەسەر زەوییەوە ڕەگ و ڕیشەی مانگێکی جوان دروست دەکات، مانگێک بە هەزاران پارچەی مانا خۆی شووشتبێ، بە کورتی: شیعر دەبێ پارسەنگی مانەوە بێ و جەدوایێک بۆ ڕۆژانەمان دروست بکات و نەهێڵێت بخنکێین. ئەوە دیاردەی هەموو چاخەکانە کە خوێندنەوە لە بڕگەیەک لە بڕگەکانی مێژوودا کز دەبێ، مێژوو هەمیشە هەڵگری خاڵە پۆزەتیڤەکان نییە، چونکە تژی خۆکاری جودا جودایە. خوێندنەوە کارێکی دژوارە بۆ ئەوانەی دەزانن بخوێننەوە، خوێنەر دەبێ خوێندنەوەیەکی قووڵ و بڕشت ئامێزی هەبێ و دیقەتدار بێ بۆ سەرجەم بابەتەکانی داهێنان و کەرەستەکانی گواستنەوەی چەمکەکان بۆ نێو هزر و زەین و تێڕامان، خوێندنەوە پڕۆسێسێکی مەعریفیی گەورەیە و دەستووری دژواری خۆی هەیە، من لە شوێنی تر دا باسم کردووە. خوێندنەوە، وەک ئەوەی من باسی دەکەم، بریتی نییە لە کردنەوەی کتێب و بەس، بەڵکوو بریتییە لە وەرگرتن و گەمەی واتاکان، پەیبردن بە هەزمکردنی چەمکەکان و ئاشکراکردنى کۆدەکانیان، بێ ئەو هاوکێشەیە خوێندنەوە دەبێ بە ڕەوتی نێو پۆلەکان، لەم ڕووەوە تەماشای خوێندنەوەکانی (ئەدۆنیس) بکە بۆ کولتووری ئەدەبی و شیعری عەرەب لە (الثابت والمتحول)دا، هەروەها خوێندنەوەکانى (ئیدوارد سەعید) بۆ کاری ڕۆژهەڵاتناسی و خوێندنەوەی (ێادق جلال) بۆ کولتووری ئایینی و خوێندنەوەی (ت. س. ئیلیۆت) بۆ ڕەخنەی میتافزیکی. کە دەڵێم: شیعر پارسەنگی ژیانە، من بۆ ئەوانە قسە دەکەم کەوا لەو نێوەندە دا ژیان بەسەر دەبەن، شاعیر، لە پشت نووسینی شیعرەکانی خۆیەوە، هیچ هیوایێکی دیکەی نییە، جگە لەوەی کە ببێ بە سەلوا بۆ ڕۆحی خۆی، ببێ بە وەڵام بۆ ئەو پرسیارانەی کەوا لە نێو ڕۆحیدا سەر هەڵدەدەن. شاعیر، هەمیشە لە گێژاوێک دەژیێت کە خودی کتێب و قەڵەم و نووسین بۆیان دروست کردووە. خۆ ئەگەر شاعیر خۆی نەچووبایە نێو ئەم جۆرە ژیانەوە، ئەوا ئەویش وەکوو ئەوانی دیکە دەژیا، خولیایێکی نەدەبوو بۆ پرسیارکردن. هەمیشە قەڵەم و کتێب مرۆڤ دەخەنە داوی گیرۆدەیی و بیرکدنەوە، وا لە مرۆڤی شاعیر دەکەن کە هەمیشە بە دوای ئەڵتەرناتیڤێکی باشتری ژیانی فیکریدا بگەڕێ، وەهای لێ دەکەن شۆڕ ببێەوە بۆ نێو قووڵاییەکانی بیرکردنەوە، بە کورتی: کتێب لە ئەنجامدا وا لە شاعیر دەکات مرۆڤێکی دیکە بێ، گیانێکی جیاواز بێ، بە دیدێکی دیکەى جیاواز لە دەوروبەری، تەماشای دیاردەکانی ژیانی ڕۆحی بکات. بەم جۆرە شیعر بۆ شاعیر پارسەنگێکی بەهێزی ژیانە. ئەگەر بە وردی تەماشاى ئەو شاعیرە گەورانەی بواری سۆفیگەرێتیی بکەین، بۆمان ڕوون دەبێەوە کە شیعر چۆن پارسەنگێکی ژیانی ئەوان بووە، هەندێکجار بویەری شیعری ئەوانی ڕاپێچ داوە کە خاک و نیشتمانی خۆیان جێ بهێڵن و لە نێو دەقی شیعرەکانیاندا خاک و زێدی خۆیان دروست بکەن، یاخود، هەندێک جار شیعر وای لێکردوون خاک و نیشتمانى خۆیان لە نێو شەهادەتدا، لە پێناو دەقێکی شیعریی جاویداندا، دروست بکەن، لێرەوەیە من دەڵێم: شیعری ڕاستەقینە، شیعرێک کە بە هەڵکفانی خوێن دەنووسرێت، چارەنووسی شاعیر دەگۆڕێت و لە تەواوی مرۆڤەکانی سەر زەویی جودا دەکاەوە و ڕووەو پاکییێکی جاویدان و عەشقێکی ئەبەدیی دەبات، تا وەهای لێ دەکا لە ترۆپکی سۆزدا بوونی جەستەیی نامینێ و دەکەوێتە نێو حاڵەتێکی هولامیی و بەرجەستە نابێ. لە کاتی خوێندنەوەکانی خۆمدا، جیاوازی ناکەم لە بەرهەمەکاندا، هەموو ئەو بەرهەمانەی کە لە یەکەم دێرەوە ڕامدەکێشن تا دوا بڕستی خۆم لە گەڵیان دەبم، هەندێک بەرهەم بە ڕادەیەک سەرسامم دەکەن حەیفە دیقەتی خۆمیان پآ نەبەخشم، هەندێک بەرهەمیش هەر لە یەکەم دێرەوە پێم دەڵێن: ئێمە خۆراکی ڕۆحی تۆ نیین. لە بیرم دێت کەوا یەکەم جار شیعرى (بۆدلێر)م خوێندەوە، زۆر کارى لێ نەکردم، ئەو کاتەی کە خوێندمەوە هێندە نەچووبوومە نێو دنیای ئەو شاعیرە نێودارانەوە، بەڵام دواجار کە گەڕامەوە سەر شیعرەکانی (بۆدلێر)، تێگەیشتم: گەورەترین شاعیرێکە کەوا لە نێو ئافەتێکی دەروونیی دژواردا کاری کردووە، شاعیرێک بوو ژیانی ڕۆژانە و شیعرەکانی بە ڕادەیەک تێکەڵ بە یەکتریى بوو بوون، لەیەکتر جودا ناکرێنەوە، بۆدلێر کە بە شاعیرە نەفرەت لێکراوەکە- نێوزەد کراوە، گوناهێکە مێژووی ڕەخنە لەکردار دەکات، شاعیرێک هەموو ژیانی بۆ میهرەبانی و سۆز و خۆشەویستی و بینینی بەرانبەر تەرخان کردبآ و دەقەکانی بەو ئاراستەیەدا بردبن، حەیفە نەفرەتلێکراوێک بێ، بەڵام زۆرجار مرۆڤـ دەبێ بە قوربانیی بۆچوونەکانى کۆمەڵگە، کەمبووە لە شاعیر گەیشتبن، (بۆدلێر) دەڵێ: (عەبقەریەت ئەو منداڵێتیەیە کە بە دەستی ئەنقەست زیندووی دەکەینەوە.) ئەو هەمیشە هەوڵی دەدا لە شیعرەکانیدا مناڵ بێ و بەرائەتی منداڵیی بکات بە پێوانە بۆ ژیان.

ڕابەر فاریق: ئێستێتیکا چییە و لە کوێى نووسیندا تێکەڵ بەجواننووسیى دەبێ؟


کەریم دەشتى: ئەدەب یانی ئێستێتیکا، لەوە زیاتر هیچ پێناسەیەک بۆ ئەدەب خاڵی نییە لە کەمکردنەوەی ئەدەب، هەموو دەقێکی ئەدەبیی زیندوو جوانی لێ دەتکێتەوە، واتە: ئێمە ناتوانین جوانی لە ئەدەب جودا بکەینەوە، ئەگەر وەها نەبێ، ئیدى ئەدەب دەبێ بە قسەی ڕۆژانە، ئێستێتیکا هەر بە تەنیا لەوەدا نییە جوانی وەبەر دەقدا بکەیت، لە هەندێککاتدا ناشیرین پۆشیی جوانترین دەقت بۆ دەڕسکێنێ. لای زۆران وەها باوە کە ئێستێتیکا یانی جوانی، بەڵام وەها نییە، ڕەنگە لای یەکێک گوڵێکی سیس کاریگەریی زیاتری هەبێ لە گوڵێکی گەش، جۆبارێکی وشک جوانتر بێ لە دیمەنی جۆگەیەکی پڕ لە خورەی ئاو. ئێستێتیکا هەندەسەی ڕۆحە لە دەقدا، تۆ وەرە ڕۆمانی (الحارس فی حقل الشوفان)ی (سالنجر) بخوێنەوە، هیچ جوانییەک لەو ڕۆمانەدا نییە، بەو مانایەی کەوا لە ئێستێتیکا گەیشتووین، نە جوانی تێدایە، نە باسی جوانی دەکات، بەڵام نووسەر وەک ئەندازیارێک هێندە تۆکمە ئەو ڕۆمانەی داڕشتووە، هێندە جوان پەیەوەندییەکان یەکاڵا دەکا، هێندە جوان سیستەمەکانی ئاماژەدار کردووە، ئیدى خوێنەر هەست بەوە دەکا کە لە نێو جوانیی دەقێکدا خەریکە دەخنکێت، یاخود لە ڕۆمانی (میاە الربیع)ى (تۆرگینۆف)دا، ئەی ئەگەر بچینەوە سەر ڕۆمانی (الغرانیق المبکرە)ی ئیتماتۆف، ئەوسا دەزانین ئێستێتیکا ئەو هێزەیە کە ئەدەب بەبآ بوونی ئەو، مەحاڵە جاویدانی بەدەست بهێنێ.


هەردی- ى شاعیر دەڵێ:
(ژیان و ئەرکی ناخۆشی پەپوولەی ئارەزووی کوشتم)


یاخود هێمن دەڵێ:
(هەموو عومری ئەبەد تێیدا نییە خۆشی.. دەمێک مەستى)


ئەمانە باس لە جوانیی ناکەن، بەڵام هێزێکی گەورە بۆ جوانیی دەخوڵقێنن، مەبەستم لەو نموونانە ئەمەیە: ئێستێتیکا ئەو جوانییە نییە کە چەمکەکەی لای ئێمە ناسراوە، ئێستێتیکا شتێکی دیکەیە، مانایەکی دیکەیە، ڕۆحی ڕێکخستنەوەی شتەکانە، یاخود پەرش و بڵاوکردنەوەی شیعرە بەنێو (با)دا.

ڕابەر فاریق: گەلێک ساڵە دەنووسیت و هەمیشە تێڕوانینەکانت جیاوازن، هاوکات زمانێکى تایبەت بە خۆیشت هەیە، بەڵام دوا بەدواى ئەم کۆئەزموونە فرە و کراوەیە، چۆن باس لە بەجێهێشتنى (خودى باو- گشتى باو) و (بوونى خود) و ئەفراندن و لەحزەى خوڵقاندنى دەقێکى جیاواز دەکەیت؟


کەریم دەشتى: هەمیشە تاک و گروپى (باو) دەکەونە پەراوێزەوە. بەردەوام بوون و مەلەکردن لە نێو (باو) دا هیچ ئیزافەیەک ناکاتە سەر بەرهەمی شاعیر، بۆیە شاعیر دەبێ هەمیشە ڕاست بڕوات و ئاوڕ نەداتەوە، بەڵام هەندێکجار ئەو ڕاست ڕۆیشتن و ئاوڕ نەدانەوەیە، هەندێک گەوهەری شیعریی جوانمان لەکیس دەدات، بۆیە دەبێ زۆر بە وردیى بەردەوامی بەو سەفەرە بدەین. خودی شاعیر دەبێ خودێکی کراوە و وەرگرێکی تازەش بێ. بۆ ئەوەی خودی شیعر هەڵگری گەورەترین سیحر و جاویدانی بێ، بەبآ پەرە پێدانی خودی شاعیر و دەوڵەمەندکردنی خود بە مەعریفەی تازە و ئێستێتیکاى جیاواز و بیرکردنەوەی قووڵ، هەموو خودە شیعرییەکان دووبارە دەچنەوە نێو ئەو (باو) ەی کە تۆ باسی دەکەیت. ئەدەبی کوردی زۆر درەنگ پێى لەسەر (باو) هەڵدەگڕێت و زۆر درەنگ فریای هەنگاوی (تازە) و (نوێبوونەوە) دەکەوێت، هۆیەکەشی ئەمەیە: هەموو ئەو (باو) انە بە چەندین دیواری موقەددەس ئابڵۆقە دراون، بۆیە لێرەدا شاعیر و ڕۆماننووس پێداویستییان بە زات و جورئەتێکی زۆر هەیە تا ئەو (باو)ێتییە ورد و خاش بکەن و شمەکی (هاوچەرخ)ی لەبەر بکەن، بۆ ئەوەی تاکە شاعیرى کورد لە نێو نەمرییدا بژیێت و هەمیشە تیشک بهاوێژێت. کولتوورێکی زۆر و زەوەندی (باو)مان هەیە، ئیدى پێویستمان بە بوونی خودێکی (خەللاق) هەیە، تا (باو)ەکان ڕەت بکاتەوە و شتی تازە بهێنێتە کایەوە. پڕۆسێسی هەڵتەکاندنی شەختەی باو، پڕۆسێسى جیاوازبوونە، دەقی جیاواز، ئەو دەقەیە کە دیالۆگ لەگەڵ ئەقڵ و زەینی خوێنەردا بکات و بەرەو بەرزییەکانی داهێنان و بیرکردنەوە و ڕووبەڕووبوونەوە و هەڵتەکاندنى ببات، هەڵگری قەدەرێکی زۆر لە وەهم و سیحر و جوانی و کاریگەرێتیی بێ.

ڕابەر فاریق: کەسانێک هەن زۆر بە داخراویى و سانایى پێکهاتە و لایەنەکانى مەجازیى دەق هەڵدەسەنگێنن، بە واتەیەکى تر: تەنها دەڵێن: (ئەم دەقە جوانە) و (ئەم دەقە ناشیرینە)، بە بێ ئەوەى جارێک بپرسن: بۆچى جوانە؟ بۆچى ناشیرینە؟ هۆکارى تووڕهەڵدانى ئەم جۆرە ڕستە بێگیانانە بۆچى دەگەڕێنیتەوە؟


کەریم دەشتى: ئێمە نابآ ئەوەندە لەسەر ئەو قسانە بووەستین، لە هەموو چاخ و زەمانێک ئەم جۆرە بآ موبالاتیە هەر هەبووە، شاعیری ڕاستەقینە، دەبێ ڕێگە بۆ ئەم جۆرە قسانە بکاتەوە و نەخرێتە ژێر باری بێ بنەمایی و زۆرگۆیی. ڕەخنەگری زیرەک خۆی لەم قسانە بە دوور دەگرێت، چونکە ئەو کەرەستەی خۆی هەیە بۆ بەتاڵکردنی دەقێک لە نێوەڕۆکەکەی. هەر دەقێک ئەگەر هەڵکری جوانیی بێ، هەموو ناهەقییەکان دیلی سیحری خۆی دەکا، ئەم حاڵەتە زۆر ئاسایییە، لەبەر ئەوەی دەقى ئیبداعیى حوکمی زەوقی هەموو خوێنەرێک ناکات. هەندێک دەق بە جوانی لە قەڵەم دەدەین، ڕەنگە هەندێک دەقیش بە ناشیرین بشوبهێنین، مەسەلەیەکی ڕێژەیییە، کە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکى دى دەگۆڕێت، لە خوێنەرێکەوە بۆ خوێنەرێکى دى دەگۆڕێت، زۆر دەقی گەورە هەبوون، لە دنیادا گەلێکۆییی ئەوەیان لەسەر کراوە کە لاوازن، هاوکاتیش نێوەڕۆکگەلی ناشیرینیان هەبووە، بەڵام بە ڕابردنی زەمانە دەرکەوتووە کە دەقێگەلێکی جاویدان بوون. هەندێکجار تێنەگەیشتن لە دەق وەها دەکا چەمکەکان نەگەن بە زەینی خوێنەر یاخود ڕەخنەگر، بۆیە هەڵوێستی لە بەرانبەر وەردەگرن. زۆربەی دەقە زیندووەکانیش بە ئاسانی خۆیان نادەن بە دەستەوە، دەقی زیندوو و پڕ لە داهێنان، جا ئەم دەقە چ سادە بێ، چ ئاڵۆز بێ، هێندە شتی لە ناخ و دواوەی خۆى هەڵگرتووە، خوێنەر و ڕەخنەگرى هۆشیار بە دوایاندا دەگەڕێن تا بیاندۆزنەوە. کاری ئەدەب و نووسین و خوێندنەوە و ڕەخنە، کارگەلێکی گرنگ و قورسن، بۆ هەموو کەسێکیش دەستەبەر نابن.

ڕابەر فاریق: گەلێک لەو کەسانەى وەکوو شاعیر و هزرڤانى (پێشەنگ) ناسراون لە نێوەندى ئەدەبیاتى کوردیدا، وابەستەن بە ئەوانیدیکە (ئەوروپییەکان)، ئەم وابەستەبوونەیش بووەتە هۆى دەرکەوتنى تارماییەک بەسەر دەقەکانیانەوە، هاوکات دەخوازن داهاتوویەکى مسۆگەر لە ئێستەدا ئامادەییى هەبێ، کەچى تەنیا جارێک بە چاوێکى قووڵەوە تەماشاى ڕابردوو ناکەن و هەوڵدنادەن بیگوازنەوە بۆ نێو ئێستە... ئەم جۆرەى (ونبوونى خود)ە، هاوکاتیش نیشتەجێبوون لە (زمانى ئەوانیدیکە) و باڵاکردنى ئەم نائاگایییە ڕیشئاژۆییە لەچییەوە سەرچاوەیان گرتووە؟


کەریم دەشتى: ئەدەبی هیچ میللەتێک بەبآ ئەدەبی ئەوانی دیکە تەکامول ناکات، هەموو ئەدەبەکان بە جیاوازی بیر و بۆچوونەکانیان پێویستیان بە ئەدەبی ئەوانی دیکەیە، هەموو ئەو ئەدەبانە لەسەر یەکتریى ئەزموونی ژیانی دەقەکانی خۆیان بەرێوە دەبەن. من لەگەڵ ئەوەدا نیم کە ئەدیبی کورد کەوتبێە ژێر کاریگەریی ئەدەبی ئەوروپی، پاساویشم بۆ ئەمە ئەمەیە: ئەگەر وەها بووایە ئێستە دەبوو زۆر شتی باشمان هەبووایە و زۆر شاکاری گەورەی ڕۆمان و شیعرمان هەبووایە، لە هەمانکاتدا زۆربەی ئەدیبانی کورد زمانی ئەوروپی نازانن، تەنها لە ڕێگەی زمانی عەرەبییەوە شارەزاییان پەیدا کردووە، لە هەمانکاتدا کەوتنە ژێر کاریگەرێتیی ئەدەبی ئەوروپی وەها ناکات ئەدەبەکەیان لەکەدار بکات، بە پێچەوانەوە، ڕەنگە ئەو کاریگەرێتییە ببێ بە هێزێک بۆ ڕەنگاو ڕەنگکردنی ئەدەبەکە، ئەگەر مەبەستت لە (ونبوونی خود)یش ئەوە بێ کە ئەدیبان کەوتبنە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەدەبی ئەوروپی و خۆیان ون کردبێ، ئەوا من وەهاى نابینم، ئەگەریش مەبەستت لەوە بێ کە ئەدیبی کورد تووشی حاڵەێک لە دەرەوەنووسیی بووە و ناخی خۆی نانووسێتەوە، ئەوەیان تا ڕادەیەک دیارە، یەکێک لە ئیشکالیەتی دەقی ئەدەبی ئەمەیە: هەمیشە کار لە نێو دەرەوەی دەقدا دەکات و شتە ڕووکەش و سادەکان بەرهەم دەهێنآ، بەڵام بە دەگمەن هەست بەوە دەکەیت کە گوزارشت لە ناخی خۆیان بکەن وەکوو تاکێکی پڕ لە موعانات، چونکە لەڕاستیدا ئەدەب کارێکی زاتییە و هیچ هۆکارێکی دەرەکیی نابێ بە هۆی ئەوەی ئەدەبەکە بەهێز بکات لە کاتی گوزارشتکردندا، لەم ڕووەوە خۆرئاوا سەنگێکی بەهێزی هەیە لە کۆنتڕۆڵکردنی جیهان، نەک هەر لە ئەدەب و ڕۆشنبیرییدا، بەڵکوو لە هەموو مەوداکانی ژیاندا. خۆرئاوا هەوڵدەدات لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی مەعریفە و تەکنیکیدا وەک سێنتڕاڵێک خۆی سەقامگیر بکات و ڕۆژهەڵات بخاتە پەراوێزی خۆیەوە، ئەمەشیان لە ڕێگەی بەهێزکردنی ئابووری خۆی دەبێ و لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە ئابووریەکانەوەیە کە هەوڵ دەدات هەموو شوێنێکی سەر ئەم زەوییە بکات بە بازاڕی ئازادی خۆى. خۆرئاواییەکان لە ژێر هەر چەترێکدا دەسەڵاتی خۆیان دابڕێژن هەڵگری جۆرێک لە لیبڕاڵیەتێکی پرەگماتیکین، دەیانەوێ هەم ئازادیی بازاڕ و هەم ئازادیی هەڵسواڕانی جیهان بە دەست بهێنن، ئەمەیە کە جیهانگیریی بەرهەم دەهێنآ. ڕۆژهەڵات پابەندی کولتووری خۆیەتی، بەڵام نەیتوانیوە بەرهەمهێنەری تەکنیکیی بێ، تا ئێستەش لە نێو مەعریفەی ڕۆحانییدا دەژیێت.تەماشاکە، لە ڕۆژهەڵاتدا، دڵ کاریگەرترە لە ئەقڵ، نووشتە بەهێزترە لە نەشتەرگەریی، بۆیە خۆرئاوا هەمیشە باڵادەستە، چونکە بە خەیاڵی سەر زەویى دەژیێت، لە کاتێکدا ڕۆژهەڵات بە خەیاڵی یۆتۆپییێکى غەیبیی دەژیێت، ئەوان هەمیشە لە ئێستەدا دەژین، لە نێو ئێستەدا کار دەکەن، ئاوڕ بۆ دواوە نادەنەوە و باوەڕییان بە پاڵەوان نییە، ئەمەش وای کردووە ڕۆژئاوا دوور بکەوێتەوە لە ئەفسانە و بآ سیمبۆڵ بژیێت. سیمبۆڵ دۆستی لای ئەوان کۆتاییی هاتووە، ئێستەش ژین گرنگە لە لای ئەوان، بەڵام ڕۆژهەڵات وەها نییە، لە یەککاتدا پابەندی هەزاران هەزار سمبۆڵ و پیرۆزییە کەوا ئەم پیرۆزکردنە وایکردووە ئەقڵ لە نێو سوباتێکی ئەفسانە ژینیی درێژخایەندا بژیێت و بواری بەرهەمهێنانى لێ ببڕێت، جیهانگیریی پڕیەتی لە شتی جوان، بەڵام بۆ ئەو نەتەوانەی کە نازانن پێشوازی لێ بکەن و نازانن چۆن بەکارى بهێنن دەبێ بە شمشێرێکی دوو تیغیى، تیغێکیان ئەمەیە: ئەگەر ئەو نەتەوانە، بە تایبەت نەتەوە پەراوێز کراوەکان و نەتەوە پەرش و بڵاوەکان کە نازانن بەکارى بهێنن، بە زووترین کات جیهانگیریی هێندەی دیکە پەراوێزیان دەکات و لە بەرداشی کۆتاییدا لە نێو یان دەبات، تیغەکەی دیکەش: بۆ ئەوانەی پێشوازییەکی زانستیانەی لێ دەکەن دەبێ بە بەرهەمهێنەری بەختەوەریی. دواجار، هەمیشە و بە درێژاییی مێژوو بەختەوەرییەکان دێن، بەڵام نەزانەکان ورد و خاشی دەکەن. هیرمان هیسە، یەکێکە لە شاکار نووسەکانی ئەدەبی ئەڵمانی، لەم بارەیەوە بەشدارییەکی ئێجگار فراوانی کردووە و ڕۆمانی (لعبە الکریات الزجاجیە) گەورەترین شاکاری ئەو ڕۆماننووسەیە کە لە هەمان ئەو ڕۆمانەشدا بە دوای ئاوی حەیاتدا دەگەڕێ. هیرمان هیسە هەڵگری جۆرێکی تایبەتی سۆفیگەرێتییە، بە تایبەت لە ڕۆمانی (سیزارتا)دا، سەرچاوەی نووسینەکانی (هیرمان هیسە) لە نێو ستوونەکانی بودایی و مەسیحییەت و ڕۆژهەڵاتە، ڕۆمانی (سەفەرێک بۆ ڕۆژهەڵات) هەوڵی باندێکە لە چەند کەسێک کە نیازی هەریەکەی بە ئامانجێکەوە شەتەک داوە و پاڵەوانەکانیش ڕێگەى خۆیان دەگرنەبەر، بەرەو ئەو کانی شەوقەی کە ئەوان پێیان وایە لە ڕۆژهەڵاتدا دەیدۆزنەوە، ڕۆمانەکە بە شێوەیەکی سیحرئامێز ڕەنگڕێژی کاری پاڵەوانەکانی خۆی دەکات. حەزی (هیرمان هیسە) بۆ ئەڤینی ڕۆژهەڵات و فاتیمەی ڕۆژهەڵاتی لە شێوەی حەجکردنێکە، بەڵام لە نێو تەکنیکێکی ئەندازەییی بەهێزدا، سەرەداوەکانی تان و پۆی ئەم ڕۆمانە زوو زوو ون دەبن و دەدۆزرێنەوە، لە ڕاستیدا، من بە عەشقی ئەمەوە ئەم ڕۆمانەم وەرگێڕاوە کە بزانن نووسەرانی دنیا بە ئومێدی ئەوەن کە ڕووەو سەچاوەکانی ڕۆژهەڵات بەڕێکەون و بابەتی نووسینەکانی خۆیان بدۆزنەوە و بە شاکار دەریان ببڕن. لە ڕاستیدا، هیرمان هیسە لە زۆربەی ڕۆمانەکانی بە دوای ئەو (کاستالیایە)دا دەگەڕێ کە لە ڕۆمانی (گەمەی کەلا شووشەکان)دا باسی دەکا. ئەو ڕۆمانەی کە من وەرمگێڕاوە ڕۆمانێکی زۆر گرنگە، بەداخەوە تیراژێکى کەمی لێ چاپکراوە و زۆربەی خوێنەران نەیاندیوە، بەڵام تەمام وایە کەوا لە داهاتوویەکی نزیکدا چاپی دووەمی بکەمەوە.

ڕابەر فاریق: ئەلبێرت کامو لە دیمانەیەکدا گوتوویەتى: (جەنگى نووسەر بۆ گۆڕانى ژیان و ئازادییە)، بەڵام ئەوەى ناڕۆشنە، ئەمەیە: چیى (ژیان) بگۆڕدێت و چۆن (ئازادیى) بخوڵقێنرێتەوە، هاوکات، ئێمە وەکوو کورد چووینەتە نێو ئەم جەنگەوە؟


کەریم دەشتى: لە ڕاستیدا، من پێم وانییە نووسەر ئەو هێزە گرێندازەرەى هەبآ تا بتوانێت لە ڕێگەی دەقەکانی خۆیەوە ژیانی مرۆڤایەتى بگۆڕێت، بەڵام ڕەنگە لە هێزی دەقێکدا هەبێ تەواو کاریگەر بێ بەسەر لایەنەکانی ئەو ژیانە، ئیدى نووسەر ئەو هێزەی هەیە کە بۆ ئازادی ئینسان گۆرانی بڵآ، دەقەکانی خۆی لەسەر ئەو تێزەوە دابڕێژآ کە خۆی باوەڕی پێیەتی و پێی وایە دەتوانێت خوێنەریش بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە. من نازانم (ئەلبێر کامو) لە کوێدا ئەم قسەیەى کردووە، بەڵام پێم وایە مەبەستی لەوەیە کە نووسەر لە پێناوی گۆڕینی ژیان و جیهان کار دەکات و لە هەمان کاتدا، لە پێناوی ئازادیی ئینسانیشدا هزرى خۆی هەڵدەڕێژێ. هەموو نووسینەکانی (ئەلبێر کامو) نەیانتوانی ژیان بگۆڕن، بەڵام لە ڕێگەی دەقەکانی توانیی چەندین مرۆڤ بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی بیرکردنەوەی خۆیەوە و گەلێک کەس هەر لە ڕێگەی خوێندنەوەی هەستى قووڵى مرۆڤایەتیی و بەرپرسیاریەتیی کامو-وە شێوەی بیرکردنەوەیان گۆڕا و مرۆڤگەلێکی وجودیەتیان لێ دروست بوو. دەتوانم بڵێم ڕێبازی ئەگزیستانسیالیزم بەرهەمی بیرکردنەوەی کامویە، هاوکاتیش هەندانێکی دیکەیە کەوا لە خەڵقەندەی ئەو پرسیارەیە: ئاخۆ جەدوای ژیان چییە؟ بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ، هێشتا مرۆڤایەتی نەیتوانیوە وەڵامی پرسیارەکانی کامو بداتەوە. نووسەر هەمیشە لە جەنگدایە، جەنگ لەگەڵ ناخی خۆی، جەنگ لەگەڵ ئەوانی دیکە، بۆیە (ژان پۆل سارتەر) بە وردی ئەوە دەوروژێنآ کە دەڵآ: (ئاخ لە دۆزەخی ئەوانی دیکە)، ئیدى ئەم ڕستەیە لە مەوە دەرنابڕآ کە بەرانبەر بە دوژمنان و دۆزەخی خۆی بزانێت، بەڵکوو لەو پێودانگەوەیە کە تێنەگەیشتن و پەی پآ نەبردن هەیە لە نێو ڕۆحی بەرانبەردا کە وەها دەکا ببن بە کۆسپ لە ڕێگەی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی، بەڵام ئاخۆ نووسەر چۆن ڕووبەڕووی ئەم هەموو جەنگانە دەبێەوە؟ کامە کەرەستەی زەینی و فیکری یاخود مەعریفیی دادی نووسەر دەدەن بۆ سەرکەوتن لەم جەنگەدا؟ تەواوی نووسەرانی ڕابردوو- ئێستا لە هەوڵی ئەوەدان ژیان جوان بکەن و مرۆڤ لە کۆت و پێوەندی زەوی ڕزگار بکەن تا ئێستەش بەردەوامن، لەم ڕووەش کاریگەریەتیی زۆریان هەبووە، بەڵام هەمدیس هێزی ناحەزی ژیان ئاواتەکانی مرۆڤایەتی لە ژێر گڵ ناوە. یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەیکانی هەموو نووسەرە ڕاستەقینەکانی دنیا ئەمەیە: ئازادی بۆ مرۆڤایەتی دابین بکەن، دەقگەلێک هەن نێوەڕۆکەکانیان هەر هەمووی لە پێناوی سازدانی مرۆڤە بۆ ئەوەی ئەو ئازادییەی کە لێی سەندراوەتەوە بۆی بگەڕێتەوە، لەم ڕووەش قوربانی زۆریان داوە. خودی (ئەلبێر کامو) لەو کاتەی کە فەرەنسا وەکوو داگیرکارێک لە جەزائیر حوکمی دەکرد، ئەو دەقەکانی خۆى لە دژی ئەوە دادەڕشت، هەموو کتێبەکانی باس لە نەهێشتنی ناعەدالەتی و هێنانە کایەی فەزایەک دەکەن بۆ ئازادییەکى ڕەهاى ژێر سایەى یاسا. (ئەلبێر کامو) لە جەنگێکی پیرۆز دا بوو، چ لە دەقە فەلسەفییەکانی، چ لە دەقە ئەدەبییەکانی، بۆیە ئەمڕۆ وەکوو نووسەرێکی زیندوو کار لە نێو دەقەکانیدا دەکرێت، ئێمە پێویستیمان بەو جۆرە نووسەرانە هەیە کە نێوەڕۆکی دەقەکانیان پایەیەکی گرنگی مەعریفییان تێدا بێ، چونکە ئەوە تەنیا چەکی نووسەرە، بۆ ئەوەی بچێتە نێو جەنگەکان و بەسەرکەوتوویی بگەڕێتەوە، ئەگینا بە شمشێری دارین ئەو جەنگانە ناکرێن، ئەگەر کرایشن، مومکین نییە ئەنجامەکان لەگەڵ ویست و ئەقڵدا بگونجێن.

ڕابەر فاریق: لە دواى دیوانى (پیانۆى ڕۆژهەڵات و ئەوانى دیکە)وە ڕووبەڕووى گەورەترین پانتایى لە سادەیى دەبینەوە لە شیعرى تۆدا، لە ئەمڕۆشدا خوێنەرانمان ئەوەندەى ئێستێتیکا و فەنتازیاى شاعیران لە ئەمجۆرە سادەییەدا دەدۆزنەوە، تا ئەو ئاستە لە نێو ئەو دەقانەى پێیان دەگوترێ (فۆڕمى گران)، نادۆزنەوە، بە حوکمى ئەوەى (کەریم دەشتى) لەم نێوەندەدا نێوەندێکى جیاوازترى هەیە لە ئەوانیدیکە، هاوکات تا ماناى قووڵ درێژ بووەتەوە، چۆن باس لەم وێستگەیە دەکا کە لەوێدا سادەیى و ماناى قووڵ تێکدەچڕژێن؟


کەریم دەشتى: دیوانی (پیانۆی ڕۆژهەڵات و ئەوانى دى) بەکتیبی تاقانەی خۆم دەزانم، نەک لە ڕووی پیاهەڵدانەوە، بەڵکوو لە ڕووی هەڵبژاردنی بابەتی شیعرەکانی نێو ئەم دیوانەوە. زۆربەی شیعرەکانی ئەم دیوانە (تەئەممولین) واتە: ڕامان ئامێزن، شاعیر لەم دیوانەدا لە ژێر کاریگارێتیی سروشەکانیدا کار دەکات و دوور دوور دەڕوانێت، هەوڵ دەدات ئەوەی کە خەونی پێوە دەبینێ لە شیعردا ساغی بکاتەوە، داخی بۆ هەڵبکێشێ. شیعر لەم دیوانە دا ڕوخساری لە ژێر تەپوتۆزی ڕۆژگار و غوربەتی شاعیر و نمایشی حاڵەتەکانی گریانی ناخەوەی شاعیر دەشارێتەوە، هەموو شیعرەکانی نێو ئەم دیوانە بە کەرەستەی ڕۆح نووسراون، بەو مانایەی کە لەسەر زەویی دوور کەوتوونەتەوە و لە حاڵەتی فڕین دان، لەوەدایە کە ئایا مرۆڤ چۆن لەسەر زەوییەک هەڵدەکا کە هەموو حەسانەوەیەکی ڕۆحیی تێدا مەحاڵە؟ شیعر وەڵامی ئەم پرسیارە لە خۆى دەکا، بە دوای یۆتۆپیاکاندا دەگەڕێ، بەڵام بەداخەوە هەرگیز تیشکێک لە وەڵامی پآ نادۆزرێتەوە، بۆیە هەمیشە لە حاڵەتی سووڕانەوەدایە. ئەمانە کۆمەڵێک بابەتی شەڕانگێزین لە شیعردا، کۆمەڵێک بابەتی پڕ لە مەترسین بۆ شاعیر، وەکوو ئەو ماسییەی پێمان وایە نزیکە لە پێستی سەرەوەی ئاو، بۆیە دەستی بۆ دەبەین تا بیگرین، بەڵام بۆمان دەردەکەوآ کە زۆر دوورە و دەخزێینە نێو قوڵاییى ئاوەکە، ئیدى تەڕ دەبین و هیچمان بۆ دەستگیر نابآ. شیعر هەوڵدان نییە بۆ دۆزینەوەی ئەم بابەتە، بە قەد ئەوەی بەدیهێنانی غایەتە پەنهانەکانە کە خودی شاعیریش نازانێ ئەو غایەتانە چیین کە وەها ڕۆحی هەراسان دەکەن و دەیخەنە نێو گێژاوە قووڵەکانەوە، هەمان ئەو غایەتە کە شاعیرەکە تووشی کەڵگەڵەی گەڕان و سووڕان دەکا بۆ کەشف کردنی ماهیەتی ئەو غایەتەى کە شاعیری ڕاستەقینە بەو پڕسیارانە قەڵس دەبێ کە سەدەیەکە دەیانەوێ شاعیر بخەنە بەر مەحەکی درکاندنی سەرچاوەکانی شیعر. شیعر خاوەنی هیچ سەرچاوەیەک نییە، ئاو لە هیچ سەرچاوەیەک ناخواتەوە، ڕۆحی شڵەژاوی شاعیر نەبێ کە خۆشی نازانێ ئەم شڵەژاوییە چ قەدەرێک دروستی کردووە، بەڵکوو هەمیشە لە نێو نادیارییەکی کوشندەدا دەسووڕێتەوە کە شاعیری گەورە پێی وایە ئەگەر لە نێو ئەو نادیاری و مەجهولیەتە دەریکێشآ ئەوە زیندە بەچاڵی خۆی دەکا، چونکە شیعر بەو نادیارییەوە جوانە و هەر بەو نادیارییەشەوە ماوەتەوە و قسە لەگەڵ دنیادا دەکات، ئەوانەش کە سەرچاوەخوازن قودرەتی ئەوەیان نابێ جاویدانی ببەخشن بە دەقەکانی خۆیان، بۆیە ئەو شیعرانەی قەدەرێک لە مانەوە هەڵدەگرن هی ئەو شاعیرانەن کە هیچ شوناسێکیان بۆ ماهیەتی شیعر پآ نییە، ئەوانە لە بنارێَکی غەرق بوو و لە تەمێکی خەستی لێکدانەوەدا کار دەکەن، پڕۆسەیەکی فیزیکی بۆ لە نێوبردنی شیعر ئەنجام دەدەن، هەر بە هەمان ئەو لێکدانەوەیە کە ئەتراکتیفی شیعری زیندوو لەوەدایە تۆ لە کەنارەکانەوە چاوەڕوانی بکەیت، لە درزەکانی ڕۆحەوە بازرقە بکەیت. شیعر هەڵگری شووناسێکی خودایییە، جاویدانییە، غەیبانییە، وەکوو شەوقێکی نادیار دەسوڕێتەوە، کەم کەسن ئەوانەی ئەو شەوقە لە شیعردا دیل دەکەن. گەلگامێش بەوە زیندووە کە بەدوای زیندەگیدا دەگەڕا کە گەڕان بوو بەدوای مەحاڵدا، ئەو جوانی لە مەحاڵ بۆ ئێمە بەجێ هێشت، بۆ بونیاتنانی زەینییەتێکی گەورە بۆ شیعر، بۆ بەغەیبانیکردنی شیعر کە خودی ئێستێتیکای شیعر لە بەغیبانی کردنیەتی، بەو مانایە نا کە بەرهەمهێنەری لێکدانەوەیەکی فەلسەفیی بێ، بەڵکوو بەو چەمکەی کە هاومانان لەگەڵ مەحاڵ. ئێمە لە هەر شوێنێک بگەین بە چەمکە جوانەکانی شیعر، لەوێوە بە تەنیا دەمێنینەوە، لە هەر شوێنێک دەستمان لە قژی بیرۆکەیەکی شیعریی جوان گیر بوو، لەوێدا شاعیر تەنهاترینى ئەو کەسانەیە کە وێڵن بەدوای شیعر، بەدوای مەحاڵ. دەستگیرکردنی مەحاڵ غایەتی شیعرە، بڕوانە هاوڕێیەکی گەورە هەبوو بۆ شیعر دوای سەرهەڵگرتنی ڕامبۆ بۆ حەبەشە و هەندەران کە ئەو هەواڵەیدا بە ڕامبۆ کە هەراو زەنایێکی زۆر هەیە لەبارەی شیعرەکانیەوە لە فەڕەنسا، بەڕامبۆى گوت: (بۆچی ناگەڕێیتەوە)، ئەمیش لە وەڵامدا گوتی: (ئەو کاتەى کە لە فەڕەنسا شیعرم دەنووسی، منداڵ بووم، هیچم نەدەزانی، بەڵام ئێستە گەورەم و توانای نووسینی شیعرم نەماوە). ئەم گوزارشتە لە منداڵێتیی هونەرى شیعرەوەیە، هاوکات گوزارشتە لەو مەحاڵەتی منداڵ و عەوداڵی بەدیهێنانی مەحاڵ. بۆیە تا ئەبەد شیعر ڕەنگی منداڵێتیی فڕآ نادات کە بۆ دواجاریش بەر لە سەرهەڵگرتنی و حێهێشتنی فەڕەنسا (فرلین)ی لە بارێکى خراپدا بینی و بآ چەند و چوون گوتی: (دەستت بخەرە سەر مێزێک)، ئینجا دەڕنافیسی لە دەستی دا و خوێنی (فرلین) بارزقەی کرد، لەوێوە ئاسۆی شیعری ڕامبۆ کوژایەوە، ئیدی ببڕای ببڕ نەگەڕایەوە بۆ فەڕەنسا و کەڵکەڵەی گەڕان و سووڕان و سەفەر جێی منداڵێتیی شیعریان گرتەوە، پاراستنی جێی مەحاڵگێڕییان گرتەوە. ڕامبۆ سنووری وڵاتانی بڕی و ڕۆحی پڕاوپڕ لە شیعری خۆی بە سەرکێشی و بێهوودەیی گۆڕییەوە. (زەمەنی ئەوە بەسەرچوو بتوانین بە تەئەموول شیعرێکی گەورە بنووسین، زەمەنی ئەوە هاتوووە بە شیعر تەئەممولێکی گەورە خەڵق بکەین) لە تەئەممولدا ئەندێشەی دەستگیر کردنی وێنەیەک، حەقیقەتێک، جەستەیەک دەکەین، کە هاتە دی، ئیدى مەودا بۆ شیعر نامێنێتەوە، بەڵام لە شیعردا ئەندێشەی ڕەها بوون و مەحاڵ و غەیب دەکەین کە هەرگیز بۆ شاعیر نایەنە دی و مەودا بۆ شیعر بە کراوەیی دەهێڵنەوە. بە هەمەحاڵ، هێشتا نازانین کە ئایا دەریا قووڵترە یان ڕۆحی مرۆڤ؟ شیعر تا چەندی تر لە نێو ئەم مەحاڵە دا دەژیێت؟ شیعر بەم مەحاڵە چاوی خۆی دەڕێژی و هەر بەم مەحاڵەش شەڕ لەگەڵ ئەوانەدا دەکات کە بە شمشێری سەرچاوە مەیدانەکەیان تەنیوە، دواجاریش تەنیا شاعیرانی مەحاڵ دەمێننەوە.

ڕابەر فاریق: بۆ ئەوەى ڕابردوو بەرەو جاویدانبوون بچێت، ئەم جاویدان بوونەیش بە کۆمەکى وشە ڕابپێچرێت بۆ نێو دەق، گەرەکە تاکەکەس- نووسەر چیى بکات؟


کەریم دەشتى: هیچ بابەتێکی شیعریی، چ لە ئێستەدا بێ، چ لە ڕابردوودا، چ لە ئایندەدا، هێزی ئەوەی نییە جاویدان بێ، ئەگەر لە نێو دەقێکی ئەدەبیدا جاویدان نەکرێت، ئەو شاعیرە یاخود چیرۆکنووسە یاخود ڕۆژنامەنووسە جاویدانی بەو بابەت و چەمکانە دەبەخشێت کەوا لە نێو دەقەکانیدا ڕۆحیان وەبەر دەکرێت و بۆ تا هەتا بە زیندووییان دەهێڵێتەوە، لە نێو ڕابردوودا کە زەمەنێکی بەسەرچووی وەستاوە، گەوهەر و خشڵ هەن، بەڵام دەبێ لە قوڕ و لیتاوی ڕابردوو پاک بکرێنەوە و بکرێن بە بابەتێگەلێکی سەرنج ڕاکێش، بۆ ئەوەی بتوانین دەقێکی شیعریی جوانیان لێ دروست بکەین، واتە: تۆ دەبێ هێزێکی بیرکردنەوەی شیعریی قووڵت هەبێ بۆ ئەوەی وشەکان لە ژێر پەنجەتدا گەمە لەگەڵ ئەو ڕابردووەدا بکەن، وشە کاتێک دەتوانێت هەڵگری ئەو جاویدانی کردنە بێ کە لە نێو زەینی شاعیردا مەعریفەیەک یاریى پێ دەکات و ماناکان دەدۆزێتەوە. ناتوانین داوا لە نووسەر یاخود تاک بکەین کە چیی بکات، تاکی شاعیر دەبێ لە نێو هەموو ئەو ئەتمۆسفێرانەدا سەرکێشییەکانی خۆی بخاتە ڕوو، بۆ دەستگیرىکردنی ڕستەی داهێنان.

ڕابەر فاریق: دواهەمین بەرهەمت (بەرەو منداڵى بە جلى پاییزەوە) بوو، کە لە نێوەڕۆکەکەیدا باس لە زەمەنى منداڵى و ئەزموون و بنیاتى شیعر نووسین دەکەیت، لە ڕێگەى گێڕانەوەوە، گێڕانەوەیەکى جیاواز. پرسیارەکە لێرەدا ئەمەیە: گێڕانەوە بە چ شێوەیەک ڕابردوو بەرەو باڵاکردن و نەویبوونەوە دەبات؟


کەریم دەشتى: کتێبى: (بەرەو منداڵی بە جلی پاییزەوە) لە نێو دوو سرووتدا کاری کردووە، یەکەم: سرووتی منداڵێتیی، دووەم: سرووتی ئەزموون. هەموو کەسێک لە ژیانیدا بایی ئەوەندە منداڵێتیی هەیە بینووسێتەوە، بەڵام کاتێک شاعیر بەو کارە هەڵدەستێت هەوڵ دەدات جیاوازییەکانی منداڵێتیی خۆی بنوێنێت، دەبێ لە هێزی دەقدا بێ ئەو منداڵێتییە بە ڕۆحێکی ئەدەبیی داهێنان ئامێز بگێڕێتەوە، نەک گێڕانەوەی حیکایەتئامێز. من هەوڵمداوە شیعرییەتێک لە گێڕانەوەی منداڵێتیی خۆمدا دروست بکەم، ئەمەییش کە کردوومە لەم بارەیەوە بە کەمتر لە دەقی شیعریی نازانم، من لە پێشەکییەکەى ئەم کتێبەدا گوتوومە: (سەرچاوەی عەشق بە ڕابردوو، بە منداڵێتیی، هێشتا وشکی نەکردووە. هەموو نووسەرە ناودارەکانی دنیا منداڵێتیی بە بەشێکی گرنگ دەزانن لە ئەزموونی شیعریی یان چیرۆکی خۆیان، من پێم وایە ئەو ڕابردووە ئەم کاتە بەرەو باڵابوون هەڵدەکشێت کە شاعیر وەکوو دەقێکی شیعری مامەڵەی لەگەڵدا بکات.

ڕابەر فاریق: ئەگەر ڕابردوو وەکوو پێکهاتەى خود تەماشا بکردرێت، ئەوا نووسەرانى کورد بەشێک لەو پێکهاتەیە دەگوازنەوە بۆ نێو پڕۆسەى نووسین، لێرەدا دەپرسم: بۆچى ڕابردووى گەلێک نووسەر بەرجەستەیە لە نووسینى ئێستەیاندا، هاوکات کەنگێ سۆز بۆ نۆستالیژیا مەعریفە بەرهەم دەهێنێت؟


کەریم دەشتى: نۆستالژیا بەرهەمی دوای جەنگە گەورەکانی دنیایە، بەرهەمی حیکایەتە پڕ لە نەهامەتییەکانی مرۆڤە، بەرهەمی ئەو دەروون بریندارانەیە کەوا لە سەردەمەکانی پێشوودا بوونەتە قوربانیی، بۆیە زەحمەتە هیچ نووسەرێک بۆ ئەبەد دەستبەرداری ئەو گەڕانەوە خەمگینانە بێ بۆ ڕابردوو. نۆستالژیا غەریبى کردنی واقیعێکە کە مۆری خۆی لەسەر سینەی شاعیردا بەجێ هێشتووە. ئەدەب توانای نییە مەعریفە بەرهەم بهێنێت، چونکە ئەدەب کار کردنە لە نێو هەست و نەست و لێکدانەوە، بەڵام مەعریفە دەتوانێ ئەدەبێکی چاک بەرهەم بهێنآ. بە هەرحاڵ، ئەدەبی نۆستالیژییش کاریگەریـَتیی خۆی هەیە، دەقی گەورەی بەرهەمهێناوە، من پێم وایە، ئەوەی بەڕاستی لە نێو ئەدەبدا کار بکات و دڵسۆزی داهێنان بێ، دەبێ زەخیرەیەکی باشی هەبێ، بۆ ئەوەى بتوانێت لە هەموو ئەو بوارانە دەقی چاک بەرهەم بهێنێت.

ڕابەر فاریق: ئەگەر نووسەر بەردەستترین کەرەستەى خاو بێ بۆ بنیادنانى تەلارێکى بەرز بە وشە، لە دەقدا، خەیاڵى نووسەر لە کوێوەى تەلارە بەرزەکەدا بەرجەستە دەبێ، وەکوو خۆى؟


کەریم دەشتى: خەیاڵ، کەرەستەیەکی گرنگی شاعیرە، ئەگەر هەموو کەرەستەى شاعیر نەبێ. من ئەندێشەی هیچ شیعر و هیچ شاعیرێک ناکەم بەنێ خەیاڵ، خەیاڵ بەم مانایەی کە من باسی دەکەم بریتییە لە پڕۆسێسی خەڵق کردنی مانا لە شیعر، کە خودی ئەو پڕۆسێسە بەبآ خوێندنەوەی بەردەوامی شاعیر و سەفەری شاعیر بەنێو کتێبدا تەواو نابێ، چونکە تەنیا لەم دوو چەمکەدا مەعریفەیەک لە زەینی خوێنەردا دروست دەبێ کە میکانیزمی خەیاڵە، واتە: مەعریفەی ئەدەبی ئەو هێزەیە کە بەرهەمهێنەری خەیاڵی شاعیرانەیە و هەر ئەمیشە کە شیعرییەت دەگەیەنێتە ئاستی فەنتازیا کە ترۆپکی خەیاڵە، بۆ نموونە: (دانتی) بە خەیاڵ و ئەندێشە (کۆمیدیای خواوەندی) ى لە هەرسآ بەشى (دۆزەخ، فیردەوس، پاکستان)دا دۆزییەوە و داهێنا، هەروەها (جۆن میلتۆن) لە (فیردەوسی ون بوو)دا. کەواتە: هێزی خەیاڵ، هێزێکی موقەددەسی شاعیرە.

ڕابەر فاریق: شیعر و نۆڤلێت و یادەوەرینامەت نووسیون، ئەمە بەدەر لەوەى چەند ڕۆمانێک و گەلێک گوتارى فیکرى و ئەدەبیت وەرگێڕاونەتە سەر زمانى کوردى، بەڵام تا ئێستە (کەریم دەشتى) تەنیا وەکوو شاعیر ناسراوە، ئەمە بەدەر لەوەى نەمبینیوە لە نووسینێکدا ئێستێک بۆ وەرگێڕان بکەیت، ئیدى، بەدەر لەو پێڕگەراییەى ئەمڕۆى نێوەندەکە، بەربەستەکانى (نەخوێندنەوەى تاک) لەلایەن (پێڕە ستایشکارەکان) ەوە بۆچى دەگەڕێنیتەوە؟


کەریم دەشتى: من بۆ کاری وەرگێران هەر ئەوەندە دەڵێم: من وەرگێرانم نەکردووە بە پیشەی خۆم، ئەگەر چەند کارێکیشم کردبێ تەنیا بۆ زەوق و سەلیقەی خۆم کردوومن، بە کۆمەکى ئەوان خزمەتی شیعرییەتی خۆم کردووە، شیعر خولیای سەرەکیی منە، هەر لە پێناوی شیعرە کە من لە نێو باخچەی ڕۆمان و فیکر و مەعریفەوە دەگەڕێم، مەبەستم دۆزینەوەی گەوهەرەکانی شیعرە. من، بە پێچەوانەی زۆران، بەدوای ئەوەدا ناگەڕێم نووسین و ستایشی ئەوانی دیکە بەرزم بکەنەوە، بەڵکوو دەمەوێت لە ڕێگەی شیعرەکانی خۆمەوە هەنگاو بۆ ئاسمان بهاوێژم. ئەوانەی بەناهەق بەرز دەکرێنەوە، زۆر زوو دەکەونە خوارەوە، لای من ئەوە گرنگە کە باوەڕ بە هەموو لایەنەکان بهێنن کە لە هێزی داهێنان داین و بەداهێنانیش لە بڕستماندا هەیە نەتەوەیەکی پەرتەواز زیندوو بکەینەوە.

ڕابەر فاریق: گەلێک شاعیر و نووسەر باسیان لە (لەحزەى نووسین) کردووە، بەڵام بۆچى کەس نەهاتووە باس لە (سیعرى نووسین) بکات؟ کەریم دەشتى چۆن باس لەمانە دەکا، هەروەها کاریگەریشیان بەسەر یەکترییەوە؟


کەریم دەشتى: من تەنیا باس لە ساتەکانی نووسینی شیعر دەکەم، کە بۆ من و ئەزموونی شیعریم گرنگن، هیچ شیعرێک لەخۆوە ناڕسکێت، ئەگەر هێزی بیرۆکەیەک لە ناخەوەڕا شاعیر نەسووتێنێت، بۆیە فۆرمەڵە کردنی چەمکێکی شیعریی پێویستی بە شڵەژانێکی گەورەی زەین و سینەوە هەیە، بۆ شیعر گرنگە کە تۆ لە نێو مانایەکدا هەنگاوەکانی خۆت دەست پێکەیت و فۆرَمێکى تێدا بەرجەستە بکەیت. من زۆر جار تووشی لەحزەی نووسینی شیعر هاتووم، دوای ئەوەی کە هەموو پێکهاتەکانیم لە ناخەوەڕا مشت و ماڵ کردوون، بەڵام کە هاتوومەتە سەر نووسینی دەستە پاچە بوویمە و نەمتوانیوە بینووسم. هیچ ژانرێکی ئەدەبیی ئەوەندەی نووسینی شیعر گران نییە، مەبەستم شیعری باشە، نەک ڕیز کردنی وشە، چونکە شیعر لە نێو وەهم و ئەندێشە و سیحر و دروددا دێتە کایەوە، نەک لە نێو ڕەحمی واقیع. هەندێک شیعر بە نێوی واقیعەوە دەنووسرێن، بەڵام جاویدانییان بۆ نییە، کە دەڵێم سیحری نووسین مەبەستم لەوە نییە کەوا وەکوو جارێکی تریش گوتوومە چوکلات بکەم بە کۆتر، بەڵکوو مەبەستم لە سیحری نووسین ئەدەبە. تۆ چۆن دەقێک فرێ دەدیتە نیۆەندێک کە هەڵگری قەدەرێکی زۆری سەرسامی و فرە دیدی و جیهان و شووناس بێ، بتوانێت گەورەترین کاریگەریی بەسەر خوێنەرەوە بەجێ بهێڵێت، خوێنەر بخاتە نێو کومەڵێک لێکدانەوەی ڕەنگاو ڕەنگ. هەندێک جار هەمان ئەو سیحرە دەچێتە نێو یارییەکانی زمان و وردو خاشکردینەوە، بە شێوەیەک دەق خۆی دەنوێنآ وەک ئەوەى تۆ لە بەرانبەر ساختومانێکی چەندین لایەنەدا بیت، هەندێک جاریش دەچێتە نێو نهێنییەکانی مانا و خوێنەر بەرەو قوڵایی دەبات.

ڕابەر فاریق: شاعیر دەتوانێت پێوەندییە ڕۆحیەکانى بپچڕێنى لەگەڵ نۆستالیژیاى؟ بەدەر لە نۆستالیژیا، چیى دیکە دەتوانێت کۆمەکى شاعیر بکات و پێوەندییەکى پتەوتر و قووڵترى لەگەڵدا بگرێت؟


کەریم دەشتى: پچڕاندنى پێوەندییە ڕۆحییەکان لەگەڵ زەمەنى ڕابردوو کارێکى سانا نییە، هەروەها دروست کردنى ئەم پێوەندییە بە ئاسانى ناکرێت، چونکە شاعیر کۆمەڵێک ئاوێنەى هەیە لە نێو زەمەنەکانى ڕابردووی خۆیدا کە دەشێ بڵێم لە نێو پەراوێزەکانى منداڵییدا ونى کردوون، هەمیشە هەوڵ دەدات بیاندۆزێتەوە، پڕۆسێسى دۆزینەوەى وردە ئاوێنەکانى منداڵێتیى لە نێو پانتایییە دوورەکانی زەمەن، پڕۆسێسێکى دژوارە، بۆ ئەوەى هەموو ئەو کایە هەڵوەشاوانە دووبارە دروست بکەیتەوە بە زمانێکى هاوچەرخ و شیعریى دایبڕێژی. ئەدەبى نۆستالیژیا لە دواى جەنگە گەورەکان سەرى هەڵدا، کاتێک خەڵکى لە نێو حاڵەتێکى دەروونى و ئابووریى و کۆمەڵایەتیى دژواردا دەژیان، هیچ ڕووناکییەک لە پێش چاویاندا نەمابوو، دنیا تاریک و تەنگ بوو بوو، بۆیە بە ناچارى کەوتنە دواى ڕابردووەکانى خۆیان، سەلواى دڵى خۆیان بە غەریبى کردنى ڕابردوو دەدایەوە، هەوڵى بەرجەستە کردنى یادگارییەکانى خۆیان دەدا و دایاندەڕشتنەوە، ئەمەش واى کرد کە کولتوورێکى زۆرى نۆستالیژیی سەرهەڵبدات. (ئەلفریدى مۆس) گەورەترین شاعیرى نۆستالیژیى دواى جەنگى یەکەمى جیهانیی شیعرەکانى گوزارشتیان لە ڕابردوو کردبوو، نالی- یش لە چامە درێژەکەیدا کەوا وەکوو نامە بۆ (سالم) ى نووسیوە، ئەدەبێکى نۆستالیژیى نووسیوە، غەریبیى نیشتمانى خۆى دەکا، دواى نەفى بوونى، ئەمڕۆکەیش کە شیعرەکانى (مەولانا جەلالەدینى ڕۆمى) بۆ زمانەکانى دنیا وەردەگێڕدرێن، گەورەترین بەشى خوێنەران بۆ لاى خۆیان ڕادەکێشن، ئیدى ئەو هەستە ئینسانییە گەورەیە کە باس لەو نۆستالیژیایە دەکا،گوزارشت لە غوربەتەکانى ناخى خۆى دەکا، دواجار، من کەمتر شاعیرانى گەرە دەبینم کە لەو حاڵەتە دابڕا بن.

ڕابەر فاریق: چۆن دەڕوانیت لە پێوەندیى نێوان شیعر و خەیاڵ، شاعیر و گومان، پێوەندیى شاعیر لەگەڵ خوێندنەوە دا، پێوەندیى نووسین لەگەڵ پرسیارەکانى خوێنەردا؟ ئەگەر شیعر بەتاڵ بێ لە خەیاڵ، هاوکاتیش شاعیر گومان نەکات و پێوەندییەکى تۆکمەى لەگەڵ خوێندنەوەدا نەبێ و لەپاڵیشیدا پرسیار نەخوڵقێنێ، شیعرى قووڵ و شاعیرى گشتبین دێنە وجود؟


کەریم دەشتى: خەیاڵ بابەتى سەرەکیى هەموو داهێنانێکە بە هەموو ژانەرەکانییەوە، بەبێ خەیاڵ ئەدەب لە مانا مرۆییەکەى خۆى دەچێتە دەرەوە و پۆرترێتى مژادێکى وشک هەڵدەگرێ، هەر ئەمەیشە کە ئەدەب و داهێنان لە باقیى بوارەکانى دیکە جوایەز دەکاەوە، خەیاڵە، خەیاڵ بەو مانایەى کە بەرهەمهێنەرى بوارەکانى فیکر و جوانیى بێ، بۆیە من زۆر جار گوتوومە: (ئەدەب بە گشتى، شیعر بە تایبەتى، جگە لە وەهم شتێکى دیکە نیین)، ئیدى هەر کاتێک شاعیر لە خەیاڵ و وەهم داببڕێت، ئەوا دەقەکانى شێوەى واقیعى مردوو وەردەگرن، لە سنوورەکانى داهێنان دەچنە دەرەوە، ئەو خەیاڵەى کە من بە ستوونى هەرە بەهێزى شیعرى دادەنێم دەگات بە ئاستى فەنتازیا کە هەڕەمى هەرە بەرزى خەیاڵە، لەوێ شاعیر دەچێتەوە نێو هەموو یارییە سیحراوییەکان، ئەو یارییانەى (هیرمان هیسە) ڕۆمانى (گەمەى کەلا شووشەکان) ى پێ نووسیوە و دانتى (کۆمیدیا) و ملتون (بەهەشتى ون)ى پێ نووسیوە. ئایا ئەگەر خەیاڵ لە شیعرە بەنێوبانگەکەى (ت. س. ئەلیوت) کە ناوى (وێرانە خاک) ە یاخود (دەشتایى نەهاتى )ییە داببڕێنى، هیچى تێدا دەمێنێتەوە؟ هەروەها لە زۆربەى شیعرى کلاسیکیى کوردى و شیعرى هاوچەرخ، بۆیە من دەڵێم: خەیاڵ هەرێمێکە شاعیر یارییە جوانەکانى خۆى لەوێ ئەنجام دەدات. پێوەندیى شاعیر لەگەڵ خوێندنەوەدا بوونى نییە، بەڵکوو شاعیر خۆى خوێنەرێکى بەهێزە، دابڕان لەو سیفەتە دابڕانە لە جوانکردنى خەیاڵ و کوشتنى ئێستێتیکا. کاتێک باس لە خەیاڵ دەکەین، دەبێ بڵێین خەیاڵ دەرگەکانى گومان دەکاەوە، ئەو گومانى خوڵقێنەرى هەموو پرسیارەکانە، پرسیار لە نهێنییەکان وکەون و دروست بوونى مرۆڤ، پرسیار لە سەرچاوەکانى جوانى (ئاشنباخ) لە ڕۆمانى (مردن لە ڤینیسیا) عەوداڵى هەمان ئەو جوانییەیە کە جۆرێک لە وێرانى ڕۆحیى لە ئاستیدا دروست دەکا، ئەو هێزى خەیاڵە دەدرێت بە گومان و هێزى گومانیش دەچێتە نێو جەستەى پرسیارەوە، کەواتە ئەمە پڕۆسێسى تەولیدى داهێنانە، هەر ئەمەشە جیهانبینیى بۆ شاعیر دروست دەکا. بۆ وێناکردنى ڕیتواڵێکى شیعریى بەرز و باڵا پێویستمان بە ئەندێشە و خەیاڵى باڵا هەیە، ئەگینا هەر لە نێو چوارچێوەى بێ نێوەڕۆکیى دەمێنینەوە، هەر کاتێک بیرۆکەیەکى شیعریى لە هزر و زەینى شاعیر دروست بوو، پێویستى بە کۆمەڵک کەرەستەى گرنگ هەیە بۆ داڕشتنى ئەم بیرۆکەیە کە گرینگترینیان پڕۆسێسى خەیاڵکردنە سەبارەت بەم بیرۆکەیە، ئەگینا بیرۆکە بە تەنیا ناتوانێت ڕێگە بگرێت و بچێتە نێو باخە پڕ لە شەوقەکانى جوان داڕشتنى دەق، دەبێ بە جۆرێک لە تەجرید و لە هەموو ئەتراکتیفێک بەتاڵ دەبێەوە.

ڕابەر فاریق: زمان لە بەرانبەر شاعیرى باڵادا هیچى بۆ دەکرێت؟ شاعیر، بۆ ئەوەى بەسەر زماندا زاڵبێ گەرەکە چیی بکات؟ ئەگەر زمان بکەوێتە سەرووى شاعیرەوە، شاعیر تووشى شکستى گەورەى بەرهەم پووکێنەرەوە دەبێ؟


کەریم دەشتی: دەکرێت بۆ وەڵامى ئەم پرسیارە، بڵێم: ئایا هیچ شاعیرێکى باڵا هەیە بەبێ ئەوەى خاوەنى زمانێکى باڵا بێ؟ ئایا شاعیرى باڵا، جگە لە زمانێکى تۆکمەى باڵا چیى ترە؟ زمانى مردوو، زیندانى ماناى گەورەیە، واتە: هەر شاعیرێک ئەگەر بیەوێت مانایەکى باڵا ببەخشێ بە شیعر بە زمانێکى مردوو، ئەوە بەو چەمکە دێت زیندانێک بۆ شیعر دروست دەکا و تیایدا بۆ تا هەتایە خورپە ڕۆحییەکان و هەڵکفکفانێ خوێنى شیعرى تێدا بەندکراو دەبێ، جا بۆ ئەوەى شاعیر بەسەر زماندا زاڵبێ، سەرەتاییترینەهەنگاو ئەمەیە: دەبێ هەڵگرى ئەو باوەڕ بێ کە زمان پێویستى بە خۆ تازەکردنەوە هەیە، پێویستى بە دووبارە خەڵق کردنەوە هەیە، زمان هێزى ڕاکێشکارى دەوروبەرە، چونکە هەموو جوانییەکانى شیعرى تێیدا کۆ دەبێەوە، بەم جۆرە وەکوو چۆن (ڕیلکە) پێى وایە کە شاعیران لوولەیەکى مووقەددەسن شەرابى ژیان و جاویدانى تێدا دەپاێزرێت، ئەوهاش زمان ئەو خوێنە پیرۆزەى شیعرە کە بەردەوامى بە شیعر و بە شاعیران دەبەخشێت. بەداخەوە، لە ئەمڕۆى شیعرى کوردیدا بە تایبەتى ئەوانەى کە ئەزموونەکەیان تازەیە، هێندە بایەخ بە زمانى شیعریى خۆیان نادەن، بۆیە شیعرەکانیان ناکەونە بەر دڵان. زمان بەو مانایەى کە من باسى دەکەم کیمیاى شیعرە، پارسەنگەکانى شیعر بۆ بابەتەکان دروست دەکا، نەشارەزایى لە زماندا هۆیەکە بۆ وردوخاش کردنى پارسەنگى بابەتى شیعر. نهێنیەکانى زمانى شیعرى زۆرن، دەبێ پێوەندییەکانى نێو سیستمى زمان لە کاتى نووسینى شیعردا کەشف بکرێن، بەبێ ئەم کارە هەر زوو نێوەڕۆکى شیعر فۆڕمات دەکرێت و ئاسەوارى نامێنێ. لە لایەکى دیکەوە، هەموو ئەوانەى بە زمانێکى خراپ شیعر دەنوسن هەر زوو دەپووکێنەوە و دینامیکیەتیان نامێنێ، گەمە کردن لە نێو زماندا بەو واتە- یە نایەت کە بنەما ئەندازەییەکانى زمان هەڵتەکێنی، بەڵکوو بەو مانایە دێت کە ڕزگارى بکەیت لە دەست (باو)، واتە: لە مانای ئاساییى خۆى دەرى بهێنیت. دەبێ زیاتر بەرەو زمانێکى هاوچەرخ بچیت کە بتوانێت بەرگەى فرەوان بوونى ماناکان بگرێت و تەقینەوەى خۆى ئەنجام بدات، ئەمڕۆ زمانى شیعر خەریکە کاڵ دەبێەوە و خەریکە شیعر بخوات و بەهایەکى ئێستێتیکیى بۆ نەهێڵێت، بۆیە زمان پڕیەتى لە نهێنیى، ئێمە دەبێ گەوهەرى ڕاستەقینەى زمانى نووسین لە نێو ئەم نهێنییانە دەربهێنین، چونکە نووسینى ڕۆمانێکى گەورە بە زمانێکى تۆکمە و باڵا بەشدارى کردنیەتى لە بەهێزکردنى جەستەى نەتەوە و کولتوور.

ڕابەر فاریق: لە پێشەکى دیوانە شیعرییەکەت (پیانۆى ڕۆژهەڵات و ئەوانى دى)دا نووسیوتە: (کاتێک قەڵم هەڵدەگرم و دەچمە نێو ئاوایى شیعر... هتد) سەبارەت بەم نیوە ڕستەیە پێتوایە شیعر ئاوایى (گوند)یى هەبێ؟ شیعرى تۆ لە کانیى ئاواییدا هەڵدەقوڵێ؟ شیعر لە گوندەوە دەبێ بە شار و نیشتمان؟


کەریم دەشتى: من لەم ڕستەیەدا مەبەستم نییە بابەتێکى وەها لەسەر مەسەلەى شیعر بوروژێنم، باوەڕیشم بەوە نییە، من تەنیا باوەڕم بە شیعرى ساغ و پتەو هەیە، باوەڕم بە هیچى دیکە نییە لەبارەى ئەم مەسەلانەوە، ئەوەى مەبەستمە لەم دێرە کە تۆ پرسیارێکى وەهات لێ دروست کردووە، ئەمەیە: کاتێک من دەمەوێت بچمە نێو دنیاى شیعر، مەبەستم لە وشەى (ئاوایى) گوند یاخود شار نییە، ئەم چەمکە لە نێو شیعرى باشدا دەتوێتەوە، بەڵکوو مەبەستم ئەوەیە کاتێک دەچم بۆ نێو دنیاى پڕ لە خرۆشانى شیعر، دنیاى پڕ لە خەیاڵ و کەف وکوڵى داهێنان، تەقینەوەیەک بەرەو ڕووم هەڵدەکشێت، چونکە شیعر وەهمێکى ئێجگار ئەفسوونە، ناتوانین بە (دەشت) و (شار) بیبەستینەوە، (یەسەنین) شاعیرێکى گوندەواریى بوو، بەڵام هێزێک لە شیعرەکانیدا هەیە کە تا ئێستەیش سەرسامیى بۆ شار دروست کردووە، بۆیە شوێن لە شیعردا جگە لە چەمکى (جوانى)ى شتێکى دیکە نییە. من خۆم کوڕی شارم، بە چەمکەکانى شار گەورەبوویمە، ڕەنگە بتوانین بۆ ئەم پرسیارەى تۆ باس لە کاریگەرێتیى شوێن بکەین بەسەر شیعرەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ڕەنگە کتێبى (جوانیى شوێن) ى (باشڵار) باشترین لێکۆڵینەوە بێ لەبارەى ئەو کاریگەرێتییە. نالى بەو بەلاغەتەوە لە دەشتى شارەزوور، شارێکى گەورەى بۆ شیعرەکانى دروست کرد کە توحفەیەکە لە گەمە کردن لە نێو زانستى جوانییدا، هەروەها (مەولەوى تاوەگۆزى) ى شاعیر لە پشت نووسینى شیعرەوە هیچ هیوایەکى دیکەى نییە، جگە لەوەى کە ببێ بە سەلوا بۆ ڕۆحى خۆى و ئەوانى دیکە، ببێ بە وەڵام بۆ ئەو پرسیارانەى کە لە ڕۆحیدا سەر هەڵدەدەن.

ڕابەر فاریق: لە شیعرى تۆدا ئەوەندەى گرنگى بە مانا و قوڵبوونەوە دراوە، تا ئەم ئاستە گرنگیى بە موزیک و ڕیتمى دێرەکان نەدراوە، بە بۆچوونى تۆ، شیعر و قووڵبوونەوە، شیعر و مانا، شیعر و ئێستێتیکا، شیعر و فەنتازیا، کەنگێ و لە کوێوە یەکترى دەگرنەوە؟ هاوکات دەشێ ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەمانە دابندرێت؟


کەریم دەشتى: شیعر، بۆ هەموو ئەو شاعیرانەى کە بۆ بەهێز کردنى ئەزموونى خۆیان شیعر دەنووسن، بۆ ئەوەیە کە بچنە نێو مانا گەورەکان، مانا بەهادارەکان، هەمان ئەو مانایانەى کە بە ئاسانى ڕاو ناکرێن و خۆیان لە نێو پانتایییە قەبەکان شاردووەتەوە، ئەو مانایانەى کە دەست هەموو کەس ناکەون و هیلاکیى زۆرى دەوێت بۆ دەستگیر کردنیان، بۆیە هەمیشە شاعیر لە هەرێمە شاردراوەکاندا دەگەڕێ بۆ ئەوەى مانا بەرزەکان بدۆزێتەوە، شاعیر ئەگەر وێڵى مانا دامەزرێنەرەکان نەبێ، ناتوانێت پارسەنگێک لە نێوان پەرەسەندنى تەکنەلۆژیا و ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ شیعردا دروست بکات، هەر ئەمەیشە کە وەها دەکا شاعیر جیاواز بێ، لە پێگەکانى جیاوازییەوە هەنگاو هەڵبهێنێت، بەڵام بایەخدان بەو مانا گرنگانە، نابێ ئەوەمان لەبیر بباتەوە کە شیعر پێویستى بە کۆمەڵێک موتیفەى دیکە هەیە، پێویستى بە جوانکاریى هەیە، ئەو جوانکارییەش خۆى لە ڕیتم و موزیک و زماندا دەبینێتەوە، بەتایبەتى زمان کە ستوونێکى پتەوى مانەوەى شیعرە، بەبێ زمانێکى بەهێز و هاچەرخ ناتوانى مانا بە شیعر ببەخشیت، بەواتەیەکى دیکە: شیعر بەبێ زمانێکى وەها لە هەموو ماناکاندا بەتاڵ دەبێەوە. زمان جوانى دەبەخشێت بە شیعر و هەڵگرى مانا بەهێزەکانە، بۆیە پێوەندیى نێوان زمانى بەهێز و ماناى بەهێز و جوانیى بەهێز، پێوەندیگەلێکى پتەون، بەو مانایە دەڵێم: زمانى لاواز ناتوانێت هەڵگرى ماناى بەهێز بێ، هەروەها ماناى بەهێز لە نێو زمانى بەهێزدا جاویدانیى بۆ شیعر دروست دەکا، لەبەر ئەوەیە زمان گرنگە، وەک چۆن ئەم پێوەندییەى هەیە لەگەڵ مانادا، هەروەها لەگەڵ ڕیتم و موزیک و جوانیشدا پێوەندیى تایبەت بە خۆى هەیە، پێوەندییەک کە هەمیشە درێژ دەبێتەوە.