٩\١\٢٠١٥
کەرکوکییەکان
دەرۆزەکەر نین.. تەقەیان لێ مەکەن.

کاردۆ محەمەد
وەڵامدانەوەی (ھێلکە وتەماتە) بە گووللە کاردانەوەی دامەزاروەیەک نییە
کە داکۆکی لەمافی مرۆڤ بکات ،بۆیە تەقەکردن لە دەرچووانی زانکۆ و
پەیمانگەکانی کەرکوک کە داوای مافی رەوای خۆیان دەکەن ، ئەمانخاتە
گومانەوە بەرامبەر بە تێکڕای سیستمی فیکری نێو دەسەڵاتی تەشریعی و
جێبەجێکردن کە لە پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیراندا بەرجەستە دەبێت.
من پێموایە پەرلەمان وحکومەت جگە لەوەی ھاوشێوەی دامەزراوەکانی دیکە بۆ
ھاووڵاتیانی ھەرێم عەقڵێکی چاودێر و سزادەرن ، بۆ ئێمەی کەرکوکی
دەردەکە کوشندەترە بەجۆرێک سیاسەتێکی دوو فاقی پەیڕەو دەکەن و ھەمیشە
کەرکوکیان کردووەتە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان، ئەوەتا
بە قسە کەرکوک کوردستانە بەکردەوەش لەکۆی ٤٠٠٠پلەی دامەزراندن بۆ
مامۆستایانی گرێبەست لەھەرێمی کوردستان تەنھا ١٣٠ مامۆستا بۆ شارەکە
تەرخاندەکرێت!
کەرکوکییەکان زۆر لەمێژە درکیان بەوەکردووە کە ھەرێمی کوردستان بە
پەرلەمان و حکومەتەکەشیەوەبەرامبەر بە کەرکوک تەنھا درووشمە ولە
واقیعدا خەیاڵی تەنھا لای نەوتەکەیەتی ،یادەوەریمان تژییە لە دەیان و
سەدان ھەڵوێستی نەشیاو کە دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان بەرامبەر کەرکوک و
دانیشتوانەکەی ھەیبووە،زۆر ناگەڕێمە دواوە ھەر لەم قۆناغە مێژوویەی
ئێستادا کە عێراق وکوردستانی پێدا گوزەر دەکات، و بەناوەی شەڕی
ئاینییەوە گەورەترین شەڕی نەتەوایەتی بەرامبەر بەکورد دەکرێت،
بازگەکانی ھەولێر بە بیانووی جۆراوجۆر گێچەڵ بە کەرکوکییەکان دەکەن،
بەغدا بودجەی ماددەی ١٤٠ لادەبات و سیاسییەکانی ھەرێم بەلایانەوە
ئاساییە.
دوایین ھەڵوێستیش رووداوەکەی بەردەم
نووسینگەی کەرکوکی پەرلەمانی کوردستانە کە دەسەڵاتدارانی ھەرێم بە
سوپاسەوە بۆیان سەلماندین نووسینگەیەکی تایبەتیان کردووەتەوە بۆ
تەقەکردن لە ھاوڵاتیانی شارەکە، ئەوانەی نووسینگەی پەرلەمانی کوردستان
تەقەی لێکردن نە داعش بوون و نە قاچاخچی نەوت ئەوان دەرچووی زانکۆ و
پەیمانگەکانن واتا توێژێکی وشیارن پڕۆژەیان بۆ ئایندە ھەیە و بیر لە
ژیان دەکەنەوە، تەقەکردن لەو توێژە ھەوڵێکە بۆ کوشتنی خەونی سەدان
گەنجی خوێنگەرمی ئەم شارە، نووسینگەی پەرلەمانی کوردستان دەبوایە لە
ئەنجامی بێبەشکردنی کەرکوکیەکان ھەستی بە برینداربوونی شعوری کردبا نەک
بەو ھێلکە و تەماتەیەی کە بەر دەرگا و دیواری بیناکەی کەوتوون.
بریا کەرکوک خاوەنێکی راستەقینەی ھەبوایە و
رێگەی نەدابایە بە چاوی بەزەییەوە تەماشای کەرکوکییەکان بکرێت ھەروەھا
بیتوانیبایە ھەموو ئەوانەی تەقەیان لە خوێندکارەکان کردووە رووبەڕووی
یاسایان بکاتەوە، پەرلەمانی کوردستانیشی ناچار کردبایە ئەرکی
راستەقینەی خۆی لەکەرکوک جێبەجێ بکات و بەڕەسمی داوای لێبوردن لە
کەرکوکییەکان بکات بەڵێنیش بدات چیتر دەستدرێژیی لەو جۆرە دووبارە
نەکاتەوە.
ماڵپەڕی کاردۆ
محەمەد
|