٦\١٠\٢٠١٢
کەرکوکییەکان
لە نێوان بەرداشی حیزب و کوردبووندا؟!

ستار محەمەد قادر
بێ گومان کاتێک قسە لەسەر کەرکوک دەکرێت، ناکرێت کەرکوکیەکان پەراوێز
بخرێن، ئاخر شەڕکردن لەسەر کەرکوک بە هەموو رەهەندەکانیەوە جگە
لەلایەنی ژیاریی خەڵکە رەسەنەکەی و باجی کورد بوونیان، لە هەڵاو شەڕێکی
ئیعلامی زیاتر ناکرێت بە دیدێکی دیکە لێی بنواڕدرێت!
سەرکردایەتی هێزو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ئەگەر وا بەتەمان بۆ دوا
جار لە سۆنگەی دەستوورو دەنگدانەوە کەرکوک لە ناوەند بەرنەوە، پێویستە
بەرایی دڵی رەنجاوی ئەو خەڵکە ماندووە بە لای خۆیاندا رابکێشن و
رازییان بکەن، چونکە هەر هەموومان باش ئەو راستیە دەزانین و خەڵکی
هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستانیش شایەتحاڵی ئەو راستیەن، کەرکوک و
کەرکوکیەکان گوزارشت لە رۆحی بەرخۆدان و کوردایەتی و قوربانی دەکەن و
خانووە قوڕەکانیش لاپەڕەی پاسیڤ نەبوونی ئەو خەڵکە هەژارە لە بەرانبەر
زوڵم و ستەمی بەعس بۆ هەموو دونیا دەگێرٍنەوە!
بە داخێکی زۆرەوە لە دوای پڕۆسەی ئازادیەوە کەرکوک وەکو شار کرا بە
شوێن و جێگەی ململانێ سیاسیەکان و بەو هۆیەشەوە کەرکوکیەکان لە ژێر
رەحمەتی حاڵەتی ئیستیسنادا کەوتنە نێو واقیعێکی تاڵ و دژوارەوەو
ژیانێکی بارگاوی بە کۆمەڵێک ئیشکالیاتی سیاسی و شەڕی دەستووریەوە
دەگووزەرێنن، ئاخر دەبێت پڕۆسەی ئازادی چ گوڵێکی دابێت لەبەرۆکی
کەرکوکیەکان، کاتێک باری ئەمنی شارێک کۆنتڕۆڵ نەکرێ و ئینسان لە ژیانی
خۆی و خێزانی دڵنیا نەبێت؟! ئەگەر پڕۆسەی ئازادیی بۆ شارەکانی هەرێمی
کوردستان بووبێت بە هۆکاری کۆمەڵێک گۆڕانکاری نەوعی، ئەوا بۆ
کەرکوکیەکان بە تایبەتیش کورد، جگە لە نیگەرانی و دڵە راوکێ هیچ جۆرە
دەرەنجامێکی دیکەی لێنەکەوتۆتەوە، ئەوە بە چاوی خۆمان بەرنامەو سیاسەتی
دەوڵەتی یاساش دەبینین چۆن و بە چ شێوەیەک دەیەوێت لە رێی ئۆپەراسیۆنی
دیجلەوە گۆمی کەرکوک بشڵەقێنێ و لێخنی بکات؟!
راستە سەرکردایەتی سیاسی هێزو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لە کەرکوکدا
ئیدیعای کوردایەتی دەکەن، بەڵام بەداخەوە ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا
بە چاوی خۆمان بینیمان، دووبارە کردنەوەی هەمان ئەزموونی تاڵی هەرێمی
کوردستان بوو لە کەرکوکدا، ئەمەش بووە بە هۆکاری ئەوەی زیاتر چارەنووسی
ئەم شارە بەرەو هەڵدێر بباو تەسلیمی دەستی قەدەری بکات، چونکە ئیدیعا
کردنی شتێک بە تەنها لەسەر زار هیچ لە واقیعدا شین ناکات، بەڵکو
پێویستە بەرنامەو پلانی ستراتیژی بۆ دابنرێت و بخرێتە بەرنامەی کارەوە؟!
لێرەدا دەمەوێت ئەوە بخەمە پێش چاوی سەرکردایەتی هێزو لایەنە
سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش سەرۆکی هەرێم، ئەگەر
بمانەوێت ئەو حاڵەتە ئیستیسنایەی کەرکوک وەکو کار " فعل " وەربگرین،
دەبێت کاردانەوەکەی " رد الفعل " ەکەی لە لای ئێمە چی بەرجەستە بکات؟
بەڕاستی من پێم سەیرە بەعس بە هیچ شێوەیەک جیاوازی لە نێوان کوردێکی بێ
لانەو لایەنی لە گەڵ شیوعیەک و پاسۆکێک و حسکێکدا نەدەکرد، ئەی کەواتا
ئەم پۆڵێنکردنە لە کەرکوکدا لەسەر رەنگ دەکرێت چی واتاو مانایەک
دەبەخشێت؟! ئاوهاو بەوشێوەیە قەرەبووی ئەو خەڵکە دەکرێتەوەو شەڕ لەسەر
ناسنامەی کەرکوک و کەرکوکیەکان دەکرێت؟!
ئەگەر بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان ئەو پۆڵێنکردنە بە رەوا زانرابێت،
ئەوا بۆ کەرکوک هەڵەیەکی مێژوویی کووشندەیەو رەنگە خەونی چەند ساڵەمان
لە بار ببات، هەر چەندە دەست و پەنجە نەرمکردن لە گەڵ خاک و نەتەوەدا
ناکرێت لە دەلاقەی ئیمتیازەوە لێی بنواڕدرێت، بەڵام کاتێک لەسەر حیسابی
مەحسوبیەت و مەنسوبیەت خەڵکانێک سوودمەند دەبن، خەڵکانی دڵسۆزو خودان
هزر پەراوێز دەخرێن، دەکرێت لێرەوە نیشانەی پرسیار لەسەر ئەم جۆرە دیدو
تێڕوانینە بۆ کوردایەتی دابنێین؟!
لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئەوە وەبیری هەموو لایەک بهێنمەوە، ئەگەر
کەرکوک دڵ یان قودسی کوردستان بێت، دەبێت کەرکوکیەکان بە دیدی داینەمۆی
کوردایەتی تەماشا بکرێن؟! نەک هیچ جۆرە گرنگیەگ بە جۆری ژیان و
گوزەرانیان نەدرێ و لەسەر حیسابی پترۆ دۆلار قەرزاربار دەربکرێن؟!
من لێرەدا ناچمە نێو مەعمەعەی سیاسەت و ئەجێندای دەوڵەتی یاساو
تەرازووی هێزو هاوکێشە هەرێمیەکانەوە، بەڵکو دەمەوێت ئاماژە بۆ ئەو
حاڵەتە نا تەندرووستە بکەم کە ئەمڕۆ کەرکوکیەکان تێی کەوتوونەو بووە بە
هۆکاری ئەوەی متمانەیان بە هیچ شتێک نەمێنێ و بیرو باوەڕیان کاڵ
ببێتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو باجەی کە لە رابردوودا بەهۆی
کوردبوونیانەوە داویانەو ئەمڕۆش بەهۆی سیاسەتی پارتە کوردیەکانەوە
لەنێوان بەرداشی حیزبی بوون و کورد بووندا نازانن شایەتمان بە کام
لایاندا بهێنن و دیسانەوە باجیان پێدەدەن؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|