٢٠\١\٢٠٢١
کەریم کابان،
قوربانیی کۆمەڵگای چینایەتیە!

عەبدوڕەحمان محەمەد
نرخ، بەها، لکاوە بە هەموو شتومەکەکان و مرۆڤەکان و و نیشتمانەکان و
جوگرافیا جیاوازەکان و بگرە کیشوەرەکان و تا دەگاتە ئیین و
ئایدۆلۆژیایەکان. هەموو کاڵایەک یا مەتریالێک کە بەرجەستەیە و دەبینرێ
و لە ژیانماندا مامەڵەی لە گەڵدا دەکەین، نرخ و بەهایەکی هەیە، جا کەم
بێت یا زیاد، ئاینەکانیش هەروەها، بەهایان بەرز و نزم دەکات لە گەڵ کات
و شوێندا. بۆیە کە تەماشای دەورووبەرت دەکەی و هەست بە جیاوازیی و کار
و نەخشی شتە جیاوازەکان دەکەیت، سەرت سوووڕ نەمێنێ لەو جیاوازییانە لە
نرخ و پایەی کۆمەڵایەتیان، نرخی شتومەکەکان دەزانین تا ڕادەیەک، کە
جیاوازییەکانیان لە چیەوە سەرچاوەی گرتوە و بۆ یەکێکیان گرانە و ئەوی
تر هەرزان! بۆ نموونە؛ نرخی پارچەیەک ئەڵماس بە بەراورد لە گەڵ
پارچەیەک ئاسن، ئەڵماسەکە لە قووڵایەکی زیاتر دەردەهێنرێ و کات و
تێچووەکەی زیاترە لە پارچەیەک ئاسن کە دەتوانیت لە چیاکانی پێنجوێن
دەری بهێنیت بە ئاسانتر و تێچوویەکی کەمتر، هەروەها کۆمەڵیک فاکتەری تر
هەیە لە داواکاری خەڵک و زەوقی کەسەکان. یا کڵاشێکی هەورامی، کە تێچووی
ئەو کاتەی کە لە دروستکردنیدا زیاترە لە پێڵاویکی لاستیک کە لە
کارگەیەکدا بەرهەم دەهێنرێت، خۆتان دەزانن، کاری زیاتر یەکسانە بە کرێ
یا هەقدەستی زیاتر، ئەمەش دەچێتە سەر نرخی ئەو شت ومەکانە، کە لە
کۆتاییدا دەبێت، بە کارهێنەرەکە بیدات. بۆ ئاینەکانیش هەروایە،
دەبینین، هەزاران کەس لە کۆمەڵگا ئیسلامیەکانەوە دێن و دەبنەە مەسیحی
بۆ وەرگرتنی وەڵام و خۆگونجاندن لە کۆمەڵگا ئەوروپیەکاندا، ئەمەش
بەرامبەر دڵنیابوونێک و خۆشگوزەرانییەکی ماددیی لە بیمەی تەندروستیی و
بێکاریی و کاری گونجاو و دەیان دەستکەوتی تر، کەواتە هەموو شتەکان، لە
هەواوە بگرە تا دانیشتنی سەر ڕووباریک نرخەکەی جیاوازە، کە دەچیت بۆ
ئەحمەو ئاوا، هەواکەی جیاوازە لە گەڵ هەوا و کەشی کەرکوووکدا، کەواتە
ئەو هەموو ماندووبوون و کرێی ئۆتۆمبێل و کرێی مانەوەیە لە
هاوینەهەواریک، نرخێک بەهایەکی هەیە، کەواتە تۆ ئەگەر پارەت نەبوو،
ناتوانی چێژ لە جوانیی و دیمەن و هەوای سازگاری ئەو نیشتیمانەش ببینی
کە ئامادەیی خوێن و گیانی خۆتی لە پێناودا ببەخشیت. بۆ نمووونە من خۆم
تا لە عێراق بووم، نە توانیم گەلی عەلی بەگ ببینم ،نە ئەحمەداوا نە
باخچە هەڵواسراوەکانی بابل، کەواتە باشم کردوە کە کۆمۆنیستم و
نەتەوەپەرست نیم!
نامەوێ بچینە سەر بابەتی ئابووری ، بابەتەکەمان لە سەر ئەو کێشمەکێش و
هەرایەیە کە ماوەیەکە لە کۆمەڵگای کوردیدا بەرامبەر کچە میدیاکارێک کە
گوایە بێڕێزیی بە هونەرمەند کەریم کابان کردوە، ئایا ئەم کچە میدیاکارە
داهێنەری ئەو ناوە یا ناتۆرەیەیە بە هونەرمەند؟ ئایا کەریم کابان یەکەم
هونەرمەندە کە ناوی دەنێن بە یەکێک لە هۆکارەکانی هاتوچۆوە یا
گواستنەوەوە؟ ئایا کۆمەڵگا کێشەی لەوە گەورەتری تیادا نییە، کە ئەوەندە
خەڵکی لە دەوری ئەم کێشەیە کۆبوونەتەوە؟ ئایا ناڕەزایەتی و کۆبوونەەی
کۆمەڵێک هونەرمەند دژی ئەم میدیاکارە بۆ؟ لە کاتێکدا کۆمەڵگا کێشەی
کوشتنی ژنانی تێدایە! کێشەی مووچەی تێدایە! کێشەی ڕێگاوبانی تێدایە!
کێشەی هێرشی وڵاتانی دراوسێی تێدایە بۆ سەر کوردستان! کێشەی منداڵان و
کەرتی پەروەردە و خوێندنی تێدایە! کێشەی ئاسیشی تێدایە! ئەمانە بە جێی
خۆی، با بزانین واقعیەتی کۆمەڵگا چی دەڵیت.
لە سەرەوە، کەمێک باسی بەها و نرخمان کرد، جیاوازیی نێوان کۆمەڵێکیمان
باس کرد، بەڵام بەها و نرخی مرۆڤەکانمان هەڵگرت بۆ ئێستا، ئێمە
کۆمۆنیستەکان، هەموو شتەکان وەک یەک نابینین، دەچینە قووڵایترەوە، تا
بە ڕووکەش دیاردەکان نەببینین و هەڵیانسەنگێنین، بۆ نموونە، ئایا ئەگەر
هونەرمەند کەریم کابان، بچوێنرایە یا بەروارد بکرایە یا ناوی لێبنرایە،
مارسیدیس، لێگزی، بیئێم، لەمبەرگینی، کە تیایاندایە بە ملیۆنان دۆلارن،
هەمان هەڵوێستیان دەبوو بنەماڵەکەیان؟ یاخود بۆ ناسری ڕەزازی لە سەر
ناولێنانی مەرزیە بە ئۆتۆمبێلێکی گرانبەهاوە، دەنگی لێوە نایات و ڕەخنە
ناگرێت ؟ ئایا بۆچی وەنەوشەو خێزانی وەنەوشە تا ئێستا نەهاتونەتە دەنگ،
یا مۆدێل و بەها ونرخی ئەو ئۆتۆمبێلەی کە کچەکەیان ناوی پێوەنراوە،
گران بەها و دێنێتی؟ تەنها وەڵامی کچە هونەرمەندی میسری لەیلا عەلوی کە
ئەوێش کورد ئۆتۆمبێلێکی خستبووە ناویەوە نەبێت، کە دەڵێن گوتبووی(
میللەتێک تا ئێستا خاوەنی سەربەخۆیی نەبێت ، هیچیان لێ ناگیرێت)
ناوناتۆرە لە فرهەنگی کوردیدا هەر هەبووە، بەڵام ئێستا لە گەڵ
گۆڕانکاریە ئابووریانەدا و زەق بوونەوەی قڵشتە چینایەتیەکەدا، بەراورد
بە شتە هەرزان بەها و گرانبەهاکان دەکەن، ئێمە نازانین، پێ دەچێت خەڵک
هەبێت، نازناوی ئەڵماسی لێنرابێت و هەندێکیش تەنەکە! بۆیە زۆر جار
دەبیستین و گوێمان لێ بووە، دەڵێن، فڵان نووسەر زێڕە زێڕ! فڵان
هونەرمەند (توحفە)یە! کچی فڵان کەس بە کێشی خۆی زێڕ دێنێت! دەست
ڕەنگینە، یا بازنی ئاڵتونینی لە دەستدایە!
هەر ئەو بەها و نرخەیە، هەزاران مەحمودی کردوە بە خولە! هەزاران
ڕەحمانی کردوە بە ڕەحە! هەزاران فاتمی کردوە بە فاتە! هەزاران کارزانی
کردوە بە کارە! هەر تەماشایی کۆمەڵیک بەرپرسی خۆمان بکە، پێشتر ناویان
هەر ئەم ئەحە و خولە و حەمە و ڕەحە بوون، ئێستا پێشگر و پاشگری کاک و
مام و مامۆستا و خان و شێخ و بەگیان لێنراوە، کەواتە، ئەوە وەستاوەتە
سەر پێگە کۆمەڵایەتیەکەت، کە لە سەرمایەداری و کۆمەڵگای چینایەتیدا بە
دەسەڵاتی پارە و ماڵ و موڵکەکەت دەستنیشان دەکرێت و بانگدەکرێیت، بۆیە
ئەو هەموو داهات و پارەیە شەڕی لە سەر دەکرێت، تا بە ناو و کەسایەتیی
خۆتەوە بانگ بکرێیت وشکۆت نەڕوشێنرێت و لەو ئازارە گیانییانە بە دوور
بیت. بۆیە لە دنیایەکی بێ چیندا، کە پارە و سامان ڕۆڵی نەما، ئەو کاتە
بەها و نرخی مرۆڤەکان بە توانا و لێهاتوویان دەخەمڵێنرێت نەوەکوو
گیرفانیان!
جاری واش هەیە هەندێک شت لە پێوەر یان لە رێسا دەردەچن، عەرەب قسەیەکی
هەیە دەڵیت (تسقط الاداب بین الاحباب)، رێز لە نێوان خۆشەویستەکاندا
نامێنێ! لەم شارەی من لێی دەژێم، کە بانگی یەکتری دەکەن، دەڵێن (مراوی
چۆنی) بەڵام ئەمە فەرهەنگی ئەم شارەیە! بۆیە ڕاستە بەها و نرخی ئەو
ماتۆڕە سێ ویلانە، کە ناوی هونەرمەند کەریم کابانی لێنراوە، من نازانم
بناغەکەی چیە، بەڵام دەزانم، نرخ و بەهاکەی هەرزانە و بە مرۆڤی هەژاریش
دەکڕدرێ و زیاتر هەژاران بە کاری دێنن، من خۆم بم، نازی پێوە دەکەم، کە
ناوم بە ئامێرێکەوە بنرێت کە هەژاران و دەستکورتەکانی کۆمەڵگا
بەکاریبهێنن، چونکە ئەوان زیاتر لە دەوڵەمەندەکان رێزی بۆ دادەنێن و
چاودێریی دەکەن.
مامۆستا و هونەرمەند، کەریم کابان، سامانی هەژاران و عاشقانی کورد بوو،
بۆیە ئەمان دەیانەوێ، ناوەکەی بزر نەبێ و هەموو ڕۆژێک لە سەر زمانی
هەزاران ستەمکێش و رەنجدەری بازاڕەکانی کوردستاندا بێ، خۆزگە منیش ئەو
پێگەیەم هەبووایە، کۆلارەیەکیان بە ناومەوە بنایە و بیانگوتایە (ئەوە
مەلا ڕەحمان فڕێ).
١٨\١\٢٠٢١
ماڵپهڕی عهبدوڕهحمان
محهمهد
|