په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\۴\٢٠١٠

کەرکوک مەکەنە پایتەختی رۆشنبیریی عێراق،

ئاوارە کەرکوکییەکان بگەڕێننەوە بۆ کەرکوک.

رابەر رەشید    


هەر لەسەرەتاى بڵاوبوونەوەى دەنگۆى بە پایتەختکردنى رۆشنبیرییانەی کەرکوک و بەبەراکردنەوەى عەباو عەگالى عێراقییانە، تەنگەتاو بووم و لە چەند دەروازەیەکەوە دەنگى ناڕەزایی و بێزاریم بەرزکردەوە، لە مانگى کانوونى دووەمى 2010 بابەتێکى رەخنەئامێزم بەناونیشانى (گەلۆ هوشیاربن کەرکوک دەکرێتە پایتەختى رۆشنبیریی عێراق) لە زۆربەى سایتە کوردییە ناسراوەکان بڵاوکردەوەو رووبەڕووش لەگەلڕ ژمارەیەکى زۆرى رۆشنبیرانء رۆژنامەنووسانى کەرکوکى هەوڵى لەقاودانى ئەو کارەم دا، بەڵام جگە لە یەک دوو دەنگى بوێر، کەسیتر هاوخەم و هاودەنگم نەبوو. لە دوو گۆشەى یەک لەدواى یەکى (خەمەکانى کەرکوک)یش کە لە هەفتەنامەى ئاڵاى ئازادیدا بڵاودەبێتەوە لە (7/4/2010)و (13/4/2010)دا باسى مەترسییەکانى ئەو پیلانەم کردووەو داوام لەسەرجەم کەرکوکییەکان و خەمخۆرانى ئەم نیشتیمانە دابەش و داگیرکراوە کردووە بایکۆتى ئەو تەعریبکردنەوەیەى کەرکوک بکەن و رێگەنەدەن ئەو پیلانە سەربگرێت، کەچى رۆژى پێنجشەممە (15/4/2010) بەبەرچاوى کەناڵەکانى راگەیاندنەوەو بەوپەڕى شانازییەوە نوێنەرى وەزارەتى رۆشنبیریی حکومەتى هەرێمى کوردستان بە دەنگێکى بڵند تەرخانکردنى (150) ملیۆن دینار لە خوێنى خاکء زێدى سووتاوى کەرکوکییەکان بۆ تەعریبکردنەوەى شارەکەى شێخ مارف بەرزنجىء جەبار جەیارى تەرخان دەکاتء شانازیشى پێوە دەکات و بەوەندەشەو ناوەستێت و ئامادەیی خۆى بۆ سەرخستن و سازدانى چالاکیی لەوجۆرە رادەگەیەنێت!!!.. کێش ئەو بەڵێنانە دەدات؟ (پ.م)ێکى دێرینى میللەت!!


ئەرێ گەلۆ!!.. ئەمە چ بێئاگاییء نەخوێندنەوەیەکى زانستیانەو واقعییانەى پرسى کەرکوکء دۆزى رەواى گەلەکەمانە لە باشوورى کوردستاندا؟


دەسا ئێوە سەرنج بدەن: ساڵێک دوانزە مانگە، کەچى زڕە رۆشنبیرەکانى کەرکوک دێنء رێک لە (15/نیسانى 2010)، واتە تەنها رۆژێک دواى رۆژى ئەنفالى کوردان لەم باشوورى کوردستانەو لەژێر ئاڵاى عێراقى عروبەدا لەناو جەرگەى کەرکوک شایلۆغانى تەعریبکردنەوەى کەرکوک دەکەنەوەو گەورە بەرپرسانى کوردیی حزبی و حکومى شاریش بەجۆش و خرۆشەوە گوێ لە موزیکى هەڵپەڕکێ و شانهەڵتەکاندنى لاوانى عروبە دەگرن!!.. ئاخر هێشتا خۆڵى سەر گۆڕى دووبارە ناشتنەوەى (104) منداڵى شیرەخۆرەى چەمچەماڵ و گەرمیان وشک نەبۆتەوە، کەچى دەسەڵاتدارانى عێراق لەناوجەرگەى شارەکەى خۆماندا پێمان دەڵێنەوە: وەرن هەڵپەڕن، ئێوە چیتان داوە لە گۆڕى بە کۆمەڵ و منداڵى شیرەخۆرەى ئەنفالکراو!!


سەیرە!.. بەڕاستیش سەیرەو مایەى سەرسووڕمانیشە کە حکومەتێکى کوردى بەشدارى لە تەعریبکردنەوەو بە عێراقی کردنەوەى کەرکوکێک بکات کە دەیان سالڕ بەر لە ئەمڕۆ بارزانى نەمر بە (دڵى کوردستان)و مام جەلالیش بە (قودسى کوردستان)ى چوواندووە!!.


ئەرآ رێکخەران و سەرپەرشتیکارانى – خۆتان وتەنى- کەڕنەڤاڵى بە پایتەختکردنى رۆشنبیریی عێراقییانەى کەرکوک، پێمان ناڵێن: بۆ رۆژى (15/نیسان)تان بۆ ئەو (کەڕنەڤاڵ)ە!! هەڵبژارد؟ تۆ خوێنى شەهیدان پێمان بڵێن: پێشنیارى کێ بوو؟. ئەرێ بەڕاست ئەوەشمان پێ بڵێن: ئێوەى (سرک)!! – ئەگەر (سرکایەتى) لە کەرکوکدا مابێت- چۆن لەگەلڕ ئەو برا عەرەبە چاوڕەشە دەهەزارییانەدا زاخى ئەنجامدانى ئەو بەزمەتان کرد؟ کەی و چ رۆژێکیش: رۆژێک دواى ساڵوەگەڕى ساڵیادى تاوانەکانى ئەنفال و لە گەرمەى هەنسک وگریانى کەرکوکییەکان بۆ لەدەستدانى کەسوکارە ئەنفالکراوەکانیان.


بۆیە لێرەوە راشکاوانە دەپرسم: ئەرآ بڕیار بەدەستانى حکومەتى هەرێم لە باشوورى کوردستانى بەزۆر لکێنراو بە عێراقى پینەوپەڕۆ کراودا، پێمان ناڵێن ئێوە بۆچىء چۆنء بە چ هەقێک بڕى (150) ملیۆن دینار لە خوێنء خەمى ئەم میللەتە شاباشى تەعریبکردنەوەى ئەو (دڵء قودس)ى کوردستانە دەکەنەوە؟!.. ئەرآ ئێوە لەکاتى بڕیاردانى خەرجرکردنى ئەو بڕە پارەیە: پرسى کەرکوک و شەڕى کەرکوکییەکان و ئاییندەى (ماددەى 140)ەکەى دەستوورتان لەبیربوو؟.. ئەرآ ئێوە (قودس و دڵەکەى کوردستان)تان لەبیربوو، یان شاباشى شایلۆغانى بەهەدەردانى سەروەت و سامانى نەتەوەیەکەو سەرپشکن لە بە فیڕۆدانى؟!.. ئەرآ بەڕڕست ئەم شاباشى (150) ملیۆن دینارە ناچێتە ناو چوارچێوەى هەڕەشەکردن لە ئاساییشى نەتەوەییمان و سووکایەتى کردن نییە بەو پرسە نەتەوەییەوە؟ ئەو بەرژەوەندى ئاسایشى نەتەوەییەى کە رۆژنامەنووسانى پێ پەلکێشى دادگاکان دەکرێت و هەر بەو ناوەوەش سزایان دەدەن؟!


ئێوە مەیەن!.. کەرکوک مەکەنەوە پایتەختى رۆشنبیریی عێراق، وەرن!،، بەڵێ وەرن: ئاوارە کەرکوکییەکان بگەڕێننەوە کەرکوک و گوندە کاولکراوەکانیان دوور لە بەرژەوەندیی حزبایەتیی تەسک و قێزەون ئاوەدان بکەنەوەو کارێک بکەن منداڵ و نەوەکانیان خۆیان بە کەرکوکى بزاننەوەو کەسێتیی کەرکوکیانەیان بۆ بگەڕێننەوە. ئاخر سەیرە لە سایەى دەسەڵاتى حزبى لەو شارەدا هەتا ئاوارە کەرکوکییە گەڕاوەکانیش خۆیان بە ئاوارە و مێوان بزانن و دەسەڵاتیش تەنها لە هەمبەر دەنگەکانیان و چوار سالڕ جارێک دەرگاى پیرەژنێکى ئاوارەى گەڕاوەى کەرکوکى تاریک بکەن!!.. سەیرەو گەلێ سەیرە: مەزرەعەو پرۆژەى خۆدەوڵەمەندکردن و ڤیللاى بەرپرسان ئەمبەرو ئەوبەرى شەقامە گشتییەکان داگیربکات و گوندنشینەکانى گەرمیان و شوان و ساڵەیی و ناوچەکانى دیکەش لە کۆنە کەلاوەى ئیستیتانە عەرەبە داگیرکەرەکان نیشتەجآ بکرێنء لەو گوندانەش ئەوەى کوڕى گوێڕایەڵى حزب نەبێت، بە چاوى بێگانەوە تەماشا بکرێتء مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت!!


ئەرێ بە کوڕو کچانى ئەم میللەتە هەشبەسەرەى ژێردەسەڵاتى خۆتان ناڵێن: ئێوە بە تەماى چینء دەتانەوآ چى لەم نیشتیمانە داگیرو دابەشکراوە بکەن؟


من لێرەوە وەکو رۆژنامەنووسێک ئەم گلەییە ئاراستەى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانء حکومەت و پەرلەمان دەکەم کە بەرئەنجامى خوێنى شەهیدانى میللەتەکەمانن و خودى ئێمەومانانیش تەمەنى گەنجیمان خەڵاتى ئەم دۆزو پرسە پیرۆزە کرد.

______________________________________
تێبینى: چاوەڕوانى ئەوەبووم رێکخراوەکانى (کوردۆسایدو ئەنفالەکانى کوردستان و سەنتەرى ئەنفال و رێکخراوە پەیوەندیدارەکانى دیکەى تایبەت بە ئەنفال) ناڕەزایی دژى ئەنجامدانى ئەم بەزمە لەم رۆژەدا دەرببڕنء داواش بکەن کوردانى کەرکوکی بایکۆتى ئەو تەعریبکردنەوەیە بکەن، بەڵام بەداخەوە لەوانیش هیچمان نەبینى!!

 


15/4/2010