٢٢\١\٢٠١٣
کەرکوک، گۆڕینی
سیستەمی دەسەڵات، نەک گۆڕینی بەرپرسەکانی.

رابەر رەشید
زۆرجاری دیکەش راشکاوانە وتوومەو ئێستاش راشکاوانەتر دەیڵێمەوە: ئەگەر
بڕیاروایە دڵسۆزانە و خەمخۆرانە قسە لەسەر بارودۆخی نائاسایی و
خوێناویی کەرکوک بکرێت، بەر لەهەر شتێک پێویستە ئەو سیستەمی دەسەڵاتە
حزبییەی لە دوای نەمانی بەعسەوە لەم شارەدا پەیڕەو و پیادە دەکرێت،
بارگەو بنەی خۆی بپێچێتەوەو بێ ئاوڕدانەوە شار بەجێبهێڵێت و روو لەو
شوێنە بکات کە لێیەوە سەرچاوەی گرتووەو بۆ کەرکوک هەناردەکراوە، چونکە
بە هەق سیستەمێکی نەزۆک و سەقەت و بێ بەرهەمی ئەوتۆیە کە دوژمن بە
ئاسایشی نەتەوەییەو هیچ دواکەوتنێکیش لە کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتە
شایانی قەبوڵکردن نییەو ئەو کۆتاییهێنانە ئەمڕۆ درەنگە زوو نییە، ئەمە
- وەکو وتم - ئەگەر بڕیاروایە دڵسۆزانەو خەمخۆرانە، خەمێک لە خەمەکانی
کەرکوک بخورێت، کە ئەمەیان پێموایە لە ئێستادا لە مەحاڵ، مەحاڵترە،
لەبەرئەوەی چ یەکێتی و چ پارتیش کە لە ئێستادا زۆربەی هەرەزۆری جومگە
هەستیارەکانی دەسەڵاتدارێتیی کەرکوکیان لەژێردەستدایەو - بە حیساب -
حوکمی حاکمی تێدا دەکەن، بەڵام فەرمانڕەوایەتییەکی سەقەت، کە دەشڵێم
فەرمانڕەوایەتییەکی سەقەت، تەنها مەبەستم فەرمانڕەوایەتی ئەوان نییە،
بەڵکو ئەوان و ئەو بەستنەوە تەمومژاوییەی کەرکوک بە خودی دەسەڵاتدارانی
بەغداوە کە تا ئێستاش، نەک خۆیان بەڵکو زیرەکترین پسپۆڕو سیاسەتمەداری
نێودەوڵەتیش ناتوانن سەرەدەرە لەم دۆخە نائاسایی و نایاساییەی کەرکوک
دەربکەن، لەبەرئەوەی هەر لە سەرەتاوە گرەوێکی پێشوەختە دۆڕاوی
لەسەرکراو بەهۆی نەبوونی ستراتیژییەتێکی نەتەوەیی لۆژیکییانەو
نەخوێندنەوەیەکی دروستدا، وەکو بەرخۆڵەیەکی قەڵەو و خرپن خرایە دەمی
گورگەوە.
ماوەیەکە باس لە گۆڕینی هەندێ لە بەرپرسانی شارەکە دەکرێت، بەتایبەتی
بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوک، باشە گریمان هەموو تاوانەکە لە ئەستۆی
بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوکدایە، ئەی پێشتر ئەو بەڕێزە لەلایەن کێوە
دانراوەو لەماوەی کارکردنیدا لەو پۆستە لەلایەن کێشەوە ئاراستە کراوە؟!،
ئەی هەر خودی حزب بەملاو بەولایدا نەداوەو لە نێو جوغزو چوارچێوە
تەسکەکەی حزبدا سووڕی نەخواردووەو وەکو دەنکە گەنمی نێو بەرداشی
حزبایەتیی سیستەمی دەسەڵاتی حزبی و فشاری دەسەڵاتی حکومەتی بەغدا
وردوخاش نەکراوە؟!. دڵنیام ئەم برادەرەش بگۆڕن و پسپۆڕترین و
شارەزاترین مرۆڤی سەرگۆی زەوی لە پاراستنی ئاسایشی شاردا بهێنن، ئا لەم
شارە دەستوپێ شەتەکدراوەدا دایبنێن، دەستەپاچە دەبێت و لەرزۆکترین
هەنگاویشی پێناهاوێژرێت، جارێکی دیکەش دەیڵێمەوە، چونکە حزب بەرلەوەی
بیهێنێتە ئەم شارە پەڕوباڵی دەکات، خۆئەگەر دارەکەی حەزرەتی موساشی
بدەیتە دەستەوە، ئەوا نەک موعجیزە، بەڵکو لە هەمبەر سیستەمی
فەرمانڕەوایەتی حزبیی ئەمشارەدا ئەویش بە چۆکدادێت و لە جوولە دەکەوێت.
کەواتە گۆڕینی بەرپرسێکی حزبی بە یەکێکی حزبییتر، هیچ لە دۆخەکە
ناگۆڕێت و تەنها دەرزییەکی سڕکەری دیکەیەو لە جەستەی شەکەت و کەنەفتی
ئەمشارە دێرینە داگیرکراو و وێرانکراوەدا دەدرێت و خوێنی زیاتر لە
جەستەی دەچۆڕێت.
٢١\١\٢٠١٣
- پردێ
ماڵپەڕی رابەر رەشید
|