١-
کەرکوک، شاری رووداوە ترسناکەکان!

ستار محەمەد قادر
هەر چەندە ئەو رووداوەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە شاری کەرکوک لە
گەڕەکی پەنجا عەلی روویدا، کە هەر هەموومانی تووشی شۆک کرد و بە
شێوەیەک بارگاوی بووین کە ئیتر چاوەنواڕی هیچ ئاسۆیەک بۆ باشبوونی
رەوشی کەرکوک نەکەین! چونکە کووشتنی سێ منداڵ و دایکێک لە ناو شیرینی
خەودا، کە کەس جگە لە خۆیان نازانێت شەو بە هیوای چییەوە نووستوون و
سپێدەی ئەو رۆژەش بە چی یارییەکەوە سەر قاڵ دەبوون؟! تابلۆی کووشتنی
دایکێک و سێ منداڵ لە شوێنێکدا بە بێ هیچ جۆرە هۆکارێک، زوبانێکی دەوێت
گوزارشتی لێ بکات، خامەیەکی دەوێت مرۆڤێکی هێندە داهێنەر لە پشتییەوە
بێت، کە لە رووانگەی ئەو رووداوەوە خوێندنەوەیەکی ورد بۆ ئایندەی
پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو شارە بکات، کە ئەم رووداوانە ئەوەمان
پێدەڵێن : "ئەمڕۆ کەرکوک لە رووی مۆراڵییەوە، لەو پەڕی بێ هێزیدایە"!
هەمووی چەند مانگێک پێش ئێستا باوکێک کوڕە تاقانەکەی خۆی لە شیرینی
خەودا کرد بە قوربانی هەوەس و ئارەزووی بێ مۆراڵی و بە فیشەک لە خەوێکی
قووڵ رایچڵەکاند و بە مەرگ ئاشنای کرد! ئەمڕۆش رووداوێک کە مرۆڤ چۆن و
بە هەر شێوەیەک بیەوێت خوێندنەوەی بۆ بکات هەر لە سیناریۆی کووشتنی ئەو
کوڕە تاقانەیە دەچێت! چونکە شانۆی هەردوو رووداوەکە یەک شوێنن و لە یەک
کاتیشدا تاوانەکان ئەنجام دراون!
من بە داوای لێبووردنەوە بۆ ئەو برا نووسەرانەی کە لە نووسینەکانییاندا
بە شێوەیەک گوزارشتییان لەو رووداوە کردووە بردوویانەتە خانەی شەڕی
کوردو عەرەب و تیرۆرەوە، بەڵام ئەمڕۆ سەرباری شەڕی تیرۆر کە رۆژانە
هەڕەشە لە ژیانی تاک بە تاکی ئەم شارە دەکات، یان شەڕی چارەنووسی
کەرکوک، شەڕێکی دیکە کە ئەگەر بە هێند وەرنەگیرێت، رەنگبێت
مەترسییەکانی زۆر لەو شەڕانەی دیکە زیاتر بێت نەک کەمتر، ئەویش کلتوری
کووشتنی ژن و منداڵە، کە وێنەیەکی زۆر قێزەون بە دەرەوەی خۆی پێشان
دەدات!
-------------------------------------------------------------------------------------------------------------
٢-
کەرکوک ئەو شارەی کە رۆشنبیران خوێندنەوەیان بۆی نییە؟!
من بۆ خۆم یەکێکم لەو خەڵکانەی کە تا سەر ئێسک سیاسییم، لێ لە بەر
ئەوەی سیاسەت و ئابووریی و دادپەروەریی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و
ئاستی هۆشیاریی گرێدراوی سیستمێکن کە تا سەر ئێسک لە گەڵ بیرکردنەوەو
بیرۆکەی تێڕوانینی کۆمەڵگەدا بۆ ئەو چەمکانە یەکانگیر دەبن و دەبن بە
بڕیاری کۆتایی و دەرەنجامێکی ئیجابی یان سلبی دەبێت لە سەر ئایندەی
وڵاتێک یان شارێک یان رووداوێک یانیش کارەساتێک! تا سەبری ئەیووب
ئامادەم بۆ خاتری ئەوەی مرۆڤێک تووشی دەمارگیری نەکەم نەکا شەیتان
سواری سەری بێ و لە پێناو ئەوەی بە بەهەشتی بەرین رۆحی شاد بێت
دەستەکانی سەوز بکات، تا ئەو تخووبەی شەرعی هەر شەرع دارێک رێگەی پێ
دەدات گوێی خۆمی لە ئاست کەڕ دەکەم و خۆمیش بکەم بە کەسێکی نەدیو و نە
ناسیاو، سەری بۆ بلەقێنم و هەرچی ئەو بیڵێت لە خەیاڵًدانی خۆمدا پێی
بڵێم: "برای خاسم ها وە گوێی گایەلەکەوە"! رەنگە بۆ کەسێک لە واقیعی
کەرکوک نەگات، باوەڕ بە زۆر شت بکات کە لە حەقیقەتدا دوورن لە واقیعەوە!
ئایا زۆرێک لە کوردان ئەوانەی وا لە هەندەرانن، لە گەڵ رێزی زۆرم بۆ
ئەوانەی وا لە ئەوروپا ژیان دەکەن؛ مەبەستم ئەوان نییە، بەڵکو هەندەران
لێرە لە لای ئێمە تەنها یەک مەبەست دەپێکێت، ئەویش : " سلێمانی و
هەولێرو دهۆک و زاخۆی دەلالە"! چونکە ئەگەر ئەوان خوێندنەوەیان بۆ
ئایندەی کەرکوکێک نەبێت کە لە چوار چێوەی وڵاتێکدان کە سێ هەسارەی روو
کەش بە تەوێڵیەوەیەتی و بە ئەڵاهو ئەکبەرێک کە کورد لە ژێر پەرچەمیدا
باجی هەڵەی تەکنیکی خۆی دەدات، دەیەوێت بە مافە سرووشتیی و نا
سرووشتییەکانی شاد ببێت، چۆن و بە چ شێوەیەک لە دڵمان دێت گلەیی و
گازندە لەو کەسانە بکەین کە بە یارمەتی شۆڕشی تەکنۆلۆژیاوە دەتوانن لەو
کەسانە نێزیکتر بن، ئەگەر خۆیان بیانەوێت لە حەقیقەتی شتەکان بگەن، کە
لە شارەکانی کوردستاندا ژیان دەکەن!
ئەمڕۆ بمانەوێت یان نا، پێمان خۆشبێت یان بە پێچەوانەوە، ئاستی
هۆشیاریی و هۆشداریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە هەموو کایەکانییەوە لە
چارەنووسی کەرکوکدا خۆی وێنا دەکات. هەر چەندە من لەوە دڵنییام ئەگەر
مەسەلەی ماددە لە دۆزی کورد دەربکەین، وا بزانم دەبێت سەری خۆمان بە
پارچە بەردێک بپلیشێنینەوە!
من زۆر بە رووداوە سیاسییەکان دڵگران نابم، چونکە بە چاکی لە حەقیقەتی
سیاسەت لەم ناوچەیە گەیشتووم، لێ کاتێک دەبینم سیاسەت بە هەموو هەوڵ و
تەقەلای خۆی لە هەوڵی گۆڕینی حەقیقەتی شتێکدایە، دەهری دەبم و نەفرەت
لەو کەسانە دەکەم کە سیاسەتییان داهێناو لەو کەسانەش کە منیان بە
سیاسەت ئاشنا کرد؟!
لە کاتێدا کە هەموو راستیی و درووستییەک لە زاری سیاسەتمەدارێکی
وڵاتێکی بیانییەوە دەبینم، ئیستێک دەکەم و دەگەم بەو قەناعەتەی کە ئەوە
ئێمەین ستەم دەرهەق بە هەموو چەمکەکان دەکەین!
لە دووای پرۆسەی ئازادیی ئێراقەوە، دزین، بە ماناو واتای " خەتف" دێت،
بوو بوو بە شتێکی باو لە شاری کەرکوکدا، هەر هەموو خەتفەکان خرانە ژێر
پەرچەمی تیرۆرەوە، لێ لە دووای ئەوەی بە هەوڵی چەند خۆ نەویستێکی ئەم
شارە ئەو باندە کوردییە کە ئیش و کاریان دزینی خەڵکی بێ دیفاع بوو،
ئاشکرا کران، ئیدی ئەوەی ناوی "خەتف" بێ لە سەر رووبەری ئەم شارە بە
هەوڵی قادر سڕدرایەوە؟!
تا ئەم ساتە وەختە ئەگەر سەرکردایەتی سیاسیی کورد خاوەنی بردنەوەی
کەیسی کووشتن و تیرۆرکردنی رۆژنامەوانان ببوونایە لەم شارە، دەبووایە
ئیجرائاتییان لە گەڵ ئەو جیهاتانەی خۆیان بکردایە کە پشکی شێریان
بەردەکەوێت لە هەر تاوانێک کە ئاراستەی حیزبەکەیان لە هەر لایەن و
لایەکەوە دەکرێت؟!
با کووشتنی ئەم ژن و سێ منداڵە، ئەو شیعرەی گۆرانی شاعیر بهێنێتەوە
یادەوەریمان، کە نە ئەو بیری بەلایدا رۆیشت و نەش لە خەیاڵدانی
کەسماندا توانیمان وێنەی جەللادێکی هاوشێوەی ئەو باوکە لە خۆماندا
بەرجەستە بکەین!
کورد زوبانی بەوە پاراوە کە میللەتێکی ستەم لێکراوە، لێ کاتێک دێین
لێکۆڵینەوە لە ئاستی ستەمەکان دەکەین، دەبینین قەبارەی هەرە گەورەی
ستەمکاریی، چەند دوژمنانی زوڵمییان دەرهەقی کردووە، خۆیانیش بێ قسوور
نەبوون!
با ئەو دێڕە شیعرەی "ئەبو قاسم شابی" بکەین بە سەر مەشقی هەر ئامانجێک
کە بە راستیی ئیشی بۆ دەکەین، چونکە ئەگەر لە هەوڵی ئەوەدا نەبین کە
ئەخلاق بگەڕێنینەوە بۆ ناو جەستەی میللەتەکەمان، ئەوا دەبێت زۆر بە
راشکاوانە باس لە وەفاتی میللەتێک بکەین بە نێوی کوردەوە!
star_qadr@yahoo.com |